|
|
په‌یڤێک: ئه‌م بابه‌ته‌م به‌ینێکه ئاماده کردووه و مه‌خابن له‌به‌ر سه‌رقاڵییه‌کانی ژیان، پێم نه‌کرا له کات و وه‌ختی خۆیدا ڕه‌وانه‌ی لای ماڵپهڕهکوردییهکانی بکه‌م. گه‌ر له چه‌ن شوێنێ ئاماژه به ڕۆژ و مانگ ده‌کرێ و ئه‌و ڕۆژانه تێپه‌ڕیون داوای لێبوردن له خوێنه‌ری هێژای کورد ده‌که‌م به‌ڵام نێوه‌رۆکی بابه‌ته‌که ڕۆژ و مانگی بۆ نییه و میناک بابه‌تێکی هونه‌ری جێی ئاوڕ لێ دانه‌وه‌یه. *********************************************************
بڕیار
وایه کۆتایی مانگی فێڤرییه و سه‌ره‌تای مانگی مارس له ئاهه‌نگێکی تایبه‌تدا
بانترین خه‌ڵاتی چاندی وڵاتی فه‌ره‌نسا بدرێ به سترانبێژی ناسراوی مۆسیقای
ڕه‌سه‌ن، شارام نازری. شارام نازری دواجار نێوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ له ئێران‌دا کۆنسێرتی گێڕا که سه‌رباری پێشوازی باش وه‌ک کۆنسێرتی هونه‌رمه‌ندانی ناسراوی دی،هه‌را و هوریای زۆریشی لێکه‌وته‌وه. چهمهڕای ڕووداوێکی باش له مۆسیقادا شارام نازری به په‌یامنێری ڕۆژنامه‌ی "ئیعتیمادی میللی " ئه‌ڵێ: کۆنسێرت کردن له زۆر باره‌وه باشه به‌ڵام ئه‌مڕۆکه هه‌تا ڕاده‌یه‌ک زه‌حمه‌ت و گرانه. ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌بێژێ: به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌رپرسان چاک له گیر وگرفته‌کانی مۆسیقا ده‌گه‌ن و ئێستا هه‌مووان چهمهڕای ڕووداوێکی باش بۆ مۆسیقان،ڕووداوی باش واته پلان داڕشتنی شیاو و دیاریکردنی چوارچێوه‌یه‌کی له‌بار بۆ مۆسیقا له لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه. ئه‌و هه‌روه‌ها ئه‌ڵێ: بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆنسێرت ده‌بێ هاسانکاری بۆ هونه‌رمه‌ندان بکرێ و که‌ره‌سته‌ی شیاویان بخرێته به‌رده‌س. نازری پاشان ئه‌ڵێ: هه‌ندێ بگره و به‌رده و ناکۆکی له نێوان هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیار و مۆزیکاراندا هه‌یه که ده‌بێ وه‌لانرێن. مه‌خابن هێشتا ئه‌م که‌شه له نێوان هونه‌رمه‌ندان دا پێک نه‌هاتووه که سووک و سانا و به ڕووانگه و بیر و بۆچوونی شیاو پێکه‌وه کار بکه‌ن و چالاکییان هه‌بێت و ته‌با بن، کێشه‌که لێره‌دایه ڕۆحی چالاکی به کۆمه‌ڵ و هاریکاری گرووپی، تیا چووه. شارام نازری به‌م چه‌شنه ڕاڤه‌ی ئه‌و پرسه ده‌کات: له سه‌ره‌تای شۆڕشدا هۆگری به مۆسیقاوه فره بوو و ئه‌م چه‌شنه هاریکارییه له نێوان مۆسیقاکاراندا گه‌لێ خۆ‌یا بوو که‌چی ئێستا ئه‌م پێوه‌ندییه پچڕاوه ،ده‌بێ ئێمه بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و ڕه‌وته. ئه‌م لێکدابڕانه له دونیای مۆسیقا ده‌بێ ڕووی له یه‌کگرتنه‌وه بێت و جێی خۆیه‌تی له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا که‌ڵکی پێویست له شاره‌زایانی ڕاستینه‌ی مۆسیقا وه‌ربگیردرێ و ئه‌وان پێکه‌وه کار بکه‌ن. ئه‌و ڕووباره‌ی به‌ره‌و بیاوان چووه شارام نازری ئه‌ڵێ: گه‌ر متمانه بکه‌وێته نێوان ژه‌نیار و مۆزیکارانهوه بێگومان مۆسیقا له‌و گه‌رداوه‌ی تێی که‌وتووه ده‌رباز ده‌بێ و له ڕێی عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌وه که ئێستا له نێو چووه، ده‌کرێ ڕووباره‌که‌ی مۆسیقا که ئاوه‌که‌ی به بیاواندا چووه ،بگه‌ڕێنیته‌وه بۆ وهردهکهی خۆ. ڕۆحی چالاکی و هاریکاری هه‌مووانی ده‌بێ به‌رز بکرێته‌وه و که‌شێکی له‌بار بۆ چالاکی مۆسیقایی پێک بێت. مۆسیقای بازاڕی (کاسبکارانه)، که‌م بایه‌خ و لاسایی که‌ره‌وه شارام نازری ئه‌ڵێ: ئێستا له مۆسیقادا گرووپێک، مژولی کاری بازاڕی، که‌م بایه‌خ و لاسایی که‌ره‌وه‌ن. فڵانه کۆمپانیا و به‌شگه ئه‌ڵێ ئه‌و کاره‌م بۆ بکه که له ده‌نگی فڵان که‌س بچێ،ئه‌مه به ڕاستی بۆ مۆسیقا خه‌ساره. به‌شێکی مۆسیقاکه‌ی ئێمه وه‌ک کاری نێو ئاژانسه‌کانی مڵک و ماڵی لێ هاتووه، به‌شێکی دیکه‌شی که ده‌وڵه‌تییه له ته‌ک گه‌لێ گیر و گرفت و کێشه‌ی بۆرۆکراسیدا به‌ره‌و ڕووبه. ئه‌م پرسانه گه‌لێ هه‌ستیارن و ده‌بێ وه‌به‌ر سه‌رنج که‌ون. کۆڵنه‌ده‌ر، هه‌وڵێکی شۆڕشگێرانه شه‌که‌تی و ماندوویه‌تی کۆنسێرته‌که‌ی ئه‌مساڵی نازری هێشتا به سیمایه‌وه دیاره. ئه‌و ئه‌ڵێ: ئیدی هه‌تا ماوه‌یه‌کی دی کۆنسێرت کردن به‌ڕاستی زه‌حمه‌ته مه‌گین ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی گه‌لێ خاڵان بکرێ. نازری بۆ یه‌که‌مجار سه‌باره‌ت به کۆنسێرت کردن له ئێران‌دا ئاماژه به خاڵێکی سه‌رنج ڕاکێش و باڵ کێش ده‌کات. ئه‌و سه‌باره‌ت به هۆ و هه‌گه‌ره‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی کۆنسێرت له‌و سه‌رده‌مه‌دا وا ئه‌ڵێ : له‌مێژ بوو هه‌موو شتێ له دونیای مۆسیقادا به ده‌وری بازنه‌یه‌کدا ده‌سووڕایه‌وه و زۆر که‌م کۆنسێرت ده‌کرا. من پێم وابوو ده‌بێ شۆڕشێک به‌سه‌ر ئه‌و به‌ستێنه‌دا بێت و ڕوو بکرێته کۆنسێرت کردن. من وای بۆ ده‌چووم ده‌بێ شۆڕشێک له‌و بواره‌دا بکرێ به‌ڵام هه‌ر له به‌ر ئه‌وه وه‌به‌ر گوشارێکی زۆر که‌وتم و خه‌سارم دی. نازری پاشان له درێژه‌ی وتووێژه‌که‌ی ده‌گه‌ڵ په‌یامنێری ڕۆژنامه‌ی ئیعتیمادی میللی ده‌ڵێ: هه‌ندێ جار بڕێک کار ده‌که‌م که بوێری و زاتی گه‌ره‌که هه‌تا ڕێگه‌یه‌ک بکرێته‌وه. وره‌ی نازری به وته‌ی خۆی به جۆرێکه پێی خۆشه ده‌رکه‌ی قفڵ و کڵۆمکراو بکاته‌وه ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش خه‌ساری لێ که‌وێ و زیان ببینێ. شارامی نازری ،خۆشه‌ویست لای فه‌ره‌نسییه‌کان به‌ڵام به‌م ساڵه دواییانه وڵاتی فه‌ره‌نسا میواندارێکی چاک بۆ چالاکی ئه‌م مامۆستای مۆسیقا بووه. کۆنسێرتی ئه‌م به‌ینه‌ی نازری له پاریس، پێنجه‌مین کۆنسێرت بوو که له ساڵی 1990 ه‌وه نازری له هۆڵی تیاتری شاری پاریس به‌ڕێوه‌ی ده‌برد و ئاهه‌نگه‌که‌ی به جۆرێک گێڕا که بلیته‌کانی ئه‌و کۆنسێرته گه‌لێ مانگان پێشتر فرۆشرابوون و زۆرێ له هۆگران له پشت ده‌رکه‌ی داخراو مانه‌وه. له کۆنسێرته‌که‌ی ئه‌م به‌ینه‌ی نازری،عه‌لی ڕه‌زا فه‌یز باشی پوور به ته‌مووره،حسێن ڕه‌زایی به ده‌ف و ده‌هۆڵ و خودی شارام نازری به سێ‌تار که‌وتنه نواندنی هونه‌ره‌که‌ی خۆ. شارام نازری پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له سه‌فه‌ره‌که‌ی پاریس به هه‌واڵده‌ری مێهر(ی) گوتبوو:جیاوازی ئه‌م کۆنسێرته ده‌گه‌ڵ کۆنسێرته‌کانی دی له‌وه‌دا بوو که سه‌تی هه‌شتای هۆگرانی ئه‌م به‌رنامه فه‌ره‌نسی بوون. نازری به‌م ساڵه دواییانه له ڕاستیدا هه‌ر دووساڵ جارێ له هۆڵی تیاتری شاری پاریس کۆنسێرتی کردووه. نازری به‌م ساڵانه له ڕێی فێستیڤاڵه‌کانی ناسراوی جیهانییه‌وه وه‌ک فێستیڤاڵه‌که‌ی ئاڤینیۆن، کۆڕهجێژنهکهی ئێکس،فێستیڤاڵی جۆربه‌جۆری هاوینیی باشووری فه‌ره‌نسا و فێستیڤاڵه‌که‌ی سێن فلۆرانس، کۆنسێرتی کردووه و هونه‌ردۆستانی فه‌ره‌نسی زانیارییه‌کی باشیان له‌سه‌ر کاره هونه‌رییه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده هه‌یه. بۆ به‌رپرسان و کاربه‌ده‌ستانی به‌شی چاندی فه‌ره‌نسا زۆر له‌به‌ردڵان بوو که هونه‌رمه‌ندانی خۆرهه‌ڵات بێن و بتوانن هه‌تا به‌وه‌نده ڕاکێشه‌ری خه‌ڵكانێکی زۆر له فه‌ره‌نسا بن. شارام نازری به لای لۆمۆندهوه ئاماده‌بوونی نازری له فه‌ره‌نسا له گه‌ڵ پێشوازی بڵاڤۆکی فه‌ره‌نسی دا به‌ره‌و ڕوو بوو، هه‌تا به‌وێ ڕۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی "لۆمۆند" سه‌باره‌ت به نازری نووسی: شارام نازری بۆ یه‌که‌مجار ساڵی 1988 هاته هۆڵی تیاتری شاری پاریس و پاشان به‌شداری فێستیڤاڵه‌که‌ی ئاوڤینیۆن بوو. ساڵی 2004 له لایه‌ن "ئاریان مێنۆشکین" میوان کرا هه‌تا بۆ بوولهرزهلێدراوانی "به‌م" کۆنسێرت بکات، له سبه‌ی هه‌مان ڕۆژدا له "ڕۆیاڵ ئه‌ڵبێرت هاڵ" (ی) له‌نده‌ن ده‌گه‌ڵ هاوتای خۆ محه‌ممه‌د ڕه‌زا شه‌جه‌ریان ئاهه‌نگیان گێڕا. دوورکه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵک له یه‌کتر به‌لای نازرییه‌وه شارام نازری له فه‌ره‌نسا له وه‌رام به پرسیارێکی لۆمۆند وتبووی: "جیهان زۆر ئاڵۆز بووه و خه‌ڵک گه‌لێ لێک دوور که‌وتوونه‌ته‌وه." لۆمۆند له درێژه‌ی ڕاپۆره‌که‌ی که ماڵپه‌ڕی هونه‌ر و مۆسیقا بڵاوی کردۆته‌وه، نووسی: له هه‌ڵبه‌ستێکی مه‌ولانای ڕۆمی دا (که نازری له زۆربه‌ی کۆنسێرته‌کانی دا ده‌یچڕێ) قامیشێک ده‌بێ به بلوێر و وه‌سفی حاڵی ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی ده‌کات که له‌به‌ر بڕین و جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌و قامیشه له قامیشه‌ڵان، سکاڵایانه. ئه‌م ڕۆژنامه به‌ناوبانگه فه‌ره‌نسییه پاشان ده‌نووسێ: "شارام نازری به پێچه‌وانه‌ی زۆر که‌سان له هاتووچۆدا زۆ ئازاد و سه‌ربه‌سته. ئه‌و وه‌ک پیاوێکی ڕاستینه و که‌سایه‌تییه‌کی خودان وه‌جاخ قه‌ت له ده‌رێی ئێران، وڵاتێک به‌و هه‌موو ڕه‌نگه‌وه، نه‌ژیاوه." جاده‌ی شۆسته،جاده‌ی قیرتاو نازری له‌و وتووێژه به ناوبانگه‌ی خۆ ده‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی لۆمۆند له سه‌ر چۆنیه‌تی هۆگری خۆ به مه‌ولانا دوابوو:"من بوومه شه‌یدای شێعری مه‌وله‌وی ڕۆمی،چونکه من کوردم و له‌و هه‌موو هه‌ست و نه‌سته و شۆر و حه‌ماسه‌تم تیایه. من قه‌ت له به‌ره‌و ڕووبوونه‌وه‌ی گیر و گرفته‌کانی ژیان ترسم لا نییه. ئه‌و ده‌مه‌ی مێرمناڵ بووم ،ده‌چوومه لای مامۆستا "به‌نان" و شێعری مه‌وله‌ویم بۆ ده‌خوێنده‌وه؛ شێعر له وه‌سفی تۆفان و فه‌رته‌نه‌دا،زه‌ریا، که‌شتی تێک شکاو یان نه‌هه‌نگی زه‌به‌لاح که له ئاو و خوێن ده‌خواته‌وه. "به‌نان" زۆر به سه‌یره‌وه پێمی ده‌گوت ئه‌م ووشه و په‌یڤانه ڕۆحێکی زبریان تیایه و هه‌ر ئه‌مه‌ش جوانی ده‌نگ تێک ده‌دا. من وه‌ک شۆفێرێک ده‌جووڵامه‌وه که جاده‌ی خاکی و شۆسته‌ی به‌لاوه پێ باشتره له جاده‌ی قیرتاو. ساڵه‌ها دواتر پێم وت: مامۆستا! ده‌بینی من له‌و دهستهخهڵکهم مه‌له‌ی نێو شه‌پۆلانی زه‌ریای تووشم لا پێ باشتره له مه‌له‌ی نێو گۆمێ. ژێده‌ر: ڕۆژنامه‌ی "ئیعتیماد میللی،یه‌ک شه‌ممه 29 ی ڕێبه‌ندانی 1385 ی هه‌تاوی، لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، ئاماده‌که‌ری ئه‌م بابه‌ته به فارسی به‌ڕێز:محه‌ممه‌د تاجیک تاران 20 ی ڕه‌شه‌مه‌ی 2706 ی کوردی |
| سه‌ره‌وه. | ده‌سپێک. |
|
|
|
© www.giareng.com |