شێعر بۆ گەورەیی کۆڵبەر . نووسینی : پشکۆ

b_525_290_16777215_00_images_ADABOHUNAR_kulbar.jpgلە باهۆزی ڕچەی بەفرا سەمای مەرگە بە ڕووی کۆڵبەر
لە بۆ ژینی بە ئازادی دەبێ ڕوحت بدەی یا سەر
خەمی ناخم هەزار ئەونە قورستر لە خەمی نانە
کوڵۆڵیی خۆم لە کۆڵ ناوە دەپێوم ڕیی شەڕەف تا سەر

لە کۆڵی باوک گەلێ سەنگینترە ئەوشۆ خەمی دایک
ڕنوو ڕووخا بە سەر خۆی و منی بێ خانوومان یەکسەر
تفەنگ چ بکا لە گوللەی خۆی، نەپێکی گەر گوڵی دڵمان
سەپۆل ئێمە نەخنکێنێ سەبێتە تۆزی دەشت و دەر
شەپۆر و شین ئەدی چ بکەن کە ماڵی من بە قوڕ نەگرن
ڕنوو و ڕووبارەکان تینوی تنۆکی خۆێن و ئەسرین هەر
بە قورسایی خەمی کوردان بەفر کفنی سپی دووری
دەکەم جیهاد لە ڕێی نانا بەلام کوا جاوی حەق بینەر
کزەی "پشکۆ" خەم و کسپەی دڵی خاکە و هەناوی بەرد
بنوو کۆرپەم بە نان و ئەشک، خودایەکمان هەیە دادوەر
پشکۆ