ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

چوارشه‌مه‌سووری به‌شێك له‌ كولتووری كورد نییه‌‫!‬ ئاریتما محه‌ممه‌دی‬

agri_chwarsheme_soori.jpg‬چوارشه‌مه‌سووری هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌ كولتووری نه‌ورۆزی كوردییه‌وه‌ نییه‌ و واز بێنن له‌ خۆبه‌ستنه‌وه‌ و خۆهه‌ڵواسین به‌ كولتووری بێگانه‌. نه‌ورۆزی كورد نه‌ورۆزێكی كولتووریی و هه‌نووكه‌ش بووه‌ته‌ نه‌ورۆزێكی سیاسیی و

بۆنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییش. نه‌ورۆز جێژنی دانیشتووانی چیاكانی زاگرۆس بووه‌ و دواتر بۆ شاخه‌كانی قه‌فقاز و ناوچه‌كانی دیكه‌ش گوازراوه‌ته‌وه‌‫.‬ نه‌وه‌كانی پێش ئێمه‌ نه‌ورۆزیان به‌ فۆرم و كولتووری كوردییه‌وه‌ و به‌ ڕه‌سه‌نایه‌تیی خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ ئێمه‌ و با ئێمه‌ش لانیكه‌م بتوانین سه‌ربه‌ستیی و ئازادیی و په‌یامی نه‌ورۆز به‌ كوردانه‌ جێژن بگرین و پیرۆز بكه‌ین و ڕه‌نگوبۆ كوردییه‌كه‌ی بپارێزین‫.‬
ئه‌م كولتووره‌ ڕیشكی له‌ مێژووی كورددا هه‌یه‌ و زۆجار به‌ مه‌به‌ستی سیاسیی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ڕووداوێكی ئه‌فساناویی مێژووه‌وه‌ كه‌ جارێ پێش هه‌موو شتێك ڕاستی ڕوودانی ئه‌و ڕووداوه‌ له‌ مێژوودا نه‌سه‌لمێنراوه‌ و ته‌نیا بارسه‌نایی ئه‌فسانه‌ی مێژوویی هه‌یه‌ و زۆرجار له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی تاییبه‌ت ڕووداوێكی مێژووی چه‌واشه‌ كراوه‌ و بۆ مه‌به‌ستی تاییبه‌ت به‌كاریان هێناوه‫.‬
ئه‌فسانه‌ی كاوه‌ی ئاهنگه‌ریش یه‌كێ له‌و چیرۆكانه‌یه‌ كه‌ باسی لێوه‌ كراوه‌ و واش ئاماژه‌ی پێكراوه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌و كورد بووه‌ و كوردی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی زووحاك ڕزگار كردووه‌ و له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی تریشدا پێچه‌وانه‌ی ئه‌و چیرۆكه‌ باسی لێوه‌كراوه‌، به‌ڵام كاوه‌ نێوێكی كوردییه‌ و ده‌كرێ به‌ مه‌به‌ستی تاییبه‌ت ئه‌و چیرۆكه‌ ساز كرابێ‫.‬

به‌ڵام ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ باسی ئه‌م ڕووداوه‌یان كردووه‌، جارێ ڕاستی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ نه‌سه‌لمێنراوه‌ كه‌ ئایا كاوه‌یه‌ك بوونی هه‌بووه‌ یانخود ته‌نیا چوارچێوه‌ی ڕاز و چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها مه‌به‌ست چییه‌ له‌ ده‌ستاوده‌ست كردنی ئه‌م چیرۆكه‌ گوماناوییه‌‫.‬ زۆر ڕووداوی دیكه‌ی گرینگ له‌ مێژوودا ڕوویان داوه‌ و كه‌چی هه‌نووكه‌ش كه‌س باسی ناكات، ته‌نانه‌ت ڕووداوی وا هه‌یه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌شی زۆر ڕوونه‌ و دووریش نییه‌، به‌ڵام بێباییخه‌‫.‬ بۆیه‌ باییخدان به‌ چیرۆكی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر گوماناوییه‌ و ئه‌م چیرۆكه‌ هێنده‌ دووره‌ كه‌ كه‌س نازانێ چۆن و به‌ چی مه‌به‌ستێكه‌وه‌ ده‌ستاوده‌ست كراوه‌، ئه‌گه‌ر كورد باوه‌ڕ به‌ قسه‌ی داگیركه‌ره‌كانی و به‌تاییبه‌ت قسه‌ی نێو شانامه‌ كه‌ فاشیسزمنامه‌ی فارسه‌ بهێنێت، ئیتر چۆن ده‌توانێ وه‌ك كورد ژیان بكات‫.‬

هه‌رچه‌شنه‌ نووسراوه‌یه‌كی مێژوویی كه‌ له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ نووسرابێ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش باش و ڕاست بوو نابێ ئێمه‌ باییخی پێ بده‌ین، بێگومان ئه‌وان مه‌به‌ستێكی تاییبه‌تیان پێیه‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا شه‌ك و گومان نییه‌، مێژووی ئێمه‌ پڕه‌ له‌و چه‌شنه‌ ڕووداو و كاره‌ساتانه‌ له‌ له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورددا هاتووه‌ و هه‌مووشی له‌وه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ كه‌ داگیركه‌ران هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه‌ كه‌ له‌ كورد خۆیان نزیك بكه‌نه‌وه‌ و دواتر ژه‌هری خۆیان ڕشتووه‌‫.‬

زۆرجار وا باسی ده‌كه‌ن كه‌ چیرۆكی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر ته‌نیا ڕازی سیاسیی بووه‌ و له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌ ماده‌كان تێك ده‌شكێن و له‌لایه‌ن فارسه‌ ده‌شته‌كییه‌كانه‌وه‌ و به‌ پیلانی كۆمه‌ڵێك هێز و تیره‌ی فارس و ئاشوورییه‌وه‌ كوده‌تا له‌ ده‌سه‌ڵاتی ماد ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌كه‌ خه‌ڵك هه‌ڵنه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ‫(‬دژی ده‌وڵه‌تی فارس كه‌ ئه‌و كاتیش وه‌ك ئیستا ناوی فارس نه‌بووه‌ و ته‌نیا به‌ فێڵ خه‌ریكی قورخكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی بوونه‌‫) ئه‌و چیرۆكه‌یان هه‌ڵواستووه‌ كه‌ گوایه‌ زووحاك لاوانی كوردی له‌ چیاكانی زاگرۆس گرتووه‌ و ده‌رخواردنی دوو ماره‌كه‌ی سه‌رشانی داوه‌. ئه‌مه‌ ته‌نیا چیرۆك بووه‌ و ته‌نیا بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی كۆمه‌ڵگا بووه‌. ئیستاش له‌ زۆر ناوچه‌ی ڕژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست چیرۆكی له‌و چه‌شنه‌ ساز ده‌كرێت و ته‌نیا به‌ مه‌به‌ستی سیاسییه‌ و هیچ تر.‬
‬نه‌ورۆز له‌لایه‌ك جێژنی نوێ بوونه‌وه‌ی سرووشته‌ و له‌لایه‌كی دیكه‌ش ده‌سپێكی ژیانێكی دیكه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ سه‌رده‌مانی دووردا زستانیان ساردوسڕ بووه‌ و هه‌موو ساڵێك له‌ زستاندا خه‌ڵك تووشی نه‌خۆشی و برسێتی بووه‌ته‌وه‌ و به‌هاریش ده‌سپێك كۆكردنه‌وه‌ی گژوگیا و خۆراك بووه‌، ئه‌مه‌ وه‌ك كولتوور جێی گرتووه‌ و بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ ناسنامه‌ی گه‌لانی دانیشتووی چیاكانی زاگرۆس. وه‌ك ئاماژه‌، ئه‌م جێژنه‌ له‌ وڵاتانی گه‌رم و بیاباندا بوونی نییه‌ و پێچه‌وانه‌ له‌ چیاكانی زاگرۆس و قه‌فقاز و ئاسیایی نێوه‌ڕاستدا بوونی هه‌یه‌. به‌ڵام كورد وه‌ك خاوه‌ن و ناوه‌ندی شارستانییه‌تی زاگرۆس خاوه‌نی ئه‌م جێژن و بۆنه‌ كولتووریی و سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌یه‌. ئه‌م جێژنه‌ بۆ كورد مانای به‌رخۆدان و زاڵبوون به‌سه‌ر سه‌رماوسۆڵه‌ی زستان دێت و جێژنی جوانی سرووشت و ڕازاوه‌بوونی چیاكانی زاگرۆسه‌.‬
‬ده‌بێ هه‌میشه‌ جوانی سرووشت جێژن بگیردرێ و كوردیش وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانیی و هه‌م كولتووریی ئه‌م جوانییه‌ی سرووشتی جێژن گرتووه‌ و پیرۆز كردووه‌ و تێكه‌ڵ به‌ ژیان و كولتوور و نوێبوونه‌وه‌ی ژینگه‌ی كردووه‌. نه‌ورۆز وشه‌یه‌كی كوردییه‌، مانای ئه‌م وشه‌یه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌كه‌ بڵێین كه‌ نه‌ورۆز ناسنامه‌ی كوردییه‌ و جێژنی نیشتمانیی كوردانه‌. نه‌ورۆز بۆ كورد واتا و مانای فه‌لسه‌فی هه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگوبۆی له‌ كولتوور و ناسنامه‌ و خوێنی كورددا داكووتیوه‌، ته‌نانه‌ت هه‌میشه‌ شۆڕشه‌كانی كورد له‌ نه‌ورۆزدا ده‌ستیان پێكردووه‌ و له‌ زستانیشدا تێكشكاون، كه‌واتا نه‌ورۆز جێژنی دانیشتووانی چیاكانی زاگرۆسه‌ و كوردیش خاوه‌نی زاگرۆسه‌. با ئیتر واز له‌ چیرۆكی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر بێنین و له‌ نه‌ورۆز و جێژنی نه‌ته‌وه‌یی كورد تام و چێژ وه‌رگرین . ‬