ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، روحانی و کێشەکانی خەڵک. کەماڵ کەریمی

kamal_karimi.jpgنیزیک بە چوار ساڵ لەمەبەر لە هەلومەرجێکدا بەرەو دەورەی یازدەیەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێراندا دەچووین کە نائومێدی لە چارەسەری کێشەکانی خەڵک لە سەرانسەری ئێران و بە تایبەت لە کوردستاندا،

فەزای سیاسی وڵاتی داگرتبوو. ئەو کاتە بە هۆی سەرخوردەگی ئەوانەی کە لەدوای فرت و فێڵی دەسەڵاتدارانی سەرەکی کۆماری ئیسلامی، رێبەر و باندە مەزهەبی و نیزامی و ئەمنیەتییەکانی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ و سەپاندنی دووبارەی ئەحمەدینژاد وەک سەرۆککۆمار و سەرکوتی نامرۆڤانەی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی میلیۆنان ناڕازی لە نیزام، هیچ ئومێدێکی بە هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێک نەهێشتبوو، لە هەموو شوێنێک باس لە بەشداری نەکردنی خەڵک لەو دەورەی هەڵبژاردندا دەکرا. تەنانەت ئیسڵاحتەڵەبە حکومەتییەکانیش هیوابڕ ببوون لەوەی بتوانن خەڵک بۆ پشتیوانی خۆیان بێننە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بەڵام لە گۆڕانێکی چەند رۆژەدا و لە لایەک بە هاتنە مەیدانی کەسانی وەک رەفسەنجانی و خاتەمی و پشتیوانی ئیسڵاحتەڵەبەکان لە روحانی و لە لایەکی دیکە وەعدە و بەڵێنەکانی روحانی لە چوارچێوەی دروشمی “تدبیر و امید”دا فەزای نێوخۆی گۆڕی و جارێکی دیکەش خەڵکی وەزاڵەهاتووی هێنایەوە مەیدانی تاقیکردنەوەیەکی دیکە.
لە هەلومەرجی سیاسیی ئەو کاتدا بە هۆی خراپی لە رادەبەدەری باری ئابووری ئێران لە لایەکو سیاسەتی چوار ساڵەی دەوڵەتی ئەمریکا بە رێبەری ئۆباما بۆ چارەسەری کێشەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەوڵەکانی میانڕەوەکانی دەسەڵات بۆ بە قەناعەتگەیاندنی رێبەر، پێشبینی دەکرا کەسایەتییەکی وەک روحانی سەر لە سندووقەکانی دەنگدان بێنێتەدەر. روحانی کە کلیلی! چارەسەری هەموو کێشەکانی کردبووە رەمزی تەبلیغاتی هەڵبژاردنی، بە دانی وادە و بەڵێنێکی زۆر، توانی لە رۆژانی ئاخری شەڕی تەبلیغاتیدا، جۆرە دڵنیایییەک بدا بەو خەڵکەی کە پێیان وابوو رێژیم هیچ رێگەیەکی نەهێشتوەتەوە بۆ ئاڵوگۆڕەکان لە چوارچێوەی نیزامدا.
روحانی نە تەنیا چارەسەری کێشە ئابوورییەکانی خەڵکی ئێران و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی، – کە زۆر بەدرەنگەوە مەنشوورەکەی بە ناوی مافی شارۆمەندی کە تەنیا نووسراوێک بوو لەسەر کاغەز- بە گەرمی لە نێو وتارەکانیدا بڵاو دەکردەوە، تەنانەت رووی لە دانیشتوانی پارێزگا پهراوێزهکانی ئێرانیش کرد و لەژێر ناوی مافی “اقلیتهای قومی” کە گۆیا مەبەستی لە مافی کەمینە نەتەوەیییەکانی ئێران بوو، بەڵێنی چارەسەری کێشەکانیان و دابینکردنی مافە خوراوەکانی بەوان دا. بە گشتی ئەو بەشە لە خەڵکی ئێران و لە کوردستانیش، کە لەبەر وەزعی لەڕادەبەدەر خراپی رێژیم پێیان وابوو کە بۆ راگرتنی نیزامەکەشیان بێ، ئومێدێک ماوە بۆ قبووڵی گۆڕانکارییەکان، لەدوای ئیسڵاحتەڵەبەکان ئەوجارەش رێگەیاندا بە ئیئتیلافی ئەوان و میانڕەوەکان، هەتا جارێکیدیکەش شانسی خۆیان تاقیبکەنەوە و راستگۆیی خۆیان بە خەڵک نیشان بدەن.
لەو کاتەدا حیزبی دیموکراتی کوردستان، کە بەباشی فەزای ئینتیخاباتیی ئێرانی هەڵسەنگاندبوو و دەیزانی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بۆ هێنانە مەیدانی خەڵک بۆ دەنگدان کاری زۆر کراوەو وەعدە و بەڵێنی زۆرتر دراوە و کوردستانیش لەو بازارگەرمییە بەدوور نابێ، لەگەڵ پێداگری لەسەر سیاسەتەکانی لە بەرامبەر رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا و ئاشکراکردنی هەموو فرتوفێڵەکانیان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، خەڵکی کوردستانی بە ئاگاهێنایەوە کە ئەگەر بەهەر هۆیەک دەچنە دەنگدان، لەلایەک وەک فرسەتێک چاوی لێبکەن بۆ دەربڕینی ویستوداخوازییە نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان و لەلایەکی دیکەوە وشیارانە دەنگ بە کەسێک بدەن کە داواکارییەکانیان لە چوارچێوەی بەرنامەکانیدا گونجابێ.
لەو دەورە لە هەڵبژاردندا بە هۆی پشتیوانی زۆربەی دەنگدەران و ملدانی رێبەری کۆماری ئیسلامی بە ئاکامی هەلبژاردنەکان، حەسەنی روحانی بوو بە حەوتەمین سەرۆککۆماری رێژیم. بەم جۆرە لە دوای دەسەڵاتی ئیسڵاحتەڵەبەکانی ئێران ئەوجار هاوپەیمانی ئەوان و میانڕەوەکانی رێژیم بوو کە دەکەوتە بەر تاقیکردنەوەیەکی گرینگ. تاقیکردنەوەیەک کە دوا شانسی هەموو دەستە و باندە جۆراوجۆرەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ دڵنیاییپێدان بە خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە بوون و سیاسەتەکانی دەسەڵاتداران. دوو مانگ دوای هەڵبژاردنی روحانی و دەستبەکاربوونی هەموو خەڵک دەیانزانی کە ئەوە دەتوانێ دەسپێکی کۆتایی ئارامشی پاش هەڵبژاردن بێ، ئەگەر خەڵک ویستەکانیان لە نێوەرۆکی کار و بەرنامەکانی دەوڵەتی روحانیدا نەبیننەوە. ئەودەمیش بە وردی باس لەوە دەکرا کە، زۆربەی دەنگدەرانی ئێران و، بە تایبەت ئەو بەشە لە خەڵکی کوردستان و پارێزگا دوورسەتەکانی ئێران کە روحانی بە دەنگی ئەوان توانی ببێتە خاوەنی ئەو پۆستە، نە لەبەر خۆشەویستییان بۆ نیزام بەڵکوو، تەنیا بۆ بەخشینی هەلێکی دیکەی یاسایی بەو کەسەی کە ئومێدی گۆڕانکاری پێدان و هاتنە مەیدانی هەڵبژاردن و ئەگەر روحانی نەتوانێ ئەو پەیامەی خەڵک وەربگرێ یا کۆسپەکانی سەر رێگەی جێبەجێکردنی وادە و بەڵێنەکانی لانەبا دەبێ چاوەڕوانی هەڵوێستێکی دیکە بێ لەلایەن ئەو خەڵکەوە.
ئیستا دوای چوارساڵ بە هەڵسەنگاندنی کارنامەی دەسەڵاتداری دەوڵەتەکەی روحانی، بە روونی دەردەکەوێ کە سەرەڕای ئیدیعاکانی خۆی و دەوڵەتەکەی نەتەنیا نەیانتوانی هیچ یەک لە وادەو بەڵێنەکانیان بەرنەسەر بەڵکوو، بە پێچەوانەوە ژیانی خەڵک لە هەموو بوارێکدا زۆر خراپتر بووە. چوونەسەری بایی کاڵا لە پاڵ زیادبوونی رێژەی بێکاری، دەسەڵاتداریی ناوەندە ئەمنییەتیەکان و درێژەی گرتن و راوەدوونان و بەرزبوونەوەی رادەی ئیعدامەکان، زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و لەبەریەک هەڵوەشاندنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەی ئێران و گرینگتر لە هەموان گوێ پێنەدان بە داواکارییە سەرەتایییەکانی خەڵک کە بەشێکی لە چوارچێوەی پڕۆژە پشتگوێخراوەکەی مافی شارۆمەندیدا هاتبوون و لەبیربردنەوەی ئەو بەڵێنانەی بۆ پێڕاگەیشتن و دابینکردنی مافی زەوتکراوی خەڵکی ئەو ناوچانەی کە ئەو لە چوارچێوەی بەرنامە “حقوق اقلیتهای قومی” باسی لێدەکردن، بەشێکن لە کارنامەی شکستخواردووی دەوڵەتی حەسەن روحانی.
خەڵک بە هۆی هەڵسەنگاندنیان لە رەفتار و بەرنامەکانی سەرۆک‌کۆمارەکان سەر بە هەر دەستە و جێناحێک بووبن دەزانن جیاوازی‌یەکانی ئەوان لە نێو خۆیاندا هەرچی‌یەک بێ، بۆ ئەوان چۆنیەتی جێبەجێ‌کردنی وادەو بەڵێنەکانیان لە کاتی هەڵبژاردن و راستگۆیی‌یان لە ئاست وەدیهێنانی داواکاری خەڵکی وڵات گرینگە. بۆیە ئەو‌جار ناکرێ چاوەڕوان بن خەڵکی کوردستان دیسانیش ببنە کەرەسەی دەنگ‌کۆکردنەوەیان و چوار ساڵی دیکەش کاتی تاقیکارییەکی دیکە بدەنەوە بەوانەی کە لە چوار ساڵی رابردوودا نەیانتوانی کەمترین بەڵێنەکانی خۆیان بەجێ بگەیەنن.
لەم روانگەوەیە کە بە ئەزموون وەرگرتن لە چۆنیەتی رەفتاری کاندیدە بێ‌دەسەڵات و بێ‌بەڵێنەکان، خەڵکی کوردستان هەڵبژاردنی ئەم دەورەی سەرۆک‌کۆماری بایکۆت دەکەن و ئەمەش دەکەنە هۆکارێک بۆ تێگەیاندنی هەموو لایەنەکانی کۆماری ئیسلامی کە بزانن خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە وشیارانە لەگەڵ ئەو بابەتانەی بە ژیانی ئەوانەوە گرێی خواردوە مامڵە دەکەن.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٢.