yad1.jpgمۆسیقای ئەوڕۆ دەبێ ئەمەگناسی پیاوان و ژنانی هونەرمەندی پێیشووی خۆی بێ، بەتایبەت ئەوانەی بەبێ ئیمکانات لە نـاو کـۆمەڵی نـائـاگـا و پاوانخوازی ئەودەم‌دا چالاکی هونەریان هەبووە. گەلێک لە وانە هاتن و چوون ؛ کاکەسەنی خۆشخان و مەشهوور

(دایرە زەنگی) یەکیک لە وانەیە . کاکەسەن ساڵی 1284 ی هەتاوی لە سابڵاغ لە دایک بووە‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍ و ساڵی 1366ی هەتاوی کۆچی دوایی کردووە.

گوزەرانی کاکەسەن و بنەماڵەکەی لە ڕێی دەفە لێدان و ئامادە بوون لە کۆڕی گۆوەند و سەیرانان دابین دەکرا. زۆر جاران دەچوو سەر مەرقەدی شێخە سوور (زیارەتگایەکە لە ئالانی سەردەشت) لە وێندەرآ بۆ سەیرانچییان گۆرانی دەگوت. کاکەسەن زۆر گۆرانی دەزانین یەکێک لە وانی بە ئایشەخانی هاوسەری خۆی هەڵاگوتووە:

 گۆرانییەکانی "ئایشیلێ مامان، سەری سەردەشت بەرنیسێیە/ هەر ڕۆژەی حاکمێکی لێیە/ حاکمی هەمووان خەجیلێیە، لەنجە گیان"ی بە دەفە دەگوتەوە. کاکەسەن لە تەک مەنیج حەیران لە سەیرانگاکانی فەقرەقا، وسوکەند، و... گۆرانی گوتووە. ئەو دەم لە سەردەشت بووکیان بە "شەمامە خاڵ                خاڵ" واتە مینی‌بووس دێنا و کاکەسەن لەسەر "شەمامە خاڵ‌خاڵ" دادەنیشت و دەفەی لێدەدا و گۆرانی دەگوت. محەممەدە ڕەشە، حەمە جەیران، سەید عەلی سەردەشتی، حامید، مام عەبدوڵا (عەبە درێژ)، ڕەحیم کەریمی سێمانی، عوسمان سەیاحی (عوسمانە دۆم) لە ناوچەی سەردەشت بەتایبەت گوندەکانی سیسێر و نەستان هاوکاریان کردووە.

 بەداخەوە سەردەمی کاکەسەن ئامێری مۆسیقا وەک ئەوڕۆ پێشکەوتوو نەبوو. مۆسیقای گۆرانییەکان ڕەمەکی و لە ڕووی زەوقەوە دابەش دەکران. کاکەسەن زۆر جار لە دەست جەفای زەمانە و نەداری دەفەکەی توڕ دەدا ، بەڵام خێزانە خەمخۆرەکەی نەیدەهێشت و بەردەوام دنەی دەدا. کاکەسەن پیاوێکی تەڕپۆش بوو، پارچەی"فەتاح پاشا"ی لە کوردستانی عێراق دەکڕی و ئەودەم لای"مینەی مەلەکێ" دەیدروو، پشتێندی مەخمەری گوڵ گوڵی دەبەست و پێچ            و کڵاوی لە سەر دەنا. کاکەسەن جیا لەو گۆرانیانەی لە مەجلیس و گۆوەندان گوتوونی، نزیکەی30-40 گۆرانی تۆمارکراوی لەسەر کاسێت هەیە .

کاتێ بەزمی گۆرانی کاکەسەن و یارانیم دێتەوە بیر، باری خەیاڵم لە باڵی شالووردەدەم و بە یادی کایە و داب و نەریتی قەدیم فرمێسکان هەڵدەوەرێنم . هەلوکێن، جوغزێن، بازەڵێن، دایەڵە، حەڵوایێن، میچ میچێن، میچ گرچکێن، ئاشە تەمبوورێن، خلیسکێن، بەردگرمکێن، پەستەک پەستەکێن، ئەسپ ئەسپێن(بە داری)، جۆرابێن، فنجانێن، گوێ پڕووچکێن، حەمزەل، هەڵوای بە شەقان، کۆڵ درکێنە، کەری سووری پشت درێژ، چل دانە، هەلووکان و مەلووکان/ دایک و بابی جنۆکان/ ناردویانم بۆ هێلکان، باڵەکەی فیچقە دەرە و تۆپە ڕاردێن دێتە بەر زەینم. هەڵپەرکێ گەرم بوو ، تووزەلە و تەپڵ و نایە وەکار دەکەوت. کاکەسەن هاوکات لەگەڵ دەفە لێدان تێی دەچریکاند، پێنج ڕیاڵی کاری خۆی دەکرد، دوو ڕیاڵ هی خۆشخان بوو سێ ڕیاڵیش پاشان دەدرایەوە بە کابرا. ئەگەریش کوورەی دڵی گراوی لە جۆش بایە، کابرا دە ڕیاڵ شاباشی دەدا. لە "دەشتی شایە" ڕۆژانی چوارشەمۆیان کوڕ و کچی شاری کە دەچوونە کۆڵەدار و چیلکان، لە گەڕانەوە کۆڵیان دادەنا و هەتا خوا حەز بکا هەڵدەپەڕین. کاکەسەن و حامیدی تەپڵ زەن هەڵپەرکێی کچ و کوڕانی سەردەشتیان گەرم دەکرد.

هاتم لە لای سەردەشتێ              کیژان دەچن بۆ دەشتێ

هاتم لە لای میراوێ                   چاوی یار لە داوێم داوێ

هاتم لە لای ئەودیوە                  جوانی وام قەت نەدیوە

هاتم لە لای شاری بانە              ئەو کچە زۆر خانەدانە

هەی کۆزر کۆزر کۆزر وا نابێ هەتا لێی نەدەی تۆز بڵیند نابێ

ئەی کۆزر کۆزر کۆزر گەنم و جۆ زەحمەت مەکێشە من نادەن بە تۆ

ئەی مەندێ مەندێ سەر گوڵی مەندێ عالەم دەزانێ ئامان بۆ من دێ

b_300_220_16777215_00_images_yad.jpgلە گۆوەند و شاییەکان دەچووینە بن لاقی کچ و کوڕان و دەستماڵی دۆیتەمان لێک گرێ دەدا و پاشان قاقا پێیان پێدەکەنین. کاتێ دایرە زەنگیم دێتەوە یاد، دەچمە دیواخانان و گوێ شل دەکەم بۆ بیستنی مەقام، گەلۆ، حەیران، لاوک، ستران، لێ‌لێ، پایزە، ئازیزە، بەهارە، سەحەرە، شای جندۆکان، خەلیل پاشا، زەینەڵ و گۆزەڵ، سام سام ، عەلی بەردەشانی و شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی، شێخی سەنعان، برایمۆک و یای ئەستی بە قەوان ـ گڕامافۆن ـ بە دەنگە خۆشەکەی وسێن شەشە، خلە دەرزی، کاکەسەن، سەید عەلی سەردەشتی، حاجی عەبە نەنە، فەقێ ڕووزە، بایز چۆلەکە و ...

دڵ هەوای دانیشتن لە دیواخانی بە بێن و بەرەی حەقایەت‌خوان و خۆشخان و ڕەعیەتی ماندوو - بەڵام دڵ پڕ لە ئەوین دەکا. یادی تەپڵ و تووزەلە و تار و تەمبوور و شمشاڵ و دمبەگ و نایە و چەڵەمەشکێنەی دڵداران، بە دزی دەکا.  گیزە گیزەی سەماوەری پۆلۆان کە لەسەر ڕفعەیەک دانرا بوو لە گوێیان دەزرینگێتەوە. لەسەر مەجوعمەی ئاغا، گۆشتە ئاسک چاوان دادەگرێ، شیلانیش لە کانی بەرماڵان بە لەنجەوە ڕادەبرێ. ڕەعیەت سکاڵای لە ئاغا دەکرد کە داهاتی کەمە و ئاغا نەیدێنا و نەیدە برد، دەیگوت:

ڕووت و قووتی،کڵاوت نیە؟     جێژنا وجێژن، پڵاوت نیە؟

ڕووت و قووتی ، پێخواسی!      جارجارەش، بێ کراسی!

ئێوارانیش بە قاپە نۆکە خۆشەکەی کاک ڕەسووی نۆک فرۆش و گوڵەدانی دەوری سەرچاوە، خۆم تێر دەکەم. هەرلەو کاتەش دا کە هەوای فێنک و بێگەردی شارەکەم هەڵدەمژم و بۆ بوون لە کوێستانان و کێوانی مەندۆک‌جاڕ و بیزاچن، جەماڵەددین، کانی شەهیدان، هەوار سێمان ، جەماڵە کۆسە، بەردی کەڵی، گەمۆ، بندروێ، سێ کۆ، قەبری لاسی، تەرخان، مەنسوور، ماهی خوار، زەرکە، نێوگردان، باغچە، برایم جەڵاڵ، بوڵفەت، بەردە سپیان و گردەسوور ئاخان هەڵدەکێشم. دەنگی مانگا و بەرخی ساوا و قاتەڵاوی خەج، هەزار ئاهەنگی بیتوێن دێنێ. گوێرەکەی ساوا لە گوانی دایکی بەر دەبێ ، ئەستی لێی دەکاتەوە، کابان خەریکی شیر دۆشینە، فکر و زەینیشی لای حەمەدەمینە.

کاتێک کاکەسەن و هاوڕێکانی خەریکی گۆرانی گوتن بوون، پیران چاویان دەردەپەڕاندن، لاوان خۆیان لەبەر دەمراندن و دەیانخافڵاندن. بە یادی لاجانگی تەڕ و پەرچەمی خاو و ئەنگوستی بە ئەنگوستیلەی جوان و کەوا و سیخمە و سۆرانی و دەستماڵ و شەدەی بانە و بازنە و کرمەک و قۆیتاسە و تاسکڵاو و پاوانە و بەرهەڵبێنە و گوڵینگە و پەرچەک و کەمبەرەی زێویم. ورتە ورت و چاوبڕکێ، بە دڵێکی خاوێن و بێ گەردەوە، خۆم لە چاوی خەجێ و کابان و شەماڵان دەشاردەوە. گاوانیم پێ ناخۆش بوو . بۆ سەرچۆپی، سامانی خۆم هەموو بە تاڵان دەدا.

١ ـ  بەشێک لە دەقی وتووێژ لەگەڵ کاک محەممەد خۆشخان کوڕی خوالێخۆشبوو کاکەسەن

٢ ـ بەشێک لە دەقی وتاری "یادی بە خێر"- پێش ژمارەی 11ی ئاویەر-  نووسەر

٣ ـ بەشی فۆلکلۆری وەرگیراو لە وتەکانی خوالێخۆشبوو  ئامینە فەتاح پەناە 

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.