reza_shwani.jpgسەرهەڵدانی گۆڤاری کوردی بۆ منداڵانی کوردمان، بۆ مێژوویەکی نزیک دەگەڕێتەوە، ئەوەبوو لە ساڵی ( ١٩٤٦) دا، یەکەمین ژمارەی، یەکەمین گۆڤاری کوردی، بە زمانی شیرینی کوردیمان بۆ منداڵانی کورد،

بە ناوی ( گڕوگاڵی منداڵانی کورد ) ەوە، لە پایتەختی ( کۆماری کوردستان )، لە شاری ( مەهاباد ) ی شیرین، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا .. لایەن کەسانێکی دڵسۆز و خەمخۆری منداڵانەوە دەرچوو .. کە تەنها (٣) ژمارەی لێ دەرچوو، لەگەڵ جوانەمەرگ کردنی کۆماری کوردستاندا، ئەستێرەی گڕوگاڵی منداڵانی کوردیش ئاوا بوو .  
ئەگەر بەراوردێک لە نێوان مێژووی دەرچوونی یەکەمین گۆڤاری منداڵانی کورد لە کوردستاندا بکەین، لەگەڵ مێژووی دەرچوونی یەکەمین گۆڤار بۆ منداڵان، لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهاندا ، دەبینین ئێمەی کورد لە کوردستاندا، زۆر لە دواوە نین، بەڵکو لە پێشەوەی چەندین وڵاتیش داین .. شانازیش بۆ کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە .. کە یەکەمین گۆڤاری کوردییان بۆ منداڵانی کوردمان دەرکرد .. بەڵام داگیرکەرانی کوردستان، کە دڕندەترین و رەگەزپەرسترین ئیمپریالیزمن، دژی هاتنەدی هەموو خواست و هیوایەکی گەلی کوردمانن .. نەیانهێشت ( گڕوگاڵی منداڵانی کورد )  بێتە قسە و، زمان بگرێت، بە ساوایی تاساندیان .. بەڵام نەیانتوانی و هەرگیز ناشتوان، هیوای و ئومێدی منداڵانی کوردمان بتاسێنن .. لە ئەمڕۆدا، بە دەیان گۆڤاری کوردی بۆ منداڵان کورد دەردەکرێن .. داوا لە ( خانەی رۆشنبیری منداڵان ) دەکەم، کە سەر بە ( وەزارەتی رۆشنبیری کوردستان ) ە، بۆ بەرزراگرتنی ناو و یادی گۆڤاری ( گڕوگاڵی منداڵانی کورد) هەر بەم ناوەوە، سەر لە نوێ درێژە بە دەرکردنی گۆڤاری( گڕوگاڵی منداڵانی کورد ) بدەن .. یەکەمین ژمارەی تازەش ( ژمارەی ـ ٤) بێت .. وەکو نیشاندانی بەڵگەیەک، بە درێژدەدان بە ژمارەکانی گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵانی کورد .. وەکو مژدە و گوزارشتێک، بۆ درێژەدان بە هێنانەدی هیوا و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان لە بواری رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵانی کورد دا .. کە حکومەتی باشووری کوردستان، وەکو میراتگر و رێبازگری کۆماری کوردستان، ئەمیش درێژە بە هێنانەدیی هیوا و ئامانج و خەونەکانی کۆماری کوردستان دەدات .. هەر سێ ژمارە دەرچووەکەی گۆڤاری ( گڕوگاڵی منداڵانی کورد ) یش، کە لە ساڵی ( ١٩٤٦) دا دەرچوونە، دووبارە بە جوانی چاپ بکرێنەوە و، لە ئەرشیفی کۆڤارەکانی منداڵانی کورد و، لە بەشی منداڵان ـ لە کتێبخانە گشتییەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا دابنرێن و بپارێزرێن، تا ببن بە سەرچاوەیەک بۆ ئەو نووسەرانەی، کە لێکۆڵێنەوە و توێژینەوە، لە بارەی سەرهەڵدانی گۆڤاری منداڵانی کوردمان دەکەن .. هەروەهاش داوا لە ( وەزارەتی پەروەردەی کوردستان ) دەکەین، کە باخچەیەکی ساوایان، لە شاری هەولێری پایتەختی کوردستاندا بکەنەوە، بە ناوی ( باخچەی گڕوگاڵی منداڵانی کورد ) بۆ بەرزڕاگرتن و، وەبیرهێنانەوەی منداڵانی ئەمڕۆمان، لە ناوی ( یەکەمین گۆڤاری منداڵانی کورد ) لە کوردستاندا .
لە دوای گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵانەوە، تا ساڵی ( ١٩٧٢) لە هیچ شوێنێکی تری کوردستاندا، گۆڤاری تایبەت بە منداكانی کوردەوە، دەرنەکراون .. بەڵام لە دوای رێکەوتننامەکەی رۆژی (١١) ی ئاداری ساڵی ( ١٩٧٠) دا .. لە دوای دامەزراندنی ( کارگێڕی رۆشنبیری کوردی ) لە بەغدا، بواری باش رەخسا بۆ گەشەکردنی رۆشنبیری و ئەدەبی کوردی، کە تیشکی بواری ئەدەبی منداڵانیشی گرتەوە .. لە ساڵی ( ١٩٧٢) دا، یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ( ئەستێرە ) بە کوردی بۆ منداڵانی کورد دەرچوو .
بە کورتی ناوی ئەو گۆڤارە کوردییانە دێنین، کە لە کوردستاندا، بە زمانی کوردی بۆ منداڵانی کوردمان دەرکراون، کە هەندێکیان لە ئەمڕۆشدا دەردەچن .. هەندێکیشیان بە یەکجارێ وەستاون، وەستانی هەندێکیشیان کاتییە، وەستانەکەیان پەیوەندی بە بارای نائاسایی ئابووری کوردستانەوە هەیە .. رەنگە ئەمانە ناوی هەموو گۆڤارەکانیش نەبن کە دەرچوونە یا دەردەچن .. ئەمەو ئێمەی دوور لە کوردستان هەموو سەرچاوەیەکمان لە بەردەستدا نییە، تەنها ناوی ئەم گۆڤارانەمان لایە :
١ـ گۆڤاری( گڕوگاڵی منداڵانی کورد ) : یەکەمین گۆڤاری کوردییە لە هەموو کوردستاندا، کە تایبەت بوو بە منداڵانی کوردەوە، بە زمانی شیرینی کوردیمان دەرچوو، تەنها ( سێ ژمارەی ) لێ دەرچوو، یەکەمین ژمارەی لە رۆژی یەک شەممە رێکەوتی  ( ٢١/ ٤/ ١٩٤٦) دەرچوو، هەرسێ ژمارەکەی گروگاڵ لە ساڵی ( ١٩٤٦) دا، لە شاری( مەهاباد )ی پایتەختی ( کۆماری کوردستان ) دەرچوون، کە لە لایەن کارکەرانی ( چاپخانەی کوردستان ) ەوە دەرکران .. لە لاپەڕەی کۆتایی ژمارەی یەکەمینی ( گڕوگاڵی منداڵانی کورد ) دا، نووسراوه : ( ئەو مەجەللـەیە تەنیا بۆ رووناککردنی بیری خوێندەواران و مندڵانی کوردە ) .. لە ژمارەکانی ( گڕوگاڵی منداڵانی کورد ) دا، گەلێ بابەتی هەمەڕەنگەی رۆشنبیری و ئەدەبی و پەروەردەیی و رێنمایی و زانست و زانیاری گشتی بەسوودیان بۆ منداڵان لەخۆگرتووە .. ئامانجی ئەم گۆڤارە قووڵکردنی هەستی نەتەوەیی و سۆز و خۆشەویستی بۆ کوردستان و، زیاتر شیرین کردنی زمانی کوردیمان بووە .. دەرچوونی گۆڤارێکی وا بۆ منداڵانی کورد لەو سەردەمەدا، کاریگەری و بایەخێکی زۆر گرنگی هەبوو لە زاخاودانی بیر و هۆش و هەستی منداڵانی کوردمان .. کۆپی ژمارەی ( یەکەم و دووەم ) ی ( گڕوگاڵی منداڵانی کورد ) ، لە کۆڕی زانیاری کوردی لە بەغدا هەبوون .. کۆپی هەر ئەم دووژمارەیەش لە لای مێژوونووسی کوردمان دکتۆر ( کەمال مەزهەر ) هەن، کە ئێستا لە شاری هەولێر دەژی .

لە ساڵی ( ١٩٧٩) دا، لە شاری ( کرماشان ) لە لایەن کاک ( محسن شاسواری ) یەوە گۆڤارێک بۆ منداڵان بە ناوی ( گڕوگاڵ ) ەوە دەرچوو ، بەڵام تەنها دوو ژمارەی لێدەرچوو، ژمارەی یەکەمی بە کوردی و، ژمارەی دووەمی بە زمانی کوردی و زمانی فارسی یە .  
٢ ـ گۆڤاری ( ئەستێرە ) : پاشکۆی گۆڤاری ( رۆژی کوردستان ) بوو، یەکەمین گۆڤاری کوردییە کە بە زمانی کوردی بۆ منداڵانی کورد، لە باشووری کوردستان، لە شاری ( سلێمانی ) دا دەرچوو . ( یەکەمین ژمارە ) ی ( ئەستێرە ) ، لە مانگی مایسی ساڵی ( ١٩٧٢) دا، بە هەوڵی کۆمەڵێک مامۆستای دڵسۆز و خۆبەخش، بەبێ یارمەتی دارایی و، بە خەرجکرن لە گیرفانی خۆیان، لە دایک بوو . بڵاوبوونەوەی یەکەمین ژمارەی ئەستێرە مژدەیەکی خۆشی بە منداڵانی کوردمان بەخشی، لە خۆشیا هەر ئەوە نەبوو گەشکە بیان گرێت .. بە تامەزرۆیی و پەرۆشەوە، نووسانیانە سنگیانەوە .
پیرۆزبایی و دەستخۆشییەکی زۆریش لە دەستەی نووسەرانی کرا، کە دەست پێشکەریان لەم ئەرکە پیرۆزەدا کرد .. بە ئەوپەڕی رێز و شانازییەوە، ناویان لە مێژووی سەرهەڵدانی یەکەمین گۆڤاری منداڵان لە باشووری کوردستاندا تۆمارکران .. ئەستێرە هیوا و خەون و خۆزگەی منداڵانی کوردی هێنایەدی، ئەگەرچی بێ نازی و دەستکورتی پێوە دیار بوو .. بەڵام وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە بواری رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵانی کورد ، بوو بە سەرەتای بزووتنەوەی ئەدەبی منداڵانی کورد. یەکەمین ژمارەی ئەستێرە بەرگەکەی لە بەغدا چاپ کرا، بەڵام لاپەڕەکانی ناوەوەی لە چاپخانەکەی کاکەی فەللاح لە سلێمانی چاپ کراوە، ژمارەی لاپەڕەکانی (٢٦) لاپەڕەیە، نرخەکەشی (٨٥) فلسە .. بابەتەکانی هەمەڕەنگە و گشتی بوون، گۆڤارێکی مانگانە بوو . ( نووسەر ئەم بابەتە : ژمارەی یەکی ئەستێرە م، هەبوو لە کۆڕەوەکەی ساڵی ( ١٩٩١) دا، لەگەڵ سەرجەم کتێبەکانم لە کەرکوک ، لە لایەن دڕندەکانی رژێمی بەعسی فاشستییەوە سوتێنرابوو )
( ژمارە دووی ) گۆڤاری ( ئەستێرە ) لە مانگی سێپتەمبەری ( ١٩٧٢) دا دەرچوو، کە لە ژمارە یەک رەنگینتر و رازاوەترە بوو .. لە ( چاپخانەی کامەرانی ) لە سلێمانی چاپ کراوە ، ( ٣٠) لاپەڕەیە، نرخەکەشی ( ٦٥) فلسە .
( ژمارە سێ ) ی ( ئەستێرە ) کە دوا ژمارەی ئەستێرەیە، لە شاری سلێمانی دەرچووبێت، لە رۆژی (١٨ /٣ / ١٩٧٤) دەرچووە، ( ٣٠) لاپەڕەیە، نرخەکەشی (٧٥) فلسە .
سەرۆک و دەستەی نووسەران و دەرهێنەری هونەریی ئەستێرە ، ئەم دڵسۆزانە بوون :
سەرۆکی نووسین ( شەهید ) : ساڵح یوسفی
دەستەی نووسەران : مامۆستایان ( رزگار شەوقی ، ئەحمەد عەلی بەرزنجی ، عەبدولکەریم مەحمود شێخانی ، سدیق مەحمود بەرزنجی ) بوون .
دەرهێنانی هونەری : لالە عەبدە بوو .
بەهۆی دەست کورتی دارایی و، بە هۆی ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی گەلی کوردمان، لە لایەن رژێمی بەعسی رەگەزپەرستەوە .. دەستەی نووسەرانی ئەستێرە، نەیانتوانی ژمارەی چوارەمی دەربکەن .
لە ساڵی (١٩٧٥) دا، دەستەیەکی دڵسۆز، لە نووسەرانی ( کارگێڕی رۆشنبیری کوردی لە بەغدا ) بە هاوکاری کۆمەڵێک وێنەکێشی خوێندکاری لاوی کوردمان لە بەغدا دووبارە دەستیان بە دەرکردنی گۆڤاری ( ئەستێرە ) کرد، وەکو پاشکۆیەکی گۆڤاری ( رۆژی کوردستان ) .                            ( ژمارەی یەکەم ) یان لە مانگی مایسی ساڵی ( ١٩٧٥) دا، لە بەرگ و ناوەڕۆکێکی زۆر رەنگینتر و هەمەڕەنگنتر و قەشەنگتر و رازاوەتر لەو سێ ژمارە ئەستێرەیەی پێشوو کە لە شاری سلێمانی دەرچوون و بڵاوکرانەوە .. هاوڕێەکم هەیە، کە ناوی ( حەمید محەمەد ) ە و، خەڵکی كەرکوکە، وێنەکێشێکی ناسراوە، ماویەکی زۆرە لە ئیتالیا دەژی .. ئەو کاتە خوێنداکاری کولێجی هونەرە جوانەکان بوو لە بەغدا .. بۆی گێڕامەوە، کە چەند خوێندکارێکی وێنەکێشی کورد بوون لە بەغدا، دوای دەوامی خۆیان، ئێواران خۆبەخشانە دەچوون لە گۆڤاری ئەستێرە دا، زۆر بە دڵسۆزی و بە دڵخۆشییەوە کاری هونەرییان دەکرد، هەر کاک حەمید بۆی گێڕامەوە و، گووتی : ( هەندێ نووسەر و وێنەکێشی عەرەب، کە لە گۆڤاری مجلتي ـ کە بە زمانی عەرەبی بۆ منداڵان لە بەغدا دەردەچوو ـ  کاریان دەکرد، پیان گوتین : " کاکە ئێوە بە راستی زۆر زیرەکن بە دەرهێنانی یەک ژمارەی گۆڤاری  ئەستێرە گەیشتنە حەوت ساڵی تاقیکردنەوە و شارەزایی ئێمە لە دەرهێنانی گۆڤاری مجلتي دا .." )
( ژمارەی دووەمی ) گۆڤاری ( ئەستێرە ) لە بەغدا، لە مانگی مایسی ( ١٩٧٥) دا، چاپ کرا، بەڵام بڵاوکردنەوەی قەدەغە کرا .. لەبەر دوو بابەت کە لەم ژمارەیەدا بڵاوکراونەتەوە، بەکرێگیراوەکانی  بەعس، ئەم دوو بابەتەیان، بە دژی رژێم و، بە بەزاندنی هێڵی سوور دەزانی .. بابەتی یەکەمیان پێشەکییەکەی سەرۆکی نووسین، دکتۆر ( ئیحسان فوئاد ) بوو، دەقی نووسینەکەیم لە یاد نەماوە، بەڵام ئەوەی من بزانم نووسیبووی : " منداڵە جوانکیلەکانی کوردستان، کە نزیکی شارە جوانەکەی کوردستان، کەرکوک دەبنەوە، هەر لە دوورەوە چاوتان بە مەشخەڵە هەمیشەییەکەی باوەگوڕگوڕ دەکەوێت و .. ) بابەتی دووەم لەسەر چیرۆکێکی شاعیر و چیرۆکنووسی شەهید ( دڵشاد مەریوانی ) بوو، کە بۆ منداڵانی نووسیوە ، بە داخەوە دەقی چیرۆکەکەی ئەمیشم لە یاد نەماوە، بەڵام ئەوەندە دەزانم، کە لە چیرۆکەکیدا، توانج و پەلاری لە رژێمی بەعسی دڕندەی گرتووە . ( کە فڕۆکەوانەکانی وڵاتانی جیهان، لە جەژن و بۆنە خۆشەکاندا، لە فرۆکەکانیانەوە ، نوقڵ و بووکە شووشە و دیاری جوان بۆ منداڵەکانیان دەخەنە خوارەوە .. بەڵام فڕۆکەکانی عێراق، بێ بەزەییانە بۆمب و موشەک و فیشەکی مەرگ بۆ منداڵانی کوردمان  دەبارێنن ... ) .. دوو بارەش داوای لێبووردن دەکەم، کە دەقی نووسینەکی دکتۆر ئیحسان فوئاد و، دەقی چیرۆکەکەی دڵشاد مەریوانیم لە یاد نەماوە .

لە لایەن برای بەڕێزمان، نووسەر و رۆژنامەنووس کاک ( جەمال خەزنەدار ) ەوە، کە سکرتێری نووسینی ئەستێرە بوو لە بەغدا، سێ دانەی لە ژمارە دووی قەدەغەکراوی دامێ، ( نووسەری ئەم بابەتە : لە ژمارەی دووەمی قەدەغەکراودا، چیرۆکیکی منی بۆ منداڵان تێدایە، بەناوی ـ تاجەکەم شایانی کێیە ؟ ـ  کە دەقی دەستخەتەکەی خۆم و، دەقی وێنەکانی چیرۆکەکەش، کە خوشکی هونرمەندمان ( سوعاد ساڵەیی ) بۆی کێشاون .. لەم ژمارەیەدا بڵاوکراوەتەوە .. بەداخەوە هەر سێ دانەکەی ژمارەی دووەم، لە کۆڕەوەکەی ـ ١٩٩١ـ دا، تیاچوون )                                    سەرۆک و سکرتێری نووسینی ئەستێرە لە بەغدا :
سەرۆکی نووسین :  دکتۆر ئیحسان فوئاد                                                                سکرتێری نووسین :  جەمال خەزنەدار
من لەگەڵ ئەو گلەییەی دەستی نووسەرانی ژمارە ( ١، ٢، ٣)ی گۆڤاری ئەستێرەم، کە لە سلێمانی دەریان کردن .. دەبۆایە دەستەی نووسەرانی ئەستێرە لە بەغدا لە (١٩٧٥) دا، مادام هەر بە ناوی ( ئەستێرە ) ەوە، گۆڤارەکەیان دەرکرد، نەیان نووسیایە ژمارەی یەکەم و، ژمارەی دووەم .. بەڵکو وەکو درێژەدا بە ناوی گۆڤاری ئەستێرە، لە جیاتی ژمارەی یەکەم بیان نووسیایە ( ژمارە چوارەم )، لە جیاتی ژمارەی دووەمیش، بیان نووسیایە ( ژمارەی پێنجەم ) ، هەروەها دەبوایە لایەنی کەمەوە ئاماژەیان بە دەستپێشخەری و ماندووبوونی دەستەی نووسەرانی پێشووی ئەستێرە بکردایە، کە لە سلێمانی سێ ژمارەیان لێدەرکرد .
لە ساڵانی ( ١٩٨٢ـ ١٩٨٣) لە سەردەمی شۆڕش لە شاخدا، هەر بە ناوی ( ئەستێرە ) وە ، تەنیا یەک ژمارەی گۆڤاری ئەستێرە یان  بۆ منداڵان دەرکرد، بە قەوارەیەکی بچووک و ساکار و سادە .
لە بەهاری ساڵی ( ١٩٩٦) یشدا، مامۆستای ئامادەیی هەڵکەوت ( عەلی کەمال ) لە شاری سلێمانی .. چەند چیرۆک و سینیاريۆیەک و ، لەگەڵ چەند بابەتێکی هەمەڕەنگەی ساکاری ئامادەکردووە و، لە بەرگێدا هەر بە ناوی ( ئەستێرە ) وە بە ئۆفسێتی رەنگاوڕەنگ لە ( سوید ) بۆیان چاپ کردووە .

لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا، لە شاری ( سنە ) ی جواندا ، گۆڤارێک بۆ منداڵان، بە زمانی کوردی هەر بە ناوی ( ئەستێرە ) ەوە  ( شەش ژمارە ) ی لێ درچووە ، ژمارە ( ٦) ەمینیی                   لە (٢٢ / ە/ ١٩٧٩) دا دەرچووە .
لە دوای راپەڕینە مەزنەکەی (٥ /٣ / ١٩٩١) لە باشووری کوردستاندا، بارودۆخێکی گونجا و، هەلێکی زێڕین هاتنە کایەوە، شۆڕشێکی نوێ و پێشکەوتن و، وەرچەرخانێکی گرنگ و بەرچاو هەموو بوارەکانی ژیانی گرتەوە .. ئەم پێشکەوتنە رەنگدانەوەی لەسەر هەموو شوێنێکی کوردستان هەبوو .. کاریگەری لەسەر هەموو تاکێکی کورد هەبوو .. ئەم شۆڕش و وەرچەرخانە مەزنە بۆاری رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵانی کوردیشی گرتەوە .. هەلێکی باش بۆ شاعیران و نووسەران و هونەرمەندانی بواری ئەدەبی منداڵان رەخسا ، بۆ برەودان بە توانکانیان .. بە دەیان نووسەری بەهرەمەند و بە توانا هاتنە بواری نووسین بۆ منداڵان .. بزووتنەوەیەکی پێشکەوتووی رۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری منداڵان سەری هەڵدا و گەشەی کرد .. بە سەدان کتێبی شیعر و چیرۆک و بابەت هەمەجۆرەی تری نووسران و چاپ کران ، بە دەیان کتێبی بابەت هەمەڕەنگەی منداڵان لە زمانەکانی بێگانەوە، وەریان گێڕاونەتە سەر زمانی کوردی و، بە ئۆفسێتی رەنگاوڕەنگ بۆ منداڵان چاپ کران .. ژمارەیەکی زۆری گۆڤاری کوردی گشتیش بۆ منداڵان دەرچوون .                بەشێکیان بە یەکجاری وەستان ، بەشێکی تری گۆڤارەکانی منداڵان ،  بە هۆی قەیرانی دارایی کوردستانەوە، بە شێوەیەکی کاتی وەستاون .. بەشێکی کەشیان خۆڕاگرن و تا ئەمڕۆش بەردەوام دەردەچن ، تیراژیان کەمتر کردوونەتەوە .. پێش ئەوەی بێینە سەر ناوی ئەو گۆڤارە کوردییانەی کە بۆ منداڵان دەدەچن، یا پێشتر دەردەچوون .. لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر کەمی ئەو گۆڤارانە شکدەبم، ژمارە یەکەمی تەنها تەنها سێ گۆڤارم لابوو .. بۆ ئەم مەبەستە، بە پێی ئەو ئیمایلانەی کە لەسەر هەندێ لە گۆڤارەکانی منداڵاندا هەن، بە ناردنی نامە، داوام لە سەرنووسەر و بەڕێوەبەرانی زۆربەی گۆڤارە کوردییەکانی منداڵان کرد، بەڵام تەنها چوار سەرنووسەر وەڵامیان داومەتەوە .. کە ئەم چوار برا دڵسۆزەن :  کاک ( یاسین قادر زڕگوێزی ) سەرنووسەری گۆڤاری ( پەپولە ) و، کاک ( ئـازا یوسف ) سەرنووسەری گۆڤاری ( جۆلانێ ) و، کاک ( رەهێل رەشید ) سەرنووسەری گۆڤاری ( رووداوی منداڵان ) و، كاک ( سەلام باڵایی ) سەرنڤیسکاری گۆڤاری ( سڤۆرە ) پڕ بە دڵ زۆر سوپاسی هەرچواریان دەکەم .                                                                             ئەمانەش ناوی زۆربەی ئەو گۆڤارە کوردییانەن کە لە دوای راپەڕینەکەی ساڵی ( ١٩٩١) ەوە، بە کوردی بۆ منداڵانی کورد دەرچوونە و، دەردەچن .. ئەگەر مێژووی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی هەر گۆڤارێکمان بزانیبایە .. بە پێی مێژووی دەرچوونیان ریزبەندیانم دەکردن :
٣ـ گۆڤاری ( پەپولە ) : گۆڤارێکی مانگانەی رۆشنبیرییە بۆ منداڵان .. منداڵپارێزی کوردستان دەری دەکات .. یەکەمین ژمارەی لە بەهاری ساڵی ( ١٩٩٢) دا بڵاوکراوەتەوە، گۆڤارێکی بابەت هەمەڕەنگەی گشتتییە . لە ئستاشدا دەردەچی لە هەر ژمارەیەکی ( ٥٠٠٠) دانەی لێ چاپ دەکەن .
خاوەنی ئیمتیاز : هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد
سەرنووسەر : یاسین قادر زڕگوێزی
شوێنی دەرچوون : شاری سلێمانی
تا نووسینی ئەم لێکۆڵینەوەیە .. دوا ژمارەی لە ساڵی  ( ٢٠١٥) دا ژمارە ( ٢٠٨) ە .
٤ـ گۆڤاری ( پەڕەسێلکە ) : گۆڤارێکی مانگانەی رۆشنبیری منداڵان بوو.
ژمارەی یەکەمینی لە ساڵی ( ١٩٩٢) دا دەرچوو
دەستەی نووسەرانی :  ( مولود ئیبراهیم، ئیدریس لاوە، هەڵگورد عەبدولوەهاب ) بوون
شوێنی دەرچوونی : شاری هەولێر .

٥ـ گۆڤاری ( جگەرگۆشەکان ) : گۆڤارێکی پەروەردەیی مانگانەیە بۆ منداڵان
یەکەمین ژمارەی لە مانگی ئەوگوستی ساڵی ( ١٩٩٣) دا دەرچووە .
خاوەنی ئیمتیاز : حامد محەمەد عەلی
سەرنووسەر : زیاد رەشاد قادر
شوێنی دەرچوون : شاری سلێمانی
دوا ژمارەی لە لای من ( ٢٢٤) ی ساڵی ( ٢٠١٤) یە .. ئاگام لە ژمارەی تازەی نییە .
٦ـ گۆڤاری ( هەنگ ) : گۆڤارێکی مانگانەیە بۆ منداڵان
وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان دەریدەکات
یەکەمین ژمارەی لە ساڵی ( ١٩٩٢) دا دەرچوو
خاوەنی ئیمتیاز ( خوالێخۆشبوو ) : سامی شۆڕش ( کە وەزیری رۆشنبیری کوردستان بوو )
سەرنووسەر : حەمەساڵح فەرهادی
شوێنی دەرچوونی : شاری هەولێر
٧ـ گۆڤاری ( هێلانەی منداڵان ) : گۆڤارێکی مانگانەی رۆشنبیریی پەروەردەیی منداڵانە
پاشکۆی رۆژنامەی ( خەبات ) ە .
خاوەنی ئیمتیاز : عەلی عەبدوڵڵا
سەرنووسەر : سەلام عەبدوڵڵا
شوێنی دەرچوون : شاری هەولێر
٨ ـ گۆڤاری ( جریوە ) : گۆڤارێکی مانگانەی منداڵانە .. یەکەمین ژمارەی لە ساڵی ( ١٩٩٨) دا، دەرچوو، نۆ ژمارەی لێ دەرچووە و لە ( ١٩٩٩) ە وەستاوە .
خاوەنی ئیمتیاز : جەمال عەبدول
سەرنووسەر : تاهیر ساڵح سەعید
شوێنی دەرچوون : شاری سلێمانی
٩ـ گۆڤاری ( منداڵی سەردەم ) : گۆڤارێکی مانگانەی منداڵانە
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم دەریدەکات  
خاوەنی ئیمتیاز ( خوالێخۆشبوو ): شێرکۆ بێکەس ( یەکەمین وەزیری رۆشنبیری کوردستان بوو )
سەرنووسەر : هەڵکەوت عەبدوڵڵا
شوێنی دەرچوون : شاری سلێمانی
١٠ ـ گۆڤاری ( سمۆرە ) : گۆڤارێکی رۆشنبیری و پەروەردەیی منداڵانە
بەڕێوەبەرایەتی خانەی سمۆرە لە هەر وەرزێکدا ژمارەیەکی لێدەردەکات
یەکەمین ژمارەی لە ساڵی ( ٢٠١٠) دەدا دەرچووە
خاوەنی ئیمتیاز : بەڕێوەبەرایەتی خانەی سمۆرە
سەرنووسەر : تریفە محەمەد ئەحمەد
شوێنی دەرچوون : شاری سلێمانی
١١ـ گۆڤاری ( منداڵانی باوە گوڕگوڕ ) : گۆڤارێکی مانگانەی منداڵانە
دەزگای شەفەقی رۆشنیری لە کەرکووک دەریدەکات
خاوەنی ئیمتیاز ( خوالێخۆشبوو ) : فەلەکەدین کاکەیی ( وەزیری رۆشنبیری کوردستان بوو )
سەرپەرشتیاری ئەنجومەنی کارگێڕی : بەدران ئەحمەد حەبیب
سەرنووسەر : یوسف لەتیف
بەڕێوەبەری نووسین : گرفتار کاکەیی
دەستەی نووسەران : عەلی دەروێش
بەڕێوەبەری هونەری : فەهد شوانی
شوێنی دەرچوون : شاری کەرکوک
پاش حەو ساڵ لە دەرچوونی باوەگوڕگوڕ، ناوەکەی گۆڕا بە ( حاجیلە ) و هەمان بەرنامە و رێبازی باوەگوڕگوڕی هەبوو، تا ئێستا حاجیلە بەردەوامە و دەردەچێت، یەکێکە لە گۆڤارە پێشکەوتووەکانی منداڵانی کورد .
١٢ـ گۆڤاری ( مشکە ) : گۆڤارێکی مانگانەیە بۆ منداڵان
دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس دەری دەکات
خاوەنی ئیمتیاز : بەدران ئەحمەد حەبیب
سەرنووسەر : ئەمیر حاجی داود
بەڕێوەبەری نووسین : رەهێل رەشید عەزیز
شوێنی دەرچوون : شاری هەولێر
١٣ـ گۆڤاری ( گزنگی بچووکان ) : گۆڤاری ( گزنگ ـ ئۆرگانی یەکێتی نووسەرانی کورد ـ لقی کەرکوک ) تایبەت بوو منداڵان لە شاخدا دەری دەکرد .. یەکەم ژمارەی لە ئاداری ساڵی ( ١٩٨٥) دا، بە ( ٥٢) لاپەڕە بە زمانی کوردی دەرچوو، سێ ژمارەی لێ دەرچوو هەر لە هەمان ساڵدا بوو .
١٤ـ گۆڤاری ( گوڵەکان ) : گۆڤارێکی پەروەردەیی و رۆشنبیری گشتی منداڵانە
سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوانی چەمچەماڵ دەری دەکات
شوێنی دەرچوون : قەزای چەمچەماڵ
١٥ـ گۆڤاری ( پێشەنگی منداڵان ) : گۆڤارێکی مانگانەی منداڵانە
رێکخراوی پێشەنگی منداڵانی کوردستان دەریدەکات
خاوەنی ئیمتیاز : تاریق خورشید
سەرنووسەر : شێرزاد رەسووڵ فەقێ
شوێنی دەرچوون : شاری هەولێر
١٦ـ گۆڤاری ( جۆلانێ ) : وەرزە گۆڤارێکی پەروەردەییە .. بەردەوامە لە دەرچوون .
شاری یاریی راین مۆڵ دەری دەکات
یەکەمین ژمارەی : لە بەهاری ساڵی ( ٢٠١٣) دا دەرچووە
خاوەنی ئیمتیاز : محەمەد حوسێن باپیر
سەرنووسەر : ئـازا یوسف
شوێنی دەرچوون : هەولێر  
١٧ـ گۆڤاری ( رووداوی منداڵان ) : گۆڤارێکی مانگانەی منداڵانە
کۆمپانیای رووداو دەری دەکات .
یەکەمین ژمارەی لە مانگی مای ساڵی ( ٢٠١٣) دەرچووە
خاوەنی ئیمتیاز : کۆمپانیای رووداو
سەرنووسەر : رەهێل رەشید عەزیز
شوێنی دەرچوونی : شاری هەولێر
١٨ـ گۆڤاری ( ژینوار ) : گۆڤارێکی وەرزیی منداڵانە
خاوەنی ئێمتیاز : شەرمین حەمەد رەشید
سەرنووسەر : کاروان رەشید
١٩ـ گۆڤاری ( دنیای منداڵان ) : گۆڤارێکی مانگانەی منداڵانە
منداڵپارێزی رۆژهەڵاتی کوردستان دەری دەکات .
لە باشووری کوردستان دەردەچێت .
٢٠ـ گۆڤاری ( سڤۆرە ) : گۆڤارێکی مانگانەی منداڵانە .. بەردەوامە لە دەرچوو دا .
دەزگای خانی بۆ رۆشنبیری و راگەیاندن دەری دەکات
یەکەمین ژمارەی لە (٢٢ /٤ / ١٩٨٨) دەرچووە .
لە ( ٦/ ١/ ٢٠١٥) دا، ژمارە ( ١٨٦) ی لێ دەچوو.
مانگانە لە هەر ژمارەیەکدا ( ٣٥٠٠) دانەی لێ چاپ دەکڕێت .
یەکەمین گۆڤاری منداڵانە لە شاری دهۆک کە تا ئێستا بەرەەوام دەچێت .
خاوەنی ئیمتیاز : دەزگای خانی
سەرنڤیسکار : سەلام باڵایی
سکرتێرا نڤیسینێ : ژیان عەبدولحەمید بەرواری
شوێنی دەرچوون : شاری دهۆک
٢١ـ گۆڤاری ( نێرگز )، لە ساڵی (٢٠٠٥) لە ناحیەی ( تەکیە)ی سەربە چەمچەماڵ دەردەچوو.
نازانین سەرنووسەر و دەستەی بە ڕێوەبەری کێ بوون .
٢٢ـ گۆڤاری ( پێلستانک ) : گۆڤارێکی مانگانەیە بۆ منداڵان
پێلستانک تیڤی دەریدەکات
خاوەنی ئیمتیاز : پێلستانک تیڤی
سەرنووسەر : مەعاف مەناف
بێجگە لەو گۆڤارانەی سەرە ئەم گۆڤارە کوردییانەش بۆ منداڵان دەرکران، هەندێکیان لە ئێستاشدا دەردکرێن، بەڵام زانیاری تەواومان لە سەریان نییە .. بۆیە تەنها ناوەکانیان دەنووسین :
( کاروانی منداڵان ـ ١٩٩٠، ئاوات و هیڤی ـ ١٩٩٦ـ سلێمانی ، پەریستان ـ١٩٩٢ـ سلێمانی ، هێڤی ـ ١٩٩٥ـ سلێمانی ـ پاشکۆی رۆژنامەی کوردستانی نوێ بوو ، پەلکەزێڕینە ـ  ١٩٩٩ـ سلێمانی ، نێرگز : لە رۆژهەڵاتی کوردستان ، سروە : لە رۆژهەڵاتی کوردستان ، گۆڤار ـ ١٩٩٨ـ سلێمانی ، منداڵی کورد ـ ١٩٩٩ـ سلێمانی ، خەندە ، دیلانا، کۆلارە ، حاجیلە ، گۆران ، کەڤر: لە دهۆک  دەردەچێت، کەناری ، تاو تاو ، شۆخ و شەنگ : لە رۆژهەڵاتی کوردستان ، شلک و شا : پاشکۆی رۆژنامەی هەواڵە ـ لە کەرکوک دەردەچێت .
لە دەروەی کوردستاندا، تا ئێستا نە بیستوومانە و نەبینیومانە کە گۆڤارێک بۆ منداڵان دەرکرابێت یا دەربکرێت .. تەنها گۆڤار کە لە هەندەران بۆ منداڵانی کورد دەرکرابێت گۆڤاری ( کوردیلەکان ) ە .
٢٣ـ  گۆڤاری ( کوردیلەکان ) : وەرزە گۆڤارێکی رۆشنبیریی گشتی یە بۆ منداڵان
( کۆمەڵەی منداڵانی کورد / لە نەرویج ) بە زمانی کوردی و نەرویجی دەری دەکات .
یەکەمین ژمارەی کوردیلەکان لە ( ٢١/ ٣/ ٢٠٠٧) دا بڵاوکرایەوە .. تا ئێستا پێنج ژمارەی لێ دەرچووە .. بە هۆی نەبوونی کادری هونەرییەوە .. لە ئێستادا بە شێوەیەکی کاتی وەستاوە  .
( کوردیلەکان ) یەکەمین گۆۆڤاری منداڵانە، کە لە دەروەی کوردستاندا، بۆ منداڵانی کورد دەرچووبێت .. ژمارەی ( ٥)  بەخۆڕای لە کوردستاندا بڵاو کرایەوە .
سەرنووسەر : رەزا شوان
جێگری سەرنووسە و بەڕێوەبەری هونەری : کوردین کازم
بەڕیوەبەری بەشی نەرویجی :  بەفرین شادۆست کەریمی
شوێنی دەرچوون : وڵاتی نەرویج ـ شاری بێرگن

(*) ئەگەرچی گۆڤاری ( منداڵی کورد ) لە لایەن ( کۆمەڵگەی کورد / لە لەندن ) ئامادە دەکرا، تەنها دوو ژمارەی لێ دەرچوو، بەڵام هەردوو ژمارەکەی لە سلێمانی چاپکراون و بڵاوکراونەتەوە .
گۆڤاری ( کوردیلەکان ) یەکەمین گۆڤاری منداڵانە، کە لە دەروەی کوردستان بۆ منداڵانی کورد دەرچووبێت، تا ئێستا پێنج ژمارەی لێ دەرچووە .
هونەرمەند عەلی مەندەلاوی :
لە بواری باسکردن لە گۆڤارەکانی منداڵان بە پێویستی دەزانین کە بە شانازی و بە ئەوپەڕی رێزەوە بە کورتی باسی هونەرمەندی وێنەکێشی بە ناوبانگی کوردستانی و جیهانی .. هونەرمەندی کوردمان ( عەلی مەندەلاوی ) بکەین .. کە خزمەتێکی زۆری هەیە لە بواری وێنەکانی گۆڤارەکانی منداڵان و، دیزایینی بەرگی کتێبی منداڵاندا .. هونەرمەند عەلی مەندەلاوی لە ساڵی ( ١٩٥٨) ، لە شارە جوانەکەی ( مەندەلی ) ی کوردستانی، لە باشووری کوردستان لە دایک بووە .. هەر لە منداڵییەوە خولیا و هۆگری وێنەکێشان بووە .. بڕوانامەی بەکەلۆریۆسی لە ئەکەدیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا ـ پسپۆری لە نەخشەسازای گرافیک دا وەرگرتووە . عەلی مەندەلاوی، نووسەر و، نەخشاز و ، وێنەکێشێکی ئازایە، دیزاینسازی کتێب و گۆڤارەکانە، کاریکاتێرکێشێکی پۆرتۆرییە .. مەندەلاوی لە ماوەی چل ساڵی ژیانی هونەرییدا، وێنەی بۆ دەیان گۆڤار و کتێبی منداڵان و گەورەکان کێشاوە .. لە چەندین شاری کوردستان و عێراق و وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبیدا پێشانگای تایبەتی خۆی بۆ وێنەی منداڵان و کاریکاتێر کردۆتەوە و، جێی سەرنج راکيش و سەرسامی بینەران بوونە .     عەلی مەندەڵاوی دەڵێت : " هەر لە منداڵییەو، من جادوبەندی ئەم هونەرە بووم، بۆیە نووسام پێوەی و، بڕیارم دا بە شێوەیەکی ئەکادیمیانە بیخوێنم، چوومە پەیمانگای هونەرە جوانەکانەوە، لە ماوەی خویندنمدا وەکو وێنەکێشێک لە گۆڤاری ( مجلتي ) دا کارم دەکرد .. ئا لێرەوە رووم لە نووسین کرد، کاتێک کە چەند چیرۆکێکی میللی کوردیم هەڵبژارد و، سیناریۆم بۆ نووسین و، لە شێوەی زنجیرە چیرۆکی وێنەدار ( کۆمیکس ) وێنەم بۆ کێشان، ئەوەبوو لە ساڵی ( ١٩٧٧) دا لە هۆڵی ( کۆمەڵەی رۆشنبیری کوردی ) لە بەغدا ، پێشانگایەکم کردووە و، ئەو وێنانەم تێیدا نمایش کرد .. ئەوە یەکەمین پێشانگا بوو، لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، کە بۆ ئەم هونەرە ـ وێنەی منداڵان ـ بکرێتەوە .. بە گشتیشی ژیانی پیشەیی من، ژیانی وێنەکێش و هونەرمەندێکە زیاتر لەوەی ژیانی نووسەرێک بێت .. " مەندەلاوی، دیزایینی بەرگی بۆ نزیکەی (٥٠) کتێبی عەرەبی و کوردی کێشاوە، کە بەشێکیان کتێبی منداڵانن .. وێنەشی بۆ بابەتەکانی هەمەڕەنگەکانی چەندین گۆڤاری منداڵانی عەرەبی و کوردی کێشاوە .. لەوانەش گۆڤاری : ( ئەستێرە ) و ( هەنگ ) ی کوردستانی، ( مجلتي ) و ( المزمار ) ی عێراقی، ( العربي الصغیر )ی کوەیتی، ( ماجد ) ی ئەبو زەبی .. مەندەلاوی، لە کوردستان، بەغدا، هۆڵەندا، بەریتانیا ، تونس ژیاوە .. لە ساڵی ( ٢٠٠٥ـ ٢٠٠٦) راوێژکاری هونەری و، بەڕێوەبەری رۆشنبیری منداڵان بووە، لە وەزارەتی رۆشنبیری کوردستان .. مەندەلاوی ئازادانە و، بەبێ ترس و گوێدان بە رەخنە و بە گلەیی، چۆن خۆی ویستووبێتی .. وێنەی کاریکاتێری بۆ چەندین کەسەیاتی ناسراوی ئەدەبی و رۆشنبیری و سیاسی و سەرکردەکانی عێراقی و کوردستانی و جیهانی کێشاوە .. یەکەمین وێنەی کاریکاتێری پۆرتۆری، وێنەیەکی وەرزشکار و راهێنەری تۆپی پێی عێراقی، خوالێخۆشبوو ( عەمو بابا ) بوو .. وێنەی کاریکاتێریشی بۆ چەند نووسەر و شاعیر و کەسایەتییەکی کوردیشمان کێشاوە، لەوانەش وێنەیەکی چیرۆکنووسی ناسراوی کوردمان ( حوسێن عارف ) ە .
لە ساڵی ( ٢٠١٤) دا، کتێبێکی عەلی مەندەلاوی بە ناوی ( وجوە : دەموچاوەکان ) ەوە دەرچوو، کە لە شاری ( دهۆک ) چاپکرا، ئەم کتێبە ( ١٨٠) وێنەی کاریکاتێری پۆرتۆری لە خۆ گرتووە .
( نووسەر : بۆ یەکەمین جار لە ساڵێ ١٩٧٣دا، لە کۆمەڵەی رۆشنبیری کوردی لە بەغدا، عەلی مەندەلاویم ناسی، کە ئەو کاتە خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکان بوو ـ لە بەغدا ) .          لە کورتە پێناسەیەکی وادا، ناتوانین بە تەسەلی باس لە هەموو کارەکانی ئە م هونەرمەندە بلیمەت و مەزنەی کوردمان بکەین .. کە بە یەکێک لە کاریکاتێرکێشە ناسراوەکانی جیهان دەناسرێت .. تەندروستی و تەمەنێکی درێژی بۆ مەندەلاوی دەخوازین .. هیواداریش خۆی یا لەرێی دەزگایەکی راگەیاندنەوە ژیان و کارە زەبەندەکانی هونەرمەند عەلی مەندەلاوی بە ئەرشیف بکرێن .
(خوێنەرانی دڵسۆز : راگەیاندنی منداڵان ـ بەشی سێیەم ـ ی لە هەفتەی داهاتوودا بڵاوی دەکەینەوە)

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.