reza_shwani.jpgچیرۆک کۆنترین و گرنگترین لقە لە لقەکانی ئەدەب، لە هەموو جۆرەکانی تری ئەدەب، باوتر و بڵاوترە .. چیرۆک هونەرێکی جوان و بەچێژ و خۆشە و، سوودێکی زۆر بە مرۆڤ دەگەیەنێت .

چیرۆک لە هەموو کارە ئەدەبی و هونەرییەکانی تر زیاتر رەنگدانەوە و کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆ لە ئەمڕۆ و لە داهاتوودا هەیە .. چیرۆک هۆکارێکی گرنگە لە هۆکارەکانی بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری و زانست و زانیاری و فەلسەفە و رووەکانی شارستانی و پێشکەوتن، زیاتر لە هەموو جۆرەکانی تری ئەدەبی، هەست و نەست و دەروون و ويژدان و ئەندێشەی مرۆڤ دەبزوێنێت .
مێژووی سەرهەڵدانی چیرۆک، بۆ مێژووی بوونی مرۆڤ لەسەر زەویدا دەگەڕێتەوە، بۆ ئەو سەردەمەی کە مرۆڤ خێزانی پێکهێنا و، لە ناو ئەشکەوت و لە پەنای کەندەڵان و شاخەکان و، لەسەر دارە ئەستوور و بەرزەکاندا دەژیان و، رۆژانەش تا ئێوارە خەریکی راوکردنی نێچیر و کۆکردنەوەی بەری دار و گیاوگۆڵ بوونە، بژێوی ژیان و گوزەرانی خۆیان دابین کردوون، رۆژانە رووبەڕووی چەندین ئاژەڵی دڕندەی کێوی دەبوونە .. رووبەڕووی سروشتی سەخت دەبوونەوە .. بە داهێنانی وشە و زمانێکی ساکار و سەرەتایی و، بە جووڵە و بە ئاماژە و بە نواندن، لە یەکتری گەیشتوونە و، گوزارشتیان لە هەست و سۆزی خۆیان کردوون و، چیرۆکی چالاکی و بەسەرهاتی رۆژانەی خۆیان بۆ یەکتری گێڕاوەنەتەوە .. ئالێرەوە چیرۆک سەری هەڵدا . بە زاری نەوە لە دوای نەوە بۆ یەکترییان گێڕاونەتەوە .. تا ئەو سەردەمەی کە نووسینی وێنەیی و، هێڵکاری و مێخی و هیرۆگلۆفی داهێنران .. گەلێ چیرۆکی وێنەکێشراو، یا هەڵکۆڵراو و تاشراو، لەسەر دیوارەکانی ئەشکەوتەکان و پەرستگاکان و گۆڕەکان و، لەسەر تەختەقوڕی سوورەوەکراو و، گەڵای رووەکی بەردیدا، لە میزۆپۆتامیا و لە میسردا دۆزراونەتەوە، کە مێژوویان بۆ هەزاران ساڵ پێش زایینی دەگەڕێنەوە .. کە لە نێوانیاندا، چیرۆکی منداڵانیشیان تێدایە .. ئاخۆ دەبێت بن، کە زەوی دایپۆشیون و نەدۆزراونەتەوە .. ئەم بەڵگانەش بە سەرەتای چیرۆک و، چیرۆکی منداڵان و، بایەخدان بە منداڵی دادەنەرێن .
شانازی مێژووی سەرهەڵدانی چیرۆکی منداڵان، بۆ گەلێکی دیاریکراو ناگەڕێتەوە، هەموو گەلانی دنیا، لەڕێی ئەدەبی سەرزارییەوە، چیرۆکی منداڵانیان هەیە و، شانازی بە فۆلکلۆر و کەلەپووری رۆشنبیریی خۆیانەوە دەکەن .. گەرچی لە ئەمڕۆدا، گەلی چیرۆکی فۆلکلۆرێ و داستان و ئەفسانە و حەقایەت هەن، رەسەنایەتی و شوێنی سەرهەڵدانیان دیارنین و، هەر گەلێک بە مۆڵکی خۆیانی دەزانن و، شانازی بەوەوە دەکەن، کە لە فۆلکلۆر و کەلەپووری و رۆشنبیری ئەوانەوە وەریان گرتوون، بەڵام لە ئەمڕۆدا بوونە بە کەلەپوورێکی جیهانی و، ناسنامەیەکی نێونەتەوەیی جیهانیان هەیە .. هەر گەلێکیش زۆر یا کەم، پشکی شانازی لەم کەلەپوورە رۆشنبیرییە جیهانییەدا هەیە.
گەلێ لەو چیرۆکە فۆلکلۆرییانەی کە بۆ منداڵانیان دەیانگێڕنەوە، لە بنەڕەتا چیرۆکی گەورەکانن، بەڵام بە شێوە و شێوازێکی ئاسانتر و بە زمانێکی سووکتر و ساکارتری دەستکاری کراو، کە لەگەڵ توانای تێگەیشتنی منداڵاندا بگونجێن بۆ منداڵانیان گێڕاونەتەوە .. ئەوەی لێرەدا مەبەست و ئامانجی ئێمەیە چیرۆکی منداڵانە .
چیرۆکی منداڵان، گرنگترین لقە لە لقەکانی ئەدەبی منداڵان و بە پلەی یەکەم دێت، کە لە رێی وشەوە بە شێوەیەکی هونەری بەرجەستەدەکرێت .. چیرۆکی منداڵان، گرنگترین سەرچاوەی رۆشنبیری و، گەورەترین بەشیشە لەو بابەتە رۆشنبیرییانەی پێشکەش بە منداڵان دەکرێن .
لەم سەردەمەدا چیرۆک، گرنگترین هۆکاری پەروەردەیە، یارمەتییەکی زۆری پێگەیاندنی منداڵان دەدات و، ئاسۆیەکی رۆشنبیری و زانیاریی نوێیان بۆ واڵا دەکات .. بە کورتی لەم خاڵانەدا، باس لە بایەخی چیرۆک بۆ منداڵان دەکەین :
١ـ هۆکارێکی گرنگە بۆ بۆ گەشەکردنی زەین و هۆش و، وشە و رستەی تازە و، دەوڵەمەندکردنی فەرهەنی زمانیان و، بۆ چێژی هەستجوانی و ویژدان بەرزی و، بۆ دروستبوونی کەسێتی منداڵ .
٢ـ منداڵ لەسەر سەرنجی ورد و وریای و بیرکردنەوەی قووڵ و لێکدانەوە و شی کردنەوە رادێت.
٣ـ ئەندێشەی منداڵ گەشەدەکات و، ئاسۆی روانینی فراوانتر دەبێت و، ئارەزووی بە دواداچوون و مەیلی زانیاری زیاتر دەکات و، دەیەوێت راستییەکان بزانێت .
٤ـ چیرۆک یارمەتیدەر و شێوازێکە بۆ فێربوون، فێربوونی خوێندنەوە و نووسین لە قوتابخانەدا.
٥ـ شێوازێکە بۆ ئاراستەکردن و رێنمایی منداڵان بۆ هێنانەدی هیوا و ئامانجەکانی کۆمەڵ .
٦ـ چیرۆک یارمەتی منداڵ دەدات بۆ ئەوەی لە خۆی و لە جیهانەکەی بگات و کەسانی تر بناسێت و، لە گۆڕان و رووداوەکان و، لە سروشتی دەور و بەرەکەی بگات .
٧ـ چیرۆک دەرگاکانی ژیان لەسەر منداڵ دەکاتەوە، بە هەموو جوانییەکانییەوە .
٨ ـ یارمەتی منداڵ دەدات بۆ ئەوەی بڕوای بە خۆی زیاتر بێت و، رووبەڕوی کێشەکانی ببێتەوە .
٩ـ هۆش و هەست و دەروون و بەهرە و خەون و خولیاکانی منداڵ دەبزوێنیت و، کۆمەڵێک پرسیار و رامانی لا درووست دەبن، چیرۆک دەبێتە پاڵنەری، بۆ گەڕان بە دوای وەڵامەکانیان دا .
١٠ـ چیرۆک منداڵ، بە مێژووی گەلەکەی و، بە کەڵە پیاوانی پاڵەوان و، بە باباپیرانی و، بە ئافرەتە ناودارەکانی گەلەکەی، ئاشنا دەکات، چیرۆک و چیرۆکنووسەکانی جیهانیشی پێ دەناسێنێت .
١١ـ منداڵان لە ڕێی چیرۆکەوە، فێری کۆمەڵێک بەهای جوان و بەرز دەبن وەکو : ئازایەتی، هیواخوازی، پیاوەتی، چاکەخوازی، دادپەروەری، راستگۆیی، ئارامی، نیشتمان پەروەری، دڵسۆزی، هاوڕێتی، خۆشەویستی، رێزگرتن، ناپاکی نەکردن، خۆنەپەرستی، هاوکاری، تێکۆشان، کۆڵنەدان، خۆبەختکردن، قبووڵکردنی رای جیاواز، ژینگەپارێزی، ئەزێتنەدانی ئاژەڵان، ... هتد .
١٢ـ مەیلی خوێندنەوە و گوێگرتنیان گەشە دەکات و، زیاتر خوی پێوەدەگرن .
جۆرکانی چیرۆکی منداڵان : بە شێوەیەکی گشتی چیرۆکی منداڵان دەبێتە دوو جۆری سەرەکییەوە:
١ـ چیرۆکەکانی منداڵان بچووک، لە ( ٣ ـ ١٢) ساڵان : ئەو چیرۆکانەن کە ئارەستەی منداڵانی بچووکی لە سەرەوەی سێ ساڵان دەکرێن، کە پێویستییەکانی ئەم قۆناغە دەهێننەدی، خۆشی و ئامۆژگاری پێکەوەن، پێویستە چیرۆکەکان ئاسان بن و بە شێوەیەکی ساکار داڕێژرابن، وشە و رستەکانیان سادە و ئاسان و باوبن و، لە فەرهەنگی زمان و توانای ئەم قۆناغەوە هەڵهێنجرابن، بیرۆکەی چیرۆکەکان روونبن .. بۆ ئەم تەمەن ئەو چیرۆکانە لەبارن، کە دەربارەی سروشتن، چیرۆکی سەرکێشی باڵندەکان، یا ئەو چیرۆکانەی باس لە هاوڕێتی ئاژەڵ لەگەڵ مرۆڤ دەکەن، بەشێکی زۆری ئەم چیرۆکانە بایەخ بە ئامۆژگاری و فێرکردن دەدەن، زۆربەشیان خەیاڵئامێزن .. پێویستە چیرۆکەکان لە خوو و رەوشتی بەد و ناپەسەند و زیانبەخش دووربن، وەک : چاوچنۆکی، لە خۆبایی، ترس، ناپاکی، کوشتن، شەڕانگێزی، رق و کینە، درۆ و ساختەکاری، هەڵخەڵەتاندن، گەلێ چیرۆکی فۆلکلۆری کوردیمان هەیە کە بۆ منداڵانی ئەم تەمەنە دەگونجێن، بۆ نموونە چیرۆکی ( تیلە و بیبلە )، لە چیرۆکە جیهانییەکانیش ( چیرۆکە ئەندێشەییەکانی ئێسوپ ) ... هتد .
٢ـ چیرۆکەکەکانی منداڵانی هەراش، لە تەمەنی (١٢) ساڵان و بەسەرەوە : چیرۆکەکانی ئەم قۆناغە هەمەجۆرەن و ناوەڕۆک دەوڵەمەنترن، ئارەزووەکانی ویژدان و هۆش و سۆز منداڵانن دەهێننەدی، خەیاڵی منداڵان دەبزوێنن بۆ بیرکردنەوە و داهێنان، بۆ نموونە : چیرۆکی مێژوویی و نیشتمانی و پاڵەوانێتی ، چیرۆکەکانی داهێنان و داهێنەران ، گەشتە جوگرافییە سەرکێشییەکان، داستانە قارەمانێتیەکانی پێشمەرگەی کوردستان ، گەلێ چیرۆکی جیهانیش هەن کە بۆ منداڵانی ئەم قۆناغە نووسراون ، یا چیرۆکی گەورەکانن و ، دەستکاری و ئاسانتر کراون و بۆ منداڵان دەگونجین .
بنەماکانی چیرۆکی منداڵان
١ـ بابەت یان ( بیرۆکەی سەرەکی ) : هەڵبژاردنی بیرۆکەی چیرۆک، بە هەنگاوی یەکەمی چیرۆک دادەنرێت، پێویستە لە هەڵبژاردنی بیرۆکەی چیرۆکدا، تایبەتمەندییە دەروونییەکان و، سۆزداری و، ئاستی توانای وەرگرتن و، تێگەیشتن و گەشەکردنی قۆناغەکانی منداڵێتی لەبەرچاوبگرین .
٢ـ داڕشتن و گرێ : داڕشتن و بنیاتنان، بە بڕبڕەپشتی چیرۆک دادەنرێت، دەبینین لە زۆر چیرۆکدا بیرۆکەی چیرۆکەکە جوان و بەهێزە، بەڵام داڕشنەکەی لاوازە . چیرۆکنووس بیرۆکەی چیرۆکەکەی بەسەر زنجیرەیەکی رووداو و بەسەرهاتدا دابەش دەکات، کە سەرجەم هەموو بەشەکانی بە شێوەیەکی لۆژێکی پێکەوەیان گرێدەدات و .. بەرەو لووتکەی کێشەکە هەنگاو دەنێت، ئینجا هەنگاو بە هەنگاویش کێشەکە بەرەو کۆتایی دیاری کراو دەبات و، گرێی چیرۆکەکە دەکاتەوە .. پێویستە ئەنجام و کۆتایی چیرۆکەکانی منداڵان، بە خۆشی و سەرکەوتن و رازیبوون و هیوابەخشین کۆتاییان پێ بێت .. بەڵام هەندێ لە چیرۆکنووسەکان، هێندە بایەخ بە کۆتایی چیرۆکەکانیان نادەن، لەو روەوە دەڕوانن، کە یاساکانی ژیان و کارەکان هەمیشە لە تازەبوونەوەدان، کۆتاییان نییە ..
پێویستە چیرۆکی منداڵان، یەک کێشە، یا یەک گرێی تێدابێت، ژمارەی کەسایەتی یا پاڵەوانەکانی چیرۆکەکەش زۆرنەبن، چونکە منداڵ ئەو توانایەی نییە، کە لە کێشەیەک یا گرێیەک زتاتر لە چیرۆکێکدا بگات، یا بە ئاسانی لە بیرەوەری و لەو رووداو و بەسەرهاتانە بگات کە لە شوێنێکی نەزانراو، یا لە سەردەمێکی کۆندا روویان دابێت .. پێویستە چیرۆکنووس یا چیرۆکخوان وریای ئەم راستییانە بێت لە کاتی داڕشتن و، هەڵبژاردنی چیرۆک و گێڕانەوەیان یا خوێندنەوەیان بۆ منداڵان .
چەند خاڵێکی گرنگ و بەسوودیش هەن، کە پێویستە چیرۆکنووسانی منداڵان، لە کاتی داڕشتن و چاپکردن و بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکانیدا، لەبەرچاویان بگرن :
١ـ پێویستە رووداوەکانی چیرۆکەکان، ئاسانبن، وێنەداربن، وێنەکانیش رەنگاوڕەنگ و گەورەبن .
٢ـ چیرۆکەکان لە زەبروزەنگ، لە توندوتیژی، لە ترس و تۆقین، لە کوشتن و بڕین، .. بە دووربن.
٣ـ بیرۆکەی چیرۆکەکە روون و زانراوبێت .
٤ـ وەڵامی ئەو رووداوانە لە خۆبگرن، کە لە دەوروبەری منداڵان روودەدەن .
٥ـ ناونیشانی چیرۆک زۆر گرنگە، پێویستە، کورت، ئاسان، خۆش، سەرنج راکێش بێت .. نابێت ناونیشانی چیرۆکەکان گوزارشت لە، ترس، بێ ئومێدی، کۆڵدان، بێزاری، ... بکەن .
٦ـ هەنگاوەکان، پایە بە پایە سەرکەون، تا منداڵان توانای رێکخستن و ریزبەندیی رووداوەکانیان هەبێت و، تا کۆتایی چیرۆکەکەش لەگەڵیاندابن .
٧ـ بایەخدان بە دیالۆگ لە نێوان کەسانی چیرۆکەکە گرنگە .
٨ـ لە چیرۆکی منداڵاندا، زۆر گرنگە، بایەخ بە لایەنی زانیاری بدرێت .
٩ـ ململانێ، بنەمایەکی گرنگ و هەمیشەییە لە چیرۆکدا، بەڵام پێویستە چەخت لەسەر سەرکەوتنی : چاک بەسەر خراپدا، ئاشتی بەسەر شەڕدا، خۆشەویستی بەسەر ڕقدا، ئازایی بەسەر ترسدا، یەکێتی بەسەر دووبەرەکیدا، دڵسۆزی بەسەر ناپاکیدا، ئازادی بەسەر دیلێتیدا،... هتد، بکرێت .
١٠ـ باشتتر وایە چیرۆکی منداڵان درێژ نەبێت، فەنتازی تێدا نەبێت و، بە کورتی و پوختی و ئاسانی دابڕێژرێن، رەچاوی گەشەی زمانی منداڵان، لە قۆناغە جیاوازەکانی گەشەکردنیدا بکرێت.
٣ ـ رووخسار ( فۆرم ) : لێرەدا مەبەستمان لەو چیرۆکانەن، کە لە کتێبی چاپکراودا پێشکەش بە منداڵان دەکرێن، کە پێویستە لە چاپکردنی کتێبی چیرۆکی منداڵاندا، ئەم مەرجانە لەبەرچاو بگیرێن :
١ـ پێویستە بەرگی کتێبی چیرۆکی منداڵان ئەستووربێت، بە وێنەیەکی رەنگاوڕەنگ رازابێتەوە .. رەنگەکان گەش و جوانبن، چونکە بەرگی رەنگاوڕەنگ و جوان، سەرنجی منداڵان رادەکێشێت.
٢ـ جۆری کاغەزی لاپەڕەکان ئەستوور و باش بێت، بەرگەی ئەوە بگڕن، کە منداڵان چەندین جار ئەو کتێبە بەکار دەهێنن و، لاپەڕەکانیشی زۆر هەڵدەدەنەوە .
٣ـ پێویستە پیتەکانی چاپی کتێبی منداڵان، گەورە و روون بن .
٤ـ پێویستە ناونیشانی کتێبەکە گونجاو و سەرنج راکێشبێت .
٥ـ پێویستە بەپێی ناوەڕۆکی چیرۆکەکە، بە وێنەی رەنگاوڕەنگی گونجاو لاپەڕەکانی بڕازێنرێتەوە.
٦ـ دەکرێت لە گەڵ کتێبی چیرۆکی چاپکراودا، سیدییەک هەبێت، کە بە دەنگێکی ناسک و بە شێوازێکی خۆش چیرۆکەکەی لەسەر تۆمارکرابێت، لە ئێستادا، لە وڵاتانی ئەوروپا و زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوودا، بەشێکی زۆری کتێبە تازەکانی چیرۆکی منداڵان، سیدیشیان لەگەڵدایە .
راستە لە ئەمڕۆدا لەبەر دەسکورتی چیرۆکنووسانی کوردمان لە بواری چیرۆکی منداڵاندا، ناتوانن بەشێکی زۆری ئەو مەرجە پێویستییانە جێبەجێ بکەن، چونکە هیچ لایەنێک بە پارە یارمەتییان نادەن و خۆشیان ئەو توانایەیان نییە، کە ئەو مەرجانە جێبەجێ بکەن، بەڵام منداڵان ئەمە نازانن.
جۆرەکانی چیرۆکی منداڵان :
١ـ چیرۆکی فۆلکلۆری ( میللی ) : ئەو چیرۆک و مەتەڵ و حەقایەتانەن، کە لە زمانی خەڵکییەوە، دەماودەم باسکراون و تا ئەمڕۆ و، لە ئایندەشدا باس دەکرێن، خاوەنی ئەم چیرۆکانە نادیارن ، بوونە بە سامان و موڵکی میللەت .. کەسایەتی و پاڵەوانی ئەم چیرۆکانە مرۆڤ و گیاندار و، رووەک و شتی ترن لە سروشدا .. ئەگەرچی ئەم چیرۆکانە لە روودا سادە و ساکارن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دەوڵەمەندن، بیرۆکەی جوانیان تێدایە، گەلێ مەبەست و ئامانجی بەرزیان پێکاوە، وەکو:
( ئازایەتی، راستگۆیی، چاکەخوازی، تێکۆشان، کۆڵنەدان، هاوکاری، یارمەتیدان، دڵسۆزی، ...هتد) ئەم چیرۆکە فۆلکلۆرییانە بە ( چیرۆکە میللییەکان ) و ( چیرۆکەکانی بەر ئاگردان ) یش ناودەبرێن .
چونکە جاران، داپیرەکان و باپیرەکان یا دایکان لە شەوانی زستانی سارد و درێژدا، لە گوێی کوانگ و ئاگرداندا، ئەم چیرۆکە فۆلکلۆرییانەیان بۆ جگەرگۆشەکانیان دەگێڕانەوە و، دەیانکردنە خەو .
گەلی کوردمان، یەکێکە لە گەلە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە بواری چیرۆکی فۆلکلۆریدا .. سامانێکی لەبنەهاتوی چیرۆکی فۆلکلۆریمان هەیە، کە تا ئێستا بەشێکی زۆر کەمیان لێ تۆمارکراون . نموونەی ئەم چیرۆکە فۆلکلۆرییە کوردییانەمان بۆ منداڵان : ( تیتلە و بیبلە، مشکە خان دەچێت بۆ شاری شووکردن، داپیرە و رێوی، مریشکە قوندە و مام هۆمەر، دەنکە هەنارە، ... هتد ) لە ئەدەبی جیهانیشدا ( چیرۆکەکانی برایانی گریم ـ ئەڵمانیا ) کە لە دەمی خەڵکەوە وەریان گرتوون .
ئەم چیرۆکە فۆلکلۆرییە کوردییانەمان بە پەرگرافی : ( هەبوو .. نەبوو ) یا ( جارێک لە جاران ) دەست پێ دەکەن و .. بە ( چەپکی گوڵ و چەپکی نێرگز .... مەرگتان نەبینم هەرگیزا و هەرگیز ) یان ( منیش هاتمەوە و، کڵاشەکەم (کەوشەکەم) دڕا .. هیچیشم پێ نەبڕا ) کۆتاییان دێت .. ئەمەش نموونەیەکە لە چیرۆکی فۆلکلۆری کوردیمان بۆ منداڵان کە بە ( هەبوو .. نەبوو ) دەست پیدەکات:
هەبوو، نەبوو،
کەس لە مرۆڤ سەرسەختتر نەبوو .
هەڵیانگرت، جێگای نەبوو .
دایاننا، رێگای نەبوو،
خستیانە بنمیچ، دانی چوو بە ریچ .
خستیانە ناو تاق، چاوی چوو بە زاق .
خستیانە سەر کەڵەک، کەڵەک رووخا .
وتیان : کەڵەک بۆ رووخای ؟
وتی : ئەی بۆچی گیا لە بنمدا دەڕوێ ؟
وتیان : گیا بۆچی لە بنیدا دەڕوێی ؟
وتی : ئەی بۆچی بزن سەرقرتم دەکات ؟
وتیان : بزن بۆچی سەرقرتی دەکەی ؟
وتی : ئەی بۆچی گورگ چاوم لێ زەق دەکاتەوە ؟
وتیان : گورگ بۆچی چاوی لێ زەق دەکەیتەوە ؟
وتی : ئەی بۆچی شوان حەلەلەم لێ دەکات ؟
وتیان : شوان بۆچی حەلەلەی لێ دەکەیت ؟
وتی : ئەی بۆچی داپیرە ناهێڵێ بدۆشم ؟
وتیان : داپیرە بۆچی ناهێڵی بدۆشێ ؟
وتی : ئەی بۆچی مشک سەردۆڵەم دەخوات ؟
وتیان : مشک بۆچی سەردۆڵەی دەخۆیت ؟
وتی : ئەی بۆچی پشیلە چاوم لێ زەق دەکاتەوە ؟
وتیان : پشیلە بۆچی چاوی لێ زەق دەکەیتەوە ؟
پشیلە وتی : کەتنەکەی ئەلە بە ریشم
ئەگەر لێرە بنیشم .
دەچم بۆ شاری تاران،
جگەرەی قوت قوت دەکیشم .
٢ـ چیرۆکی جنۆکە و جادوو : ئەم چیرۆکانە خەیاڵی و پڕوپووچن، دەربارەی، جنۆکە، دێۆ و درنج، مەڕنەمووکە، رمووزن، ئەژدیها، لۆژەند، ئەرژەنگ، شەوە، سیمرخ، ئەسپی باڵدار، جادووباز، گۆڕنەتەڵە، چەتەوڵ، چەرخ وفەلەکی ئەفسووناوی، ماری حەوت سەر، شومقار، قەقنەس، دەعبای سەیری تر .. منداڵان بە زۆری خەیاڵبازن و زۆر حەز لەم جۆرە چیرۆکانە دەکەن، بۆ نموونە چیرۆکی ( چەرخ و فەلەکی ئەفسووناوی ) کە چیرۆکێکی فۆلکلۆری رەسەن و کۆنی کوردییە، لە چییرۆکە جیهانییەکانیش، سەرکێشییە خەیاڵییەکانی ( دۆن کیشۆت ) کە لە لایەن نووسەری ئیسپانی ( میگویل سیرمانێس ) ەوە نووسراوە، لەوانەش ( ئاسیاوە هەواییەکان ) .
٣ـ چیرۆکی گیانداران : کەسایەتی و پاڵەوانەکانی ئەم چیرۆکانە، بە زۆری ئاژەڵ و باڵندە و درەخت و گیانەوەری ترن، بە تایبەتیش ئەو ئاژەڵ و باڵندە و جانەوەر و درەختانەی کە بە لای منداڵانەوە، بینراو و ناسراون و لە ژینگەیانەوە نزیکن، لەوانەیە رۆژانەش بیان بینن، وەکو پشیلە و سەگ و ئەسپ و مانگا و مەر و بزن و، مریشک و کەڵەشێر و چۆلەکە و کۆتر و قەلەڕەش و، ... هتد. منداڵ حەزی لە لاسایی کردنەوەی دەنگی گیانەوەرانە .. لە کۆنیشەوە پەیوەندییەکی تەواو هەیە لە نێوان و مرۆڤ و بەشێک ئاژەڵان و باڵندەکان و گیانەوەرەکاندا، وەک : مەر و بزن و مانگا و مایین و گوێدرێژ و ئەسپ و مریشک و هەنگ و سەگ وپشیلە ... هتد، هەردوولا سوودیان لە یەکتری وەرگرتووە . هەندێ لە ئاژەڵ و باڵندەکان لەبەر سیفەتی بەهێزی و ئازایەتی و سوودیان، بوونە بە دروشمی وڵاتان بۆ نموونە : دروشمی ( لۆگۆی) حکومەتی کوردستان ( هەڵۆیە )، دروشمی وڵاتی ئینگلتەرا ( شێر و ئەسپ ) ە، دروشمی ئوسترالیا ( کەنغەرە ) .. نموونەی ئەم چیرۆکانەش، چ فۆلکلۆری و چ تازە زۆرن، لە ئەدەبی کوردیدا، بۆ نموونە چیرۆکی : مریشکە قوندە و رێوی، گورگ و بەرخۆلە، مارەکەی مام هۆمەر، رێوی و پیرێژن، رێوی و لەقلەق، رێوی گەرمیان و کوێستان، چەقەڵ و مریشک، چەقەڵ و قەلەڕەش، کەو و داو ... هتد . لە ئەدەبی جیهانیشدا، چیرۆکەکانی ( ئێسوپ )، چیرۆکەکانی ( لاڤۆنتین )، چیرۆکەکانی ( کلیلە و دیمنە) .
٤ـ چیرۆکی پاڵەوانێتی نیشتمانی : ئەم چیرۆکانە هەست و سۆزی نیشتمان پەروەری لە دڵی منداڵاندا دەڕوێنن، لە نموونەی ئەم چیرۆکانە لە ئەدەبی کوردیدا : دوانزە سوارەی مەریوان، قارەمانێتی پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤانانی گەل .
٥ـ چیرۆکی میژوویی ( داستانی ) : ئەو چیرۆکانە دەگرێتەوە، کە دەربارەی ئەو پاڵەوان و تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ و سەرکردانە و کەڵە ناودارانە، کە کاریگەرییان لەسەر مێژوودا گەلەکەیان هەبووە، یا دەربارەی رووداوێکی مێژوویی دیاریکراون، نموونەی ئەم چیرۆکانەش : کاوەی ئاسنگەر، فەقی ئەحمەدی داڕشمانە، قەڵای دمدم، خانزادی سۆران، سەلاحەدینی ئەیوبی، دوانزە سوارەی مەریوان ، قەدەمخێر، خولە پیزە، زێڕینی ئامێدی، بە دەیان چیرۆکی مێژوویی تری تێکۆشەر و قارەمان و سەرکردەکانی کوردمان .
٦ـ چیرۆکی پاڵەوانێتی لە توانا بەدەر : ئەم چیرۆکانە باس لە پاڵەوانێتی ئەو کەسانە دەکەن، کە کاری لە توانا بەدەر و رووداوی سەیر ئەنجام دەدەن .. بۆ نموونە : چیرۆکی رۆستەمی زاڵ، هەرقل، تەڕەزان . پیاوی ئاسنین .
٧ـ چیرۆکی سەرەکێشی : ئەم چیرۆکانە سەرەکێشی و چاوقایمین، منداڵان حەز لەم چیرۆکانە دەکەن و، حەزی خۆدەرخستنیان دەبزوێنن، دەبنە پاڵنەر بۆ ئەوەی منداڵان بە دوای دۆزینەوەی هەموو شتێکی نامۆدا بچن، وەک : گەشتەکانی سندباد، گەشتەکانی ئۆلیڤەر، لە کوردیداشدا گەشتی کوڕەی بازیبەند لە قۆڵ، هێنانی ئاوی ژیان، هێنانی سەری دێوەکە، کوڕە ئازاکە و ئەژدیهاکە ، ... هتد.
٨ ـ چیرۆکی ئەندێشەیی زانیاری : بەشێکە لە چیرۆکی ئەندێشەیی، کە سنووری ئەمڕۆ و کات دەبەزێنێت، پێشبینی تێدایە و بە خەیاڵ ئایندەیەکی نوێ دێنێتە بەرچاو، رەنگە هەندێ رەخنەگر بە وڕینەی زانیاری بزانن، بەڵام هەر خەون و خەیاڵن دێنەدی، دەشێ خەونەکانی ئەمڕۆمان بێنەدی یا نەیەنەدی .. زانای ئینگلیزی ( رۆجەر باکۆن ) دووسەد ساڵ بەر لە ئێستا، کە هێشتا فرۆکە دروست نەکرابوو، گوتی لە ئایندەدا مرۆڤ دەتوانێت، ئامێرێک دروست بکات و پێی بفڕێت، کەچی گاڵتەیان پێکرد و بە وڕینەکەر و شێت ناویان برد و بە هەڵگەڕانەوەش لە کەنیسە تاوانبار کرا، دەبزانە کە چۆن پێشبینییەکەی رۆجەر هاتەدی و چ جۆرە فرۆکە و کەشتێکی ئاسمانی دروستکران و، مرۆڤ چۆن پێی خستە سەر مانگ . هەندێ کەس لە ئەمڕۆدا گەیشتن بە ئەستێرەی مەریخ بە خەیاڵ پڵاو دەزانێت .. بەڵام ئەم خەونە و، هەموو خەونێک دێتەدی، ئەگەر مرۆڤ هەوڵی هێنانەدیان بدات.
٩ـ چیرۆکی جەفەنگ ( گاڵتە ئامێز) : ئەم چیرۆکانە لە شێوەی گاڵتەئامێز و پێکەنین دان، خۆشی دەخەنە دڵە قنجەکانی منداڵانەوە، مەبەستی ئەم چیرۆکانە خۆشی و شادی بەخشینە، هۆکارێکیشە بۆ هێورکردنەوەی گرژی و ناڕەحەتی و خەمۆکی، بۆ چارەسەرکردنی گەلی نەخۆشی و گرفتی دەروونی .. لە هەندێ وڵاتاندا، کەسانی گاڵتارجاڕ و سوعبەتباز و قۆشمەچی دەبەن بۆ نەخۆشخانەکانی جەستەیی و دەروونی، ئاهەنگی قسەی خۆش و چیرۆکی پڕ لە پێکەنین بۆ نەخۆشەکان سازدەکەن و دەگێڕنەوە .. ئەدەبی منداڵانیش بەبێ چیرۆکی گاڵتەئامێز ناتەواوە .. چونکە لە پاڵ خۆشی و پێکەنیندا، گەلی مەبەست و ئامانج و بەهای بەرز دێنەدی وکو : خۆشەویستی، دڵنەرمی، دڵسۆزی، رووخۆشی، راستگۆیی، هاوسۆزی ...هتد . بە مەرجێ ئەم چیرۆکانە، تانە و تەشەر و گاڵتەکردن بە کەسانێک نەبن و، هەستی هیچ کەسیش بریندار نەکەن .
لە نموونەی چیرۆکەکانی گاڵتەئامێز، لە ئەدەبی کوردیدا، چیرۆکە میللیەکانی پێنج بەرگی کتێبی رشتەی مرواری ( عەلائەدین سجادی )، مەلا مەزوورە، لالە سەرحەد، خاڵە رەجەب، ئەحۆل، لە جیهانیشدا، چیرۆکەکانی چارلی چاپلن، میستەر بین، ... هتد .
١٠ـ چیرۆکی ریالیزمی ( رووداوی راستی ) : ئەو چیرۆکانەن کە رووداو و بەسەرهاتەکانی منداڵان، دەبنە ئیلهام بۆ چیرۆکنووس و، دەبن بە هەوێنی چیرۆکەکانیان، بیرۆکەی چیرۆکەکان لە ژیان و لە ژینگەی منداڵانەوە وەردەگیرێن، لەوانەیە بەشێکیان بە راستی روویان دابن، چیرۆکنووسەکان تەنها لە فۆرمێکی هونەریدا دایان دەڕێژن .. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەندێشە و خەیاڵ، لەم جۆرە چیرۆکانەدا شوێنیان نەبێت، بەڵکو خەیاڵ هەوێنی هەموو بابەتە ئەدەبی و زانیارییەکانە .. هەر خەون و خەیاڵن دەبنە راستی و بەرجەستە دەبن .. تۆلستۆی دەڵێت : " کاری هونەری دوو مەرجی سەرەکی هەیە : راستی و، درۆ .. تۆ رووداوێک دەگێڕیتەوە وەک خۆی رووی نەداوە، گێڕانەوەکە هەستێکی هونەریی راستە، درۆکەش خەیاڵەکەیە "
پێویستە چیرۆکی ریالیزمی، دووربێت لە شێوازی ئامۆژگاری وشک .. لە ئەدەبی نوێی منداڵانی کورد دا، گەلێ چیرۆکی ریالیزمی هەن .. بۆ نموونە، بەشێک لە چیرۆکەکانی مامۆستا جەزاعەلی ئەمین و، لەتیف هەڵمەت .
١١ـ چیرۆکی خۆشەویستی ( دڵداری ) : ئەم چیرۆکانە بۆ دوا قۆناغی منداڵی دەشێن، قۆناغی باڵق بوون، بەڵام پێویستە زۆر بە وریای و هەستیارییەوە، مامەڵە لەگەڵ منداڵانی ئەم قۆناغەدا بکەین، کچان و کوڕان لەسەر هاوڕێتی و خۆشەویستییەکی پاک و بێ گەرد رایان بهێنین، تا بەرەو هەڵە و کاری نەشیاو و زیان بەخش نەخلیسکێن، لە هەر هەڵەیەک کە دەیکەن ئاگاداریان بکەینەوە و، راستییان بخەینە بەرچاو، تا بە دروستی و بە ئاسوودەیی ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنن .. بۆ نموونە چیررۆککەکانی : مەم و زین، شیرین و فەرهاد، دەنکە هەنارە، خورشید و خاوەر، ... هتد. ئەگەرچی بەشێکی زۆری ئەم چییرۆکانە بە تراژیدیا کۆتاییان هاتووە .. بەڵام چەند چیرۆکێکی شەکسپیرێش بۆ منداڵ کورت و ئاسان و سوکراونەتەوە .. کۆتاییەکانیان بە تاژیدیا دێن . وەکو : رۆمێو و جۆلێت ، ماکبێس .
١٢ـ چیرۆکەشیعر : ئەم چیرۆکانە بنەما سەرەکییەکانی چیرۆک و شیعریان تێدایە، وەکو چیرۆک : بریتییە لە پێشەکی، رووداو، رووخسار، ناوەڕۆک، گرێ، کۆتایی .. وەکو شیعریش : بریتییە لە جوانی زمان، كێش و قافییە، شێوازی ناسکی هۆنینەوە .. گەلی چیرۆک و داستانی کوردیمان لە شێوەی چیرۆکەشیعردا داڕێژراون .. بۆ نموونە مەم و زین ، شیرین و فەرهاد ، لاس و خەزال ، ناسر و ماڵ ، رۆستەم و زۆراب ، خورشید و خاوەر ، قەڵای دمدم، ... هتد .
گەلێ لە شاعیرە کلاسێکی و شاعیرە نوێیەکانمان چیرۆکە شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە، لەوانەش:
پیرەمێرد ، فایق بێکەس ، گۆران ، عومەر عەبدولڕەحیم ، عەلیرەزا محەمەدیان ، لەتیف هەڵمەت ، شێرکۆ بێکەس ، کاکەی فەللاح ، عەلی عەبدوڵڵا شەونم ، قانیع ، دایکی سۆلاڤ ، ... هتد.
میری شاعیرانی ئەحمەد شەوقی ـ بە رەسەن کوردە ـ گەلێ لە چیرۆکەکانی چیرۆکنووسی فەرەنسی ( لاڤۆنتین )ی بە چیرۆکەشیعرەوە وەریانی گێڕاونەتە سەر زمانی عەرەبی .. هەریەکەش لە شاعیرانی کوردمان پیرەمێرد و فایق بێکەس و هەژار موکریانی و چەند شاعیرێکی تری کوردمان ، کۆمەڵێک لەو چیرۆکەشیعرانەیان لە زمانی عەرەبییەوە وەریان گێڕاونەتە سەر زمانی کوردی .. بەڵام بە شێوەیەکی هێندە جوان و ناسک دایان ڕشتوون، زۆر لە دەقە فەرەنسی و عەرەبییەکان خۆشتر و شیرینترن .. لەو چیرۆکەشیعرانەش : ( پیرەمێرد : رێوی و کەڵەشێر ، قەلەباچکە و باخەوان ) ، ( فایق بێکەس: جووتێ کۆتر و بۆقێک ، دوو پشیلە ) ، ( هەژار : زەنگی مشکان

 

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.