reza_shwani.jpgلەگەڵ بوونی مرۆڤ لەسەر زەویدا .. وێنە بوونی هەبووە .. مرۆڤی سەرەتایی بە هۆی هێلکاری و وێنەکێشانەوە، گوزارشتیان لە مەبەست و لە نیاز و راز و لە هیواکانیان و، لە توانا و لە پێویستییەکان و،

لە کێشەکانی خۆیان کردوون و، بە کەسانی دەوروبەری خۆیان گەیاندوون . هەندێ لە زانایان، سەرهەڵدانی وێنەکیشان بۆ زیاتر لە پانزە هەزار ساڵ بەر لە زاینی دەگەڕێننەوە .. لە زۆر شوێنی جیهاندا لە سەر دیواری ئەشکەوتەکان و پەرستگاکان و تاتەبەردی هەڵکۆڵراودا .. بە سەدان وێنە و هێما و نەقشی بابەت و مەبەست جۆراوجۆریان دۆزیونەتەوە .. کە مێژووەکانیان بۆ چەند هەزار ساڵێک بەر لەم سەردەمە دەگەڕێنەوە .

پێش ئەوەی مرۆڤ وشە و رستە و زمان و نووسین دابهێنێت .. مرۆڤی سەرەتایی بە هۆی هێلکاری و وێنەکێشانەوە لە یەکتری گەیشتوون و خواست و مەبەستەکانیان گەیاندوون .. تا گەیشتوونەتە داهێنانی نووسینی مێخی و هیرۆگلیفی و داهێنانی پیت .
وێنە هۆیەکە لە هۆیەکانی دەربڕین و گەیاندن .. گوزارشت لە سۆز و هیواکان و، لە هەڵچوونەکانی ناخی مرۆڤ و، لە سەرنج و تێڕوانین و، لە زادەی بیر و هۆشی و، لە رەفتارەکانی و، لە ئاست و لە رێژەی توانا و زیرەکی مرۆڤ و، لە هاوسەنگیی دەکەن .
وێنە ئاوێنەی ژیانی مرۆڤە .
زانای مەزن و بلیمەت ( سیگمۆند فرۆید ) دەڵێت : " لە دوای خەون، هونەر و وێنە، رێگایەکی دانپێنراوە، بۆ چوونە قووڵایی ناخی زۆر ئاڵۆزی مرۆڤەوە .. "
لە ئەمڕۆدا، زاناکان لە رێی شیکردنەوەی هێلکاری، کە بە ( زانیاری گرافۆلۆژی) ناو دەبرێت .. واتا لێکدانەوە و شیکردنەوەی شێوە و وێنە دەگرێتەوە .. لە زۆر رووەوە کەسێتی و، گەلێ لە مەبەست و هیوا و، لە نهێنییەکان و، لە گرفت و گرێ و کێشە و ململانییە دەروونییەکانی ناخی مرۆڤ شیدەکەنەوە .. نامانەوێت لە کرۆکی باسەکەمان زیاتر دوور بکەوێنەوە .. کە ( سایکۆلۆژیای وێنەی منداڵان ) ە، کە بابەتێکی زۆر گرنگ و بەسوودە، بۆ دایکان و باوکان و بۆ مامۆستاکان .. تا کوێرانە و بە نابەڵەدی بڕیار لە مەبەستەکانی وێنەکانی منداڵان نەدەن .. بێگومان وێنە بەشێکی گرنگە لە هونەرە شێوەکارییە جوانەکان . لە ئەمڕۆ و لە ئایندەدا کاریگەری راستەوخۆی لە سەر ژیان و رەفتاری مرۆڤدا هەیە .
جیهانی منداڵان، جیهانێکی ئاسۆ فراوانی سەیر و سەمەرەیە .. پڕە لە راز و لە نیازی پاک .. جیهانێکی وەنەوشەیی پڕ لە هیوای بەرز و، لە خەونی سەوز و شیرینە .. بۆ تێگەیشتن و چوونە ناو جیهانی منداڵان .. پێویستە ئەو زانیارییانە بزانین کە لە ڕێی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی مەیدانی و پراکتیکی و بینینەوە هەڵهێنجێنراون و بنیاتنراون .. یەکێک لەو زانیارییانەی کە لە رێگایەوە دەتوانین، لە جیهانی منداڵان و، لە راز و لە هیواکانیان و، لە گرێ و گرفت و کێشە دەروونییەکانیان تێ بگەین .. شێکردنەوەی ئەو هێلکاری و وێنەکێشراوانەی منداڵان کە بە راستی دەیانکێشن .. وێنەکانیان گوزارشتن لە نیازپاکی و لە دڵپاکی و لە رەفتارەکانیان .. کە زۆر بە سادەیی و ساوێلەیی و بەبێ شاردنەوە دەریان دەبڕن .. هەر وەکو چۆن قسەکردن هۆیەکە بۆ دەربڕین و گەیاندن، هەر ئاوهاش وێنە هۆیەکی گەیاندنە، پێویستە بە وردی لە وێنەکانی منداڵان بڕوانین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی راست هێماکان شیبکەینەوە و لە واتا و مەبەستەکانیان بگەین .
وێنەکانی منداڵان بریتین لە ئەو هێلکاری و شێوانەی دەیانکێشن .. کە زۆرجار بە هەڵە و بە تێ نەگەیشتن بە ئاڵۆز و باڵۆز و بە شتی توڕەهات یا بە ( هێلکاری شەڕە پشیلە) ناویان دەبەین .. وێنەی منداڵان ئەو وێنانەن کە منداڵان بە پێنووس و فرشە و رەنگ دەیانکێشن و دەیانڕازێننەوە، کە گوزارشت لە زادەی بیرو هۆشیان و لە ناخی دەروون و دڵەقنجەکانیان دەکەن .. وێنەکانی منداڵان هەر ئەوەنییە کە شتێکی جوانی رازاوەیان کێشابێت، بەڵکو زمانێکی گوزارشتکردنیشە .. پێویستە لە راستیی ناوەڕۆکی وێنەکانی منداڵان بگەین .. لە رووی چۆنێتییەوە لێیان بڕوانین .. پێویستە تەوەری بایەخدانمان ئەمە بێت ( منداڵان چۆن وێنەکانیان دەکێشن .. ؟ ) نەک ( چی دەکێشن ..؟ )
با هەست بەوەش بکەین، ئەو کەسایەتییە منداڵێتییانەی لەسەر لاپەڕەکاندان .. ئەمە سەرەتای دەستپێکی منداڵانن، بۆ ئەوەی وێنەی دواڕۆژیان بکێشن .. نابێت رێگرییان لێ بکەین و کۆسپ بخەینە رێیان .. بە ڵکو یارمەتییان بدەین و هانیان بدەین بۆ ئەوەی بە ئەوپەڕی ئازادییەوە، گوزارشت لە وەی دەیانەوێت بکەن .. پێویستە پێنووس و تێنووس و بۆیەی پێویستیان بۆ ئامادە بکەین .. هانیان بدەین بۆ ئەوەی بە راشکاوی و بە جوانی گوزارشت لە راز و و نیاز و، لە کەف و کوڵی زادەی بیر و هۆشیان و، لە توانا و لە نهێنییە پەنگاوەکانی ناخی دەروونیان بکەن .
نابێت منداڵان بە کەم بزانین، چونکە هەست و نەستی منداڵان زیاترە، لە هەست و لە درکپێکردنی گەورەکان .. باشترین هۆش بۆ دەربڕینی هەست و سۆزیان بە شێوەیەکی راستەوخۆبێت یا ناراستەوخۆبێت .. وێنەکێشانە بە ئازادی و بە ئارەزووی خۆیان .
وێنەکانی منداڵان گەلێ هێما و مەبەست و مەتەڵیان بۆ هەڵبێنین تێدایە، کە پەیوەندییان بە ژیانی خۆیانەوە هەیە .. چی لە قووڵایی هۆش و لە ناخی دەروونیاندا هەیە، بە راشکاوی لە وێنەکانیاندا رەنگیان داونەتەوە .. وێنەکێشان یارمەتیدەرە بۆ منداڵان بۆ دەرکردنی ئەو وزە زیادە ئەرێنی و نەرێنییانە کە لە دەروونیاندا هەن .. بە مەبەست و بە بیرۆکەی جوان و لە وێنەی جواندا بەرجەستەیان بکەن .. تا گەشە بە ئەرێنییەکان بکرێن و .. شتە نەرێنییەکانیشی چارەسەریان بۆ بدۆزرێنەوە و راست بکرێنەوە .
وێنەکانی منداڵان ئاوێنەی بێگەردی هۆش و خەیاڵ و دەروونی منداڵانن .. پەیوەندییان بە جیهانی پاک و، بە بیری سادە و، بە ساوێلکەیی و، بە شێواز و، بە رادەی توانای گوزارشتکردنیانەوە هەیە .. منداڵان لە میانەی کێشانی وێنەکانیانەوە، هەستەکانیان دەربارەی ( خۆیان ) دەخەنەڕوو، گوزارشت لە چۆنییەتی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەندامەکانی ( خێزانەکانیان ) و ( کەسانی ) دەوروبەریان دەکەن .
بە رای هەندێ کەس وێنەکانی منداڵان، کوتوپڕ و راگوزاری و یەکسەرین .. بەڵام من لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نیم .. منداڵان کە دەست بۆ پێنووس وفرشە دەبن، بۆ ئەوەی وێنە بکەن .. بیرۆکەی ئەو بابەتانەی کە وێنەیان دەکێشن، لە بیر و هۆشیاندان .. گەر لەو کاتەدا بۆی بێت یا پێشتر لە خەیاڵیدا بووبێت .. ئەگینا بۆ وا وێنەکانیان دەکێشن و .. وا نایان کێشن .. تەنانەت ئەو هێلکاری و وێنانەی کە بە شەڕە پشیلەش ناویان بردوون .. شتی پر و پووچ و توڕەهات نین و، پڕن لە واتا و مەبەست .. رەنگە ئێمە نەتوانین لە هەموو مانا و مەبەستەکانیان بگەین .. هەروەکو چۆن لە هەموو هەڵبەستێکی هێمادار ناگەین و دەڵێین ( واتای هەڵبەستەکە .. لە دڵی هەڵبەستدانەرەکە دایە ) .. رەنگە بۆ هەندێ راز و مەبەستی نا روونوون لە وێنەکانی منداڵاندا، داوا لە خۆیان بکەین، تا ماناکان و مەبەسەکانی بیرۆکەی تابلۆکانیان بۆمان روون بکەنەوە .. بەڵام کەسانی پسپۆر و شارەزای ئەوتۆ هەن، کە دەتوانن بە ئاسانی دڵ و هۆش و دەروونی منداڵان بخوێننەوە و .. دەتوانن بەشێکی زۆر لە مەبەست و تاکانی وێنەکانی منداڵان بە جوانی شیبکەنەوە .. بەڵکو توێژێنەر و شارەزا و دەرونناسی وا هەن .. هەر وەکو کتێبێکی کراوەی بەردەستیان بە ئاسانی بەشێکی زۆری مەبەست و وردەکارییەکانی وێنەکانی منداڵان دەخوێننەوە . بۆ زانین و پێوانەکردنی لایەنەکانی رەفتاری منداڵان، لە گەلێ رووە وە، تاقیکردنەوی منداڵان بە وێنەکێشان، هۆیەکی ئاسان و لە بارە .
وێنەکانی منداڵان، بە پێی تەمەن و قۆناغەکانی منداڵییەتی و گەشەکردن و پێشکەوتنیان جیاوازیان هەیە .. بۆ نموونە : ئەو وێنانەی منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان دەیانکێشێت، لەگەڵ وێنەکانی منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان یا زیاتر، جیاوازیان هەیە .
سایکۆلۆژیای وێنەکانی منداڵان
سایکۆلۆژیای وێنەکانی منداڵان، لقێکە گرنگە لە لقەکانی دەروونناسی، کە بە دوای دۆزینەوەی راستتە سایکۆلۆژییەکاندا دەگەڕێت، کە پەیوەندییان بە وێنەکانی منداڵانەوە هەیە .. لەگەڵ گەشەکردنی وێنەکانیان لە قۆناغە جیاکانی گەشەکردندا .. دەیانەوێت نهێنی ئەو رێگایانەش بزانن کە منداڵان بە وێنەکردن گوزارشتیان لێ دەکەن .. واتا زانیارییەکە لە هەموو روویەکی دەروونی و هۆشی و هونەریی منداڵان دەکۆڵێتەوە .. پەردەش لەسەر هۆکارەکان و پاڵنەرەکان لادەدات، کە لە وێنەکانی منداڵاندا رەنگیان داوەنەتەوە .. زانایانيش دەتوانن سوودێکی باشیان لێ وەربگرن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرێ و نەخۆشییە سایکۆلۆژییەکانی منداڵان .
ئەم تۆژینەوە و لێکۆڵینانەوە ، بایەخێکی زۆریان بۆ پەروەردەکاران و بۆ شیکارانی دەروونی و بۆ نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان هەیە .
ـ بۆ پەروەردەکاران: گرنگن تا بە نابەڵەدی و بە هەڵە وێنەکانی منداڵان هەڵنەسەنگێنن بشتوانن بە شێوەیەکی راست و دروستی پەروەردەیی منداڵان ئاراستە بکەن .
ـ بۆ زانایانی شیکارانی دەروونی : گرنگن بۆ لێکدانەوەی کەسێتییەکانی منداڵان، بە تێگەیشتن و بە شیکردنەوەی ئەو وێنانەی کە منداڵان دەیانکێشن .. بە تایبەتیش پێش ئەوەی فێری قسەکردن و خوێندنەوە و نووسین ببن . وێنەکانی منداڵان گەنجینەیەکی تۆمارکراون بۆ زانینی مێژووی ژیانی ئەو منداڵە وێنەکێشانە .. پسپۆرانی شیکاری دەروونناسی دەتوانن لە میانەی هێلکاری و وێنەکانیانەوە، دەستنیشانی ململانێ و، نەخۆشییە دەروونییەکانیان بکەن، کە دووچاریان بوونە .. پێشنیاری چارەسەری گونجاویشیان بۆ دەکەن .
ـ بۆ زانایانی دەروونناسی : زانیارییەکان دەربارەی وێنەکانی منداڵان، بۆ زانایانی دەروونیش بەسوودن .. دەتوانن پشت بەم زانیارییانە ببەستن بۆ پێوانەکردنی ئاستی زیرەکی منداڵان و، بۆ زانستی جیاوازی تر لە نێوان منداڵاندا .. چونکە وێنەکانی منداڵان رەنگدانەوەی کەسێتی منداڵانن .. بەڵگەی زیندوون بۆ زانینی باری دەروونی و، بۆ هۆش و بۆ توانەکانی ئەندامەکانی لەشی منداڵان .
ـ بۆ نووسەرانی ئەدەبی منداڵان : زانیارییەکان دەربارەی وێنەی منداڵان، سوودێکی باش بە نووسەرانی بۆاری ئەدەبی منداڵان دەبەخشن .. دەتوانن لە سروشت و لە بەهرە و لە گەشەکردنی منداڵان تێ بگەن .. تا یارمەتیدەر و هاندەریان بن بۆ ئەوەی بە جوانی گوزارشت لە توانا و لە هەست و سۆزی خۆیان بکەن .
هەر لەم لێکۆڵینەوەیەدا، ئەو راستییە گشتییانە ئاشکرا دەبن .. کە منداڵان خاوەنی هونەری تایبەتیی خۆیانن .. دەستوور و رێباز و نیشانە و ستایلی خۆیان هەیە .. پەیوەندییان بە بنەماکانی هونەری کۆن و تازەوە نییە .. منداڵان لە تابلۆکانیاندا، کۆن و نوێ و، رێبازی هەموو قوتابخانە هونەرییەکانی وێنەکێشان بەرجەستەدەکەن .. ئازادن چۆن خۆیان حەزبکەن و بیانەوێت، ئاوها تابلۆکانیان دەکێشن و بۆیەیان دەکەن .. بۆیە نادروست و نابەجێیە، گەر بە پێوەری ئەکادیمی پێوانەی وێنەکانی منداڵان بکرێن .
هەر لە میانەی وێنەکانیانەوە، دەتوانین منداڵانی بەهرەمەند بناسین، کە جیاوازیان لەگەڵ ئەوانی تردا هەیە .. ئەمە جیاوازییەش لە جوا ن نووسین و وێنەکێشان و گۆنجاندنی رەنگەکان و هەڵبژاردنی بابەتەکانی وێنەکان و لە بیرۆکە و لە فراوانی ئەندێشەیاندا دەردەکەون .. خەسڵەتە باش و سەرکەوتووەکانیان، جیاوازی کردوون لەگەڵ هاواڕێکانیان .
بۆیە پێویستە منداڵانی بەهرەمەند و زیرەکمان، بە سامانێکی بەنرخ و بە دراوێکی گرانبەهای گەلەکەمان بزانین .. بێگومان لە ئایندەدا رۆڵییان دەبێت لە راپەڕین و لە بزووتنەوەی پێشکەوتنی نیشتمانەکەماندا .. ئەم کوردیلە بەهرەمەندانەی ئەمڕۆمان دەبنە ئەندامانی سەرکوتووی کۆمەڵگای کوردیمان .. شایانی ئەوە دەبن کە ببنە سەرکردەی دانا و زانا و، بە رابەرانی تێکۆشەری گەلەکەمان .
لە ساڵی ( ١٨٨٢) دا، شاعیری ناسراوی ئیتاڵی ( کارودو ریتشی ) وێنەکانی منداڵان سەرنجی راکێشان .. دەستی بە لێکۆڵینەوە لە وێنەکانی منداڵان کرد .
راستییەکانی وێنەکانی مندان : گەلێ لەو توێژینەوە مەیدانییانەی کە دەربارەی هونەری منداڵان ئەنجام دراون .. چەند راستییەکی گشتی دەربارەی هونەری منداڵان گەڵاڵە بوونە، کە پەیوەندییان بە دەربڕین و گوزارشتکردنی منداڵان هەیە و، لە وێنەکانیاندا رەنگیان داونەتەوە .. بە کورتی ئەمانە هەندێ لەو راستییانەن :
١ـ وێنە بە لای منداڵانەوە زمانە، بۆ گوزارشت کردن لە هۆش و لە ناخی دەروونیان .
٢ـ منداڵان لە ساڵەکانی قۆناغی یەکەمی تەمەنی ژیانیاندا، وێنەی ئەو شتانە دەکێشن کە دەیان زانن ، نەک ئەوانەی کە دەیان بینن .
٣ـ لە ساڵەکانی یەکەمی تەمەنیاندا، بە پێی هەڵچوونە جیاوازە دەروونییەکانیان، بەشەکانی وێنەکانیان دەکێشن .
٤ـ هەر لە ساڵەکانی یەکەمی تەمەنیاندا، بە شێوەیەکی رووکەشی، لە گوزارشت کردن لە ژیانی خۆیاندا، زیادە رۆیی دەکەن .
٥ـ ئاکامی تاقیکردنەوەکان دەربارەی وێنەکانی منداڵان، ئەویان سەلماندووە، کە لە نێوان وێنەکێشراوەکانی کوڕان و، وێنە کێشراوەکانی کچاندا جیاوازی هەن .
٦ ـ تا نزیکی تەمەن دە ساڵان، منداڵان بە زۆری حەز بە وێنەکیشانی کەسان دەکەن .
٧ـ تاقیکردنەوەکان ئەوە دەگەیەنن وەکو لە وێنەکانی هەموو منداڵاندا بەدی دەکرێن .. سەرەڕای جیاوازی ژینگە .. پەیوەندییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئاراستەکانی منداڵاندا.
٨ ـ لە یەکچوونێک و نزیکییەک هەن، لە نێوان وێنەکانی منداڵانی ئەم سەردەمە و، وێنەکانی مرۆڤەکانی سەرەتای ژیان .. یان وێنەکان ئەو گەلانەی پێش زاینی دەژیان .
٩ـ پەیوەندی لە نێوان زیرەکی و لە نێوان پێشکەوتنی وێنەکانی منداڵان هەیە .
١٠ـ بە پێی تەمەنەکانی ژیانی منداڵان، جیاوازی لە نێوان وێنەکانی منداڵان هەیە .
وێنەکانی منداڵان لە قۆناغە جیاکانی گەشەکردنیاندا
ئەو زانا دەروونناسانەی کە لە بواری ( پەروەردەی هونەری منداڵان ) دا کاردەکەن، دیاردەکانی گەشەکردنی وێنەکانی منداڵانیان بە چەند قۆناغێک دابەشکردوون، کە هەریەکەش لە قۆناغەکان كۆمەڵێک خەسەڵەتیان هەیە .. ئێمە تەنها ئاماژە بە ناوی ئەو قۆناغانە دەدەین .. هیوادارم لە دەرفەتێکدا بە درێژی باسی هەریەکە لە قۆناغەکان بکەم .. ئەمانەش ناوی قۆناغەکانن :
١ـ قۆناغی پێش هێلکاری : لە تەمەنی ( لە دایکبوونەوە ـ بۆ ـ دوو ساڵان ) .
٢ـ قۆناغی هێلکاری : لە تەمەنی ( ٢ـ ٥) ساڵان .
٣ـ قۆناغی ئامادەکردنی هەستکردنی شێوە : لە تەمەنی (٥ـ ٧) ساڵان .
٤ـ قۆناغی هەستکردنی شێوە : لە تەمەنی ( ٧ـ ٩) ساڵان .
٥ـ قۆناغی هەوڵدانی گوزارشتکردنی راستی : لە تەمەنی ( ٩ـ ١٢) ساڵان .
٦ـ قۆناغی گوزارشتکردنی راستی : لە تەمەنی ( ١٢ـ ١٤) ساڵان .
٧ـ قۆناغی هەرزەکاری: لە تەمەنی ( ١٤ـ ١٧و ١٨) ساڵان .
سوود و ئامانجەکانی وێنەکانی منداڵان ئەو ئامانج و سوودانەی کە لە سایەی وێنەکێشاندا بۆ منداڵان دێنەدی، راستەوخۆبن یا ناراستەوخۆبن زۆر زۆرن .. بە کورتی و بە چڕی باسی چەند سوودێکیان دەکەین :
١ـ هونەرەکانی شێوەکاری، کە یەکێکیان وێنەیە، گەشە بە توانای داهێنان دەدات لەو بوارە جیاوازانەی کە پەیوندییان بە ژیانی رۆژانەی منداڵانەوە هەیە .
٢ـ لە میانەی وێنەکانی منداڵانەوە، دەتوانین جیاوازییەکانی نیوان منداڵان بزانین، لەگەڵ ئەو گرفت و کێشە دەروونییانەی کە تووشیان بوونە .. لەگەڵ زانینی ئارەزوو و بەهرە و توانا هونەرییەکانیان .. لەگەڵ پێویستی و پێداویستییەکانیان ... هتد .
٣ـ وێنە کاریگەرییەکی گەورە و ئەرێنی هەیە، لەسەر گۆڕینی رەفتارەکانی منداڵان و، ئامادەکردنیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی، ئەو تەنگەژانەی لە ژیانیانی کارکردندا دێنە رێیان، چۆن زاڵبن بە سەریاندا، لەگەڵ جیهانی دەوروبەریاندا چۆن هەڵبکەن و، چۆن خۆشیان بۆ گۆڕانکارییەکان و تازەگەرییەکان داهاتوو ئامادەبکەن .. رۆژ لە دوای رۆژ گۆڕانکاری تازە و باشتر لە بۆاری هونەری و ئابووری و کۆمەڵایەتی دێنە کایەوە .
٤ـ وێنە زانیاری هونەری و مێژوویی بە منداڵان دەبەخشێت دەربارەی هونەری کۆن و تازە لە جیهاندا .
٥ـ وێنە گرنگییەکی تایبەتیی هەیە، لە بەدیهێنانی هاوکاری و خۆشەویستی و سازان و راگۆڕینەوە و، بتەوکردنی گیانی یارمەتیدان لە نێوان منداڵاندا .
٦ـ لە رێی وێنەوە، لە میانەی گفتوگۆ و دیالۆگ و گوزارشت کردن لە را و سەرنجدا .. کەشوهەوایەکی دیموکراتی لە نێوان قوتابیان و مامۆستاکانی هونەردا دێتەدی .. کە مەبەستی سەرەکیش هاندانە بۆ گەشەکردنی کارە هونەرییەکانیان و فێربوونی رەخنە .
شیکردنەوەکانی وێنەکانی منداڵان
زانایانی پسپۆری دەرووناسی و توێژینەران و شیکارانی بواری وێنەکانی منداڵان دوای چەندین باس و لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و تاقیکردنەوەی پراکتیکی و مەیدانی لە بواری وێنەکانی منداڵاندا .. توانیان تا رادەیەکی زۆر وێنەکانی منداڵان شیبکەنەوە و، واتا و مەبەستە ئەرێنی و نەرێنییەکانیان و، راز و نیازیان لە وێنەکانیاندا بزانن .. بە کورتی باس لە هەندێ لە راز و نیاز و مەبەست و، لە واتاکانی وێنەکانی منداڵان دەکەین : (*) پیاو : بۆچی منداڵان بە زۆری وێنەی ( پیاو ) دەکێشن ؟ توێژینەوە پراکتیکییەکان ئەوەمان بۆ روون دەکەنەوە .. کێشانی وێنەی ( پیاو ) یان شێوە و رووخساری مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی .. زۆرترین وێنەی باو و بڵاون لە نێوان منداڵاندا .. منداڵان لە ماڵ و لە شەقام و لە بازاڕ لە تەلەفزیۆن و لە کار و لە گەلێ لە شوێنانی تردا، بە زۆری بە پیاوان دەگەن و لە بەرچاویانن، بۆیە پیاوان زیاتر لە شتەکانی تر لە وێنەکانی منداڵاندا رەنگیان داونەتەوە .. بەڵام کچان زیاتر مەیەیلی وێنەکێشانی کچان و ژنان دەکەن .
(*) کێشانی وێنە بەگەورەیی : کێشانی وێنەی کەسێک بە گەورەیی لە لایەن منداڵانەوە .. بە زۆری گوزارشتە لە دوژمنکاری و شەڕانگێزی .. یا لە دەسەڵات و زاڵبوون .. بۆ نموونە گەر وێنەی دایکی لە باوکی گەورەتر بكێشێت، مەبەستی لەوەیە لە ماڵدا دایکی زاڵە و قسەی دەڕوات .. یا مەبەستی لەوە بێت، کە دایکی زیاتر خۆشدەوێت .. یا گوزارشتە لە خۆبایی بوون و خۆبەزل زانین .. یا خۆشەویستی و رێزی ئەومنداڵەیە بۆ ئەو کەسە وێنە زلکێشراوە .. یا گوزارشتە لە توانا و لە چالاکییەکی جیاواز .. یا خۆی بە شایەنی زیاتر دەزانێت و .. چاوی بڕیوەتە پایە و داهاتوویەکی باش و گەشتر یا هێنانەدیی هیوای بەرزتر .. بەڵام ئەو منداڵانەی کە نارێک و ناهاوسەنگن، زیادەڕۆیی لە کێشانی وێنەکانیاندا دەکەن .. بۆ نموونە ئەگەر بەخۆیە بنازێت و شەڕانی بێت .. وێنەکەی خۆی زۆر گەورە دەکێشێت .. یا ملێکی درێژ بۆخۆی دەکێشێت .. هۆی ئەم هەڵەیەش بۆ خێزان دەگەڕێتەوە .. لەوانەیە ئەو منداڵە لە ماڵدا، رۆڵ و پێگە و دەسەڵاتێکی زیاتر لە پێویستی هەبێت .. وایا لێکردووبێت، کە تا رادەی زۆر لە خۆی بایی بێت و، شانازی بە خۆیەوە بکات .. پێویستە دایکان و باوکان بە ئاگابن و، نەهێڵن ئەم نەخۆشی و دیاردە نەرێنییە درێژە بکێشێت .. چارەسەری پێویستی بۆ بکەن .

(*) کێشانی وێنە بە بچووکی : کێشانی وێنەی کەسێک زۆر بە بچووکی و لاوازی و، دەموچاو کاڵ و نادیار لە لایەن منداڵانەوە . هەستکردنی منداڵان بە نەبوونی و بە کەموکوڕی .. یا بەبێ توانایی .. یا خۆ بەکەم زانین .. یا دڵەڕاوکێ .. ترسنۆکی و شەرمکردن .. گۆشەگیری و دەرنەکەوتن .. بۆ نموونە ئەگەر وێنەی خۆی لە تابلۆکەیدا بکێشێت و دووچاری ئەو نەخۆشییە دەروونییانە هاتووبێت . وێنەکەی خۆی لە گۆشەی سەرەوەی لاپەڕەکەدا بە زۆر بچووکی و بە داماوی دەیکێشێت .. مەبەستی ئەوەیە کە شەرم دەکات و دەیەوێت گۆشەگیربێت، رەنگە مەبەستێشی لەوەش بێت، کە سۆزی نادرێتی و خۆشیان ناوێیت و هیچ پێگە و رۆڵی لە ناو خێزانەکەیدانیە، یا لە ناو پۆل و قوتابخانە و هاوڕێکانیدا نییە و، پەراوێز کراوە .. هەروەها وێنەی بچووک گوزارشتە لە خەمۆکی .. لە پشت نەبەستن بەخۆ .. لە دەست نەڕۆیی و بێ دەسەڵاتی و لە بێ پێگەیی .. لە بێ بڕوایی و بێ متمانەبوون بەخۆ ... هتد .
(*) کێشانی وێنە لە شوێنە جیاوازەکانی لاپەڕەکانی وێنەکێشاندا :
١ـ لە چەپەوە بۆ لای راست یا بە پێچەوانەوە : ئەگەر منداڵێک لە لای چەپەوە بۆ لای راستی لاپەڕەکە، دەست بە کێشانی وێنەکانی بکات .. بە زۆری ئەوە دەگەیەنێت کە لەوانەیە ئەو منداڵە، نەخۆشی دەروونی هەبێت، یا پێویستی بە سۆز و خۆشەویستی و بە ئاوڕدانەوە و دەست بە سەرهێناندا هەبێت لە لایەن خێزانەکەی و مامۆستاکانییەوە .. مەبەستێکی کەش، ئەوەیە کە ئەو منداڵە پەیوەستە بە رابردووەوە .
٢ـ بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر هات منداڵ لە لای راستەوە بۆ لای چەپ : هێلکاری و وێنەکانی بكێشێت .. ئەوە گوزارشە لەوەی کە ئەو منداڵە، هەردەم لە داهاتوو دەڕوانێت .. هەروەها خۆشەویستی منداڵ بۆ باوکی دەگەیەنێت .
٣ـ کێشانی وێنە لە ئەوپەڕي سەرەوەی لاپەڕەکاندا : ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەو منداڵە تا رادەیەک خەیاڵبازە و، بە خەیاڵ و بە وڕینە ئامانجەکانی دەهێنێتە دی .
٤ـ بەڵام ئەگەر منداڵێک لە ئەوپەڕی خوارەوەی لاپەڕەکاندا وێنەکانی بكێشێت : واتا ئەو منداڵە، هەست بە دڵنیایی و بە ئارامی ناکات .
٥ـ ئەگەر منداڵێک لە ناوەڕاستی لاپەڕەکاندا، وێنەکانی کێشا : ئەوە دەگەیەنێت، کە منداڵێکی زیرەک و بەهرەمەندە و، لە ئایندە دەڕوانێت .
(*) وێنەی ئاژەڵ لە وێنەکانی منداڵاندا : ئەو منداڵەی کە وێنەی ئاژەڵ دەکات .. واتا ئەم منداڵە حەز بە یارمەتیدانی کەسانی تر دەکات .. گەر هات منداڵێک چەند جارێک وێنەی بێچووە ئاژەڵێک لە باوەشی دایکەکەیدا کێشا .. واتا ئەم منداڵە لە سۆزی دایکایەتی بێ بەشە و .. پێویستە دایکی لە ئامێزی بکات و، بیگوشێت بە خۆیەوە و، ماچی بکات و بایەخی پێ بدات و لە ئارەزووەکانی تێری بکات .. کە گەورە دەبێت رەنگدانەوەیەکی خراپی نەبێت . چونکە بێ سۆزی و خۆشنەویستن گەورەترین کاریگەریی خراپی هەیە.
بەڵام ئەو منداڵەی کە وێنەی ئاژەڵ و دەعبای دڕندە لە وێنەکانیاندا دووبارە دەکاتەوە .. منداڵێکە ترساوە و دەترسێت .. بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو منداڵەی کە وێنەی ماسی لە وێنەکانیاندا دووبارە دەکاتەوە، نیشانەی ئەوەیە کە ئەو منداڵە دڵخۆش و ئاسوودەیە .
(*) دایک و باوک لە وێنەکانی منداڵاندا : منداڵان لە وێنەکانیاندا، بایەخ و نرخێکی تایبەتی بە کێشانی وێنەی دایک و باوکیان دەدەن، ئەگەر هات و پەیوەندییان لە گەڵیاندا باش بێت .. بەڵام ئەگەر پەیوەندیان خراپ و ناکۆک و ململانێ و ئاژاوە بێت، لە گەڵ باوک یا دایک، یا لەگەڵ هەردووکیاندا .. ئەو منداڵانە وێنەکانی دایک و باوکیان، لە شوێنێکی لاوەکی و پەنای سەر لاپەڕەکاندا دایان دەیانکێشن .. لەوانەشە بە شێوەیەکی ناشیرین و ناشایستەش وێنەیان بكێشن .. یا لە شێوەی ئاژەڵێکی دڕندەدا بیانکێشن و گوزارشتیان لێبکەن . لەوانەیە ئەم رقە دەروونیەش هۆی هەبێت .. دەشێ لێی بدەن و ئازاری پێ بگەیەنن .. زۆر لێی تووڕەبن .. قسەی نەشیاوی پێ بڵێن و هەستی بریندار بکەن .. بە توند و تیژی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن .. خۆشیان نەوێت .. لە گەڵ خوشک و براکانیدا بە هەمان چاو لێی نەڕوانن .. پیداویستییەکانی بۆ دابین نەکەن ... هتد . ئەو منداڵانەی کە ئەم رەفتارە نەرێنییانەیان لە گەڵدا دەکەن .. پەنا بۆ وێنەکێشان دەبەن بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێ بکەنە .. بە رووخسارێکی ناشیرینەوە وێنەکانیان دەکێشن .. بۆیە پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان، نەهێڵن بۆشایی و درز بکەوێتە نێوان خۆیان و منداڵەکانیان و قوتابییەکانیان.. لە سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی بێبەشیان نەکەن .. بەڵام بە پێچەوانەوە گەر خۆشەویستی و سۆز و رێز و خەندە و خۆشی باڵیان بەسەر خێزان کێشابن .. ئەم خۆشەویستی و رێزگرتن و شانازییە .. لە تابلۆکانی منداڵان رەنگ دەدەنەوە و، هەوڵ دەدەن بە ئەپەڕی جوانی و قەشەنگییەوە، لە ناوەڕاستی لاپەڕەکاندا، وێنەی دایک و باوکیان، بە رووخسارێکی جوان و شیرینەوە و شایستەوە بڕازێننەوە .
(*) شەفافی ( بێ پەردەیی ) لە وێنەکانی منداڵاندا : ئارەزووی منداڵ بۆ گەیاندنی ئەو مەبەست و بیرۆکانەی کە دەیەوێت لە رێگای وێنەکانییەوە بیانگەیەنێت بە کەسانی تر، تایبەتمەندییەکی هونەری تریان هەیە، ئەویش شەفافییەتە، واتە بێ پەردەپۆشی و نەشاردنەوەیە .. دەبینین منداڵێک کە وێنەی رووبارێک یا دەریاچەیەک دەکێشێت .. هەموو ماسییەکانی ناو ئاوەکە دیارن .. یان کە وێنەی ئۆتۆبیسێک دەکێشێت، هەر هەموو سەرنشینەکانی دیارن، هەر وەکو ئەو ئۆتۆبیسە لە شووشە دروست کرابێت .
(*) خۆشی لە وێنەکانی منداڵاندا : کە منداڵێک دەیەوێت لە وێنەکانیدا، گوزارشت لە خۆشی و شادی بکات .. بۆ نموونە گەر وێنەی خانوویەک بکات بە بابەتی جوانکاری دەیڕازێنێتەوە، ئەو خۆشی و شایی و ئاهەنگەی کە لە ژوورەوەی خانووەکەشدا هەیە دەیانکێشێت، هەروەکو دیوارەکانی ئەو خانووە لە شووشە دروست کرابن .. چونکە ئەم دەیەوێت تابلۆکەی گوزارشت لەو خۆشی و شادی ناو خانووەکە بکات .
(*) دووبارە کێشانەوەی وێنە : زۆر جار منداڵ دووبارە و سێ بارە لە قۆناغەکانی ژیانیدا وێنەکان دەکێشێتەوە .. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە منداڵ هەست بەوە دەکات، کە توانی ئەوەی هەیە، کە بە جوانی و جوانتر وێنەی هەندێ شت دووبارە بکاتەوە .. لە ئەنجامی مەشقکردن و دووبارەکردنەوە و بیرۆکەی باشترەوە دێت .
(*) کە منداڵ وێنەی چەند شێوەیەکی ئەندازەیی ( هەندەسی ) دەکێشت : گەلێ لێکدانەوەیان سایکۆلۆژیای هەیە، دۆخەکانی دەروونیی منداڵ دەردەخەن :
١ـ چوار گۆشە : گوزارشت لە رووبەرێکی هەڵکەوتن و توانای دیاری کراو دەکات لە، بەڵام سنووردار و بەندە .. واتە هەست بە نائارامی دەکات .. بە تایبەتیش ئەگەر، بە پێنووسەکەی بە تۆخی و دەست داگرتن چوارگۆشەکەی بکێشێت .
٢ـ بازنە : گەر منداڵێک لە وێنەکانیدا بازنە بکێشێت .. واتە ئەو منداڵە تا رادەیەکی زۆر هاوکارە و لێبووردەیە .. بەڵام ئەگەر تووڕەبێت، تۆڵەی خۆی دەکاتەوە .. ئەم منداڵە بە زۆری ئارەزووی رەنگی شین دەکات .
٣ـ سێ گۆشە : گوزارشتە لە منداڵێکی نموونەیی زیرەک و رێک .. ئەرک و کارەکانی بە جوانی رادەپەڕێنێت .. بەرپەرسێتی لە ئەستۆ دەگرێت .. پشت بەخۆی دەبەستێت .
٤ـ ئەستێرە : گوزارشتە لە منداڵێکی هەڵەشە و پەلەکەر لە بڕیارەکانیدا .. زوو تووڕە دەبێت و هەڵدەچێت .. میزاجییە .. لە راکانیدا جێگیر نییە .. بە زۆری لە تابلۆکانیدا رەنگی سوور بەکاردەهێنێت .
(*) تاریککردن ( رەشکردنی وێنە ) : ئەگەر منداڵێک کەسێکی کێشا و هەموو گیانی رەش کرد .. یا بە تۆخی وێنەکەی کێشا، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەم منداڵە نائارامە و تووشی دڵەڕاوکێ بووە .. بەڵام ئەگەر بەشێکی دیاریکراوی لە وێنەکەدارەش کرد .. واتا دڵەڕاوکێیەکەی پەیوەندی بەم بەشەوە هەیە .
(*) دەست داگرتن و دەست دانەگرتن لە پێنووس ( تۆخ یا کاڵ کێشانی وێنەکان ) : ئەگەر منداڵێک، زیاتر لە پێویست دەست لە پێنووس دابگرێت و هێلەکانی وێنەکەکانی تۆخ بکێشێت .. ئەوە گوزارشتە لەوەی کە ئەم منداڵە .. زیاد لە پێویست سکیچ و ماسولکە گرژە و، نا ئارامیی لێ بەدی دەکرێت .. بەڵام دەست دانەگرتن لە پێنووس و کاڵ کێشانی وێنە .. گوزارشتە لەوەی، کە ئەم منداڵە توانای لەشی و هەستی دەروونی دابەزیوون و، نائارامی پێوە دیارە .. ئەم دوو دیاردەیەش لە وێنەکانی کوڕاندا زیاتر رەنگیان داونەتەوە .. بەڵام لە وێنەکانی کچاندا کەمتر بەدی دەکرێن .
بەڵام گەر هات منداڵ بەپێی پێویست و، بە دڵنیاییەوە وێنەکانی کاڵ یا توخ بکات .. ئەمە گوزارشتە لە هاوسە گی و نەرمی و گونجان .
(*) لابردن و زیادەڕۆیی : لە وێنەکانی منداڵدا، بە تایبەتیش منداڵانی تەمەن هەشت بۆ نۆ ساڵان، دیاردەی لابردن و، زیادەڕۆیی بەدی دەکڕێن .. کە لە منداڵێکی ئەم تەمەنە داوابکەیت، کە وێنەی وەرزشوانانی تيپێکی تۆپی پێ بکێشێت .. لەوانەیە دەستەکانی یاریزانەکان نەکێشیت .. بەڵام زیادەڕۆیی لە وێنەکێشانی پێیەکانیان دەکات، زیاد لە پێویست گەورە دەیانکێشێت .. ئەمەو لە وێنەکێشانی، دەستەکانی گۆڵچییەکەدا، زیاد لە پێویست گەوەرە دەیان کێشێت .. ئەمەش پەیوەندی ئەم منداڵە دەسەلمێنێت بە زانستی و زانیارییەکانی دەربارەی یاسا و رێساکانی تۆپی پێ .
(*) گۆشەگیری : چۆن بە پێی وێنەکان دەزانین، کە منداڵێک گۆشەگیری بووبێت .. شێوەکانی ناو وێنەکانی بە بچووکی دەیانکێشێت .. وێنەکەکان لە لایەکی لاپەڕەکانەوە دەکێشێت .. زۆر جاریش وێنەکانی تەواو ناکات .. ناڕێکی و نەگونجاوی لە وێنەکانیدا بەدی دەکرێن .. بە زۆریش چوارچێوە بۆ وێنەکانی دەکێشێت .
(*) شەڕانگێزی : چۆن بە پێی وێنەکان دەزانین کە خاوەنی ئەم وێنانە شەڕانگێزە ..
دەستەکانی کەسەکان درێژ و گەورە دەکێشێت .. دەمیان گەورە و ددانەکانیان گەورە دەکێشێت ..هێلی راستی گۆشەتیژ دەكێشێت .. وێنەکانی لەسەر لاپەڕەکاندا رێک نین .. پێنووسەکەی قایم دەجۆڵانی و، قایم و بەسەر لاپەڕەکاندا دەیهێنێت و دەیبات .. هەر وەکو لە شەڕ و هێڕشدا بێت .
(*) دوودڵی ( دڵەڕاوکێ ) : بە شیکردنەوەی وێنەکان چۆن بۆت دەردەکەوێت، ئەگەر منداڵیك دوودڵ بێت ..؟ وێنەکان چەوت دەکێشێت و تێکیان دەدات .. زیاد لە پێویست لێیان لا دەبات و، تۆخیان دەکات .. وێنەکێشراوەکانی رەق و بێ جووڵەن .. دەستەکانی مرۆڤ بو ئاسمان دەکێشێت .. یا بۆ خوارەوە شۆڕیان دەکاتەوە .
(*) چەند رێگایەکی نا ئاسایی تر لە وێنەکانی منداڵاندا :
١ـ شێوەی پێچ پێچ ( مار ئاسایی ) : گوزارشە لە دڵنیا نەبوون و شاردنەوە و ترس .
٢ـ وێنەی لار : نەبوونی هاوسەنگی و .. نەبوونی دڵنیایی دەگەیەنێت .
٣ـ جادووکەر و دڕندە : گاڵتەجاڕی و تەوس و سووکایەتی کردنە بە کەسان .
٤ـ لابردن و سڕینەوە : گوزارشتە لەوەی ئەو کەسە بوونی نییە لە ژیانی ئەو منداڵەدا .
(*) بیـرکۆڵ ( کەم هـۆش) : بە شیکردنەوەی وێنەکان منداڵ کەم بیرکۆڵ دەزانرێت .. پەیوەندییەکی گونجاو لە نێوان شێوەکانی وێنەکانیدا نییە.. بۆ نموونە ( دەستەکانی کەسەکانی واکێشاون کە لە سەریانەوە دەرچوون ) .. هاوڕێژەیی لە وێنەکانیدا نین .. دووبارەکردنەوەیان زۆر تێدان .. لە وێنەکانیدا روونکردنەوەی زۆریان تێدا نییە .
(*) منداڵ ستەملێکراو : گەر منداڵێک دووچاری ستەم و خراپە بووبێت .. وێنەی کەسانێکی ئەندام بڕاوە دەکات .. گونجان لە نێوان ئەندامانی لەشی کەسەکانی وێنەکانی نین .. کێشەی خۆی دەردەخات، کە توانای خۆپاراستنی لەو لەو ستەمکارییانە کە دەرهەقی دەکرێن نییە .. رەنگی سوور و رەش لە وێنەکانیدا دووبارە دەبنەوە .
بە شێوەیەکی گشتی و بە پێی خەسڵەت و ئەو وێنانەی دەیان کێشن، منداڵانی وێنەکێش: ١ـ منداڵی هاوسەنگ : هێلکارییەکانی رێک و روونن .. رەنگەکانی تابلۆکانی گەش و گونجاون لە گەڵ وێنەکاندا .. لە چوار بۆ شەش رەنگ بەکاردێنێت .. لە ناوەڕاست لاپەڕەکاندا وێنەکانی دەکێشێت .
٢ـ منداڵی زۆر بزێو : لاپەڕەی زیاتری دەوێت .. هەموو وێنەکانیشی تەواو ناکات .. رەنگی زۆریش بەکار دەهێنێت .. بە تایبەتیش سوور و پرتەقاڵی و زەرد و سپی .
٣ـ منداڵی شەڕانی : بە زۆری وێنەکانی دەدڕێنێت و پارچە پارچەیان دەکات .. بەی زۆریش وێنەی ئەو کەسانە دەکێشێت کە ( شەرانین ، دزن ، چەتەن ) دەمیان گەورە دەکێشێت و دانەکانیان بە دەرەوەن .. ئەم منداڵانە بە زەحمەتی دەتوانن هێلەکان بکێشن زۆر بە توندی و قایمی پێنووسەکانیان بەسەر لاپەڕەکاندا دەهێنن .. دەبێتە هۆی ئەوەی کە لاپەڕەکان کون ببن .
٤ـ منداڵی نەخۆش یا خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان : ئەم منداڵانە لە وێنەکانیاندا، رەنگی تۆخ و خەمناک بەکاردەهێنن .. بۆ نموونە گەر منداڵێکی کەڕ، لە تابلۆکانیدا وێنەی کەسانێک بکێشێت ، بە زۆری گوێیەکانیان بۆ ناکێشێت .. یا گوێیەکانیان زۆر گەورە دەکێشێت .
(*) زمانی شتە وێنەکێشراوکانی منداڵان : هەر وەکو هێلەکان و رەنگەکان .. هەموو ئەو شتانەی کە منداڵان وێنەیان دەکێشن ( دەدوێن ) بۆ نموونە :
(*) خانوو لە ناوەڕاستی لاپەڕەکاندا : گەر ئەو خانووە پەنجەرەی هەبێت .. نیشانەی هاوسەنگی منداڵە وێنەکێشەکە دەگەیەنێت .. بەڵام گەر منداڵێک دوو خانوو لە هەمان لاپەڕەدا بکێشێت .. گوزارشتە لە جیابوونەوەی دایک و باوکی .. کە هەرەیەکەیان لە خانوویەک یا لە ماڵێکدا دەژین .. بەڵام منداڵی ( بێ باوک و بێ دایک ) وێنەی خانوویەک دەکێشێت بەبێ دەرگا یا بەبێ پەنجەرە و دەلاقە دەیکێشێت، کە گوزارشت لەوە دەکات، کێشەی ئەوەی هەیە، پەیوەندی کە لەگەڵ خەڵکی دەرەودا باش نییە .
(*) خـۆر : بە زۆری باوک دەگەیەنێت .. کاتێ کە منداڵێک لە تابلۆکانیدا وێنەی خۆرێکی گەش و تیشکدار دەکێشێت .. ئەمە گوزارشتە لەوەی، کە پەیوەندی لەگەڵ باوکیدا باشە و خۆشیدەوێت .
(*) ئاو : ئاو لە وێنەی ئەو منداڵانەدا دووبارە دەبێتەوە، کە میز بە خۆیاندا دەکەن .
(*) ئۆتۆمبیل : گەر منداڵان وێنەی ئۆتۆمبیل و فڕۆکەیان کێشا، گوزارشتە لەوەی کە حەزیان لە گەشتە و گەڕانە .
(*) پەیـژە : پەیژە لە وێنەی منداڵاندا، گوزارشتە لە گەشبینی و بەرزڕوانین .
(*) رەنگەکان و وێنەکانی منداڵان : رەنگەکان بایەخێکی گەورەیان بە لای منداڵانەوە هەیە .. لەبەر ئەوەی کە ئێمە لە جیهانێکی رەنگاوڕەنگدا دەژین و، رەنگەکان تێکەڵی ژیانمان بوونە .. ئەوەش ئاساییە کە رەنگەکان کارتێکەربن لە وێنەکانی منداڵاندا .. رەنگەکان و فرەڕەنگی، کاریگەری و رەنگدانەوەیان لە ژیانی منداڵان و گەورەکانیشدا هەیە .. گەر ژیان یەک رەنگ بوایە .. سارد و سڕ دەبوو .. چێژێکی ئەوتۆی نابوو .
هەر لە دایانگەوە منداڵان رەنگەکان دەناسن و تاقییان دەکەنەوە، بێ ئەوەی رەنگێگ لە رەنگێکی تر بە زیاتر بزانن .. لە پۆلی دووەمی بنەڕەتیدا منداڵان رەنگی دیاری کراو هەڵدەبژێرن .. لە چوار رەنگەوە بۆ شەش رەنگ هەڵدەبژێرن .. ڕوانینی منداڵان بۆ رەنگەکان جیاوازە لەگەڵ روانینی گەورەکاندا .. منداڵان بە پێی لێکدانەوەی خۆیان رەنگەکان هەڵدەبژێرن .. منداڵان بە پێی خەسڵەتەکانی رەنگەکان، رەنگ هەڵدەبژێرن .. بۆ نموونە ( رەنگی سوور ) بە لای منداڵانەوە، گوزارشت لە جووڵە و هەڵچوون و خوێن ناکات، بەڵکو گوزارشتە لە گەشی و خۆشی و شادی .. زۆربەی منداڵان لە بۆیەکردنی وێنەکانیاندا رەنگی سوور لە هەموو رەنگەکانی تر زیاتر بە کاری دەهێنن .
منداڵان ئەو کەسانەی کە خۆشیان دەوێت، بە رەنگی گەش و جوان بۆیەیان دەکەن .. بەڵام ئەو کەسانەی کە خۆشیان ناوێت، بە رەنگی ناشیرین و تێکەڵ و پێکەڵ رەنگیان دەکەن .. ئەمەش لە ئەنجامی سۆز و خۆشەویستی و شادی، یا رق و بوغزی دایک و باوک و مامۆستاکانیان یا کەسانی خێزانەکانیان یا هاوڕێکانیان بەرجەستە بووە .. بە باشی یا خراپی هەستی خۆیان بەو رەنگانە بەرانبەریان دەردەبڕن .. واتە خۆشەویستی و سۆز یا رق و بوغز .. لە رەنگەکانی وێنەکانی منداڵاندا رەنگدانەوەیان هەیە .
(*) لایەنە ئەرێنییەکان ( پۆزەتیڤەکان ) لە وێنەکانی منداڵاندا : ئێمە لە سەرەوە بە زۆری باسمان لە لایەنە نەرێنییەکانی سایکۆلۆژیای وێنەکانی منداڵان کرد .. بەڵام بەرانبەر بەو لایەنە نەرێنییانە، منداڵانی هاوسەنگ لە وێنەکانیاندا گوزارشت لە گەلێ لایەنی ئەرێنی و پۆزەتیڤ و مژدەبەخش دەکەن .. گەڵی راز و هیوای بەرز و خەونی شیرین و بەهرە و توانا لە تابلۆکانیاندا رەنگیان داونەتەوە .. بۆ نموونە : کە دەبینین منداڵێک کە لە وێنەکانیدا، وێنەی خۆی وەکو پزیشکێک یا ئەندازیارێک یا مامۆستایەک یا هونەرمەندێک یا ... هتد . دەکێشیت .. یا کە منداڵێک کە دەیەوێت گوزارشت لە سۆز و دڵسۆزی و لە خۆشەویستی خۆی بۆ نیشتمانەکەی و، نیشتمان پەروەری و خۆی بکات .. بۆ نموونە منداڵێکی کورد : کە گوزارشت لە کوردستان پەروەری خۆی بکات، وێنەی ئاڵای کوردستان و، پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان و سەرکەوتنەکانیان، وێنەی چەند پێشمەرگەیەکی کورد لەسەر دەبابەن یا لەپشت تۆپەوەن، یا لوولەی تفەنگەکان و تۆپەکانیان ئاراستەی نەیاران کردوون و، دوژمنانی کوردستان بە شکستی و تێکشاوی و سەرشۆری و بەزین وێنەدەکێشێت .. یا سروشت و دیمەنە جوانەکانی کوردستان و، ئاهەنگێڕانی رۆژی جەژنی نەورۆز و، ... دەکێشێت ئەمانە رەنگدانەویان لە وێنەکانیاندا هەبێت .. ئەمەشیان دەکەوێتە سەر دایکان و باوکان و سەر مامۆستایانی وانەی پەروەردەی هونەری .. کە پێویستە بە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کورد و کوردستان کوردیلەکان گۆش و پەروەردە بکەن .. تا پەروەردە دروستیان لە وێنەکانیاندا رەنگ بدەنەوە و گوزارشت لە کوردستان پەروەریی خۆیان بکەن .
شیکردنەوەی ئەندامانی لەش لە وێنەکانی منداڵاندا
منداڵان بە پێی بارودۆخی دەروونیان، لە خۆشی و شادی و لەخۆشەویستیدابن .. یا لە ناخۆشی و خەمۆکی و ئازار و گرفتی دەروونیدا دابن .. لە رێی وێنەکێشانی ئەندامانی لەشی کەسێتییەکانی وێنەکانیانەوە، گوزارشت لە ناخی دەروون و لە هۆشیان و لە بیر و باوەڕ و بیرۆکەکانیان دەکەن و .. مەبەست و پەیامەکانیان بە ئێمە دەگەیەنن .. بە کورتی دێینە سەر شیکردنەوەی وێنەکانی ئەندامانی لەشی کەسانی وێنەکانی منداڵان :
١ـ سەر : وێنەکيشانی سەری گەورە، گوزارشتە لە خۆپەرستی و لە خۆ بە زلزانین .. گوزارشتە لە هەستکردن بە خۆکەمزانین و، بە بێتوانایی جەستەیی .. بەڵام لە وێنەکانی منداڵانی زیرەکدا، وێنەیکێشانی سەری گەوەرە، گوزارشتە لە بیرۆکەی گەورە .. وێنەی سەری بچووکێش، گوزارشتە لە شەرم کردن، لە نکووڵی کردن، لە بیرۆکەی بە ئازار . لە وێنەکانی منداڵانی هاوسەنگدا، وێنەی سەر لە گەڵ ئەندامەکانی لەشدا گونجاوە .
٢ـ چاوەکان : ئەو منداڵانەی کە وێنەی چاوەکانی کەسێتییەکان بە گەورەیی و، بە گوماناوییەو دەیانکێشن .. گوزارشتە لە نا ئارامییان و، وا هەست دەکەن کە هەمیشە لەژێر چاودێرێدان .. بەڵام ئەگەر چاوەکانیان بە نووقاوی بیانکێشن، یا چاوێلەکەی رەشیان لە چاوە بکەن، ئەمە گوزارشتە لە حەزکردن بە گۆشەگیری و دوورکەوتنەوە لە دیمەنەکان یا نیشاندانی ئازار و بێزاری .. بەڵام ئەگەر چاو بۆ کەسەکانی وێنەکانیان نەکێشن، نیشانەی ئەوەیە کە حەز بە تێکەڵبوونی خەڵکی ناکەن .. ئەو منداڵانەش کە لە شێوەی بازنەی بچووکدا چاوەکان دەکێشن، گوزارشتە لە هەڵچوون و پشت بەست بە کەسانی تر و بێ بڕوابەخۆبوونیان .
٣ ـ لـووت : منداڵانی هاوسەنگ، لووت وکونەلووتەکانی کەسێتییەکانی وێنەکانیان بە ئاسایی دەکێش .. بەڵام وێنەکێشانی لووتی گەورە، گوزارشتە لە دوژمنایەتی .
٤ـ دەم و ددان : دەمی زل و کراوە، گوزارشتە لە زۆر بڵێی و چەنەبازی .. یا کێشەی زمان و قسەکردنی هەیە .. یا پشت بەستن بە کەسانی تر .. بەڵام دەمی گەورە و ددانی گەورە، گوزارشتە لە شەڕانگیزی و گێچەڵ .. هەر وەکو وا خۆی دەربخات کە ئامادەی پەلاماردان و گازکردن و بچڕینە .
٥ـ مــل : ئەو منداڵانەی ملی کەسێتییەکانی وێنەکانیان زیاد لە پێویست درێژیان دەکێشن .. گوزارشتە لەوەی تەگەرە لە رێیاندایە، بۆ گەیشتن و مەستبوونیان لە ئارەزووەکانیان .. ئەو منداڵانەی کە ئازاری دەروونی دەچێژن .. لە وێنەکانیاندا مل بۆ کەسەکان ناکەن و سەریان دەنووسێنن بە سنگیانەوە .
٦ـ دەستەکان : دەستەکان لە وێنەکانی منداڵاندا، بەپێی کێشانیان گوزارشت لە زۆر شت دەکەن .. ( دەستی گەورە ) گوزارشتە لە دزیکردنی ئەو منداڵانەی کە دەیانکێشن .. (دەستی درێژ بۆ دەرەوە )، ئارەزووی منداڵان دەگەیەنێت بۆ پەیوەندی کردن بە کەسانی ترەوە، یا ئارەزووی یارمەتیدانی و تێکەڵ بوونیان هەیە .. ( دەستی گەورە و بەهێز) گوزارشتە لە تەماح و ئارەزووی زاڵبوون و دەسەڵات .. هەندێ جاریش شەڕانگێزی دەنوێنێت .. ( دەستی کورت ) گوزارشتە لە دڵەڕاوکێ و نائارامی .. ئەگەر دەستەکان (درێژ و لاوازبن ) گوزارشتە لەوەی کە پێویستییان بە لایەنگرتن و پاڵپشتی و، بە یارمەتیدانی دەوروبەرەکەیان هەیە .. ئەگەر دەستەکانیان کورت وێنەکێشابن، واتە هەوڵنادەن و، هەست بە کەم توانایی دەکەن .. ئەگەر بێتو ( دەستەکان بۆ سەرەوە ) یا ( بۆ ناوەوە ) کێشرابن .. گوزاشتن لە دڵەڕاوکێ .. بەڵام گەر منداڵێک بە بەردەوامی لە وێنەکانیدا ( دەستەکان و قاچەکانی کەسانی وێنەکانی لە بیربکات و نەیانکێشێت ) ئەمە گۆزارشتە لە گۆشەگیری و بێزاری ئەو منداڵە، نازانێت چۆن لە ژیانیدا رەفتار بکات .
٧ـ دەموچاو : ئەگەر منداڵێک لە وێنەکانیدا ( دەموچاوەکانی کەسەکانێ وێنەکانی ناشیرین بکێشێت ) گوزارشتە لە رق و ناکۆکییەکانی ناو ئەوخێزانەی لەگەڵیاندا دەژیت .. ( دەموچاوی ترش و خەمگین ) یش، گوزارشتە لە هەستی ئەو منداڵە لەو کاتەدا .
وانەی ( پەروەردەی هونەری ) لە قوتابخانەکاندا
وانەی ( پەروەردەی هونەری ) کە یەکێکە لە وانەکانی پرۆگرامی خوێندن، لە قوتابخانەکانی قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی .. بەڵام بەداخەوە، تا ئەمڕۆش لە زۆربەی قوتابخانەکانی کوردستاندا، وەکو پێویست گرنگی و بایەخ بەم وانەیە نەدراوە .. تا رادەیەک پشتگوێ خراوە و، وەکو وانەیەکی سەرکی لێی ناڕوانن، بەڵکو بە وانەیەکی لاوەکی دادەنێن . یا هەندێ لەو مامۆستایانەی کە وتنەوەی ئەم وانەیەیان پێ سپاردوون زۆر نابەڵەدن لە ئاستی ( ئامانجەکانی پەروەردەی هونەری ) و لە هونەری وێەکێشان و لە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی سایکۆلۆژیای وێنەکانی قوتابییەکانیان .. تەنانەت ئەو مامۆستایانەی کە پسپۆر و شێوەکارن، لە ( دەرچووانی پەیمانگا یا کولێژی هونەرەجوانەکانن ـ بەشی شێوەکاری) ، تەنها بایەخ بە قوتابیانی بەهرەمەند دەدەن و، ئەودوای قوتابییەکانیان پشتگوێ دەخەن .. یا بە نابەڵەدی و تێنەگەیشتن لە مەبەستی وێنەکانیان ( نمرەیەکی نزم ) بۆ قوتابییەکان دادەنین، کە کارتێکردنێکی خراپی دەبێت لە لەسەر دەروونی ئەو منداڵانە .. ئەمەش هۆیەکە لە هۆیەکانی دواکەوتنی پەروەردەی هونەری و، تۆرانی بەشێک لە منداڵان لەم وانەی پەروەردەی هونەری .. بۆیە پێویستە جەخت لەسەر گرنگی و بایەخ پێدان بە وانەی پەروەردەی هونەری بکرێت .. ئەمەو بە سەرپەرشی کەسانی پسپۆر و شارەزا لە ( سایکۆلۆژیای وێنەکانی منداڵان ) ساڵانە لە لایەن ( بەڕێوەبەرێتی چالاکییەکانی قوتابخانەکان ) ەوە کە سەر بە بەڕیوەبەرێتی شارەکانن بۆ مامۆستایانی وانەی پەروەردەی هونەری ( کۆرسی راهێنانی پەروەردەی هونەری) بکرێتەوە .. بە تازەترین زانیاری و شارەزایی و داهێنان و تاقیکردنەوەکان لە بواری پەروەردەی هونەری منداڵاندا رایان بهێنن .. ئەو مامۆستایەنەش کە ئەم وانەیە دەڵێنەوە پێویستە ئامانجەکانی پەروەردەی هونەری لەبەرچاوبگرن، پێویستیشە بەگراوندێکی رۆشنبیری هونەرییان هەبێت ، بۆ ئەم مەبەستەش سەرچاوەی پێویست بخوێننەوە کە پەیوەندییان بەم بوارەوە هەیە .. تا نابەڵەد نەبن لە بارەی قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵان و، لە بارەی شیکرددنەوەی سایکۆلۆژیای وێنەکانی منداڵان .
ئەم بابەتە باس و لێکۆڵینەوەی زیاتر هەڵدەگرێت .. چونکە منداڵان هیوای داهاتوون.
رەزا شوان / نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان
نەرویـج : ٢٥/ ٦/ ٢٠١٥