reza_shwani.jpgدیاردەی توندوتیژی دژی منداڵان، یەکێکە لە گەورەترینی ئەو کێشانەی کە لە ئەمڕۆدا رووبەڕووی جیهان بۆتەوە .. چونکە بە پێی راپۆرتەکانی " يۆنسیف " و راپۆرتەکانی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کە پاڵپشت و،

داکۆکیکەرن لە مافەکانی منداڵانن، ئەوەیان خستۆتە بەرچاو، کە بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار ژمارەی منداڵانی قوربانیانی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و زەبروزەنگ لە جیهاندا، زۆر لە زیادبووندایە .. هیچ کۆمەڵگایەکیش، پێشکەوتووبێت یا دواکەوتوو بێت، لە تاوانی توندوتیژی دژی منداڵان بەدەرنین .. لە ئێستاشدا، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی کە شەڕ و ئاژاوەیان تێدایە، یا خاکەکانیان لە لایەن داگیرکەرانەوە داگیراون .. یا ئەو دەوڵەتانەی بە دەستی هەژاری و بێکاری و برسێتییەوە دەناڵێنن .. وەکو : ( عێراق، سوریا، یەمەن، فەلەستین، سۆمال، ئەفغانستان، نەیجیریا، لیبیا، مالی، سودان، میسر، مەغریب .. بەشێکی زۆری کوردستانیش، ... هتد) چەوسانەوە و توندوتیژی دژی منداڵان، لە ئاستێکی پێشێلکاریی مەترسیدار دایە .. بە هەزاران منداڵی پاک و بێتاون بوونەتە سووتەمەنی شەڕ و، بە زۆر چەکیان پێ هەڵدەگرن و، رەوانەی شەڕیان دەکەن، یان دڵڕەقانە و بێویژدانانە، لە شەڕدا دەیانبەنە پێشەوە و، دەیانکەن بە قەڵغانی خۆپاراستن .. یا پاکییان دەشێوێنن و فێری کاری سەربڕین و، پیاوکوژییان و خۆتەقینەوەیان دەکەن ـ هەر وەکو چۆن دەبینین داعشی بەکرێگیراوی بەدڕەوشت بە بەزۆر منداڵانی شوێنەکانی ژێردەستیان، بەم کردەوە قێزەوەنانە گۆش دەکەن و رایان دەهێنن ـ لەم وڵاتانەدا بە هەزار منداڵ کوژران، بە هەزاران منداڵ دەستدرێژی کرایە سەریان و ئەتکران، بە ملیۆنان منداڵان ئاوارە و سەرگەردان بوونە و، رەش و رووت و برسین و، لە مافی خوێندن و شادی و یاری و، لە چێژ و خۆشییەکانی تافی منداڵیان بێبەشن .
توندوتیژی و زەبروزەنگ دژی منداڵان چیرۆکێکە کۆتایی نایات .. لە ئەنجامی نابەڵەدی و بە هەڵە تێگەیشتن لە پەروەردەی دروستی منداڵان، ساڵی بە هەزاران منداڵانی پاک و بێ تاوان لە جیهاندا، بە ناڕەوا دەبنە قوربانی .. لە راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی توندوتیژی دژی منداڵان، ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئەمڕۆش لە قوتابخانەکانی زیاتر لە ( ١٠٠) دەوڵەت لە جیهاندا، مامۆستاکان بە دار و بە قامچی مامەڵە لەگەڵ قوتابییەکانیاندا دەکەن .. تەنانەت لە ئەمریکاشدا، ساڵانە زیاتر لە ( ٥) ملیۆن منداڵ رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لەم ژمارەیەش ساڵی زیاتر لە (٥) هەزار منداڵ، لە ئەنجامی توندوتیژی و لێداندا، دەمرن .
بەپێی راپۆرتێکی تر، لە وڵاتی نەیجیریادا لە (١٠) منداڵ، (٦) منداڵیان رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بە تایبەتیش کچان دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەریان .

توندوتیژی دژی منداڵان تەنها لێدان و تێ هەڵدان نییە، بەڵکو زۆر شێوازی تریشی هەیە، وەک : هەڕەشەکردن، ترساندن، سۆکایەتی و بێڕێزی کردن، جوێن و قسەی ناشیرین پێوتن، توانج و تانە و تەشەر، گاڵتە پێکردن، تف لێکردن، چەمۆڵە لێنان، پشتگوێ خستن، دەستدرێژی کردنە سەریان، رووشکاندن و تەریقکردنەوەیان، زەوتکردنی ئازادییان، بە دکردن و ئەشکەنجەدانیان، ... هتد .
پێناسەی توندوتیژی ئەمەیە : " هەموو کارێکی بەرچاو یا شارەوە، راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ، ماددی یا مەعنەوی، بۆ گەیاندنی ئازار بە خۆ یا بە کەسێکی تر، یا بە کۆمەڵە کەسێک، یا بە سامانی کەسێکی تر، ئەم کارە دژی یاسایە، ئەنجامدەریش رووبەڕووی یاسا و سزادان دەبێتەوە "
لە رێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ مافەکانی منداڵ کە لە رێکەوتی رۆژی (٢٠ی/ نۆڤەمبەر/ی ١٩٥٩) دا دەرچووە، لە ماددەی (١٩) دا، بەم شێوەیە پێناسەی توندوتیژی کراوە : " هەموو دەوڵەتە لایەندارەکان، هەموو کارێکی یاسایی و بەڕێوەبردن و کۆمەڵایەتی گونجاو دەگرنەبەر، بۆ پاراستنی منداڵ لە هەموو شێوەکانی توندوتیژی، یا زیان پێگەیاندن، یا خراپی جەستەیی، یا هۆشی و گوێ پێنەدان، یا ئەو مامەڵەکردنەی کە گوێ پێنەدانی لە خۆگرتووە، یا مەمەڵەکردنی خراپ، یا قۆستنەوە ، لەوانەش دەستدرێژیی بۆ سەر کچان، کە لەژیر چاودێریی باوکی ( باوکی و دایکی ) دایە، یا راسپێڕاوی یاسایی ( راسپێراوە یاساییەکان ) یا هەر کەسێک بێت، پێویستە بەڵێنی ئەوە بدات، کە منداڵەکە بەخێو دەکات .. "
هەندێ کەسیش، توندوتیژی بەوە پێناسە دەکەن، کە بەکارهێنانی هێز و رقلێبوونەوەی مەبەستداری بە ئەنقەستە، دژی کەسانی تر، کە وێرانی و، زیانی ماددی و دەروونی بە دوای خۆیدا دێنێت .
پێناسەی سایکۆلۆژیش بۆ توند و تیژی ئەوەیە : " مەودایەکی فراوانی رەوشتییە، گوزارشت لە دۆخێکی هەڵچون دەکات، کە بە ئازار و زیان گەیاندن بە کەسانی تر و بە شتێک کۆتایی دێت .. یا بە شکاندن و وێرانکردنی موڵکی کەسانێکی تر .. لەوانەشە بگاتە هەڕەشەی کۆشتن و، کۆشتنیشی لێ بکەوێتەوە " بە بۆچوونی دەروونناسان، توندوتیژی رەوشتێکی ماکییە ـ غەریزە ـ یە، کە رق و حەزی وێرانکاریشی لەگەڵ دایە، ئامانجیش دەربڕینی ئەو دوژمنکارییە شاراوەیە، بەرانبەر بە بە خەڵکی .. یان توندوتیژی لە ئەنجامی شکستییەکی گەورە، خۆڕانەگرتنی ئەو کەسە "
لەبەر رۆشنایی ئەو پێناسانەی سەرەوە، دەتوانین توندوتیژی دژی منداڵان وا پێناسە بکەین : " هەموو شێوەیەکی رەوشتێکی راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ، بە قسە یا بە قسە نەبێت، ئاشکرا یا شاراوە بێت، ماددی یا مەعنەوی بێت، نەرێنی یا نەرێنی نەبێت، کە دەبنە هۆی ئازاردان و زیان گەیاندن، یا خراپیی رەفتارکردن بەرانبەر بە منداڵان .. یا دەستدرێژیی سێکسی و هەست بریندارکردن، کە دەبنە هۆکاری ئازاری جەستەیی و دەروونیی منداڵان .. شوێنەوارێکی جەستەیی و دەروونی و سۆزداری و فێربوونی خراپ و مەترسیداریان لێدەکەوێتەوە .. ئەم توندوتیژی و دەستدرێژییانە، بە پێچەوانەی بەها ئاینییەکان و کۆمەڵایەتییەکان و یاساکانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆییەکان و دژی بەڵگەنامە نەتەوەییەکانن .. چونکە تەنیا هەست و رەوشتە، کە مرۆڤیان لە گیانەوەرەکانی تر جیاکردۆتەوە .
توێژینەوەیەکی زانیاری ئەوەی سەلماند، کە ئەو منداڵانەی رووبەڕووی توندوتیژی و زەبروزەنگ و مامەڵەکردنی خراپ و زیان گەیاندنی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە ، ئەمانە زۆترینی ئەو کەسانەنە دەبن، کە لە داهاتوودا تووشی نەخۆشی دەروونی و ترس دەبنەوە، هەموو جۆرەکانی توندوتیژی کارتێکردنێکی نێگەتیڤیان لەسەر ئەمڕۆی منداڵییان هەیە، کە گەورەش دەبن رەنگدانەوەیەکی نێگەتیڤ و مەترسیداریان لەسەر ژیانی خۆیان و خەڵکیش دەبێت .. نموونەی میژوویش لەم بارەیەوە زۆرن .. ئەگەر ئاوڕێک لە ژیانی ( ستالین ) بدەینەوە کە سەرکردەیەکی روسیا بوو .. گەر بە قۆناغی منداڵیدا بچینەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، توندتیژییەکانی باوکی لەگەڵیدا، رۆڵ و کارتێکردنێکی نێگەتیڤیان هەبووە، لەوەی کە ستالین ببێت بە کەسایەتییەکی تۆندڕەو و توندوتیژ و دڵڕەق .. باوکی رۆژی چینێ ستالینی دارکاری دەکرد .. هەروەها گۆڕبەگۆرە خوێنڕێژەکەی عێراقیش ( سەدام حوسێن ) ی دیکتاتۆر .. سەدام دوای لە دایکبوونی کەوتە بەردەستی زڕباوکەکەی کە ( ئیبراهیم ) ی مامی بوو، کە رۆژانە زۆری لێدەدا، لەلای (خەیروڵا تولفاح) ی خاڵیشی کەمی لێ نادرا .. بۆیە سەدام بوو بەو دەسەڵاتدارە خوێنڕێژ و پیاوکوژ و دڵڕەقەی، کە عێراق بە تایبەتی و کوردستانی خڵتانی خوێن کرد .
ئەوە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە، کە توندوتیژی، هەر توندوتیژی بە بەرهەم دێنێت .. توندتیژی دوژمنایەتی خۆش دەکات و، ئارەزووی تۆڵسەندنەوە دەڕوێنێ و، پاکانەش بۆ وێرانکاری و کاولکردن دەکات .. پەندێکی کوردیشمان هەیە کە دەڵێت :
" بە توڕەیی کار نابێت مەیسەر .... بە قسەی خۆش مار لە کون دێتە دەر "
بۆیە تکامان لە دایکان و باوکان و لە مامۆستاکان هەیە، بە خۆیاندا بچنەوە و، بە شێوەیەکی راست و دروست جگەرگۆشەکانیان گۆش و پەروەردە بکەن، بە نەرم و نیانی و خۆشەویستییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، بە زمانی گوڵ لەگەڵیاندا بدوێن .. چونکە لە منداڵەکانتان گرنگتر و شیرینتر و جوانتر نییە .. منداڵەکانتان، بە نرخترین سامان و سەرمایەی خۆتان و گەلەکەمانن .. با دروشمی جوانی پەروەردەییتان ئەمە بێت : " نا بۆ رق و توندوتیژی .. بۆ خۆشەویستی و نەرم و نیانی " .
پاراستنی منداڵان، بەڵگەیە بۆ هۆشاری شارستنی و .. بۆ پەروەردەیەکی پێشکەوتووی هاوچەرخ .. بۆ جێبەجێکردنی مافە رەواکانی منداڵان .. بۆ داهاتوویەکی باشتر و گەشتر .. منداڵانی ئەمڕۆمان هیوای داهاتوومانن .. کۆڵەکەکانی بەیانینمان .. پێشکەوتنی کورد و کوردستان بەندن بە رادەی پەروەردەکردن و رێنمایی کردنی دروستی کوردیلەکانمان .
لە کوێدا توندوتیژی دژی منداڵان دەکرێ ؟
١ـ توندوتیژیی خێزانی ( لە ماڵەوە ) :
خێزان باوەشی دڵنیایی هەموو ئەندامەکانی خێزانە، بە بچووک و گەورەوە، بە کچ و کوڕەوە، چونکە خێزان بۆ رۆڵەکانی ئاسوودەیی و دڵنیایی و پاراستن و بەخێوکردن و چاودێری دابین دەکات .. ماڵ پەنایەکی خۆش و فراونە، بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی ئەو گرفت و کیشانەی دێنە رێی منداڵان .. ئەرکی دایکان و باوکانە، کە پێویستییەکانی منداڵەکانیان دابین بکەن و، بە جوانی و بە دروستی گۆش و پەروەردەیان بکەن .. تا بە جوانی گەشە بکەن و بێنە بەرهەم .. لە رووی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵاتی و رۆشنبیرییەوە پێیان بگەیەنن، تا بە بڕوای تەواویان بەخۆیان هەبێت و بە گەشبینییەوە رووبەڕووی ژیان و داهاتوویان ببنەوە .. کەواتە خێزان بەرپرسێتی و رۆڵی سەرەکیی و گەورەیان لە پەروەردەکردن و ئامادەکردنی منداڵدا هەیە .. بەڵام هەندێ لە خێزانەکان رووبەڕووی بەرهەڵستی گەورە بوونەتە، وەکو : توندوتیژیی نێوخێزان، جیابوونەوە و دابڕان و هەڵوەشاندنەوە بوونەی شیرازەی خێزانی، کێشەی هەژاری و نەبوونی، ناکۆکی و نەسازان .. بە پلەی یەکەمیش منداڵان بوونەتە قوربانی و، باچی ئەو هەموو کێشانەی خێزانەکانیان دەدەنەوە .. ناچارن یان ناچار دەکرێن پەرتەوازە ببن و، روو لە شەقام و، لە چارەنووسێکی نادیار بکەن .. ناچاربن، بۆ بژیوی ژیانی خیێزانەکانیان یا خۆیان، پەنا بۆ هەر کارێکی نەخوازرا و نەشیاو و مەترسیدار بەرن .. لە لایەن کەسانی چاوچنۆک و بازرگانانی منداڵانەوە، بە ئاسانی دڵپاکی و سادەیی و ساوێلکەییان دەقۆزنەوە و، رووبەڕووی دەسترێژی و ئەتکردن دەبنەوە .. فێری خواردنەوەی مەی و، جگەرەکێشان و، ماددە هۆشبەرەکان و، سواڵکردن و دزی دەبنەوە .. لەوانەشە بۆ گەوادی و کاری لەشفرۆشی لە رێ دەریان بکەن .. بە بێ نان و بە بێ ئاو، بێ شوێنی پشوودان و حەوانەوە ، بێ سەرپەرشتی و چاودێری و، بێ پاراستن ، ... هتد . هەموو ئەم باروودۆخە نەشیاوانە، کە شایستەی منداڵان نین .. پێشیلکردنی زەقی مافەکانی منداڵانن .. کاریگەرییەکی مەترسیدار و نێگەتیڤیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی خۆیان و گەلەکەیان دەبێت .. هەر خێزانیش بەرپرسیارنین لەم ئەنجامە نەخوازراوە .. بەڵکو بەرپرسێتیی گەورە و، لۆمەیەکی زۆر دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتەکانیان ، رێکخراوە مەدەنییەکان، میدیا و راگەیاندنەکان .. ئەنجامێکی مەترسیداری وەها، لە ئەستۆی هەموومان دایە .. بیانوو و پاساو هێنانەوە و پاکانەکردنیش لە کەس قبووڵ ناکرێت و .. هەموومان بەرپرسیارین و باجی ئەم ئەنجامە نەخوازاراوە دەدەینەوە .. ماددەی (١٩) لە جاڕنامەی مافەکانی منداڵ، بە توندی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە نابێت خێزان، بە خراپی مامەڵە لە گەڵ منداڵەکانیاندا بکەن .. ناشبێت لە نێو خێزاندا پشتگوێیان بخەن .
٢ـ توندوتیژی لە قوتابخانەکاندا :
سەرەڕای ئەوەی کە قوتابخانە دامەزراوەیەکی پەروەردەییە، پێش ئەوەی مەڵبەندي فێرکردن بێت .. بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆش لە زۆربەی قوتابخانەکاندا، توندوتیژی و مامەڵەکردنی نادروست و رەفتاری ناپەسەند، دژی منداڵان کاڵ نەبوونەتەوە .. زۆرن ئەو مامۆستایانەی، دووچاری فشاری دەروونی و گرفتی جیاوازی ژیان بوونەتەوە، ئەم گرفت و کێشانەیان ئابووری بێت، تەندروستی بێت، کۆمەڵایەتی بێت، سیاسی بێت .. ئەم مامۆستایانە زۆر جار داخی خۆیان بە قوتابییەکان هەڵدەرێژن و، بێویژدانانە و بە شێوەیەکی ناڕەوشتی و نامرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ قوتابییەکانیان دەکەن .. لێیان دەدەن، ئازاریان دەدەن، تفیان لێدەکەن، گوێ و قژیان رادەکێشن، فەلاقەیان دەکەن، قسەی ناشیرین و نەشیاویان پێدەڵێن .. بە هەزاران قوتابی بە هۆی مامۆستایانی دڵڕەق و توندوتیژ و نابەڵەد لە بواری پەروەردەدا، وازیان لە قوتابخانە و لە خوێندن هێنا .. ئەم هەڵس وکەوتە ناشیرینانە هەموو مامۆستیان ناگرنەوە، مامۆستای شارەزا و لێهاتووی بواری پەروەردەی دروستی منداڵانمانمان زۆرن، کە شایەنی ئەوپەڕی رێز و شانازین .
بەکارهێنانی توندوتیژی و زەبروزەنگ و سزای جەستەیی و دەروونی، گوزارشتە لە کەسایەتییەکی دۆژمنکاری و رقاوی، پڕ لە نە نوشستی و کەموکوڕی، بەکارهێنانی سزای جەستەیی و دەروونی و قسەیی، بە هەموو جۆرەکانییەوە، گۆزارشتە لە بێتوانایی ئەوکەسەی کە پێی هەڵدەستی، ئەوەش دەگەیەنێت کە توانای ئەوەی نییە بە رێگەیەکی راست بگات بە ئامانجەکانی، بۆیە وای لێدەکات کە داخ و کەموکوڕییەکانی خۆی بە کەسانی تر دەربکات، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نامرۆڤانە مامەڵە بکات .
٤ ـ توندوتیژی لە شەقامدا :
وەکو لە توندوتیژی لە ماڵەوەدا باسمان کرد، لە ئەمڕۆدا، بە ملیۆنان منداڵان، لە هەموو شوێنێکی جیهاندا، شەقام بۆتە شوێنی حەوانەوەیان، لە خۆشەویستی و شادی و لە خۆشییەکانی تافی منداڵییان و، لە فێربوون و یاری و پێکەنین و پەروەردە بێبەشن .. بە کوێرەوەری و هەناسەساردی سەردەنێنەوە، ناو بەرمیلیەکانی پاشماوی خۆراکی ماڵە دەوڵەمەندەکان دەگەڕین بۆ ئەوەی شتێک بدۆزنەوە و بیخۆن .. سەرەڕای ئەوەش لە رێ دەرچوونە و .. دووچاری بەدڕەوشتی و، دوژمنکاری و شەڕانگێزی بوونەتەوە .. ئەمەش پەڵەیەکی قێزەوەنە بە تەوێڵی مرۆڤایەتی و ویژدانی جیهانییەوە .. ئەو پارەیەی لە ساڵێکدا لە شەڕ و کوشتن و کاولکردندا بە فيڕۆ دەچێت .. بەو پارەیە هەموو منداڵان و هەژارانی جیهانی پێ تێر و پۆشتە دەکرێت ..!

٤ـ توندوتیژی لە شوێنی کارکردنی منداڵاندا : وەکو وتمان لەبەر هەژاری و نەبوونی، لە ئەمڕۆدا، نزیکەی (٢٠٠) ملیۆن منداڵ لە هەموو جیهاندا، رۆژانە لە کاری هەمەجۆرەدا کاردەکەن، هەندێ لەو کارانەش قورسن و، لەگەڵ توانا و جەستەی ناسکی منداڵاندا ناگونجێن .. ئەمەو بە کەمترین پارەش کاریان پێدەکەن .. یا لەسەر شەقامەکان و سەنتەرەکاندا شت دەفرۆشن .. ژمارەیەکی زۆری ئەو منداڵە کارکەرانە، رووبەڕووی توندوتیژی و ئازاردانی جەستەیی و دەسترێژی بوونەتەوە .. کارپێکردنی منداڵان، دژی مافەکانی منداڵە .. تا ئەمڕۆش ئاوڕێکی ئەرێنی نەدراوەتەوە بۆ دابین کردنی گوزەرانی هەژاران و منداڵەکانیان .
جۆرەکانی توندوتیژی دژی منداڵان :
زۆر بە کورتی و بە چڕی پۆلێنی بەشێک لە جۆرەکانی توندوتیژی و زەبروزەنگ و خراپەکاری و مامەڵەی نادروست دژی منداڵان دەکەین، گەلێ شێواز و جۆری هەیە :
١ـ توندوتیژی و ئازاردانی جەستەیی :
ئازاردانی جەستەیی، هەموو لێدان و زەبروزەنگێک و، دەستدرێژیەک دەگرێتەوە، کە ئازار بە جەستەی منداڵ بگەیەنێت، بە بەکارهێنانی دەست و قاچ، ددانەکان و سەر، یا هەر هۆیەکی تربێت، وەکو دار و بەرد و قامچی و چەقۆ و ، ... هتد . کە دەبێتە هۆی رووشاندن، زام و بریندارکردن، شکاندن ئەندامانی جەستەی ناسکی منداڵ .. لە شێوەکانی تری ئازاردانی جەستەی منداڵان : داخکردن، نوقورچ لێگرتن، قژ و گوێ راکێشان، بەندکردن، برسی کردن، فەلاقەکردن، گازلێگرتن، زۆر جاری وەهاش بووە سزادانی منداڵ گەیشتۆتە ئەوەی کە بیخنکێنن، یا بیکوژن .
جۆرێکی تر لە ئازاردانی جەستەیی مندڵان، ( خەتەنەکردنی کچان )ە، بەپێی راپۆرتێکی ( یۆنسکۆ ) سەرەڕای پەسەندکردنی کۆمەڵێک یاسای دژ بە خەتنەکردنی کچان، بەڵام نەتوانراوە رێ لەم دیاردە ناپەسەندە زیانبەخشە بگێرێت .. بەداخەوە تا ئەمڕۆش لە چەندین وڵاتدا، لە نیو هۆز و کۆمەڵە دواکەوتووەکاندا، ساڵانە بە هەزاران کچانی منداڵ، دەبنە قوربانی ئەم دیاردە ناشارستانییە .. بڕینی ئەندامێکی هەستیاری مێینەی کچان، لە تەمەنێکی منداڵیدا، رەنگدانەوە و ئاسەوارێکی نێگەتیڤی لەسەر قۆناغەکانی ژیانی کچاندا بەجێ دەهێڵێت .. کاریگەرییەکی خراپی جەستەیی و دەروونی دەبێت .
٢ـ توندوتیژی ( سێکسی ) :
دەسترێژی و، توندوتیژی سێکسی و، زیان گەیاندن بە لەشی کچان، مەترسیدارترین شێوەی توندوتیژی و دەسترێژی و ئازار پێگەیاندنە، کە ئەو منداڵە پاکیزانە، دەبنە قوربانی ئارەزووی سێکسی کەسانێکی گەورەی، دڕندەی ئاژەڵ ئاسایی، ئەمەش چ لە رووی جەستەییەوە، یا دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، شوێنەوارێکی زۆر خراپ و مەترسیدار لەسەر ژیانی منداڵ بەجێ دەهێڵێت، کە بە درێژایی ژیانی پێوەی دەناڵێنێت .. چونکە ئەمە بە ئەتک و بە دەسترێژییەکی رەوشتی و کۆمەڵایەتی و بە سوکایەتی کردن و، بە سنووربەزاندنی رەوشتی و بەها مرۆییەکان دەزانرێت .
مادەی (٣٤) لە جاڕنامەی گەردوونی بۆ مافەکانی منداڵ جەخت لەوە کراوە : " دەوڵەتە لایەندارەکان، بەڵێنی پاراستنی منداڵ دەدەن، لە هەموو توندوتیژییەکی پێشێلکردن و دەستدرێژی کردنە سەر مێیینە "
٣ـ ئازاردانی دەروون و هەست و سۆز :
لێرەدا مەبەست لە زیان پێگەیاندنی دەروونی و کۆمەڵایەتییە، لە رێی دۆژمنایەتی و رق لێبوونەوە، کە ئەمەش جۆرێکە لە هەڕەشە بۆ سەر تەندروستیی منداڵ، کە دەبێتە هۆی دواکەوتن و کەموکوڕی لە کەسایەتی و، تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ کەسانی تردا .. لە شێوەکانی توندوتیژیی هەست و سۆزداری : بێبەشکردنی منداڵە لە خۆشەویستی و سۆزداری، لە لاواندنەوەی، لە پاراستن و چاودێری، بێ بەشکردنی لە ئاسوودەیی و دڵنیایی، بێ بەشکردنی منداڵە لە مافی فێربوون، لە یاری و شادی، لە هەر شێوەیەکی خۆشەویستی و سۆزداری و نازپێدان .
زۆر نازپێدان و زیادەڕۆیی لە چاودێری و ئاگاداريش، بەشێکن لە ئازاردانی دەروونی .
٤ـ پەراوێزکردنی منداڵ :
پەراوێزکردن یا پشتگوێخستنی منداڵان، شێوازێکی هەڵەی رەوشتییە، دەگەڕێتەوە بۆ شکستی و لاوازی و نابەڵەدی خێزان و قوتابخانە لە شێوازی پەروەردەی منداڵدا، بۆ دابین کردنی پێویستییە بایۆلۆژییەکانیان، وەک : ( خۆراک، خواردنەوە، جلوبەرگ، جێی حەوانەوە، تەندروستی ) هەروەها دابین نەکردنی پێویستییە سایکۆلۆژییەکانیان، وەک : ( دڵنیایی و ئاسوودەیی، گوێ نەدان بە تەندروستیی، تێرنەکردنی لە خۆراکی پێویست، گوێ نەدان بە پێداویستییەکانی فێربوونی زانیاری و پەروەردەیی و وەرزشی منداڵ، پەراویزکردنی لەوەی کە وەکو کەسێکی درووستی کۆمەڵایەتی پێ بگات )
٥ـ بە زۆر بەشوودانی کچانی منداڵ :
ژمارەی ئەو کچانەی لە خوار ( ١٨) ساڵانەوەن، کە بەبێ حەز و خواستی خۆیان بە شوویان داون، یا بەزۆر و بە هەڕەشەی کوشتنیان بەشوویان داون، لە جیهاندا زیاتر لە ( ٧٥) ملیۆن کچن .. کە تێیان دا هەیە تەمەنی (٧) ساڵانە .. زۆربەشیان لە باشووری ئاسیا و، لە ئەفریقا و، لە ناوەڕاست و باشووری ئەمریکا دان .. هەژاری یا پیاوسالاری، هۆی کۆمەڵایەتی، هۆکاری گرنگی بە شوودانی کچانی منداڵانن .. بۆ نموونە : ( بەسمە ) منداڵێکی یەمەنییە، تەمەنی (٧) ساڵە لە پیاوێکی یەمەنی مارەیان بڕی و گواستییەوە، کە لە تەمەنی باپیری نەسمە دایە . ئایا ئەمە بە پێچەوانەی هەموو یاساکان و هەموو رەوشتێکەوە نییە ..؟ تەنانەت لە نێو ئاژەڵەکانیشدا شتی وا نییە .
٦ـ بازرگانی کردن بە ڤرۆشتنی منداڵان :
تا ئەمڕۆش، بە نهێنی و بە ئاشکرا، لە هەندێ لە وڵاتانی جیهاندا، لە ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای باشووردا، هەر وەکو سەردەمی کۆیلایەتی، هەروەکو کاڵایەکی بازرگانی بەهۆی هەژارییەوە، خێزانە هەژارەکان منداڵەکانیان دەفرۆشن، بە تایبەتیش کچەکانیان .. بازرگانە چاوچنۆکەکانیش بۆ سوود و مەبەستی خۆیان، بەبێ لێپێچینەوە ئەم منداڵانە بەکاردەهێنن، یان دەیان فرۆشنەوە، یا بۆ کاری ناڕەوا و لەشفرۆشی گەورەیان دەکەن .
٧ـ منداڵ رفانــدن :
دیاردە و تاوانێکی تری ئەم سەردەمەیە لە دژی منداڵان .. بە تایبەتیش لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی ( داعش) و، کەسەنێکی نەفس نزمی بێرەوشت و بێ بەها، لە پێناوی وەرگرتنی پارەدا، منداڵان دەڕفێنن و وەک بارتمەیەک، تا پارەیەکی زۆر لە خێزانەکانیان وەرنەگرن ئازادیان نکەن، جاری واش هەبووە، پارەشیان وەرگرتووە و، منداڵەکەشیان کوشتووە .. لە چەند ساڵی رابردوودا، تا ئەمڕۆش، ئەم تاوانە لە چەند شارێکی عێراقیشدا سەری هەڵداوە .. لە زۆر شوێنی جیهاندا ساڵانە بە هەزاران منداڵ دەبنە قوربانیی ئەم تاوانە قێزەوەنە .
٨ـ بەکارهێنانی منداڵان لە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان :
بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، دڵپاکی ساویلکەیی منداڵانی شەقامیان قۆستوونەتەوە، بە پارە هەڵیان دەخەڵەتێنن و، ماددە هۆشبەرەکانیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر پێدەگوێزنەوە، یا بۆیان دەفرۆشن .. بەشێکی زۆری ئەو منداڵانە خۆشیان ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەکان بوونە . ساڵانەش منداڵێکی زۆر لە جیهاندا لە نێوان ( ١٠ بۆ ١٥) ساڵان، تووشی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان دەبن و، دەکەونە داوی بازرگانە بێویژدانەکانی ماددە هۆشبەرەکان .. ئەمەش بەپێی ماددەکانی مافەکانی منداڵ، تاوانە، دەبێت بە توندی سزای یاسایی ئەو بازرگانانە بدەن، کە منداڵانیان تووش کردوون .
٩ ـ بە کارهێنانی منداڵ بۆ گەوادی و لەشفرۆشی :
ئەمەش تاوانێکی مەترسیدار و ئەنجام خەراپی ترە لە تاوانەکانی دژی منداڵان، گەلی منداڵ لە جیهاندا لە رێ دەرکراون و بە پارە هەڵخەڵەتێنراون، بۆ گەوادی و کاری لەشفرۆشی بەکاریان دەهێنن، بێگومان ئەمەش دژی مافەکانی منداڵانە، تاوانێکی مەترسیدارە و، هەموو یاساکان و داب و نەریتە کۆمەڵایەتی و رەوشتییەکان دژی ئەم تاوانەن .. ژمارەی خەمڵێنراو، زیاتر لە ( ٧٥) ملیۆن کچ و (١٨) ملیۆن کوڕی خوار تەمەنی (١٨) ساڵان، دووچاری گەوادی و لەشفرۆشی بوونە .. ژمارەی ئەو منداڵانەش کە ساڵانە دەچنە بواری لەشفرۆشییەوە، دەگاتە نزیکەی (٢) ملیۆن منداڵ لە جیهاندا .
١٠ـ توندوتیژی هــەژاری :
( غـاندی ) دەڵێت : " هـەژاری خــراپترین شێوەی تونـدوتیژییە " .. هەژاری گرنگترین هۆکاری دەربەدەری و سەرگەردانی و سەرهەڵگرتنە لە جیهاندا .. بەشێکی زۆر لە منداڵان بە هۆی هەژاری و نەبوونییەوە، لە خوێندن بێبەشن، یا وازیان لە خوێندن هێناوە و کەوتوونەتە سەر شەقامەکان .. یا بەهۆی مردنی دایکیان یا باوکیانەوە، بێناز بوونە و، بە ناچاری ماڵیان بە جێهێشتوون .. بوونە بە نێچیرێ ئاسان بۆ بازرگانانی چاوچنۆک و، بێڕەوشتان، هەژاری و دڵپاکییان قۆزتوونەوە و، لە رێ دەریان کردوون .
١١ـ جیابوونەوەی دایک و باوک :
دیاردەی جیابوونەوەی دایک و باوک لە زیادبووندایە، گەلێ هۆکاری هەیە، لەوانەش هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی ، دەروونی .. بەڵام قوربانیی سەرەکی لە جیابوونەوەیان منداڵەکانیان، ئەمان باجی ئەو جیابوونەوەیان دەدەن .. ئەمانن لە خۆشەویستی و لە ناز و سۆزداری بێبەش دەبن، سەرلێشێواو و سەرگەردان دەبن، سوێ و ئازار، ئازاری دەروونیان دەدەن .. لەوانەشە بکەونە ژێر چەپۆک و رقی زڕدایک و زڕباوک .. ئەوسا دەبێت ژیان و گوزەرانی ئەم منداڵە بێتاوانانە چێ بێت و چارەنووسیان بە کوێ بگات ؟
١٢ـ ئازاردانی منداڵ لە سواڵــكرندا :
هەرچەندە هەژاری هۆیەکی سەرەکیی سواڵکردنە و، لە هەموو شوێنێکی جیهاندا سواڵکردن بە شێوەیەک لە شیوەکان هەیە .. بەڵام بەداخەوە لە لای هەندێ نەفس نزم و لات و تەمەڵ و ئیشنەکەر بۆتە پيشەیان .. ئەگینا کورد وتەنی دەبینین سواڵکەری وەها هەن، مل و ملقەوین و توانای کار و کاسبییان هەیە .. لە ئەمڕۆدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و لە کچانی منداڵ و گەورەش هەیە، سواڵ دەکەن، کە هەندێکیان رووبەرووی دەستدرێژی بوونەتەوە .. ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە، بە کارهێنانی منداڵانە لە سواڵکردندا، چەندین جار لەسەر شەقامەکانی شارەکانی کوردستان و عێراق و لەبەردەم مزگەوتەکان و، لەسەر شۆسەی شەقامەکاندا و، شوێنە گشتییەکاندا، ئافرەتی سواڵکەرم بینیوە منداڵێکی ساوا یازیاتریان، بە رووتی و بە پیسی لە بەردەمی خۆیاندا داناون، بۆ ئەوەی سۆز و بەزەیی خەڵکیان پێ رابکێشن، بە گەرما و بە سەرما، ئازاری جەستەیی و دەروونی ئەو منداڵانە دەدەن، تەنانەت ئەوەشم بیست کە هەندێ ژنە سواڵکەر هەن رۆژانە، منداڵ بەکرێ دەگرن بۆ ئەوەی سواڵیان پێوە بکەن .. ئەمەش دیاردەیەکی زەقی توندوتیژی و ئازاردانی منداڵانن .
١٣ـ رۆڵی نێگەتیڤی میدیا و راگەیاندنەکان :
بەشێکی زۆری راگەیاندنەکان بە تایبەتیش تەلەفزیونەکان، زنجیرە درامای توندوتیژی و شەڕ پێشان دەدەن، کە پڕن لە کوشتن و بڕین و خوێن رشتن و، و شمشێربازی و، زەبروزەنگ، لە پێناوی پایە و دەسەڵات و داگیرکردندا .. خۆ ئەگەر لە پێناوی ئازادی و رزگاریشدا بن ئەم دیمەنانە زیان بە منداڵان دەگەیەنن .. لە لایەکی ترەوە بڵاوبوونەوەی پلەیستێشن و سیدی و فیلمی توندوتیژی و سەرکێشی بەبێ سانسۆر .. هەموو ئەم فیلم سیدی و درامایانە زیان بە منداڵان دەگەیەنن و، لە رێ دەریان دەکەن .
داوا لە سەتەلایتەکانی کوردستان دەکەین، کە درمای توندوتیژی و شەڕ پێشان نەدەن .
پێویستە هەموو جۆرەکانی میدیاکان و راگەیاندنەکان ( نووسراو، بینراو، بیستراو ، ئەلیکترۆنییەکان ) رۆڵیان هەبێت لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی بۆ راگرتن و بنڕبنکردنی تاوانەکانی توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان .. ئەمەش لە رێی بەرنامەکانیان و کارە درامییەکانیان و، دیمانە لەگەڵ کەسانی پسپۆر شارەزای ئەم بوارەدا .
١٤ـ قۆستنەوەی پاکیی منداڵان لە لایەن حيزبەکانەوە:
بەداخەوە، کە هەندێ لە حیزبەکان بە شێوەیەکی زەق، لە بانگەشەی حیزبایەتی و لە هەڵبژاردنەکان و، لە خۆپیشاندانەکاندا، یا لە بۆنە حیزبییەکانیاندا .. پاکیی منداڵان دەقۆزنەوە، ئاڵای حیزبەکەیان دەدەنە دەستی منداڵان و، فێری دروشمە سیاسییەکانی حیزبەکانیان دەکەن .. دەیانەوێت بە ئایدۆلۆژیای حیزبەکانیان گۆشیان بکەن .. مزایدە بە دڵپاکیی منداڵانەوە دەکەن .. تا ئێستا چەندین منداڵ لە خۆپيشاندانەکاندا شەهید و بریندار بوون .. نەک هەر لە کوردستاندا بەڵکو لە زۆر شوێنی تری جیهانیشدا .. هەر لە عێراقدا لە بۆنە ئاینییە تایفییەکاندا، منداڵانیش رەشپۆش دەکەن و، لە شیوەن و خۆلێدان و، لە هەی رۆدا، بەشداریان پێدەکەن و، بە ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەوی ئایینی و تایفی گۆش و پەروەردەیان دەکەن .. لە ئایندەدا، ئەم منداڵانە کە گەورە دەبن، هێندەی هاوبەستەبوونیان بۆ ئەو تایفانە و ئەو حیزبانە دەبێت .. نێو هێندە هاوبەستەبوونیان بۆ گەل و نیشتمانەکەیان نابێت .
١٥ـ بەکارهێنانی منداڵان لە شەڕدا :
لە زۆر شوێنی جیهاندا، کە شەڕ و ئاژاوە و بشێوێنییان تێدایە، رێکخراو و گرووپە چەکدارەکان و میلیشیاکان، منداڵان دەخەڵەتێنن یا بەزۆر، مەشقیان پێدەکەن و، چەکیان پێ هەڵدەگرن و، رەوانەی بەرەکانی شەڕیان دەکەن، لەوانەش : لە عێراق، لە سودان، لە ئەفغانستان، لە نەیجیریا، لە یەمەن، لە سۆمال، لە فەلەستین، لە گەلێ شوێنی تردا .. لە ئەمڕۆشدا، جاشە ئیسلامییە رووڕەشە بەکرێگیراوەکانی رێکخراوی ( داعش ) ی تیرۆریست و بێڕەوشت، بێ شەرمانە و بەزۆر، بە قسەی پڕوپوچ و بێبنەما، مێشکی منداڵانی ناوچەکانی ژێردەستیان، بە ئایدۆلۆژیایەکی کۆنەپەرستی و بۆگەن، بە رق و دوژمنکاری و خوێنڕشتن و وێرانکاری و کاری بێڕەوشتی منداڵان گۆش و پەروەردە دەکەن .. بە زۆر چەک و شمشێریان پێهەڵگرتوون و، دەیانێرن بۆ شەڕ، یا بۆ کاری تەقینەوە و خۆکوژی بەکاریان بهێنن .. دەیانەوێت نەوەیەکی پیاوکوژ و خوێنرێژ پێبگەیەنن .. ئەمەش یەکێکە لە کارە قێزەوەن و مەترسیدارەکانی داعشی بێڕەوشت .. ئەم نەوە هەڵخەڵەتاوە ، سەقەت پەروەردە کردووە .. لە ئایندەدا، مەترسییەکی زۆری دەبێت دژی سەقامگیری و ئاشتیی جیهانی .
ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرپرسێتییەکی یاسایی و رەوشتیی لە ئەستۆدایە، بۆ راگرتنی توندوتیژی دژی منداڵان لە شەری چەکداریدا، پێویستە دادپەروەری جێبەجێ بکات و، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکات یا لەگەڵ ئەو کەسانەی کە فەرمانیان پێکردوون، بۆ ئەوەی ئەم پێشلکارییانە ئەنجام بدەن .
١٦ـ کوشتن و گرتن و بەندکردن و ئەشکەنجەدانی منداڵان :
وەکو وتمان بە شێوەیەکی خۆحەزی بێت، یا بە هاندانی گەورەکان بێت، بە هۆی بەشداری کردنی منداڵان، لە خۆپێشاندان و راپەڕینەکاندا، تا ئيستا چەندین منداڵ بە تەقەی پۆلیس و میت و پاسداران و هێزی سوپای دەوڵەتە داگیرکەرەکان کوژراون .. بە هەزاران منداڵ و مێردمنداڵیش گیراون و لە گرتووخانە سامناکەکاندا، زۆر بێ بەزەییانە رۆژانە ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و دەروونیان دەدەن، تا ئيستاش بە سەدان مێردمنداڵی کوردمان بە ناڕەوا و بەبێ تاوان ـ تاوانباران، بوختان و تاوانی بێ بنەمایان بۆ ئەم منداڵانە هەڵبەستوون ـ داگیرکەرانی چەندین م داڵی کوردستانیان کوشت، چەندین مێردمنداڵی کوردیان لە سێدارەدان .. داگیرکەرانی رەگەزپەرستی کوردستان، لە تاوانی توندوتیژی و ئەشکەنجەدان و کوشتنی منداڵانی بێتاوانی کوردمان، ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، پشکی شێریان هەیە .. شایەنی ئەوەن کە داگیرکەرانی کوردستان، ناویان لە تۆماری ـ گیتس ـ تۆماربکرێن .. چونکە تا ئێستا هیچ دەوڵەتێک نەیتوانیوە، ئەم ژمارە پێوانەییەی ئەم وڵاتە داگیرکەرانەی کوردستان، لە ئەشکەنجەدان و کوشتنی منداڵاندا بشکێنێت .. ئەم داگیرکەرانە تا بێت نومرەی پێوانەیی بەرزتر تۆماردەکەن لە کوشتن و گرتن و ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدانی منداڵان و مێردمنداڵی کورد .
١٧ـ منداڵانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان :
بە داخەوە، تا ئەمڕۆش ، لە زۆر شوێنی جیهاندا، ئاوڕێکی پێویست و ئەرێنی و، نەخشەداڕێژراوی توکمە، لە منداڵانی خاوەن پێویستییە تایبەتییەکان نەدراوەتەوە .. بەڵکو لە زۆر شوێنیشدا، هەستیان بری دار دەکەن و،ئازاری دەروونیان دەدەن، بە ناوی ئەو کەم ئەندامییەی جەستەی ناوی دەبن .. خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان ..وەکو : ( نابینایان، کەڕەکان، لاڵەکان، ئەوانەی سەرزمان دەگرن، نەبوونی یا لەدەستدانی ئەندامێکی لەشی، کورتەباڵاکان، بیرکۆڵەکان، یا کەموکوڕییەکی زگماکی ) ئەمانەش نەنگی و شوورەیی نین .. بەڵام شوورەیی بۆ ئەو کەسانەن کە بە کەمتریان دەزانن .. لە نێو ئەم خاوەن پێداویستییە تایبەتییانەدا، کەسایەتیی وا هەڵکەوتوون کە بوونەتە مایەی ڕێز و شانازی لە جیهاندا، بۆ نموونە : (هێلین کیلەر، د . تەها حوسێن، د . کامیل بەسیر، ... بە سەدانی کەش )
لە لێکوڵێنەوە و هەژمارکردنێکی نوێدا، جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە توندوتیژی دژی منداڵان بۆتە دیاردەیەکی جیهانی، ساڵانە زیاتر لە (٤٠) ملیۆن منداڵ لە جیهاندا، رووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی دەبنەوە .. ئەمەش ژمارەیەکی کەم نییە .

پاراستنی منداڵان لە هەموو شێوەکانی توندوتیژی :
منداڵێتی هێمای پاکی و بێتاوانین .. توندوتیژی و دەستدرێژی کردنە سەریان، تاوانن و نابێت چاوپۆشییان لێبکرێت، پێویستە تاوانباران سزای یاسایی پێویستیان بدرێت .
پاراستنی منداڵەکانتان .. پاراستنی ئایندەتانە .. رێزگرتن لە مافەکانی منداڵان .. ئاوێنەیە بۆ کۆمەڵگایەکی دەروون دروست و پێگەیشتوو و هۆشیار و رۆشنبیر و بەڕێز .
پاراستنی منداڵان پێویستییەکی مرۆڤایەتییە، بۆ دڵنیابوون لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەک، دوور لە توندوتیژی و ئەو نێگەتیڤانەی لە ئەنجامی توندوتیژییەوە سەرهەڵدەدەن .
پێویستە لە ئاستی توندوتیژی دژی منداڵان بێدەنگ نەبین .. هەموومان لە پێناوی کۆمەڵگایەکی دوور لە توندوتیژی و شەڕفرۆشتن دژی منداڵان، قسە و هەوڵەکانمان یەکبخەین .. چونکە ئەم منداڵانە، لاوانی سبەینێن، دەبنە کۆڵەکەکانی داهاتوویەکی باشتر و گەشتر .. دەبنە گرنگترین فاکتەری بەرهەمهێنان و پێشکەوتن و داهێنان .
رێکخراوی یۆنسیڤ، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە پێویستە هەموو لایەنەکان، پەیوەستبن بە رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵ و، یاسا مرۆڤایەتییە نێودەوڵەتییەکان دەربارەی مافەکانی مرۆڤ .
توندوتیژی دژی منداڵان بابەتێکی کەم نییە، تا ئێستا زۆری لەسەر وتراوە و زۆریشی لەسەر نووسراوە .. لە ئەمڕۆشدا بۆتە کێشە و خەمێکی گەورەی جیهانی و .. هەوڵی داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی دەدرێت، بۆ رێگرتن و کەمکردنەوەی رێژەی توندوتیژی دژی منداڵان لە جیهاندا .

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.