reza shwaniلەم بەشەدا، بە کورتی باس لەمێژووی ئەدەبی منداڵان لە چەند وڵاتێکی عەرەبی و ، لە عێراقدا دەکەین .. بە کورتیش باس لە چەند نووسەرێکی ئەم بوارە ، لەو وڵاتانەدا دەکەین ، کە شوێن پەنجەیان لە گەشەکردنی ئەدەبی منداڵانی عەرەبدا دیارە .  نزیکەی هەزار و چوار سەد

و پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا ، نیوچە دوورگەی عەرەبی نیشتیمانی رەسەنی عەرەبەکان بوو .. خێڵ و هۆزایەتی و پیاوسالاری و ئینتیما بۆ هۆز بۆ شیخ باڵی بەسەر کۆمەڵگای عەرەبیدا کێشابوو .. لەسەر لەوەڕ و پووش و پەڵاش و ئاو و فراوانکردنی سنوور و دەسەڵاتی خێڵایەتی ، لە شەڕ و کوشتنی بەردەوامی یەکتریدا بوون .. منداڵەکانیشیان بە شمشێربازی و حوشترسواری و بە گوێدێری و دڵسۆزی بۆ شێخ و بۆ هۆز و لانەدان لە داب و نەریتی هۆزایەتی رایانیان دەهێنا ن و .. بە گیان و بە رووحیەتی چاونەترسی و شەڕخوازی و کوشتن و تۆڵەسەندنەوە و داگیرکردن و تاڵانی ، گۆش و پەروەردەیانیان دەکردن .. بوونی منداڵی کچیشیان بە شوورەیی و بە شەرمەزاری دەزانی و ، هەر بە زیندووی زیندەبەچاڵیانیان دەکردن .. ئەم تاوانە قێزەوەنەش تەنها لە نیو عەرەبدا هەبوو ، لە نێو هیچ نەتەوەیەکی تری جیهاندا رووی نەداوە .

بە هاتنی ئایینی ئیسلامیش ، عەرەبەکان لەژێر ناوی ( جهاد ) و ( غنائم الحرب ) دا . واتە حەڵاڵ کردنی ( دەستکەوتەکانی جەنگ ) .. لە دوورگەی عەرەبییەوە ، بە نیازی داگیرکردن و تاڵانی و کوشتنی خەڵکی ، بەرەو چەند وڵاتێک ملیان نا و دەستیان لە هیچ کەسێک نەدەپاراست .. کورد و کوردستانی ئێمەش ، لەوساوە و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ، زیاتر لە هەر وڵات و نەتەوەیەکی تر ، بە دەستی عەرەب و ئیسلامەوە تاوانمان لێکراوە .. بە هەزاران خەڵکی سڤیلی کوردیان کوشت و ، سەروەت و ماڵی کوردیان بە تاڵانی برد و بە حەڵاڵیان دانان ، کوردستانیشیان کاول کرد .. بەڵگە و ئاسەوارەکانی ئەم ستەم و ناهەقیانەش کاڵ نەبوونەتەوە و ، هێشتاش دەستیان لەم تاوان و ناهەقیانە دەرهەق بە ئێمەی کوردی ئازادیخواز هەڵنەگرتووە و .. درێژەی پێ دەدەن .

هەر نەوەی ئەو رەچەڵەکەن ، نەوەی هەڵگرانی ( ذات رسالة خالدة ) ن لە عێراقدا ، لەژێر هێرشەکانی ( ئەنفال ) ی بەدناودا .. پەلاماری باشووری کوردستانیان دا و .. ئەوەی نەکراوە و نەشیاوە ، بە ئێمەی کوردی ئازادیخوازیان کرد .. تا ناقڕگەیان بە خوێنی کورد سوورە .. بە درۆش بانگەشەی ئاشتی و یەکسانی و دادپەروەری و برایەتی دەکەن .. ئەمڕۆش لە رۆژئاوای کوردستاندا ، جاشە ئیسلامییەکانی بەرەی نوسرە و ئیسلامییە ناپاک و بەکرێگیراوەکانی عێراق و وڵاتی شام و، عەرەبە شۆڤێنییەکان ، ژینۆسایدکرنی کوردیان رەوا کردووە ، داگیرکرنی ماڵ و سەروەت و سامان و ئافرەتی کوردیان حەڵاڵ کردووە .. مێزەر لەسەرەکانیان فتوای کورد کوشتن دەدەن و بەبێ شەرمانە هاواردەکەن : ئەوەی کورد بکوژێ و نامووسی کورد بەرێ ، دەچێتە بەهەشتەوە .. دەبینیین بە بەرچاوی وڵاتانی ئیسلام و جیهانەوە ، ئەم دڕندانە لەژێر ئاڵای ( اللە أکبر ) دا ، بە ئەوپەڕی دڕندایەتی و بێ رەوشتییەوە ، پەلاماری منداڵ و ئافرەتی کورد دەدەن .. سەریان دەبڕن و ، بە زیندووی دەیان سووتێنن .. ئەمەیە راستیی پەیامە پیرۆزەکەیان ..! ئەمەیە بڕوا وئامانج و ناخی دڵی کرمێ و بۆگەنیان ..! ئەم تاوانە قێزەوەنانەش نامۆ و تازەنین و ، بەشێکن لە رەشت و لە داب و نەریت و ، لە مێژووی رەشی پڕ لە تاوانی بۆ بەجێماویان .. کورد وتەنیش :

" خوویەکە گرتوویانە بە شیری ، تەرکی ناکەن بە پیری .. " .. تا زیاتر چوکڵ لە رابردوو و لە ئەمڕۆشیان وەربدەین .. زیاتر پیسی و بۆنی بۆگەنیان دەردەچێت .

دێمە سەر باسی بابەتەکەمان ، مێژووی ئەدەبی منداڵانی عەرەب .. بە پێی تۆژینەویەک کە دەربارەی ئەدەبی منداڵانی عەرەب کراوە .. ئەوەی ئاشکرا کردووە ، کە ژمارەی نووسەرانی پسپۆری ئەدەبی منداڵانی عەرەب ، لە ( ١٦٦) نووسەر تێناپەڕێ .. ئەم ژمارەیەش بەرانبەر بە ( بیست و دوو ملیۆن منداڵی عەرەب) ە .

میسر :

لە کۆن و لە ئێستاشدا ، وڵاتی میسر لە بواری ئەدەبی منداڵاندا ، پێشەنگی وڵاتانی عەرەبە .. لە ( بەشی یەکەم ) دا ، بۆ نموونە ئاماژەمان بە سێ چیرۆکی ئەفسانەیی سەردەمی فەرعەونەکان کرد .. لەم باسەدا بۆ قۆناغێکی نوێی میسر دەگەڕێینەوە .

لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ( محەمەد عەلی پاشا : ١٧٦٩ ـ ١٨٦٩) ز ، کە بە :      ( عەزیزی میسر ) و بە ( دامەزرێنەری میسری نوێ ) ناودەبرێت .. شایانی باسیشە محەمەد عەلی پاشا کوردە و خەڵکی شاری ئامەد ( دیاربەکر ) ە . محەمەد عەلی پاشا لە ساڵی ( ١٨٠٥) ەوە تا ( ١٨٤٨) ز ، فەرمانڕەوای میسر بوو .. سەردەمەکەی بە سەردەمی زێڕینی میسر ناودەبرێت .. میسر لە هەموو بوارەکاندا پێشکەوت .

لە بواری ئەدەبی منداڵاندا ، چەند نووسەرێکی باش و بە توانای میسری هەڵکەوتن و ، کۆمەڵێک چیرۆک و شیعریان بۆ منداڵان نووسی ، چەند چیرۆکێکیشیان لە زمانی فەرەنسی و ئینگلیزییەوە ، گۆڕیانە سەر زمانی عەرەبی .. بێگومان ئەدەبی منداڵانی فەرەنسی و ئینگلیزی ، کاریگەرییەکی زۆریان لە سەر ئەم نووسەرانە هەبوو .. ناسراوترین نووسەرەکانیش : روفاعە تەهتاوی ، محەمەد عوسمان جەلال ، محەمەد سەعید عوریان ، محەمەد هەڕاوی ، محمەد عەتیە ئەبراشی ، عەلی فکری ، ئەحمەد شەوقی ، کامیل گەیلانی ، عەبدولتەواب یوسف ، ... چەند نووسەرێکی ناسراوی تر .

( روفاعە تەهتاوی : ١٨٠١ ـ ١٨٧٣) زمانی فەرەنسیی بە باشی دەزانی ، یەکەمین نووسەری میسری بوو ، کە بابەتی منداڵانی لە زمانی فەرەنسییەوە گۆڕی بۆ سەر زمانی عەرەبی .. کۆمەڵێک لە چیرۆکەکانی ( لافۆنتین ) ی گۆڕی بۆ عەرەبی .

( ئەحمەد شەوقی : ١٨٦٨ ـ ١٩٣٢) ز لە شاری ( قاهیرە)ی پایتەختی میسر لەدایک بووە .. شەوقی کە بە ( شای شاعیران ) ناوبراوە .. بە رەچەڵەک کوردە .. باوکی خەڵکی شاری سلێمانی لە باشووری کوردستاندا بوو ، دایکیشی تورک بوو .. ئەحمەد شەوقی بە دەمی خۆی کوردێتی خۆی دەسەلمێنێ و دەڵێ : " سمعت بأذني من أبي وهو قائل : من الکورد أصلي .. جئت في العرب ناشئا ) بە کوردییەکەی : " بە گوێی خۆم گوێم لە باوکم بوو کە وتی : رەسەنم کوردە و ، هاتم و لە ناو عەرەبدا گەورەبووم . "

ئەحمەد شەوقی ، دوای تەواکردنی قوتابخانەی ئامادەیی لە میسر .. بۆ خوێندنی باڵا لەسەر ئەرکی ( تۆفیق خدیوی ) پاشا ، دەنیررێت بۆ پاریس ی پایتەختی فەرەنسا .. بڕوانامەی لە یاسا و ، لە زمانی فەرەنسیدا وەردەگرێت .. هەر لەوێشدا دەست بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی فەرەنسی دەکات .. بە تایبەتیش هۆگری چیرۆکەکانی ( لافۆنتین) بۆ منداڵان دەبێت .. ئەم چیرۆکانە کاریگەریان لەسەر شەوقی هەبوو .. هەر لەسەر بیر و شێوازی چیرۆکەکانی لافۆنتین ، ئەحمەد شەوقی ، کۆمەڵێک چیرۆکەشیعر و سروود و گۆرانی بە زمانی عەرەبی بۆ منداڵان نووسیوە .. ئەو چیرۆکەشیعر و گۆرانییانەی شەوقی تا ئەمڕۆش بایەخیان کاڵ نەبوونەتەوە و ، منداڵان تام و چێژیان لێوەردەگرن .

هەر لەو کاتەشەوە ( ئەحمەد شەوقی بە پێشەنگی ئەدەبی منداڵانی عەرەب ) ناوبراوە . ئەحمەد شەوقی ، چیرۆکە شیعرەکانی بۆ منداڵان بە زمانی ئاژەڵ و باڵندەوە نووسیون ، لە هەندێکیشیاندا رۆڵی مرۆڤیشیان تێدایە .. ئەگەرچی فۆرمی چیرۆکەکانی لە شێوەی نوکتە و پێکەنیندان .. بەڵام لە ناوەڕۆک مەبەستدا رەخنە و تانە و توانج و پەلارن .

ئەحمەد شەوقی ، لە دیوانەکەیدا ، بەشێکی تایبەتیی بۆ منداڵان تەرخان کردووە ، بە ناوی ( دیوانی منداڵان ) کە زیاتر لە ( ٥٥) چیرۆکەشیعر و ( ٢٠) سروود و گۆرانیی بۆ منداڵان لەخۆگرتووە .. ئەمانە ناوی هەندێ لە چیرۆکەشیعر و هۆنراوەکانی شەوقین بۆ منداڵان : ( رێوی و کەڵەشێر ، راوکەر و چۆلەکە ، عەلەشیش ، مریشکی خۆماڵی ، پشیلەکەم ، شێر و بۆق ، رێویی ناو بەلەمەکە ، نیشتمان ، دایکم ، نەنکم ، کەشتی و ئاژەڵەکان ، قوتابخانە ، بەزەیی بە ئاژەڵ ، کۆتر ، خۆشەویستیی نیشتمان ، ... هتد . ) ئەحمەد شەوقی ، چیرۆکەشیعری ( رێوی و کەڵەشێر ) ی لە لافۆنتین ەوە وەرگرتووە . شاعیری گەورەی کوردیشمان ( پیـرەمـێرد )ی نەمر ئەم چیرۆکەشیعرەی گۆڕيوە بۆ سەر زمانی کوردی و زۆر بە جوانی و ناسکی بۆ منداڵانی کوردی هۆنیوەتەوە :

رۆژێ مام رێوی ئـەهات

دەم بە ویرد و سەڵەوات

دوایی ئەیگوت بە ئـاواز

لەعنەتی خـوا لە فێــڵباز

هتد ...

ێەحمەد شەوقی ، لە پێشەکی دیوانەکەیدا ( دیوانی شەوقیات ) دا ، دەڵێ : " لەسەر شێوازی لافۆنتین ، بیری خۆم لە نووسینی چیرۆکەشیعرەکانمدا تاقیکردۆتەوە .. هەرکە دوو یا سێ دێڕم لێدەنووسین ، دەچوومە لای کۆمەڵە منداڵێکی میسری و هەندێ لە نووسینەکانم بۆیان دەخوێندەوە .. یەکسەر لێیان تێدەگەیشتن و پێیان خۆش بوو .. زۆربەیان دەیهێنانە پێکەنین .. ئەمەش مژدەیەکی باش بوو بۆ من ... "

ئەحمەد شەوقی ، شاعیریکی نیشتمانی بوو ، لەگەڵ ئینگلیزەکاندا ناکۆک دەبێت .. لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا لە ساڵی ( ١٩١٤) دا ، لە میسر دووری دەخەنەوە و ، بۆ شاری ( بەرشلۆنە) ی( ئیسپانیا ) ی دەنێرن ، بەڵام دووری زیاتر هەست و سۆزی نیشتمانی شەوقی دەخروشێنی .. تا لە ساڵی (١٩٢٠) دا ، دەیگەڕێننەوە بۆ میسر .

کەڵەشاعیر ئەحمەد شەوقی ، لە ( ١٣/ ١٢ / ١٩٣٢) لە قاهیرەدا کۆچی دوایی کرد .

وەکو رێزلێنانێک بۆ پایەبەرزی ئەحمەد شەوقی ، لەسەر بڕیاری حکومەتی ئیتالیا ، لە ساڵی (١٩٦٢) دا ، لە بەناوبانگترین باخچەی رۆمای پایتەختدا ( فیلا بـۆرگیزی ) پەیکەرێکی شیاوی ئەحمەد شەوقیان داناوە .

ماڵەکەشی لە قاهیرەدا ، کراوە بە مۆزەخانە ( مۆزەخانەی ئەحمەد شەوقی ) کە زیاتر لە ( ٧٥٠ ) دەسنووس و رەشنووسی خۆی تێدایە .. لەگەڵ هەموو کتێبەکانی و وێنە و تابلۆکانی .. ئەو خەڵات و میدالییانەی پێشکەشیان کردووە .. بڕوانامە رێزلێنراوەکانی .

( کامیل گەیلانی : ١٨٩٧ـ ١٩٥٩) نووسەرێکی بەناوبانگی میسری بوو ، پسپۆر بوو لە بواری نووسینی چیرۆک و پەخشان و شانۆگەری بۆ منداڵانی عەرەب ، بە پێشەنگی چیرۆکنووسانی عەرەب لەم بوارەدا ناسراوە .. گەیلانی ، بە باشی زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی دەزانی .. بڕوانامەی( لیسانس )ی لە زمانی ئینگلیزیدا وەرگرت .

کامیل گەیلانی ، لە ساڵی ( ١٩٢٧) ەوە ، بایەخی بە هونەری ئەدەبی منداڵان دا ، دەستی بە ( نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان ) کرد .. هەر لەم ساڵەدا ، یەکەمین چیرۆکی لەژێر ناوی ( سیندبادی دەریایی ) دا نووسی و چاپیکرد و بڵاویکردەوە .. لە چیرۆکە بڵاوبووەکانی تری : ( چراکەی عەلائەددین ، نوکتەکانی مەلا نەسرەددین ، شەهرەزاد ، هەزار و یەک شەو ، ... هتد . ) .. چیرۆکی ( رۆبنسون کروزۆ ) شی لە زمانی ئینگلیزییەوە گوڕیوێتیە سەر زمانی عەرەبی .

کامیل گەیلانی ، یەکەمن کەس بوو لە میسردا ، کە کتێبخانەیەکی تایبەتیی بۆ منداڵان دامەزراند .. یەکەمین نووسەریش بوو ، لە رادیۆی
قاهیردا ، بابەتی منداڵانی پێشکەش بە منداڵان دەکرد .

کامیل گەیلانی ، شیوازی داڕشتنی لە نووسینی چیرۆک بۆ منداڵاندا ، ساکار و سووک و ئاسان بوو .. چیرۆکەکانی بە زۆری ، بە ناوی ئاژەڵ و باڵندە و رووەک و شتی بێ گیانەوە دەنووسین .. ئامانجیشی لە چیرۆکەکانیدا ، خۆشەویستکردنی خوێندنەوە و ، بەهێزکردنی سۆز و ، گەشەکردنی بیر و ئەندێشە و بەهرە و ئارەزووەکانی منداڵان بوو .. بێجگە لە چیرۆک ، گەیلانی کۆمەڵێک هۆنراوەی ناسکیشی بۆ منداڵان نووسیوە .

کامیل گەیلانی ، سەرجەم ( ٢٥٠) چیرۆک و شانۆگەریی بۆ منداڵان نووسیوە .. کە بەشێکیانی لە زمانی ئینگلیزی و فەرەنسییەوە گۆڕیون بۆ سەر زمان عەرەبی .. تێکراش ( ١٥٠) کتێبی بۆ منداڵان نووسیوە و چاپیکردوون .. بەشیکی زۆری چیرۆکەکانی گۆڕیویانن بۆ سەر زمانەکانی تری جیهان .

( عەبدولتەواب یوسف : ١٩٢٨) ، نووسەرێکی بە توانا و ناسراوی میسرییە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا .. لە ساڵی ( ١٩٧٥) ەوە تا ئەمڕۆش .. عەبدولتەواب یوسف هێشتا بەردەوامە لەم ئەرک و خزمەتە پیرۆز و هەستیارەدا .. هەروەهاش چەند بەرنامەیەکی لە رادیۆ و لە تەلەفزیۆنەکانی میسر بۆ منداڵان ئامادە دەکرد .

عەبدولتەواب یوسف ، خاوەنی نومرەیەکی پێوانەییە ، لە نووسینی کتێب بۆ منداڵان ، تا ئەمڕۆ ( ٥٩٥) کتێبی بابەت هەمەڕەنگەی بۆ منداڵان نووسیوە و چاپی کردوون .. بێجگە لە بابەتی منداڵان (٤٠) کتێبیی بابەت هەمەڕەنگەشی بۆ گەورەکان نووسیوە .

سـوریا :

( زەکەریا تامر : ١٩٣١) چیرۆکنووسێکی بەناوبانگ و رۆژنامەنووسێکی ناسراوی سورییە ، هەڵکەوتوویەکی بواری ئەدەبی منداڵانە ، تا ئەمڕۆ چەندین چیرۆکی کورت و درێژی بۆ منداڵان نووسیوە ، ئەمانە ناوی هەندێ لە چیرۆکە چاپکراوەکانین ، کە بۆ مـنداڵانی نووسیون : یەکەمـین چــیرۆکی ( حیلەی ئەسپە سپییەکە ـ چەند چیرۆکێکە ـ لە ساڵی ١٩٦٠دا نووسیوێتی ) ، ( گوڵەکە بە پەڕەسێلکەکەی گوت ـ هەژدە چیرۆکن ) ، ( سـی و حـەوت چیرۆک بۆ منداڵان ) ، ( بۆ رووبارەکە بێ دەنگ بوو ـ پەنجا و سێ چیرۆکن ) ، ( كوللـە لە شارەکەدا ـ کۆمەڵە کورتە چیرۆکێکن بۆ منـداڵان ) ، ( هـەورە تریشقە ) ، ( مـاڵ ) ، ( وڵاتـی کەروێشـکەکان ) ، ... هـتد ) .. زەکەریا تامر تا ئێستا سەرجەم نزیکەی ( ١٠٠) چیرۆکی بۆ منداڵان نووسیوە .. بەشێک لە چیرۆکەکانی گۆڕیویانەتە سەر زمانەکانی : فەرەنسی ، ئینگلیزی ، ئەڵمانی ، ئیسپانی ، رووسی ، ئیتالی ، بولگاری.. چەند چیرۆکێکیشی گووڕاونەتە سەر زمانی کوردیمان ..      زەکەریا تامر سەرنووسەر و ئامادەکەری دوو گۆڤاری منداڵان بوو ، گۆڤاری( رافع ) و ( أسامە) .. لە چەندین گۆڤار و رۆژنامەشدا لە سوریا و لە وڵاتانی عەرەبدا ، ئامادەکەر و سەرنووسەری لاپەڕەی منداڵان بووە .. زەکەریا تامر، كورتەچیرۆکنووسێکی بە توانا گەورەکانە .. رەخنەگرێکی بوێر بوو ، زۆربەی چیرۆکەکانی رەخنە و توانج و پەلارن .

زەکەریا تامر ، لە ساڵی ( ١٩٨١) ەوە ، لە شاری ( لەندەن ) لە ( بەریتانیا ) دەژی .. تا ئێستا چەندین خەڵاتی رێزلێنانانیان پێ بەخشیوە .

( ئەحمەد ئیسماعیل ئیسماعیل ) لە ساڵی ( ١٩٦١) لە شاری ( قاميشلو ) لە رۆژئاوای کوردستان لە دایک بووە .. چیرۆکنووس و شانۆنووس و نووسەرێکی بە توانای بابەت هەمەڕەنگەیە .. چەندین لێکۆڵینەوە و وتار و باس و بابەتی لە گۆڤار و لە رۆژنامە عەرەبییەکان و لە کوردییەکاندا ، بە زمانی عەرەبی دەربارەی دۆزی کورد نووسیوە . ئەحمەد ئیسماعیل مامۆستایە و ، لە بواری پەروەردەدا کاردەکات .

ئەحمەد ئیسماعیل ئیسماعیل ، چیرۆکنووس و شانۆنووسێکی بەناوبانگە .. کورد و کوردستان پەروەرێکی ناسراوە .. نووسەرێکی بەناوبانگە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا ، بە تایبەتیش لە نووسینی شانۆگەریدا .. تا ئێستا چەندین شانۆگەریی بۆ منداڵان ، بە زمانه عەرەبی نووسیوە .. لە چەند کۆڕ و سیمینارێکی نێودەوڵەتیدا دەربارەی شانۆی منداڵان بەشداری کردووە و .. چەند خەڵاتێکی رێزلێنانی نێودەوڵەتی وەرگرتووە . ئەمانە ناوی چەند شانۆگەرییەکین کە بۆ منداڵانی نووسیون : ( کێڵگە سەختەکە ، قازی محەمەد ، بەدلیسی ، داوڵ ، شوورە ، تۆبەی رێوی ، باڵندەیەکی دانا ، ئەو رێوییەی فێڵی لە خۆی کرد ، ... هتد ) .

ئەمانەش ناوی چەند نووسەرێکی تری سوورین ، کە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا ( شیعر ، چیرۆک ، شانۆگەری ) دا ، بەرهەمی چاپکراوی بەسوودیان هەیە بۆ منداڵان :

( سلێمان ئەلعیسا ، نزار نەجاڕ ، عائیشە رەماش ، د. عەلی حەداد ، لینا گەیلانی ، حەنان دەروێش ، ماجدۆلین ئەلروفاعی ، سەلیم بەرەکات ، د.تاریق ئەلبەکری ، سەناء ئەلعەتار ، رەزا سافی ، نەسرەت سەعید ، عەبدولکەریم حەیدەری ، ... هتد )

لە کورتە باسێکی وادا ، ناتوانین باس لە ئەدەبی منداڵان لە هەموو وڵاتانی عەرەبدا بکەین و .. باسی یەک بە یەکی نووسەرە ناسراوەکانی ئەم بوارە بکەین .

عێـراق :

لە سەرەتادا پێویستە ئەوە بڵێم ، ئەگەرچی ئەمڕۆ لە رووی سیاسییەوە ، باشووری کوردستان بەشێکە لە حکومەتی عێراق .. بەڵام خاکی با شووری کوردستان بەشێک نییە لە عێراق ، کورد و عەرەبیش دوو نەتەوەی جیاوازن و .. هەریەکەیان خاوەنی مێژوو و داب و نەریت و خەسڵەتی تایبەتمەندیی خۆیانن .. باشووری کوردستانیش بە زۆر و بە غەدرێکی مێژوویی ناڕەوا لکێنراوە بە دەوڵەتی عێراقەوە .. بۆیە من لێرەدا تەنها باس لە مێژووی ئەدەبی منداڵانی عەرەب ، لە باشوور و لە ناوەڕاستی عێراقدا دەکەم .. کە بە زۆری عەرەبنشینن .. ئەگەرچیش زیاتر لە ملیۆنک کوردی فەیلیمان لە شاری بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا دەژین .

ئەدەبی منداڵان لە عێراقدا ، لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوودا سەری هەڵدا .. کۆمەڵێک لە شاعیرە گەورە و بەناوبانگەکانی عێراق ، سوودیان لە شیعرەکانی ئەحمەد شەوقی بۆ منداڵان وەرگرت .. لەو شاعیرە ناسراوە عێراقییانەش ، کە بناغەی ئەدەبی منداڵانیان لە عێراقدا دانا و ، شوێن پەنجەیان دیارە :

( مەعروف رەسافی ، جەمیل سدقی زەهاوی ، مستەفا جەواد ، محەمەد رەزا شبێبی ، عەبدولموحسین کازمی ، ... هتد ) .. مەعروف رەسافی و جەمیل زەهاوی کوردن .

راستییەکی چەسپاوە ، کە پێشەنگی ئەدەبی منداڵان لە عێراقدا مەعروف رەسافی یە .

لە ساڵی ( ١٩٢٣ـ ١٩٥٠) لە عێراقدا ، چەند کۆڤارێکی وەرزی بە زمانی عەرەبی بۆ منداڵان دەردەکران .. لەوانە گۆڤاری : ( قوتابی ی عێراقی : ١٩٢٣ز ) ، ( دیدەوانی ی عێراقی ) ، ( قوتابخانە ) ، ( دنیای منــداڵان ) ، ( نەوجــەوانان) ، ( نەوەی نـــوێ ) ، ( دایک و منداڵ ) .. بە زووری بابەتی پەروەردەیی و زانستیان لەخۆگرتبوون . نووسەرانی بیستەکان لە روانگەیەکی نیشتمانییەوە لە منداڵانیان دەڕوانی و ، ئەوەیان لە بەرچاو گرتبوو ، کە منداڵانی ئەمڕۆن دەبنە نەوەی داهاتوو .

( د. جەمیل حەمداوي )   دەڵێ : " لە راستیدا دیارە بەر لە شەستەکان ، ئەدەبی منداڵان لە عێراقدا چالاک نەبوو ، تا لە ساڵانی شەستەکاندا ، گۆڤاری ( مجـلتي ) و رۆژنـامەی ( المزمـار ) دەرکران ، لەم کاتەوە ئەدەبی منداڵان لە عێراقدا ، لە گەشەکردن و لە پێسکەوتندا بووە .. بەڵام بەپێی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری ، ئەدەبی منداڵان لە هەڵکشان و داکشاندا بووە .. "

هەر د. جەمیل حەمداوي ، رەوتی ئەدەبی منداڵان لە عێراقدا ، لە رووی بابەتی و هونەری و جوانییەوە ، بە چەند قۆناغێک دیاری دەکات ، کە ئەم قۆناغانەن : قۆناغی گۆڕین ـ لە زمانەکانی ترەوە ، قۆناغی وەرگرتن ، قۆناغی نووسین و دانان ، قۆناغی تاقیکردنەوە ، قۆناغی داهێنان ، قۆناغی رەسەنایەتی. قۆناغە مێژوویەکانیشی بە سێ قۆناغ دیاری کردووە : قۆناغی سەرهەڵدان ، لە بیستەکانەوە تا کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوو ، قۆناغی پێشکەوتن و گەشەکردن لە حەفتاکانەوە تا نەوەتەکانی سەدەی رابردوو ، قۆناغی پاشەکشێ و پیاچوونەوە ، ئەم قۆناغەش لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمینەوە دەستی پێکراوە .

پێویستە ئاماژەش بەوە بدەین ، کە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بەعسییە شۆڤێنییەکاندا ، منداڵانی عەرەبیان لە عێراقدا ، بە ئایدیۆلۆژییەکی عەرەبیی دەمارگیری ، پەروەردە دە و رێنمایییان دەکردن .. دیارە هۆیەکی سەرەکیی نەهامەتییەکانی ئەمڕۆی عێراق .. ئەنجامی رەنگدانەوەی ئەو پەروەرە سەقەتەیە کە بەعسییەکان پەیڕەوییان دەکرد.

لە بەرواری ( ٢٤ / ١٢/ ١٩٦٩) دا ، یەکەمی ژمارەی گۆڤاری ( مجلتي ـ گۆڤارەکەم ) بۆ منداڵان دەرکرا .. دوای ساڵێکیش لە مانگی دێسەمبەری ( ١٩٧٠) دا ، یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی ( المزمار ـ زوڕنـا ) دەرکرا ، کە دوایی بوو بە گۆڤارێکی هەفتانە . لە ساڵی ( ١٩٧٧) دا ( خانەی رۆشنبیریی منداڵان ) دامەزرا .. لە ساڵی ( ١٩٧٩) دا ، کۆمەڵە چیرۆکێک بۆ منداڵان بە ناوی ( چیرۆکەکانی مجلتي و مزمار ) چاپکرا .

شایانی باسیشە کەڵەهونەرمەندی ( وێنەکێش و کاریکاتێرکێش )ی بەناوبانگی کوردمان ، هونەرمەند ( عەلی مەندەلاوی : ١٩٥٨) بۆ ماوەیەک وێنەکێشی سەرەکیی گۆڤاری مجلتي و مزمار بوو .. هونەرمەند عەلی مەندەلاوی ، وێنەکێشێکی پسپۆری بواری منداڵانە .. تا ئێستا لە کوردستان و لە عێراق و لە چەند وڵاتێکی تردا ، وێنە و دیزایینی بەرگی بۆ چەندین گۆڤار و کتێب بۆ چەندین چیرۆک کێشاوە ، هەروەهاش وێنەی کاریکاتێری چەندین کەسایەتیشی ناسراوی کێشاوە .. عەلی مەندەلاوی ئێستا لە شاری هەولێر دەژی .. هیوای تەندرووستی تەمەندرێژی بۆ دەخوازین .

( مەعـروف رەسـافی : ١٨٧٥ـ ١٩٤٥) کەڵەشاعیرێکی بەناوبانگ و پایەبەرزی عێراقییە .. ناوی تەوای ( مەعروف عەبدولغەنی مەحمود جەباری ) یە .. کوردە و لە هۆزی جەباری یە ، کە هۆزێکی کورستان پەروەی ناسراوی کوردمانە ، لە پارێزگای کەرکوکدا دەژین .. دایکی مەعروف رەسافی تورکمان بوو ، لە تیرەی قەرەغولی یە ، کە دەچنەوە سەر هۆزی ( بەرخی رەش ) بۆ ماوەیەک فەرمانڕەوایی عێراقیان کرە .

مەعروف رەسافی ، لە شاری بەغدا لە دایک بووە ، قۆناغەکانی خوێندنیشی هەر لەم شارەدا تەواوکرد .. مامۆستایەکی بە توانای زمانی عەرەبی بوو ، وانەبێژ بووە لە قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی و خانەی مامۆستایاندا .

زانای مەزنی عێراقی ( مەحمود شوکری ئالوسی ) نازناوی ( الرصافي ) لە مەعـروف عەبدولغەنی دەنێت ، تا لە باشی و ناوبانگدا ، هاوتای ( معروف الکرخي ) بێت .. لەو کاتەوە بە ( معروف الرصـافي ) ناوبراوە و ناسراوە .

مەعروف رەسافی ، دوو جار دەنێررێت بۆ ئەستەمبوڵ .. لە ساڵی ( ١٩٢٠) دا ، بۆ ماوەی ساڵێک دەینێرن بۆ فەلەستین و لە خانەی مامۆستایان لە ( قودس) دا ، وانەی زمانی عەرەبی دەڵێتەوە .. لە ساڵی ( ١٩٢٣) دا ، بە ئەندامی کارگێڕی ( کۆڕی زانیاری زمانی عەرەبی ـ لە دیمەشق ) هەڵی دەبژێن .. ماوەیەکێش لە کۆلێجی شاهانەی عێراقدا ، مامۆستای زمانی عەرەبی بووە .. رەسافی لە ساڵی ( ١٩٠٩) دا سەرنووسەری گۆڤاری ( سبیل الرشاد ) بووە .. دوایی خۆێ گۆڤاری ( الأمـل ) ی دەردەههێنا .. رەسافی چەندین پلە و پایەی پەروەردەیی لە عێرقادا بینیوە .. بۆ دواجار لە ساڵی ( ١٩٢٧) دا ، مامۆستای زمانی عەرەبی بوو لە خانەی باڵای مامۆستایاندا .

تا ئێستا ، چەندین کتێب و وتار و لێکۆڵینەوە ، بە زمانی عەرەبی دەربارەی لێهاتووی مەعروف رەسافی و ، تاوتوێکردن و شیکردنەوەی شیعرەکانی نووسراون .

مەبەستی ئێمەش لەو کورتە تیشکەباسەی سەرەوەدا ، یادهێنانەوە و ، ناسێنی ئەم شاعیرە مەزنەیە ، بە شیعردۆستانی نەوەی ئەمڕۆمان .

مەعروف رەسافی ، دەستپێشکەر و پێشەنگی شاعیرانی عێراقە ، لە بواری نووسینی شیعر و سروود بۆ منداڵان .. دیوانێکی بۆ منداڵان لە ژێر ناوی ( تەواکەری پەروەردە و فێرکردن ) دا چاپکرد ، کە لە دووتوێی ئەم کتێبەدا ، کۆمەڵێک هونراوە و سروودی پەروەردەیی و نیشتمانی بۆ منــــداڵان تێدایە .. بۆ نموونە لەم هـــۆنراوەیەیدا دەڵـێ :   تۆ سەیــری ئــەو دارەکە ـــــ جـوانی ئەو لقانەی کە

کە چـۆن لە تـۆوێــکەوە ـــــ ئەو دارەی لـێکەوتەوە

هتد ...

مەبەستی رەسافی لە هۆنراوەکانیدا بۆ منداڵان ، پەروەردەیی و زانستی و رەوشتی و نیشتمانییە .. خۆشی ماوەیەک لە قوتابخانەی بنەڕەتیدا مامۆستا بوو ، لە زمان و لە خواست و ئارەزووەکانی منداڵان شارەزابوو .

مەعروف رەسافی ، لە ( ١٦ / ٥ / ١٩٤٥) دا ، لە شاری بەغدا ، کۆچی دوایی کرد .. لە گۆڕستانی ( خەیزەران ) دا ، بە خاک سپێردرا .

پەیکەرسازی ناسراوی عێراقی ( ئیسماعـیل فەتـاح تورک : ١٩٣٤ـ ٢٠٠٦) ز ، پەیکەرێکی شایستەی بۆ شاعیری نەمر ئەحمەد شەوقی دروست کرد ، کە لە شەقامی رەشید ، لە ( گۆڕەپـانی ئەمـین ) لە نزیکی پردی شەهیدان لە بەغدا دانراوە .. ئێستاش هەر لەم شوێنەدایە .. ئەگەرچی ئەحمەد شەوقی بە زمانی عەرەبی شیعری هۆنیوەتەوە ، بەڵام بە یەکێک لە ناودارانی گەلی کورد دادەنرێت .

(*) خوێنەرانی دڵسۆز و ئەدەبدۆستی منداڵان ، لە ( بەشی چوارەم ) دا ، بە کورتی باس لە : ( مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد ) دەکەین .

رەزا شوان

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.