reza_shwani.jpgشایەکی بیابان نشین ، هەر لە منداڵییەوە ، زۆر حەزی لە دەنگی باڵندە بوو .. لە باخچە  گەورەکەی کۆشکە قەشەنگەکەیدا ، لە نێو تەلبەند و قەفەزی جوان و نایابدا ، چەندین جۆرە باڵندەی رەنگین و دەنگخۆشی هەبوون .. رۆژانە خۆشترین دان و گیا و سەوزە و میوەی دەدانێ .. خۆشەویسترین و دەنگخۆشترین

باڵندە بەلای شاوە ، جوانی و دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی بوو .. کە لە نێو تەلبەندێکدا ، دیکۆرێکی زۆر جوانی لە شێوەی کوێستان ئاسایی بۆ رازاندبۆوە .. کە بریتی بوو لە شاخ و لە تاڤگە و لە کانی و لە گۆڵزارێکی رەنگین و لە تاشەبەردی جوان .. شا هێندە هۆگری باڵندە ببوو .. رۆژانە هێندە گوێی لە دەنگیان گرتبوو .. تا رادەیەیەکی کەم، لە زمانی باڵندەکانیشی دەزانێ.

شا بەیانیان بە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی لە خەو هەڵدەسا .. دەچووە دیاری و ، گوێی لێ دەگرت .. بەڵام شا زۆر سەری لەوە سووڕمابوو  .. کە کەوەکەی هەموو جارێک لە کۆتایی خوێندنەکەیدا ، دەیگوت : " خۆزگــــەم بە نیشـتمان ... ! "

شا لەبەر خۆیەوە گوتی : " جا کەوەکە لە چیت کەمە ..؟ خۆشترین دان و سەوزە و میوەت دەرخوارد دەدەم .. جوانترین دیکۆرم و دیمەنم بۆ رازاندوویتەوە  .. قاپی ئاو و دانەکەت لە زیو دروست کراون .. شوێن خەوێکی گەرم و نەرمم بۆ داناوێ .. پێم ناڵێی بۆ هەموو جارێک خۆزگەت بە نیشتمانەکەتە و ، هەناسەی قووڵی بۆ هەڵدەکێشیت ..؟ تۆ بڵێی نیشتمانەکەت لەم دیکۆرە و دیمەنە  و .. لەم ناز و نیعمەتە خۆشتر بێت .. ؟!

شا شەوێکیان خەوی بینی .. لە خەوەکەیدا بەیانی بوو .. گوێی لە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی دەگرت .. وەکو جاران گوێی لێبوو کە ، گوتی : " خۆزگــەم بە نیشـــتمان " 

شا چوو دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کردەوە و بەرەڵای کرد .. کەوەکە بەرەو باکـوور هەڵفڕی .. شا لە خوا پاڕایەوە .. کە بیکات بە باڵندەیەک .. داواکەی هاتە دی .. بوو بە باڵندەیەک و هەڵفڕی و قۆناغ بە قۆناغ دوای کەوەکەی کەوت .. دوای فڕینی ماوەیەکی زۆر .. بەیانییەک گەیيشتنە دۆڵێکی کوێستانی کوردسـتان .. پڕ بو لە دارستانی چڕ و ، لە گۆڵزاری گوڵ هەمەڕەنگەی جوان و گەش و بۆنخۆش .. لە کانی و ، لە تاڤگە و ، لە شاخی بەفرین و بەرز .. کە شا هەرگیز شوێن و ، دیمەنی سروشتیی وا جوان و قەشەنگ و رەنگین و دڵگیری نەبینیبوو .. کەوەکە لەسەر کانییەکی ئاو خوڕ و رووندا نیشتەوە .. هەشت نۆ قوم ئاوی خواردەوە .. تێر چینەی کرد .. ئینجا چووە سەر تاشەبەردێکی قوت .. بە دەنگێکی بەرز و زوڵاڵ ، دەستی بە قاسپە قاسپ کرد .. لە کۆتاییدا سێ جاریش لەسەر یەکتری ، گوتی : " ئۆخـەی نیشـتمان .. ئۆخـەی نیشـتمان .. ئۆخـەی نیشـتمان .. کە بەتۆ شادبوومەوە .. " رەوێکی کەو هاتن و ، لە دەوری کەوەکەدا  نیشتنەوە .. دووبارە کەوەکە دەستی بە قاسپە قاسپ کرد .. لە کۆتاییشدا ، گوتی : " ئۆخـــەی .. کە بە کەسوکـــارم شادبوومەوە .. " کەوەکە لەگەڵ کەوەکانی تردا .. دایان لە شەقەی باڵ و بەرە و لوتکە شاخێکی بەرز هەڵفڕین .

شا لەپڕدا بە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی خەبەری بووە و .. گوتی " ئۆخی کە ئەمە خەو بوو بینیم .. " شا چوو یەکسەر دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کردەوە و ، ئازادی کرد .. کەوەکە بەرەو باکوور هەڵفڕی .. ئینجا شا هەموو باڵندەکانی تریشی ئازاد کردن .. چی قەفەز و تەلبەندیشی هەبوو ، هەمووی شکاندن .. هەر ئەو رۆژەش فەرمانێکی دەرکرد .. کە راوکردنی باڵندە و ئاژەڵی کێویی لە وڵاتەکەیدا قەدەغـەکرد .. ئەوەشی راگەیان کە قەفەز و داو و دارلاستیک و تەڵە لای هەرکەسێک بگیرێت سزای دەدات.

منـداڵە جوانکیلەکانی کوردســتان .. مەبەستم لەم چیرۆکەمدا .. ئازادی و .. سۆز و خۆشەویستییە بۆ  کوردسـتانی شیرینمانە .. کە نيشـتمانی پیـرۆزمانە .. کە جوانترین بەهەشتی سەر زەمینە .. بەبێ کوردسـتان ژیانـمان تـاڵە و .. مانـەوەمان مەحـاڵە .

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.