chnar_sehd.jpgدوو هۆكاری سەرەكی هانیان  دام كە ئەو نامەیەتان بۆ بنووسم.  یەكەمیان، هەڵگیرسانی ئەم شەڕەی دوایی گرووپە  تووندڕەوەكانی  بەناو  داعشە  لە ناوچەكانی نەینەوا و ناوەڕاست،

كە پەردەی لەسەر یەكێك لە  شەڕە  دەمامكدراوەكانی  دەوڵەتی  عێراق هەڵ ماڵی، كە ساڵانێكە دەستی پێكردووە . دووەمیان، كاردانەوەی هەندێك وڵاتی بیانی  بەتایبەتی دوا بۆچوونی دەوڵەتی  رووسیا بوو  لەسەر رەوشی ئەمڕۆی عێراق، كە لە میدیاكان تێبینیم كرد،  وێڕای ئەو دۆزەخەی خەڵكی  ئەم وڵاتە تێیدا دەژیێت،  كەچی رایگەیاندووە  كە ( بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دابەشكردنی  دەوڵەتی عێراق  نین ) !!!

لێرەدا  بە سەرسوڕمانەوە رووی پرسیارم ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئەم  وڵاتە و گشت زلهێز و وڵاتانی دیكەی جیهان دەكەم،  ئاخۆ دەوڵەتێك كە وێڕای ئەوەی  تەمەنی دروستبوونی وا  بۆ  سەدەیەك دەچێت، كەچی هەر لە سەرەتای لەدایكبوونییەوە  تا بە ئەمڕۆ دەگات لەناو گێژاوێكی  بەردەوامی شەڕ و ململانێ‌  كانی ( تایفی، مەزهەبی و نەتەوەیی )  تل دەخواتەوە، یەكپارچەیی و سەروەرییەكەی لە كوێدایە ؟! .

ئایا ئێوە ئەو راستییە  دەزانن كە من و زۆربەی ئەوانەیش  كە هاوشێوەی من لە دایكبووی ساڵانی هەفتاكانین،  لەم عێراقەی كە ئێوە پێداگیری لەسەر مانەوەی  بە یەكپارچەیی دەكەن تووشی لەعنەتی ئەوە هاتووین،  كە زۆربەی قۆناخەكانی ژیانی ( منداڵی، گەنجی و كاملَبوون) تەنانەت  وا بڕوات پیریشمان هەر دەبێ‌ لەناو  دڵەڕاوكێی  شەڕ و، نا ئارامی و  بەدبەختی  بەسەر ببەین ؟ ناش زانین بۆچی ؟!

كێ‌ لە رەسمكردنی ئەو چارەنووسە  تاڵەی  ئێمە بەرپرسیارە ؟ تۆ بڵێی بەهۆی ئەوەوە بێت كە ئێمە لە دایكبووی ساڵانی هەفتاكانیین ؟ خۆ ئەوەتا لە دایكبووانی بەر لەئێمە و هەشتا و،  نەوەد و، دوو هەزار و تەنانەت  كۆرپەكانی ئەمڕۆش چارەنووسیان لە هی ئێمە رۆشنتر نەبووە و نییە .   كە بە دڵناییەوە تەنها بەهۆی  ئەوەیە كە ئێمە لە عێراق لەدایكبووین ؟ .

ئەو یەكپارچەییەی  كە ئێوە بانگێشەی بۆ دەكەن و كە لە بنەڕەتدا تەنها وەهمێكە و خۆتان  پێی  فریوداوە، تا ئەو ساتەی كەمن ئەو نامەیەتان بۆ  دەنووسم  لە ڕەشەكووژی و، وێرانكاری و ، تووندوتیژی بە هەموو شێوەكانی و،  بەدبەختی و نەهامەتی  هیچی دی لەگەڵ خۆی بۆ پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە بەدی نەهێناوە . بۆیە بوارم  پێ‌ بدەن تا  بەناوی هەزاران كچ و كوڕ  و منداڵانی شەهید و پێشمەرگە و قوربانییانی  تاوانە نامرۆییەكانی  كۆمەڵكوژی و كیمیابارانی كوردستان  داوای ئەوەتان  لێبكەم كە  وەك وڵاتانێك  كە خۆتان بە دایكی سستمی  دیموكراسی و فەرهەنگی  مرۆڤدۆستی و مەدەنیەت دەزانن، چیدی یاری بە چارەنووسی پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە مەكەن، لێگەڕێن با پێویستی مانەوە  یا نەمانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی و حەقیقەتی كۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسی پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە، نەخشەی راستەقینەی داهاتووی ئەم عێراقە دابڕێژێتەوە،  نەك ویست و بەرژەوەندییەكانی ئێوە.

دڵنیاش بن لەوەی  كە  ئەگەر تا دوێنێ‌ و  ئەمڕۆ بە هۆی ئەو یەكپارچەییەی كە لە 1921 وە بە زۆر بەسەر عێراقدا  فەرزتان كردووە، بووین بە فرۆشیارێكی سەخاوەتمەندی نەوت و بازاڕێكی گەرم وگوڕ بۆ ساخكردنەوەی چەك و تەقەمەنی كۆمپانیاكانتان، كە لە ئاكامیدا  بە هەزاران ژن و منداڵ و گەنج و پیری ئەم وڵاتە بوونەتە قوربانی، لە دۆخێكی پێچەوانەشدا دەبینەوە دۆست و  بازاڕێكی بە هەڕمێن بۆ ساخكردنەوەی كالاكانتان.  بەڵام ئەوجارەیان نەك  بۆ  ئەو كاڵا و كەلوپەلانەی كە وڵات وێران دەكات و مرۆڤی پێ‌ لەناو دەبرێت، بەڵكو بۆ هەموو ئەو كەرستانەی كە خزمەت بە ئاوەدانی  و بوونیادنانەوەی مرۆڤەكانی ئەم ناوچەیە بكات .

*وەزیری پێشووی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد