hawar_bazian.jpgتەنیا چەند مانگێك لەمەوبەر بوو كە بێ هیواییەكی زۆر باڵی بەسەر كورددا كێشابوو لەوەی چۆن و كەی شەڕەدندوكی ناوەخۆی كوردان بەتایبەت پێشمەرگە لە باشوور و گریلا لە باكور و رۆژئاوا تەواو دەبێ.

ساڵانێكی زۆر بوو كوردی رۆژهەڵات كە پەڕیوەی باشوور بووە چاوی لە دەرفەتێك بوو تا بە كردەوەش بیسەلمێنی "هەموومان سەربازی كوردستان و حكوومەتی كوردیین". هاتنی داعش هەرچەندە پڕ بوو لە كارەسات و كردەی نامرۆیی، بەڵام هۆیەكی باش بوو تا كورد تامی یەكبوون و یەكگرتن بچێژێ. لەبیرمان نەچێ كە لە بەردەوامیی رووداوەكاندا و هاتنەئارای گۆڕانكاریی نوێ لە هێز و وێنەی سیاسی، مەترسییەكی ناوەخۆییی كوردان خەریكە هەموو كوردێك نیگەران دەكات.

هیچ گومان لەوەدا نییە و مایەی بەرگریكردن نییە كە چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام /داعش/ بەپێی سەرجەم پێوەرەكانی یاسایی و مرۆیی و ناودەوڵەتی پێناسەی "تیرۆر و تیرۆریزم" لەخۆیان دەگرن، بەڵام ئەو تیرۆر و جینایەتە بەتایبەت دژی كورد ئەزموونێكی نوێی بەكورد بەخشی كە ناكرێ باسیان نەكرێ:

.1 دوژمنی هاوبەش

شەڕی ئاشكرای داعش دژی كورد سەرەتا لە رۆژئاوای كوردستان دەستی پێكرد كە دواتر بە هەندێك چالاكیی تیرۆری وەك هێرشەكەی سەر ئاسایشی گشتی/2013.9.29 هەولێر رووی لە باشووری كوردستانیش كرد و پاش رووداوەكانی مووسڵ داعش وەك دەوڵەتێكی تیرۆریستیی بەهێز راستەوخۆ بووە دوژمنی هاوبەشی كورد لانیكەم لە 2 پارچەی كوردستان. ئەو دوژمنە هاوبەشە پێویستییەكی خستە بەردەم كوردان تا ئەوانیش دۆستایەتییەكی پتەوی هاوبەش ببەستن و كێشەكانی تر بۆ پاش نەهێشتنی دوژمنە گەورەكە هەڵبگرن. بەشێكی زۆری گرینگیی ئەو دۆستایەتییەی كورد لە باشوور و رۆژئاوا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە رووداوەكە هاوكات بوو لەگەڵ ئەو شەڕ و ناكۆكییەی ماوەی ساڵێك بوو بەتایبەت لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان/ PDKعێراق و پارتی یەكێتیی دیموكراتی PYD/سووریا بەگەرمی بەڕێوە دەچوو كە تەنانەت هەندێكجار مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕی ناوەخۆییشی لێدەكرا.

.2 سنووری كوردستان یەكلاكراوە

هەر لە پاش یەكەم دەستووری نوێی عێراقی پاش سەدام حوسێن، كێشەی بەشێك لە خاكی كوردستان كرا بەماددەیەكی دەستووری و خرا بەرنامەی كاری حكوومەتەكانی بەغدا كە پاش 11 ساڵ لە نەمانی دەسەڵاتی پێشووی بەغدا ئەو بابەتە هەر چارەسەر نەكرا، بەڵام لەگەڵ رووداوەكانی مووسڵ و هاتنی داعش بۆ ناو مەیدانەكە، كورد دەرفەتێكی باشی دەستكەوت و بەهۆیەوە زیاتر لە 90%ی ناوچە كوردستانییەكانی بەدەست خستەوە و سنوورەكانی راستەقینەی كوردستان یەكلا و ساخ كردەوە. هەرچەندە ئەو كارە بێ قوربانی و مەترسی نەبووە، بەڵام دەستكەوتەكەی شایانی ئەو ناخۆشییانە بوو كە كورد بەرامبەر داعش بەگشتی بەسەریدا هات، چونكە ئەگەر دەرفەتێكی لەوشێوەی لە ئارادانەبووایە، هیچ دڵنیایییەك نەبوو كە حكوومەتەكانی داهاتووی عێراق لەوانی پێشووتر باشتر بن و بەدەنگ داواكانی كوردەوە بێن، بەتایبەت كە ئەگەر سەیری هەیكەلی سیاسیی بەغدا دەكەی تەواو هەست بەوە دەكرێ ئەو دەسەڵاتانە بەرامبەر كورد بەردەوام لە كشانەوە و پاشەكشەدان بە مافەكانی كورد بوونە.

.3 هەستی نەتەوەییی هەموو كورد بەسەر كرایەوە

كورد پێویستی بەدەرفەتێك بوو تا كۆتایی بەهەندێك گومان بێنێ لەوانەی پێیان وابوو كوردی هەر بەش لە كوردستان سەریان بەپرسی خۆیانەوە خەریكە و هەستێكی پڕ بەهەموو كوردستان بۆ كوردەكان نەماوە. رووداوەكانی دواییی مووسڵ و داعش پێچەوانەی ئەو بۆچوونەیان سەلماند. كاتێك دوورترین كورد لە ئیلام و كرماشان و شار و ناوچەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان كۆمەك و هاوكاریی بۆ دوورترین كوردی ئاوارەی شنگالی كۆ كردەوە و لە رێگەی ئەو هاوكارییە كەم یان زۆرەوە بەهەمووانی راگەیاند كورد هێشتا یەكن. خۆ ئەگەر رووداوەكانی دوایی و پرسی داعش نەبووایە، دەرفەتی ئەوە نەدەبوو تا هێز و كوردەكانی رۆژهەڵات لە باشوور ئەو راستییە بسەلمێنن كە ئەوانیش هەموو كوردستان بەهی خۆیان دەزانن و ئامادەن وەك مهاباد و سنە شەڕی بەرگری بۆ خانەقین و جەلەولا بكەن.

.4 زانینی بەهای كورد لەئاستی نێودەوڵەتی

ئەو رۆژەی داعش بڕیاری دا بەرەی شەڕ لە بەغداوە بەرەو هەولێر بگۆڕی، بەهیچ شێوەیەك پێی وانەبوو لە ئاستی ناودەوڵەتی بەوشێوە فراوان و خێرایە پشتگیریی لێدەكرێ، چونكە پێی وابوو مادام رۆژئاوا پشتی لە بەغدا كردووە ئیتر پێویست ناكات ترسی ئەوەیان هەبێ دیسان رۆژئاوا وێڕای ناڕەزایەتیی ناوەخۆیی خۆی تووشی شەڕ لە عێراق و كوردستان بكاتەوە. پشتگیریی خێرا و راستەوخۆ و بەهێزی سەرۆكی ئەمریكا و فەرمانكردن بەهاوكاریی بەپەلەی كورد و دواتر یەكدەنگیی یەكێتیی ئوروپا لەسەر یارمەتیدانی مرۆیی و سەربازیی كورد و هەروەها دانیشتن و بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دژی داعش و پشتگیریی كورد دەستكەوتێكی گرینگ و گەورەتر لە چاوەڕوانییەكانی داعش و كورد خۆیشی بوو. راستە كە ئەو وڵات و لایەنە ناودەوڵەتییانەش بۆ بەرژەوەندیی ئەمنی و تەناهیی خۆیان و راگرتنی تیرۆر لە یەكەم خاڵی دەستپێك بەوشێوە بەهانای كورد هاتوون، بەڵام هەموومان باشمان لەبیرە كە ساڵی 1990 كورد بەقەبارەیەكی زۆر گەورەتر لە ئێستە بەگشتی تووشی راونان و كوشت و كوشتاری ریژیمی پێشووی عێراق بوونەوە، بەڵام كۆمەڵگەی ناودەوڵەتی وەك ئێستە بۆ هاوكاری و بەهانای كوردەوە نەهاتن. هاتنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئوروپایی و پشتیوانیی كەسایەتییە ئایینی و سیاسی و ناوەندە ناودەوڵەتییەكان وایكرد كورد بەرهەمی ئەو سیستەمە دیموكراسی و دەسەڵاتە 22 ساڵەی خۆی ببینێتەوە و دڵنیا بێت لەوەی ئێستە كورد تەنیا نییە و دەتوانێ چاوی لە ئامانجی گەورەتریش بێ.

.5 نوێبوونەوەی باڵی سەربازیی كورد

كورد لە باشوور تا رادەیەك پشتی بە دەسەڵاتی حكوومی بەستبوو و روانینێكی میری بۆ پرسەكان هەبوو و هەرگیز پێیوا نەبوو لە سەدەی 21ـدا تووشی گەورەترین هێزی تیرۆریستیی جیهان ببێتەوە، دوژمنێك كە ئەمریكا بە دوژمنی ژمارەی یەكی خۆی و مەترسیدارتر لە قاعیدە ناوی دەبات. لەگەڵ ئەوەشدا كورد تا ئێستە باش خۆی لەگەڵ ئەو جەنگەدا گونجاندووە، بەشێوەیەك كە وڵاتانی رۆژئاوا بەڕەسمی و ناڕەسمی سەرەڕای تێبینی بەڵام بەگشتی رەزامەندییان لە شەڕكردنی و جووڵەی مەیدانیی پێشمەرگە دەربڕیوە. لەناوەخۆی كورددا هەست بە كۆمەڵێك لاوازیی كەرتی سەربازی دەكرێ كە بەرپرسانی باڵای هەرێم و لەوانە سەرۆكایەتیی وەزیرانی حكوومەتی هەرێم و پەرلەمان بەڕەسمی ئاماژەیان پێكردووە و كار بۆ چارەسەریی دەكرێ. ئەو دۆخە وایكرد كورد بیر لە خزمەتی سەربازیی ناچاری و دامەزراندنی لەشكەری نیشتمانی بكاتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئاشنایەتییەكی باشی لەگەڵ شەڕ و چەكی نوێدا پەیدا كرد و لە مەیدانێكی دژواردا دیسان خۆی تاقیكردەوە.

ئەنجام:

ئەگەرچی دوژمنە گەورەكەی كورد ئەمڕۆ تیرۆریست و دڕندەیەكە بەناوی "داعش"، بەڵام بەهۆیەوە پێگەیەكی نوێ بە بواری سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسیی كورد بەخشراوە كە لە ئەنجامدا چاو و دڵی كوردانی لە هەموو دنیا بەرەو یەك شوێن بردەوە، ئەویش كوردستان. هاتنە ئارای ئەو دەستكەوتە گرینگە هاوكاتە لەگەڵ هەندێك دەنگۆی مەترسیدار كە باس لە جیاكردنەوەی بەهای پێشمەرگەی باشوور و گریلای باكور و رۆژئاوا دەكەن. پێویستە ئەمڕۆ هەموو هێز و توانای كورد یەكخستنی زیاتری خۆی و تواناكانی بێ و خوێنی ئەو گریلایە بەفیڕۆ نەچێ كە لە باكورەوە هاتبوو و پاش شەڕێكی زۆر لە رۆژئاوا، هەفتەی رابردوو لە سەنگەری هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی باشوور دژی دوژمن گیانی بەختی یەك نیشتمان كرد.

سەرچاوەكان:

http://rudaw.net/sorani/Al25instan/14082014

http://www.awene.com/article/2014/08/15/34924

http://www.nrttv.com/all-details.aspx?jimare=61543

http://sharpress.net/Direje.aspx?Jimare=7173

http://www.chatrpress.com/Drejey-hawal.aspx?id=6712&LinkID=1#.U_n67fkhCSo

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد