hawar_bazian.jpgچالاكییە چەكدارییەكانی یەك مانگی رابردووی دژی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی لەناو رۆژهەڵاتی كوردستان و گەیاندنی چەند زیانێك و هەروەها شەهیدبوونی پێشمەرگەیەك لە چوارچێوەی جەولەی

"پارێزەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان" كە تا ئێستەش بەردەوامە، دیسان ئەو پرسەی خستەوە بەرباس كە سەرهەڵدانی كاری چەكداری لە ناوەخۆی ئێران بۆ كورد شتێكی مەحاڵ نییە و ئەزموونی هێزی چەك لە گۆڕانكارییەكانی دەوروبەر و دۆخی دوژمن و ناوچەكە هانی كوردی ئەو پارچەیەش دەدات باشتر و كاریگەرتر بیر لە نوێكردنەوەی خەباتی چەكداری بكاتەوە. لەو نێوەندەدا هەندێك چاوەڕوانی لە كورد بەگشتی دەكرێ:
1. لە ناوەخۆی رۆژهەڵات
كوردانی ناوەخۆی  وڵات ئەگەر هەندێك بەباشی بیر بكەنەوە و بەراوردێكی باری سیاسیی خۆیان و بەشەكانی تری كوردستان بكەن، پێویستە هاوكاریی هەرجۆرە كردەیەكی دژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بكەن كە نێزیكەی 35 ساڵە رێگەی نەداوە كورد بی و هەست بە كوردبوونی خۆت بكەی. لە رۆژهەڵات كە كانگای سیاسەتی سەردەمیانەی كوردە و ئاڵای كۆماری تێدا هەڵكراوە، رۆژانە كورد لە زیندان دەكرێن و وەڵامی بچووكترین مافەكانی ئەو نەتەوەیە بە گرتن و ئازار و سێدارە وەڵام دەدرێتەوە، بۆیە ئەركی كوردانی ئەو پارچەیە پێشكێشكردنی هەموو جۆرە هاوكارییەكی پێویستە بۆ ئەوانەی وەك هێزەكانی پارێزەری كورد لەناوەخۆی وڵات لە جووڵەدان و ناسراون. كاتێك كەسێك یان پێشمەرگەیەك رێگەی ناوەخۆ دەگرێتەبەر، گەورەترین دڵخۆشی و گەورەترین نیگەرانییەكەی لە خەڵك و ئەوانەیە كە لەو گەشتەدا تووشی دەبێ. لەلایەكەوە دڵخۆشە بەوەی دەستی بە جەماوەر و جەرگەی خەڵكی خۆی دەگا و دەتوانێ پەیامی خۆی بگەیەنێ و هاوكات نیگەرانیشە لەوەی كوردێك كە پشتی پێ بەستووە دەستی تێكەڵی دوژمن بكا یان كردبێ. لە ئێستەدا كە كورد لە هەموو بەشەكانی تر بۆ ئازادی و سەربەرزیی خۆی رۆژانە خوێن و قوربانی دەدا، پێویستە كوردی رۆژهەڵاتیش هەوڵی خۆی بەگەڕ بخا. هاوكاریكردنی جووڵەكانی دژی كۆماری ئیسلامی دەكرێ كەم بەڵام تەندروست بن. بۆ نموونە هێزی پێشمەرگە چاوەڕێ نییە لە گوندێك خەڵك فیشەك  چەك و تەقەمەنی بۆ ئامادە بكا یان كاری هەواڵگریی مەترسیداری بۆ بكا، بەڵام كەمترین چاوەڕوانی ئەوەیە خەڵك وەك فریادڕەسێك سەیری هێزی پارێزەر بكا و خۆی لەوان بزانێ نەك دوژمن. خەڵك پێیوانەبێ تەقەیەكی بێسوود لە چیایەكی دوورەدەست جگە لە سەرئێشە هیچ مانایەكی تری نابێ، بەڵكوو پێویستە دڵنیا بن لەوەی شەڕی رزگاریی گەورەترین نەتەوە و وڵاتی دنیا هەر بە یەك جووڵە دەستی پێكردووە و دواتر پشتگیریی خەڵكی تێكەڵ بووە و گەیشتووەتە لووتكەی ئامانجەكانی كە هەمان رزگارییە. لەباری دەروونییەوە پێویستە خەڵك بەپێی توانا كەشێكی ئارام و دوور لە نیگەرانی بڵاو بكەنەوە و ئەو هەوڵەی دوژمن پووچەڵ بكەنەوە كە بەنیازە لە وەڵامی یەك هێرشی پێشمەرگەدا فەزایەكی پڕ لە گومان و فشار و ترس بڵاو بكاتەوە و هەموو مەبەستەكەی ناهومێدكردنی خەڵكە لە بەرەنگاری.
2. هێز و حزبەكان
حزب و رێكخراوە كوردییەكانی رۆژهەڵات پێویستیان بە هاودەنگییەك هەیە و هیچ پێویست ناكات لە ئێستەدا باس لە دابەشكردنی شەهیدانی ئەو جووڵە نوێیە چەكدارییە بكەن. ئەگەر لە بنكە و بارەگاكانی حزبیدا لەسەر پۆست و دەسەڵات كێشەیەكیش هەبێ یان تا ئێستەش چەند هێز و لایەنی جۆراوجۆر خۆیان بەخاوەنی ئەو جووڵە و قوربانیانی دەزانن، ئەو جووڵە و كاری چەكداری لە ناوەخۆ هیچ جۆرە دوودڵی و كێشەیەك هەڵناگرێ و پێویستە هەموو هێزەكان بە یەكدەنگ بەرگری لە چالاكیی یەكتری بكەن. بۆ باشتركردنی ئەو پرسەش، چاوەڕێ دەكرێ هێزەكان لەناو خۆیاندا بتوانن ژوورێكی كردەگەل (عەمەلیات) یان هەماهەنگییەكی باڵاتر لە پەیوەندیی حزبی نێوان خۆیان دروست بكەن. هێزەكان لە رێگەی توانا تەشكیلاتی و دیپلۆماسیی خۆیان گەشە بەو جووڵە سەربازییە ناوەخۆیییە بدەن و تەنانەت دەستی هاوكاری بۆ دۆست و نێزیكانی سیاسیی خۆیان درێژ بكەن. ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری ئیسلامی لە سەرووی هەموو عورفی خۆیان ئامادەن دژی گرووپی داعش دەستی یارمەتی بۆ یەكتری درێژ بكەن، مافێكی ئاساییی سیاسی و ئەمنیی خۆیانە، مافێك كە كوردیش پێویستە دركی پێ بكا لە دژی دوژمنەكەی خۆی كە رابردووەكەی لەدژی كورد مەترسیدارتر لە داعشە، دەستی هاوكاری بۆ نەیارانی دوژمن درێژ بكا. پێویستە هێزەكان سەرەتا لە ئەنجامدەرانی چالاكییە چەكدارەكان دڵنیا بنەوە و دواتر پشتگیری بكەن و ئەندام و لایەنگرانیان لە سیاسەتی خۆیان ئاگادار بكەنەوە و پێویستیش ناكات ئەو كاروبارانە بگاتە ئاستێكی ئاشكرا و لە ئێستەدا چاوەڕێ ناكرێ لە راگەیاندنە رەسمییەكاندا بە وردەكاری رەنگ بداتەوە.
لەگەڵ پەرەگرتنی ئەو چالاكییانە، بێگومان هێزەكانی كوردی باشوور كە بەڵێنی بێدەنگبوونی كوردانی رۆژهەڵاتیان بە كۆماری ئیسلامی داوە لە جووڵەی ئەو كوردانە بێدەنگ نابن. هاوكات پێویستە بیر لە خۆ دەربازكردن لەو ژێردەستەیییە سیاسییەی حزبەكانی باشووری بكەنەوە و ئەو قەناعەتە دروست بكەن كە ناكرێ تا هەمیشە كوردی رۆژهەڵات خۆی بكاتە قوربانی پارچەیەكی تر و جگە لە كۆماری ئیسلامی ئەوە خۆی دیل و بەردەستەی هێزێكی تری دووەمیش بكا! ئەو كارەی پارتی كرێكاران و پارتی یەكێتیی دیموكراتی نەیانكرد و سەركەوتووش بوون لەوەی سەرەڕای دوژمنی داگیركار، ئەوە خۆیان بكەن بە ژێردەستەی هێزێكی دیكەی كوردیش و رەتیان كردەوە.
3.حكوومەتی هەرێم و حزبەكانی باشووری
بەرپرسانی كوردی لە باشووری كوردستان كە پێكهاتەی سیاسی و ئەمنیەتیی ئەو بەشەی كوردستان لەخۆ دەگرن، باشتر لە هەموو كەس و لایەنێك ئاگاداری ئەو گۆڕانكارییە ریشەیییانەن كە بەسەر ناوچە و دۆخەكەدا هاتووە. ئەگەر پێش رووداوەكانی موسڵ كار بە رێكەوتن و هاوكێشە سیاسییەكانی نێوان كورد و هەریەك لە بەغدا و ئەنكارا و تاران دەكرا، ئێستە كورد لە هەموو بەشەكان بەرۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە هەست بە هێزێكی دەروونی گەورەتر دەكا و پێیوایە رۆژی دانیشتن و دەستەوەستانی نییە. ئەگەر حكوومەت و حزبەكانی باشووری بەمافی كوردی باكوری دەزانن كە بەشداریی چالاكانەیان لە پرسەكاندا هەبێ و رەزامەندە بەوەی قەندیل هەموو هێزی خۆی بەكار بێنێ و دواتر بچێتە ناو گفتوگۆكانی لەگەڵ توركیا، بۆچی ئەو مافە و تەنانەت كەمتریشی بۆ كوردی رۆژهەڵات بە رەوا نابینێ؟ پێویستە حزبەكانی باشووری بەرپرسیارێتیی زیاتر بەرامبەر كوردی رۆژهەڵات وەربگرن و كۆتایی بەو ژێردەستەیییەی خۆیان بەرامبەر ئێران بێنن، بەشێوەیەك كە لەسەر حسێبی مافی سیاسی و نەتەوەییی كوردی ئەو پارچەیە خەریكە تاران و هەولێر درێژە بە مامەڵەیەكی ناڕوای سیاسیی نێوانیان دەدەن كە ساڵانێكە بەردەوامە.
چاوەڕوانی لە كوردانی باشوور و حزب و راگەیاندنەكانی ئەو هێزانە دەكرێ، خۆیان نەناس نەكەن لە كوردی رۆژهەڵاتی كە دوژمنێكی دڕندە و ئایدیۆلۆژیكی وەك كۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەك پیلانگێڕی لەدژی دەكا. خۆ بواردن لەو ئەركە خەلاقی-نەتەوەیییە هیچ جۆرە پاساوێكی سیاسی و ئابووری هەڵناگرێ.
 4. كوردانی دەرەوەی وڵات
هەرجۆرە رووداوێكی گەورەی ناوەخۆیی پێویستی بە هەڵوێستێكی دەرەكی و دەرەوەی كوردستانی هەیە. كوردانی دەرەوەی وڵات كە لە ماوەی رابردوودا لەبارەی باشووری كوردستان و داعش ئەزموونی باشیان لە هەڵوێست و پشتگیریی كوردستان پیشان دا و كاریگەری باشی لێكەوتەوە، پێویستە ئەو ئەركەش لە ئەستۆ بگرن بەوەی دنیای دەرەوە گوێ لە ئازاری كوردی رۆژهەڵات بگرێ و پشتگیری بكەن. سەرخستنی شۆڕشێك بەتایبەت بەرامبەر دوژمنێكی بێ پرەنسیپی وەك كۆماری ئیسلامی پێویستی بە رێكخستن و كۆدەنگی و هەموو جۆرەكانی خەبات هەر لە مەدەنی و چەكداری هەیە. ئەگەر لەناوەخۆ جووڵەیەكی چەكداری دەكرێ، پێویستە كوردانی دەرەوەی وڵات لە نێزیكەوە ئاگاداری رووداوەكانی دواتر بن و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خۆیان بەخاوەنی ئەو كەسانە بزانن كە ئامادەن لە قوڵایی دەسەڵاتی نەیارێكی وەك كۆماری ئیسلامی چالاكی بكەن و تەنانەت گیانیشیان بەخت بكەن. كوردانی دەرەوە ئەگەر لە ئێستەدا ناتوانن دەستبەجێ تێكەڵ بە جەولەی مەیدانیی هێزەكان بن، دەتوانن پەیوەندییان بە رێكخەرانی ئەو چالاكییانە لە هێز و حیزبەكانەوە هەبێ تا بزانن چۆن دەتوانن هاوكار بن. بەشداریكردن لە چالاكییە مەدەنییەكان، كۆكردنەوەی یارمەتی لە چوارچێوەیەكی شەفاف و دیاردا، تێگەیاندنی میدیای رۆژئاوایی لە رووداوەكان، گەشەدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان و پشتگیریكردنی هێزەكانی ناوەخۆ لە ئێستەدا كەمترین ئەرك و هەڵوێستی كوردانی دوورە وڵات دەبێ.
5.راگەیاندنە كوردییەكان و رۆشنبیران
ئەركێكی قورس و گلەیییەكی زۆر دەكەوێتە سەر ئەو بەشە لە پێكهاتەی كورد كە دەتوانن رۆڵێكی باش و كاریگەر ببینین لەوەی گرینگی بە رەنگدانەوەی جووڵەیەكی چەكداری لە رۆژهەڵاتی كوردستان بدەن. كاتێك لە كەناڵێكی راگەیاندن باس لە كردەیەكی هێزەكانی كوردی لە ناوەخۆ دەكرێ و گرینگی پێ دەدرێ، دیارە ئەو هێزە ناوەخۆیییەی كوردستان كە خۆی بۆ قوربانیدان ئامادە كردووە بەشێك لە مەبەستەكەی خۆی پێكاوە و توانای هەبووە دەنگی مافخوازیی بە شوێنێك بگا. لە كاتێكدا لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا میدیای كوردی زۆر كەمتر لە ئاستی پێویست گرینگی بە چالاكیی "پارێزەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان" لە ناوەخۆی وڵات داوە كە ئەگەر هۆیەكی بۆ دۆخی كوردستان و خەریكبوونیان بەپرسی گرینگتری وەك كۆبانی و شنگال و نائارامییەكانی ناوچەكە دەگەڕێتەوە، بەشێكی زۆریشی بۆ بە كەم سەیركردنی جووڵە و چالاكیی كوردانی رۆژهەڵاتی پاش 20 ساڵ بێدەنگی دەگەڕێتەوە. چاوەڕێ دەكرێ میدیای كوردی و نووسەر و رۆشنبیران و حزبەكان ئەو جووڵەیە وەك سەرەتایەك بۆ كوردانی رۆژهەڵاتی بخوێنننەوە و لانیكەم هاوكار بن لەوەی كوردی ئەو بەشە لە كوردستانیش بتوانێ هەناسەیەكی ئازاد بدا.
ئەنجام
چارەنووسی كورد بەیەكەوە بەستراوە و بەهێزبوونی هەر كوردێك لە هەر پارچەیەك، بەهای كوردانی پارچەكەی تر بەرز دەكاتەوە و بەپێچەوانەشەوە هەروەك چۆن ئەگەر كورد لە شنگال شكا، هەموو كورد هەستی بەو خەسارە كرد. لەبارەی رۆژهەڵاتەوە چاوەڕێ لە كوردان بەتایبەت بەشەكانی تری كوردستان و لە ریزی یەكەمدا باشووری كوردستان دەكرێ بەپلەی یەكەم راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پاڵپشتیی بزووتنەوەی چەكداریی كورد لە رۆژهەڵات بن و درك بەو راستییە بكەن كە دوژمنێكی وەك كۆماری ئیسلامی تەنیا لە زمانی چەك تێدەگا. پێویستە كورد دڵخۆش بێ بەوەی تاكە پارچەی تەواو ژێردەستەی رۆژهەڵاتی كوردستانیش وەك بەشەكانی تر بۆ رزگاری جووڵەیەك دەكا و پێویستە هاوپشت بن. لەو رێگەیەشدا ئەگەر كوردێك توانا و ورەی پشتگیریی نییە و ناتوانێ دۆست بێ، كوردی رۆژهەڵات سوپاسی دەكا ئەگەر لانیكەم لەمپەر و دۆستی نەیاری نەبێ!

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.