hassan_hatemi.jpgلە رێکەوتی ١١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤ (١٩ ی رەزبەری ١٣٩٣) ئاغای سەرلەشکر حەسەنی فیرووزئابادی - سەرۆکی ستادی گشتی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران- کوتی:

دەیانهەوێ خەڵکی کۆبانێ فیدا کەن هەتا پردێکی عەرزی نیزامی ئیئتلافی ناتۆ - بەڕێبەری ئەمریکا-، لە سووریە پێک بێ. ئێمە زۆر نیگەرانین و کۆمەڵکوژی بە کارەساتێکی جینایەتکارانە بۆ مرۆڤایەتیی دەزانیین. بەداخەوە هێزە هاوپەیمانەکان بە بۆمبارانی هەڵبژێراو (گزینشی) بوونە هۆی خێرایی چوونە پێشی عەمەلیاتی داعش.

وڵاتی دراوسێ (تورکیە) رێگای لە یارمەتی خەڵکی مەزلوومی کۆبانێ گرتوە. بەرخۆدان بە توندی لە کۆبانێ درێژی هەیە. ئەگەر بە خەڵکی مەزلوومی کۆبانێ یارمەتی بگەیەنرێ، ئەوان دەتوانن داعش لە کۆبانێ دوورکەنەوە.... تەنیا رێی نەجاتی کۆبانێ هاوارکردنیان لە جیهان دایە. - پەیک نێت ٢٠ ی رەزبەر-

کوردەکان دەزانن کە، کۆبانێ ئەمڕۆ بۆتە هێمای بەرخۆدان و هاوپێوەندی کوردان لە جیهان دا. وەزعی کۆبانێ خەمێکی گەورە و زامێکی مەزنی کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی نەتەوەیەکە کە بێ پرسی و ویستی خۆی، ٥٠٠ ساڵە دوو بەشە و پتر لە ٩٠ ساڵە چوار بەش کراوە و بەدرێژایی ئەو ساڵانەش بەردەوام نکوولی لێکراوە و کۆمەڵکوژی لەسەر ئەنجام دراوە و مافی رەوا و ئینسانییەکەی لەژێر پێ نراوە. کۆبانێ بۆتە شوێنێکی جێی خەمی جیهانی و پڕ ئیش و ئازاری ئینسانی. کۆبانێ بۆتە ناسیاویی و ئەوپەڕی بەرزبوونەوەی پێناسەی گەلێکی ماف پێشێل کراوی پتر لە ٤٠ میلیۆنی کورد کە هەتا ٣ ساڵ لەوەپیش، کوردبوون لە کۆبانی و سووریە نەهێ و نکوولی (ئینکار) دەکرا؟!

گرووپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن: کوردەکانی سووریە لە ژێر "جیاوازی سازمان دراو" (تبعیض سازمان یافتە) دان. بە تێپەڕینی ساڵانێک لە گۆڕانی یاسای بنەڕەتی سووریە لە ساڵی١٩٦٠ (١٣٤١) دا، هێشتا وەکوو هاووڵاتی حیسێبیان بۆ ناکرێ. - ماڵپەڕی سەردەمی نوێی ئێران- ئەو ئینکارە لەلایەن رێژیمێکی دژە کوردی وەک سووریە کە لەدوای دەیەی بیستەمی، سەدەی بیستەم لە ئاکامی شەڕی یەکەمی جیهانی و دابەشینی تورکیەی عوسمانی هاتە ئاراوە، ئەنجام دراوە.

گەلی کورد لەو ناوچەیە کە بەهۆی پەیمانی شوومی سایکس- پیکۆ لە ١٩١٦ دا، تووشی ئەو کارەساتە گەورە بوو، زۆرترین زەبری توانەوە (ئاسمیلە) ی لەلایەن رێژیمی ئەسەدەکانی باوک و کوڕ بەرکەوتوە. ئەو دەسەڵاتە سەرەڕۆیە، پتر لە٣٠ ساڵە هاوپەیمانی تەژی لە خوێنڕێژی و دەسەڵاتی بناژۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و - بەواتایەک جمهووری ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهی- یە، کە فیرووزئابادی - یەکێک لە بەرپرسانی هەرە سەرووی ئەو نیزامە سەرەڕۆ دینی یەیە-.

ئەگەر قەرارە ئاغای فیرووزئابادی و رێژیمە کە پتر لە ٤٠ جار مەحکووم کراوەکەی پێشێل کاری مافی مرۆڤ لە کۆڕوکۆمەڵە بەشەر دۆستەکانی جیهانین، خەمخۆری کۆبانێ و دژی جینایەت بن، بۆ چی نیزامییەکانی ژێر دەسەڵاتەکی ئەو ژێنڕاڵە رۆژانە و شەوانە، پێش بە کارسبکارانی هاوڕەگەزی خەڵکی کۆبانێ دەگرن و تەقەیان لێدەکەن و دەیانکوژن و ئەسپ و یەستراکانیشیان گوللە باران دەکەن!؟ بۆ ئەوان ئنسان نیین و ژیان ناوێ و جینایەتیان لەسەر ئەنجام نادرێ!؟ ئەو مرڤانەی لە مێژووی ١٠٠ ساڵەی ئێران دا، لە لایەن دەسەڵاتدارانی تاران، ئیزنی ئیمکانی ژیانێکی ئارام و ئینسانی و کارخوڵقینی کارگەو کارخانەیی، فڕۆکەخانە و رێی ئاسن، بەرهەمهێنانی بەروبۆمی یا حاسڵاتی کشت و کاڵی و ئاژالەداریان پێنەدراوە و زۆرترین و بەردوامترین شەڕ و کۆمەلکوژیان بەرکەوتوە. ئەوان لە بڕی بژیوی کوڵەمەرگی نانە زگی بە هۆی چەکدارانی ژێر فەمانی فیرووزئابادی دەکوژرێن و زیندانی و راوەڕووت دەکرێن.

جێی سەرنج ئەوەیە ئەگەر رێژیمی دژە ئازادی و مرۆڤکوژی بەشار ئەسەد، بڕیارەکانی لە ژنێڤی ٢ی قبوول کردبا؛ داعشێک لەو قەوارەیە و بەو دڵڕەقییە و دژە ئینسانیی ئەوا، لە سووریە بەدی نەدەکرا. ئەو هەموو مەینەتی و کوشتار و ئازارانە و دەربەدەری و وێرانی و ژن و کچ فرۆشی بەرهەم نەدەهات. جگە لەوەش لە داهاتوو دا، ئەو کردوە دژی مرڤانەیە خەڵکانێک تووشی نەخۆشی دروونی جۆراجۆر لەو دەڤەرە دەکا. - ژنێڤی دوو لە ٢٢ی ژانویەی ٢٠١٤ لە سویس بەڕێوە چوو. بڕیار بوو لەو کۆبوونەوەیە دا، نۆێنەرانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە لەگەڵ هەیئەتی دەوڵەتی سووریە، بۆ جێبەجێ کردنی گەڵاڵەی رێگە چارەی ئاشتیانەی قەیرانی نێوخۆی سووریە لە رێگای سیاسییەوە پێک بێن. گەڵاڵەکە لە ژنێڤی یەک بە پەسندی وڵاتە بەهێزەکانی جیهانی گەیشتبوو. - رادیۆ فەڕانسە-. ئەوکات کوژراوەکان لە سووریە ١٠٠ هەزار کەس بوون و ئاوارەکانیش کەمتر لە یەک میلیۆن. بەڵام ئێستا دەوترێ: کوژراوەکان لە ٢٥٠ هەزار کەس تێپەڕیوە و ٢ میلیۆن و نیویش ئاوارە بوون-!!! کۆماری ئیسلامی کە ٣٥ ساڵە دروشم و فەزای شەڕ، زیندان و ئەشکەنجە و تێرۆری چالاکانی سیاسیی و مەدنیی گەلانی بەرایی (مەوجوود) و موخالیفان و کۆمەلکوژی لە ئێران دا، بەرێوەبردوە و ویلایەتی موتڵەقەەی فەقیه- کە لە کردوە دا، وەک "دەوڵەتی ئیسلامی" شیعەیە-، زاڵ کردوە و کۆماری بوونی نیزامەگەی بێنێوەرۆک کردوە؛ گەورترین بەستێنی بۆ گرووپە توندئاژۆکانی ئیسلامی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوڕاست و بەشێکی زۆر لە ئاسیا و ئافریقا دروست کردوە.

ئاغای فیروزئابادی! تۆ، قاسم سولەیمانی، حوسێن هەمەدانی، جەعفەری، رەحیم سەفەوی، ئەحمەدی موقەدەم، یەدوڵڵا جوانی، ئیسمائیلی قائانی، عەبدوڵلاهیان و شەمخانی و هاوبیرانتان بە پشتیوانی بەیتی رێبەری و لەسەرەوەی هەمووتان عەلیی خامنەیی- رێبەر-، و ئیمکانی پووڵی نەوتی و سپای قودس و "سەربازە نهێنییەکانی ئیمامی زەمانی"، هەوڵی رەخسانی ئەو کارەساتە دژی مرۆڤانە و دژە کوردەتان لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان بەرهەم هیناوە. ئەگەر پێش بەو کارەساتە نەگیرێ. ئەو گۆڕەپانە بەداخەوە بەرین و بەرینتر دەبێ و لەوانەیە پڕ جینایەت تریش بێ.

سەربارەت بە تورکیە کە جێی ئاماژەی فیرووزئابادیە، پێویستە بگوترێ کە: بەداخەوە سەبارەت بەکوردەکانی رۆژئاوا، کەمترخەمی زۆری نیشان داوە و رێگری بۆ گەیشتنی یارمەتی بۆ کۆبانێ کردوە. هەنگاوەکانی بۆ چارەسەری ئاشتینانە لە باکوور زۆر سست هەڵێناوە. ئەویش کۆمەڵکوژی زۆری لە کوردان کردوە. بەڵام لە پلەی یەکەم دا، توورگوت ئوزالی- یاد بەخێر کە سەری لەسەر رێی ئاشتەوای لەگەڵ کوردان دانا- و پاشان فەزای نکوولی کوردان لەژێر کوودێتاکانی ژێنڕالەکانی کۆماری تورکیە، پتر لەلایەن سیاسەتی گشتیی ئاک پارتی یەوە، بەرو دان و سان برا. ئیزنی هاتنە مەیدانی میلیۆنی نەورۆزی کوردەکان درا. ئیزن بە بەربژێری کورد درا بۆ ململانیی سەرکۆماری- لە سێستێمی نوێی هەڵبژاردن دا-، کە بە نزیک لە ١٠% دەنگەکانی سەرانسەری تورکیە بگا و وەک هێزی سێیەم خۆی دەرخا.

دیارە قسەکانی ئەردۆغان- سەرکۆماری نوێی تورکیە، لەم دوایانە دا- سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی پێ کاکا و داعش زۆر ناڕاست و ئاژاوە خوڵقێنە. ئەو لایەنێکی گرینگی ئەو توندوتیژی و خوێن رێژیەیە کە لە باکووری کوردستان و تورکیە دا، لە کوردان کراوە و تا ئێستا بەداخەوە گیانی ٣٦ کەس ئەستێندراوە. ئایا لە رێژیمی ژێنڕاڵ فیرووز ئابادی دا، ئەو کارانەی تورکیە لە ١٢ ساڵی رابردوو دا کردوونی، ئامادەیە لەگەڵ گەلان نافارسی ئازەری، کورد، بەلووچ، عەرەب، تورکمەن و فارسە ئازایخواز و جیابیرەکان و تەنانەت لەگەڵ ئایین و مەزهەبە ناشێعەکانی ئەنجامی بدا؟

ئاغای فیرووزئابادی و رێژێمەکەی بۆ تاوان لەسەرخۆ لادان، هێرش بە وڵاتانی دیکە دەکا. "تێئۆری پێلان لە دەرەوە" ی وێردی زمانی کاربەستانیەتی. بەڵام کۆماری پەت و سێدارە و نوێنگەی "تێڕۆڕیسمی دەوڵەتی"یەکەی بۆ دنیای یاسامەندی پێشکەتوو و دێمۆکڕاتیک ناسراوە. ناوبراو خەمی کۆبانێ و شەهیدان و نەمرانی کچ و ژن و لاوەکان ناخوا و بیر لە کۆمەلکوژی و ئاوارەیی و ماڵ وێرانی ئەوانیش ناکاتەوە. چونکە کردەوەکانیان لەگەڵ خۆپێشاندەران و پشتیوانانی کۆبانێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تاران، تەورێز و هەمەدان و شوێن گەلی تر، پێچەوانەی ئەو بۆچوونەیە.

ئاغای فیروزئابادی بەپێچەوانەی خەمخۆری بۆ کۆبانێ، خەمی رێژێمی خوێن رێژ و کۆمەڵکوژی ئەسەدەی دوویەم دەخوا، کە "بەنی بە بنەکاڵەی" کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گرێ دراوە. با چاوەڕوانی رووداو و سناریۆ ناروونەکان بین و نادروستی وتەکانی ناوبراومان پتر بۆ روون دەبێتەوە.

حەسەن حاتەمی

١٤ ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.