aritma_mohammadi.jpg”هەڵخستنی شۆڕشی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی لەنێو نەتەوەیەکی لەم چەشنەدا گەلێک ئاسانە، چونکە تۆی شۆڕش و تێکۆشان لەنێو لەش و خوێنی ئەم گەلەدا زیندووە و هەمیشە کورد هیوای مەزن لەخۆیدا دەپەروەرێنێت.
لە كۆی خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم بابەتەدا بەو ئەنجامە گەییشتین کە مرۆڤی مەزن و تێکۆشەر، مرۆڤی بە هەست و لەخۆبردوو و خزمەتکەر، ڕێگر و بەربەستەکان تێک دەشکێنێت و تەمەن و پیری و لاوی ناتوانێ ببێتە بەربەستی سەرەکیی سەرەڕێی، کەواتا پیربوون و لاوبوون بەربەست و هۆکار نین، بەڵکوو تەنیا هۆیه‌ك کە مرۆڤە زیندوو و مردووەکان یانخود تەنیا پرسێک کە مرۆڤە لێهاتوو و هه‌لپه‌ره‌سته‌كان لێک جیا دەکاتەوە، ڕۆڵ، هه‌وڵ و تێکۆشانی ئەو مرۆڤانەیە، ئاستی خزمەت و باییخ و گرینگیی ڕوانگە و دەلاقەی ڕوانینی هزریی ئەو مرۆڤانەیە بۆ کۆمەڵگا کە پێناسەی نوێ و گرینگ یانخود کز و لاوازیان پێ دەبەخشێت و کەسایەتییان هەڵدەخات و پێگەی کۆمەڵایەتییان بەهێز یانخود لاواز دەکات. مرۆڤی مەزن و تێکۆشەر لەهەر تەمەن و دۆخێكدا بێت بەپێی بارودۆخی گونجاو و لەبار هەڵوێست وەردەگرێت و هەنگاو هەڵدەنێتەوە، قەد نابێتە بەربەست لەبه‌رده‌م پێشکەوتن و خزمەت و تێکۆشانی کەس و کەسایەتییەکانی دیکە کە بیانهەوێت ڕۆڵی مەزن و ئه‌رێنیی له‌نێو كۆمه‌ڵگادا بگێڕێن، پێچه‌وانه‌ مرۆڤی لێهاتوو و تێكۆشه‌ر هەمیشە کەسایەتییەکانی دیکە بە هاوکار و هاوڕێی خۆی پێناسە دەکات. پێناسه‌ی هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك دەلاقەی بیروهزری ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ و هه‌مان پێناسە پێگه‌ی کەسایەتی ئەو مرۆڤەش دەستنیشان دەکات و لەو ئارەستەیه‌دا هەنگاوی پێ هەڵدەنێتەوە. مرۆڤە تێکۆشەر و بەنرخەکان بەبێ ڕەچاو کردنی دۆخی ته‌مه‌ن هەمیشە بەربەستەکان دەشکێنن و پێشەنگی تێکۆشان لە بووارە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، سیاسه‌ت، زانست و ئه‌ده‌ب ده‌بن و هەردەم لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی نوێ دان.
لە ڕاستیدا هەڵسەنگاندنی ته‌مه‌ن له‌ هیچ قۆناغێکی مێژوویی و دیرۆکییدا هۆکاری کێشە و ئاڵۆزی یانخود ڕێگەی چارەسەر کردنی کێشە و به‌ربه‌ستەکانی پێشکەوتن و ژیان نه‌بووه‌ و هاوکات به‌ هۆكاری لەمپەر و قه‌یرانیش نه‌زانراوه و پێناسه‌ نه‌كراوه‌‌، تاكه‌ هۆكاری درووست بوونی كێشه‌، قه‌یران، ده‌سه‌ڵاتخوازی، هه‌لپه‌ره‌ستی، لەمپەر و بەربەست، هزری مرۆڤەکانە، بیروباوەڕی مرۆڤەکانە، کە هەرکام به‌ چه‌شنێكی جیاواز و كێشه‌خوڵقێن و كێشه‌زا خۆ و پێی گرتووە و له‌و ئاره‌سته‌یه‌‌دا هه‌نگاو هه‌ڵده‌نێته‌وه‌ و گەشەسەندنی ئەو شێوە لە هزریش قووڵبوونەوەی کێشەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەو دۆخە لە ژیان و ئەو قۆناغە لە ڕەوتی ڕووداوەکانی مێژوو و هاوکات تێپەڕبوون لە ئاڵۆزییەکانی هەر دۆخ و قۆناغێکیش پێویستی بە گۆڕانکاری نوێ هەیە کە دەبێتە بەرهەمی خوێندنەوەی نوێی هزریی چینەکانی کۆمەڵگا. چونکە کاتێک کە کێشە بەرۆکی کۆمەڵگا دەگرێت و بەردەوام قووڵتر دەبێتەوە و دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەریی دژوار دەبێت، بەواتای ئەوە دێت کە کۆمەڵگا پێویستی بە هەڵزنان و گۆڕانکاریی لە یاسا و هاتنەکایەی ئاڵوگۆڕی سیاسیی و زانستیی پتر هەیە و هەروەها پێویستە کە چینەکانی کۆمەڵگاش لەو نوێکاریی و گۆڕانکارییە هزرییانە خۆیان بەدوور نەگرن و ئەرکە کە لەگەڵی بگونجێنن و وەک بەربەستی ژیان سەیری نەکەن، بەڵکوو وەک دەرفەتی نوێ بۆ کۆمەڵگا ئەژماری بکەن.
چارە و چارەسەری کێشەکان؛
چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ش کە لە بەشی یەکەم و هاوکات لە دەسپێکی بەشی دووەمی ئەم بابەتەدا ئاماژەی پێکرا له‌ خوێندنه‌وه‌ی زانستیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی، سیاسیی و لە بارودۆخی هەنووکەیی كۆمه‌ڵگا سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ پێویسته‌ دەرئەنجامی هەر هەنگاوێکی قووڵ ڕێفۆرم و گۆڕانكاری بێنێته‌‌ كایه‌وه‌ و هاوسه‌نگی نێوان چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا بپارێزێت و بە چەشنێکی ڕیشەیی لە بنەمای هەر قەیرانێکی کۆمەڵگا بکۆڵێتەوە و لەو پێوەندییەدا تۆژینەوەی پێویست ئەنجام بدات. ئەگەر ئاماژە بە گرینگترین خاڵی بنەڕەتیی هەڵزنانی کۆمەڵگا بکەین و وەک یەکەم ویستگە و دەسپێک باییخی پێ بدەین، ئەو یەکەم هەنگاوە په‌روه‌رده‌یه‌كی زانستیی دەبێت کە پێویستە پێك بێت و به‌‌پێی دۆخی كۆمه‌ڵگای كوردستان دابڕێژرێت و بنچینه‌ و بناغه‌ی دامووده‌زگاكانی حوكوومیی له‌سه‌ر دابمەزرێت. په‌روه‌رده‌یه‌كی زانستیی كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌زن و چالاك و جێگرتوو به‌ لاوانی وڵاتی ئێمه‌ ده‌به‌خشێت كه‌ له‌ داهاتوودا ڕۆڵی مەزن له‌سه‌ر خستنی پڕۆسه‌ی پێشكه‌وتن و پێشخستنی كۆمه‌ڵگا بە چەشنێکی ئه‌رێنی و پڕ باییخ دەگێڕن. هەروەها پەروەردەیەکی زانستیی و کۆمەڵایەتیی نەوەیەکی لەشساق و ڕووناکبیر ڕەوانەی کۆمەڵگا دەکات، کاتێک کە کۆمەڵێکی لەشساق بار بێت، کۆمەڵگاش لە هەموو بووارە کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئابوورییەکان بەرەوپێشەوەچوون بە خۆیەوە دەبینێت و گەشە دەکات. گەشەسەندن بەرهەمی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابوورییانەیە کە لە یاساکانی بنەڕەتیی وڵاتدا جێگیر دەکرێن و بە کردەوە دەچنە بوواری کردارەوە. بەواتا دەکرێت کە ئاڵوگۆڕی بنەمایی لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتێکدا پێک بێت، بەڵام تاکوو ئەو یاسانە نەچنە بوواری کردارەوە گۆڕانکارییەکان بەدی ناکرێن. ”وەک ئاماژە، لە یاساکانی بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە سیستەمێکی دیکتاتۆری و لە هندێکیشاندا سیستەمگەلی فاشیستی پێناسەی سەرەکیی دەسەڵاتی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی وڵاتن، کۆمەڵێک بەند و مادەی ئەرێنیی بەدی دەکرێن، کە ئەگەر بچنە بوواری کردارەوە گۆڕانکاری قووڵ لەو کۆمەڵگانەدا ڕوو دەدات و لە درێژماوەدا کاریگەری ئەرێنی لەسەر سیستەمی سیاسیی ئەو وڵاتانە دادەنێت”
یەکێ لە کێشەکانی هەرە مەزنی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوەیە کە هەرچەند ئاستی خوێندەواری چینەکانی کۆمەڵگا لەسەر بێت، بەڵام کۆمەڵێکی ڕووناکبیر پێک نایەت، کەواتا بەربەستە هەرە مەزنەکە ئەوەیە کە پەروەردەی کۆمەڵایەتیی لەو وڵاتانە کرچ و کاڵە، یانخود بەچەشنێکی زانستیی دانەڕێژراوە و فاشیسم و بیروبۆچوونی بەشێک لە کۆمەڵگا زاڵە بەسەر ئەو پڕۆسە گرینگەوە، ئەوەش بۆ بەدیهێنانی مەبەستگەلی تاییبەتیی و سیاسیی. گرینگترین هۆی ئەو چەشنە لە پەروەردەش بۆ دەسەڵاتی سیاسیی دەگەڕێتەوە کە کۆمەڵگایەکی ڕووناکبیر بە بەربەست و نەیاری سەرەکیی خۆی پێناسە دەکات. بۆیە کاتێک کە هەژاری پەرە دەستێنێت و بێکاری ڕوو لە کۆمەڵگا دەکات، ئاساییشی کۆمەڵگا تێک دەچێت، ئەو کات مەودا و ڕووبەری مانوڕدانی دەسەڵاتیش بەربڵاوتر و ئاوەڵاتر دەبێت و دەسەڵات هێز بە سەر پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا زاڵ دەکات و وڵات بەرەوپاش دەگەڕێتەوە و پێشکەوتنی پێویست مسۆگەر نابێت. هەروەها پێشکەوتنێکی بەدیهاتوو لە بووارێکی تاییبەتشدا مانای بەختەوەری کۆمەڵگا ناگەیەنێت. وەک ئاماژە، وڵاتی چین ساڵانە بەپێی ڕێژەی دانیشتووانەکەی لە بوواری ئابوورییدا سەرکەوتنێکی باش مسۆگەر دەکات و یەکێ لەو وڵاتانەیە کە ئابوورییەکەی بەهێزە، بەڵام بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە هەست بە ئارامی و بەختەوەری ناکەن و لە دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتە بێزارن و هەست بە نەبوونی ئازادی دەکەن و بە بەردەوامی مافی کرێکاران و چینەکانی کۆمەڵگا پێشێل دەکرێت. کەواتا کۆمەڵگایەکی بەختەوەر بە کۆمەڵێک دەوترێت کە لانیکەم لە بووارەکانی سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، دادپەروەری و دابەش کردنی سامانی سرووشتی وڵات هەست بە یەکسانی و بەختەوەری بکەن و لەبەردەم ویست و داخوازییەکانیاندا لەمپەر نەبینن.
کۆمەڵگای کوردستان؛
ئەگەر باس لە کۆمەڵگای کوردستان بکەین دەبێ بڵەیین کە هۆكاری درووست بوونی له‌مپه‌ر و به‌ربه‌سته‌كان له‌سه‌ر ڕێی پێشخستنی كۆمه‌ڵگا بۆ لاوازی كه‌سایه‌تیی تاكی كۆمه‌ڵگای كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ دۆخ و هه‌لوومه‌رجی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی كاریگه‌ری له‌سه‌ر داناوه‌ و ئه‌و هۆكارانه‌ش له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی تێكشكاندنی كه‌سایه‌تیی تاكی كوردستان سەپاوەتەسەر کۆمەڵگا و له‌پێناو شۆردنه‌وه‌ و توانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی كورد پیلان و پلانی تاییبەت بەڕێوە چووە، ئەوەش بە مەبەستی ون کردنی پێناسه‌ی خۆی و هه‌رده‌م تاكی وڵاتی ئێمه‌ وه‌ك تاكێكی لاواز ڕۆڵی‌ كه‌سایه‌تییه‌كی دۆڕاو بگێڕێت و لێهاتوویی كه‌سانی ده‌ورووبه‌ر به‌ هۆكاری لاوازی پێگه‌ و كه‌سایه‌تیی خۆی پێناسه‌ بكات‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌لپه‌ره‌ست بار دێت و هه‌وڵ بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازی زێتر ده‌دات و كاتێك‌ كه‌ گه‌ییشته‌ ده‌سه‌ڵاتیش ئیتر هه‌وڵ بۆ قورخ كردنی ده‌سه‌ڵات ده‌دات و وزەی خۆی بۆ دەستبەسەردا گرتنی جمگەکانی گرینگی دەسەڵات تەرخان دەکات و وڵات بە مڵکی تاکەکەسیی خۆی ئەژمار دەکات، ئه‌و کێشە مەزنەش زاده‌ی دۆخی سیاسیی و ئابووری كوردستانه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ سه‌پاوه‌ته‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد. وەک ئاماژە، بەردباران کردنی ژنان بەشێکە لە کولتووری عەرەب و پێش هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەنێو کۆمەڵگای عەرەبستاندا باو بووە و دواتر هاتووەتە نێو کۆمەڵگای کوردستان و جاروبار ژنانی کورد لەلایەن ئەو بەشە لە کوردانی تنئاژۆوە بەردباران کراون، وەک ئاماژە، دوعا کچە کوردی ئێزیدی لەلایەن کۆمەڵێک هاوڵاتییەوە بەردباران کرا، یانخود ڕەشەکوژی ژنان و کچانی کورد دیاردەیەکی نامۆیە و پێشتر لە کۆمەڵگای کوردستاندا ئەو دیاردە بوونی نەبووە و زادەی کۆمەڵگای کوردستان نییە و شەرەفپارێزیی لەو چەشنەش بەڕێوە نەچووە و مێژووی کوردستان ڕووداوی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
هەنووکە دیاردەیەکی نامۆ لەژێر ناوی ”ئەسیدپاشی” لە کۆمەڵگای ئێران لە گۆڕێ دایە و مانگانە کۆمەڵێک لە ژنان و کچانی ئێرانی و فارس دەبنە قوربانی ئەو دیاردە نامۆیە و ڕووخسار و ڕوومەتیان لە دەست دەدەن، دەسەڵات و یاساش تا ئاستێکی بەرچاو ڕێگەی بۆ ئەو دیاردەیە خۆش کردووە و بەشێک لە چالاکانی سیاسیی و مەدەنییش ڕژیمی ئێران بە بەڕێوەبەران و پلاندانەرانی بنەڕەتیی ئەو دیاردەیە ئەژمار دەکەن و دەڵێن تاکوو هەنووکە ئەو ژن و کچانەی کە تێبینییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە پێوەندی بە داپۆشینی زۆرەملێ لەبەرچاو نەگرتووە و ڕەچاو نەکردووە بوونەتە قوربانی دیاردەی ”ئەسیدپاشی” ئەمەش وەک پلانێکی ڕژیم و ناوەندەکانی داپڵۆسێنەری ئێران سەیر دەکرێت. یانخود بەستنەوەی ژن و کچ لە ماڵ و ئیزن نەدان بە بەشداری کردنیان لە ئەرک و کاری ڕۆژانە وەک مرۆڤێکی ئاسایی لە دەرەوەی ماڵ و لەنێو کۆمەڵگادا بە بەشێک لە کولتووری نەتەوکانی دەورووبەر پێناسە دەکرێت و بەشێک لە ناسنامەی کۆمەڵایەتیی نەتەوەی کورد پێک ناهێنێت، بەڵام ئەمڕۆ بەشێک لەم دیاردانە لە هندێک لە ناوچەکانی کوردستاندا جێی گرتووە و بووەتە بەشێک لە کولتووری کۆمەڵگا. هەروەک بۆ هەموومان ڕوونە کە لە مێژووی کۆن و دیرۆکیی کورد و کوردستان، زاگرۆس و مێزوپۆتامیادا ژنان ڕۆڵێکی پڕ باییخ و مەزن لە ڕاپەڕاندنی کار و ئەرکی ڕۆژانەی کۆمەڵگا گێڕاوە و هاوشانی پیاوان لە ژیان و خەباتدا بەشدار بوونە.
کۆمەڵگای کوردستان بە کۆمەڵگایەکی فرە چەشن و فرە ڕەهەند و فرەگەر ئەژمار دەکرێت کە چەندین چین و توێژی جیاواز لەخۆ دەگرێت و هەرکام لەو چین و توێژانەش کۆمەڵێک کەسایەتیی خاوەن هزر و خاوەن زانست و بیروڕا لەخۆیدا جێ دەکاتەوە. پێگەی هەرکام لەو کەسایەتییانە لەنێو کۆمەڵگادا بەهێزە و گەل هەست بەبوونیان دەکات، ئەمەش واتای ئەوە دەدات کە لەگەڵ ئەوەدا کۆمەڵگا تووشی دەیان قەیرانی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی بووە، کەچی تاکوو هەنووکەش چینەکانی کۆمەڵگا و نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی خاوەن هۆشیاریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیین. ئەمە مانای ئەوە دەدات و پەیامی ئەوەی پێیە کە کۆمەڵگای کوردستان تاییبەتمەندی گۆڕانکاری و هاتنەکایەی ئاڵوگۆڕی قووڵ هەڵدەگرێت و ئەگەر بزووتنەوەیەکی جەماوەریی ڕێکبخرێت و لەلایەن نەوەی نوێخواز و پێشکەوتووخوازی کۆمەڵگاوە سەرکردایەتیی بکرێت هیواکانی گەل زوو گەشە دەکات. ئەم تاییبەتمەندییەی کۆمەڵگای کوردستان ئەمڕۆیی نین و لە مێژووی کۆنی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و کاتێک کە لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەدەینەوە هەست بە مەزنی نەتەوەیەکی خاوەن پێگە لە مێژوودا دەکەین کە زاگرۆس و میزوپۆتامیا ناوەندی ئەو ئیمپراتوورییە بووە و ئەو نەتەوەش کوردە، نەتەوەی کورد تاکە نەتەوەیەکە لە جیهاندا کە زمان و ناسنامە، کولتوور و جلوبەرگی کۆن و دیرۆکیی و مێژوویی چەندین هەزار ساڵەی خۆی پاراستووە، لەپاش ئەوەش کە لە هندێک قۆناغی مێژوویدا دەسەڵاتی سیاسیی لەدەست داوە، بەڵام قەد دەستی لە خەونی مەزن هەڵنەگرتووە و بەردەوام خەونی بەو هێزە مێژووییە بینیوە کە لە گەشەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووکدا کاریگەرییەکانی پڕ باییخ بووە. بۆیە دەڵێم هەڵخستنی شۆڕشی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی لەنێو نەتەوەیەکی لەم چەشنەدا گەلێک ئاسانە، چونکە تۆی شۆڕش و تێکۆشان لەنێو لەش و خوێنی ئەم گەلەدا زیندووە و هەمیشە هیوای مەزن لەخۆیدا دەپەروەرێنێت. نەتەوەکانی داگیرکەری کوردستان لە ماوەی سەدان ساڵ داگیرکاری کوردستاندا نەیانتوانی تۆی خەبات و تێکۆشان لەنێو هزر و مێشکی نەتەوەی کورددا بکووژن و هێز و وزەی خەبات و بەرخۆدان لەناو کۆمەڵی کوردەواریدا کز و لاواز بکەن. تاکوو ئەم تۆیە مابێت، هیواکانی نەتەوەی کورد هیواگەلێکی زیندوو دەبن و کورد وەک نەتەوەیەکی بندەست و ژێردەست ئەژمار ناکرێت. چونکە ئەو تۆیە داگیرنەکراوە و لەهەر دەرفەتێکی گونجاودا چالاک دەبێت و گەشە دەکات و دەبزوێت، ئاکامی ئەوەش ڕزگاریی نەتەوەیی و گەشەسەندنیی کۆمەڵایەتییە.
کەواتا مەرج نییە ئەو دیاردانەی نامۆ کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەبینرێن و ڕوو دەدەن بەشێک لە ناسنامەی کورد بووبێتن، چونکە کوردستان لە مێژوودا لانکە و بێشکی گەشەسەندنی مرۆڤایەتیی بووە و کانگای زانست و وەرچەرخان بووە و سیستەمی سیاسیی و بەڕێوەبەرایەتیی مادەکان جڤاکیی و پێشکەوتووتر لە سیستەمی دیموکراسیی ئەمڕۆیی ڕۆژئاوا بووە. بەڵام داگیرکارییەکانی وڵاتانی زلهێز لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا پێشی بە پەرەسەندنی ناسنامەی کورد گرتووە و لە درووست بوونی دەوڵەتی کوردی ڕێگریان کردووە. کەواتا ئەرکی نەوەی نوێخواز و پێشکەوتووخوازی ئەمڕۆی کوردستان ئەوەیە کە پێش بە داگیرکارییە هزرییەکان بگرێت و برەو بەوە نەدات کە ناسنامەی کورد بکەوێتە ژێر کاریگەری دیاردەکانی نامۆی نەتەوەکانی دەورووبەر. دیاردەکانی نامۆ خۆیان لە گەندەڵی، هەلپەرەستیی، داپڵۆسینی هزریی، قورخ کردنی دەسەڵات و ئاژاوەگێڕییەکانی سیاسیی و ئابووری و دەیان دیاردەی کۆمەڵایەتیی وەک ڕەشەکوژی ژنان و هتد... دەبینێتەوە و ئەو دیاردانەی کە ڕێگرن لە نوێبوونەوەی کۆمەڵگا و بە لەمپەری سەرەکیی سەربەستیی و ئازادیی پێناسە دەکرێن و پێش بە پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەگرن، هەمان ئەو دیاردانەن کە لە بەختەوەری کۆمەڵگا ڕێگری دەکەن و خەونی مەزنی نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو لەچاڵ دەنێن.
درێژەی هەیە...

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.