b_300_220_16777215_00_images_SIASI_jiwar_rasouli.jpgچەند رۆژی دیکە، واتا ٢٦-ی سەرماوەز لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو رۆژی ئالا و پێشمەرگە دیاریکراوە، ئەوەش وەفایی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ پێشەواو کۆماری کوردستان دەگەیەنێت. لای هەموومان ڕوون و ئاشکرایە کە لەو رۆژەوە ژێکاڤ بریاریدا

وەکوو حیزبێکی مۆدێرن درێژە بەخەباتی سیاسیی بدات،و حیزبی دێموکراتی کوردستانیان دامەزراند، پیرۆزی خاک و ئالای کوردستان تان و پۆی ئەو حیزبەی پێکهێنا،و هەر لەو سەردەمەدا بۆ یەکەمجار حیزبێک بۆ بەرێوەبەری دەوڵەتی کوردی دامەزراند،و هەر لەسەر ئەو پێویستی و بنەمایەش دامەزرا. حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆماری کوردستان دامەزراندو بەڕێوەی برد، کەواتا فەلسەفەی سیاسیی لای دامەزرێنەرانی ئەو حیزبە لەسەر بنەمای سەربەخۆی خاک و خەڵکی کوردستان کە لەدەوڵەت –نەتەوەدا خۆی دەبینێتەوە، دامەزراوە. هەربۆیەش پێش ئەوەی کۆماری کوردستان رابگەیەندرێت، لە٢٦-ی سەرماوەزی ١٣٢٤-دا بەسەرپرشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر شارەبانی مەهاباد هەڵکرا، ئەوەش یەکەم لۆگۆی نەتەوەییبوونی کۆماری کوردستان پێش راگەیاندنی بوو، هاوکات لەو رۆژەوە دەستکرا بە بڵاوکردنەوەی ئاڵای کوردستان بەهەموو رۆژهەڵاتی کوردستاندا،و ئەوەندەی کات دەرفەتی دا لەبەشێکی زۆر لەشارو بگرە گوندەکانیش ئالای کوردستان بەرزکرایەوە.

دوای ئەوەش پیرۆزی ئالای کوردستان لای پێشەوای کۆماری کوردستان گەیشتە لوتکەی پیرۆزی خۆی و لەسوێندەکەیدا پێشەوا سوێندی بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان خوارد کە هەموو هەوڵی خۆی بۆ بەرزراگرتنی ئەو ئاڵایە بدات و، بەگیانی خۆی سوێندەکەی بردە سەر، هەربۆیەش لای حیزبی دیموکراتی کوردستان وەکوو میراتگری پێشەواو کۆمار، ئالا ئەو پیرۆزییەی هەرماوە،و بۆ ئەوەی نەوەکانی پێشەوا خاوەنداریەتی لە فەلسەفەی دامەزراندنی حیزبی دیموکرات و کۆمار بکەن، رۆژی پارێزەری خاک و ئاڵای کوردستانیان لەگەڵ رۆژی ئاڵا کرد بە یەک رۆژ، بۆ ئەوەی لەبیرمان نەچێتەوە کە پێشمەرگە هەر پارێزەرە بەوەفاکەی ئالای کوردستانە. هەربۆیەش لەئێستادا کە بەپیر ٢٦-ی سەرماوەز رۆژی ئاڵای کوردستان و پێشمەرگەوە دەچین، دەبێ هەموو کوردستان بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت جارێکیتر لەفەلسەفەی ئالا و پێشمەرگە وردبینەوە، و بیکەینە هەوێنی یەکگرتووی و یەکێتی نەتەوەیی، چونکە لای هەموومان ئاشکرایە کە هەر چوارپارچەی کوردستان بە قۆناغی رەزگاری نەتەوەییدا تێدەپەرێت،و دەبێ بەها پیرۆزەکانی وەکوو ئالا و پێشمەرگە وەکوو پارێزەری ئەو ئالایە سەرەتاییەکی بەهێزی یەکدەنگی کوردان بێت.
هاوکات لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیان سەڵماندووە کە رێز لە بەها نەتەوەییەکان دەگرن و بەرژەوەندی نەتەوەییش دەخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەکی تاکە کەسی، ئەوەشیان بۆ شەنگال و کۆبانێ لەسەر ئەرزی واقیع سەلماند، هاوکات ئەو میراتگرانەی کۆماری کوردستان پشتیوانییەکی بەهێزی جەماوەریان لە پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە،و بەهەموو شێوەیەکیش بەربەرەکانی لەگەڵ پیلانە سیستماتیکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی و جوغرافیی بەتایبەت لە ورمێ و ئیلام دەکەن، لەگەڵ ئەوەش دا چالاکییە مەدەنییەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ژینگەپارێزی و رێزگرتن لە سەرمایە هونەری و کلتوورییەکانی رۆژهەڵات ئەوە دەردەخات کە ئەوان لەم قۆناغەشدا خاوەنداریەتی لە خاک و خەڵکی رۆژهەڵات دەکەن.
ئێستاش کە لە ٢٦-ی سەرماوەز وەکوو رۆژی پێشمەرگەو ئالای کوردستان نزیک دەبینەوە، پێویستە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو ئەرکەی پێشەوامان، قازی محەممەد لەسەر شانی داناوین، لەرۆژهەڵاتی کوردستان هەڵمەتی " هەر ماڵەو ئاڵایەک" دەستپێبکەین، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوومان سەریان بەرز بکەنەوەو بەهەستکردنی ئاڵای کوردستان لە ماڵەکەیاندا شوناسی خۆیان پتەو بکەن،و ئەو باوەرەشیان لەناخیاندا بچەسپێت کە زوو یان درەنگ دەبێ ئاڵای کوردستان لە ئیلام و ورمێ و سنەو کرماشان و مەهاباد هەر دەبێ بشەکێتەوە. ئەگەر "لەهەر ماڵێک ئالایەک" هەبێت، بەدڵنیاییەوە ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی دەکەوێتە سەر شانمان بۆ ئەوەی پێشمەرگەئاسا پارێزگاری لەو ئالایە بکەین.
حیزبی دیموکراتی کوردستان سەربەرزە بەوەی خاوەنی پێشمەرگەو ئاڵایەکە کە ئێستا هەموو جیهان وەکوو داینەمۆی ئازادی و دیموکراسی و پارێزەری ئاشتی لەجیهاندا دەیناسن. ئەوە سەربەرزیشە بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەناخی ئەواندا ئەو دوو سیمبۆلە نەتەوەییە باڵایان کرد،و ئێستاش بەباڵای جیهاندا دەدرەوشێنەوە. هەر بۆیەش بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو نوستالژیایەش بێت، نابێ هیچ ماڵێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ ئالا بێت، چونکە ئێوە خاوەنی راستەقینەی پێشمەرگەو ئالای کوردستانن،و دایک و باوکان و خوێندکارو لاوانی رۆژهەڵات بەرپرسیاریەتی ئەوەتان دەکەوێتە سەرشان کە بە هەبوونی ئالایەکی کوردستان لە ماڵەکانتاندا بەردەوام بۆ منداڵەکان و خوشک و بڕا بچووکەکانتان باس بکەن، کە مێژوو و ئێستایان چەندە تەژییە لە حەماسەو سیمبۆلی نەتەوەیی و هەستی نیشتمانی کەئێستا بەهۆی بارودۆخی ناوچەیی پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەوە شانازیان پێوە دەکەن،و بەو ئالا و پێشمەرگەیە لەگەڵ جیهان قسە دەکەن.
هەربۆیەش لەئێستاوە چالاکانی سیاسیی و مەدەنی، لاوان و خوێندکاران، ماموستایان و کارمەندان و کرێکارو جوتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ سەروەرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناخیاندا بچەقێنن،و بەو باوەرە بژین کە ئەو ئاڵایەی لە ماڵەکاندا دانراوە، رۆژێک هەر دێت کە بەبازوو و هیمەتی پارێزەرانی کوردستان وەکوو پێشمەرگەی رۆژهەڵات هەر دێتە دەرێ و بەسەر دەرگای ماڵەکاندا هەڵدەدرێت.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.