jamal_aliali.jpgنزیکەی ٧٠ ساڵ لەمەوبەر چرای یەکەم کۆماری کوردی، ناسراو بە کۆماری مەهاباد، لە لایەن کۆمەڵێک خەڵکی ئازا و چەلەنگ بە سەرکردایەتی نەمر قازی محەمەد لە سابلاخ داگیرسا. قازی محەمەد سەرەڕای ئازایەتی پڕ لە هەستی نەتەوایەتی،

مرۆڤێکی بۆ ئەو ئەرکە، لاو بوو. کۆمارێکی ساوا و ناسک، مخابن بۆ پتەوکردن و دەوڵەمەندکردنی ئەزموونەکەی، چ دەرفەتێکی پێنەبەخشرا. ئەو بابەتە بە مەبەستی پێهەڵکوتنی کۆماری مەهاباد نیە، بە مەبەستی گێڕانەوەی داستانی قارەمانێتی نەک هەر قازی محەمەد و هەواڵانی، بەڵکوو هیچ سەربازێکی ون نیە. ئەو بابەتە بە مەبەستی شڕۆڤەیەکی جیاواز بۆ هەڵێنجانی ئەزموونێکی نۆێیە. هیوای نووسەر ئەوەیە کە بابەتەکە ئامانجی خۆی بپێکێ.
کاتێک مرۆڤ بیرۆکەیەکی بە مێشکی دەگات، ئەرکێک بۆ خۆی دیاری دەکات، لەسەری زانیاری کۆدەکاتەوە، پلانی جێ بە جێ کردنی بۆ دادەڕێژێ، کەرەستە و ئامێری بۆ کۆدەکاتەوە، بە زانیاری پێویست خەڵکێکی کارگێری بۆ پۆشتە دەکات و پاش کاردابەشکردن، هەنگاو بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکە هەڵدەگرێ.
بە حوکمی یاساکانی لۆژێک و بەپێی بەڵگەکانی مێژوویی، هەر پڕۆسەیەک لە چەند قۆناخی جیاواز بەڵام تێکهەڵکێشراو پێک دێت: پێکهاتنی تۆرەمە، گەشەکردن، خۆبژیواندن، کەلک لە دەرفەت وەرگرتن، قەڵەمباز و شۆێنەگۆڕکێ و لە کۆتاییدا، دیاری کردنی ڕێگەی داهاتوو. لە گۆێرەی مێژووی کۆماری مەهاباد، بەو شێوەی کە نووسراوە، جگە لە دوو سێ بەشی هەوەڵی پڕۆسە، چ بەشێکیتری تێادا بەدی ناکرێ. کۆماری مەهاباد چ کەلکی لە دەرفەت وەرنەگرت، چ قەڵەمباز و شۆێنەگۆڕکێی نەبوو و چ پلانێکی بەکردەوە بۆ داهاتوو دانەڕشت. ئەوە گوزارە لە لاوازی کۆمارەکە و بەتایبەت لاوازی ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی کۆمارەکە دەدات. ڕەنگە بوێژین کەم تەمەنی کۆمارەکە یاخود کەم ئەزمونی کەسایەتییەکان هۆکاری سەرەکی ئەو لاوازییەبوو. سەرەڕای ئەوە کە ڕاستییەکی ئاشکرایە پێویستە بەشیتری ڕاستییەکان هەر وەکی خۆیان هەن ببینین هەر بۆیە دەبێت بڵێین سەرەڕای ئەو کەموکۆڕییانە، لە بایخی مەعنەوی هەڵوێست و هەنگاوەکە چ کەم نەبۆتەوە، ئەوەتا دەبینین پاش ٧٠ ساڵان ئێستاش سەربەرزێکی گەورەیە بۆ نەتەوەکەمان بەڵام بە پێی "نان ئەو نانەیە ئەوڕۆ لە خواناندایە" پێویستە شیکاری زیاتر لە سەر ڕاستییەکانی کۆماری مەهاباد بکەین بۆ ئەوەی بزانین چ بەرهەمێکی بۆ نەتەوەکەمان هێناوە. ئەگەر بەرهەمی کەم بووە، بە چ شێوەیەک زیادی بکەین. ئەگەر بەرهەمی نەبووە، بە چ شێوەیەک وەبەرهەمی بێنین.
هەر پڕۆسەیەکی لۆژیکی وەکوو بازنەیەکە. مرۆڤ دەتوانێ لە سەر بازنەکە بجوولێتەوە. بەو مەرجەی لە سەر بازنەکە لانەدات ڕوو لە هەر لایەک بکات هەر دەگەڕێتەوە سەر شۆێنی یەکەم. بۆ ڵێکۆڵینەوە لە بەرهەمەکانی کۆماری مەهاباد وەکوو دیاردەیەکی مێژوویی، پێویست بە لێکۆڵینەوە لە سەر ٧٠ – ٩٠ ساڵی بووری نیە. پێویست بە تێڕوانینێکی بێ لایەنانەیە لە سەر سیاسەت و هەڵسوکەوتی سازەکانی پاش کۆماری مەهاباد لە کاتی هەنووکەییدا. بۆ ئەو مەبەستە، بۆ لێکۆڵینەوەی سەر بەرهەمەکانی کۆماری مەهاباد ئەگەر بگرێینەوە دوواوە، بێ ئەوەی کە لە سەر بازنەی ڕووداوەکان لادەین، ئەوکات ئەرکەکە هاسانتر دەبێت.
کۆماری مەهاباد سووربوو لە سەر دێمۆکراتی و فرەلایەنی، هەر بۆیە گشت چین و تۆێژێک، تەنانەت کەمەنەتەوەکانیش مافی خۆیان هەبوو. کۆماری مەهاباد هەوڵی بێ وچانی بۆ یەکگرتنەوەی گشت خێڵ و تایفەکان دەدا بۆ ئەوەی بەشداری فرەلایەنە پێک بێنێت. بەڵام بۆچێ زۆربەی ئەوەی کە پاش کۆماری مەهاباد هاتە ئاراوە، بە کوورتی و بە کوردی چ فڕی بە سەر دێمۆکراتی و فرەلایەنی نەبوو و ئێستاشی دەگەڵ بێ، نیە؟ شەڕی براکووژی لە ڕۆژهەڵات، زۆربوونی جیابوونەوەکان، هەڵپەساردن و لە حیزب وەدەرنانی ئەندامانی ورد و درشت لە سەردەمی نۆێدا، وە لەوانە گرینگتر دزەکردن لە بەخوداچوونەوە بۆ گەشەکردن لە ڕێگەی شڕۆڤەی ڕابووردو، گوزارە لە نەبوونی دێمۆکراتی و نەبوونی گشتگیری و فرەلایەنی دەدات.
ئەگەر نەبوونی ئەزموونی سیاسی، کەم بوونی رادەی زانست لە ناو ئەندامانی دەستەی کارگێر (بە هۆی دۆخی ئەوکاتی کۆمەڵگا) و دەرفەت پێنەدانی داگیرکەران بە هۆی ساوایی کۆمارەکە هۆکارەکانی  کاریگەر لە سەر ڕۆخانی کۆمار ئەژمار بکەین  کەواتە بیرۆکەی دامەزراندنی کۆماری مەهاباد لە کاتی دامەزراندا، کاڵ و نەگەیشتوو بوو. بیرۆکەیەکی پێنەگەیشتوو، دەگمەنە بێ گەشە کردن بە ئەنجام بگات. ئێمە مافی ئەوەمان نیە کە کۆماری مەهاباد بەو هۆیەوە ببەینە مەحکەمە، تەنیا کاری ئەرێنی لەو بوارەدا، وانەوەرگرتن لە ئەزموونە دڵتەزێنەکانی ڕابووردویە، بەڵام مافی ئەوەمان هەیە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین بۆچی مرۆڤی سەردەمی نۆێ نەیتوانیوە گەشە بە ئارمانجە پیرۆزەکانی کۆماری مەهاباد بدات؟ ئەگەر مرۆڤی سەردەمی نۆێ، بیرۆکەی گەشە نەگرتووی سەردەمی کۆن بەکار بێنێت بێ ئەوەی گەشەی پێبدات بە چەشنێک کە گونجاوی سەردەمی نۆێ بێت، ئەوسا ئیتر ساویلکەییە چاوەڕوانی سەرکەوتنی هەبێ.
نووسەر لە سەر ئەو باوەڕەیە کە بۆ تێگەیشتن لە هەر دیاردەیەک یەکەم هەنگاو، هەڵسەنگاندنی ئاکار و کردەوە، واتە هەڵسووکەوتی دیاردەکەیە نەک بەڵگە و بیسراوی دەرەکی کە بەشی زۆری لە لایەن داگیرکەر یاخود ناحەزانی نەتەوەکەمان نووسراوە. بە تایبەت ئەو بەڵگە و بیسراوانەی کە بە پێی دەربازبوونی زەمان، ئاڵوگۆڕی بەسەراهاتووە دەگمەنە بتوانن ئاوێنەیەکی ڕوون بۆ ڕووداوەکانی ڕابووردوو بن. بە باوەڕی نووسەر، ئێستا ئەگەر درەنگ نەبووبێت، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە ڕووناکبیری کورد بە تێڕوانینێکی فرەلایەنە بکەوێتە شۆێنپێی ڕووداوەکان بۆ جیاکردنەوەی هەڵکەوتەکان لە ڕووداوەکان. پیرۆز و بەرز ڕاگرتنی یادی کۆماری مەهاباد تەنیا بە پێهەڵکوتن نیە بەڵکو هاوکات بە وانەوەرگرتن لەو دیاردە مێژووییەیە لە پێناو گەشەپێدانی. ئەرکێک کە تەنیا لە ڕێگەی شڕۆڤەی زانستییانەی ڕووداوەکانەوە دەبێ و دەکرێ.
پیرۆز بێ یادی نەمر قازی و هەواڵانی. نەمری بو گشت سەربازە ونەکانی ڕێگەی رزگاری نەتەوەی کورد.
جەماڵ عەڵیاڵی ٢٣/٠٢/٢٠١٥

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.