hawar_bazian.jpgئاوارەبوون و دووركەوتنەوەی كوردانی نەیاری كۆماری ئیسلامی لە مەیدانەكە و پەڕینەوەیان بۆ باشووری كوردستان هەر لە سەرەتای پرۆسەكەوە (پاش راپەڕین) تا ئێستە لە زیانی كوردی رۆژهەڵاتی بووە

كە تێیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاترین پشكی لەو خەسارە پێگەیاندوون، بەڵام چۆن؟
گیرسانەوەی هێزە سەرەكییەكانی كوردی ئێران (دیموكرات و كۆمەڵە) لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانی كە زیاتر پەیوەندی بەدۆخی ئەوكاتی یەكێتی هەر لە هێز و جەماوەر و دۆخی ناجێگیری ناوچەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی یەكێتییەوە هەبوو، هەردوو لایەنی كۆمەڵە و دیموكراتی گەیاندە ئەو بڕوایە كە یەكێتی زیاتر لە پارتی بۆنی كوردایەتی لێدێ و سەقامگیرترە! بەتایبەت كە یەكێتی بۆ كوردانی نەیاری ئێران وەك پردێكی خۆمانە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیش دادەنرا و بەكورتی هەموویان رەزامەندییان لەسەر هاوكێشەكە هەبوو و چەك و شاخیان بەجێهێشت و دەستیان لە ملی یەكێتی كرد!
یەكێتیی نیشتمانی هەر خێرا ئەو متمانەی دۆڕاند و كەوتە پیلانگێڕییەكی "ناشارەزایانە" دژی دیموكرات و كۆمەڵە و كوردەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی كە ئاوارەی هەرێمی كوردستان دەبوون. جەلال تاڵەبانی لە نامەیەكی رەسمیدا لە كۆتاكانی ساڵی 1996 بۆ عەبدوڵا حەسەنزادە سكرتێری گشتیی ئەوكاتی حیزبی دیموكرات بەئاشكرا داواى راگرتنی خەبات دژی كۆماری ئیسلامی لەو حیزبە دەكا كە حیزبی دیموكرات وەڵامێكی ئەرێنی نەدایەوە!  بەپێی ئامارێكی رەسمی، لە نێوان ساڵانی 1991-2007 بەلایەنی كەمەوە 151 ئەندامی حیزبی دیموكرات لە باشووری كوردستان تیرۆر كراون كە هەر بەپێی سەرچاوەكان و بەرپرسانی باڵای كوردانی رۆژهەڵاتی، بەشی هەرە زۆری ئەو تیرۆرانە "لە ناوچەی سەوزی یەكێتی" روویانداوە. هێنانی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگاكانی دیموكرات و هەروەها تۆپبارانكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی سەركردایەتیی ئەو حیزبە لە دەشتی كۆیە بە ماڵ و منداڵەوە، ئەو شەپۆلەی تیرۆر و كوشتن و رفاندن وایكرد لەلایەكەوە كۆماری ئیسلامی وەك هاوبەشێكی "ناڕەسمی"ی خۆی دژی نەیارانی سەیری یەكێتی بكا و لەلایەكی دیكەوە كوردانی رۆژهەڵاتی دڵنیا بوون لەوەی "ناوچەی سەوز، زۆریش سەوز و بێ مەترسی نییە".
ئەو دۆخە لە كەمپەكانی دیموكرات لە كۆیە و كۆمەڵە لە زەرگوێز دەوروبەری درێژەی كێشا و پیلانی سەیر و سەمەرەی كۆماری ئیسلامی جێبەجێ كران كە بە بەڵگە و فیلم هەیە و بەردەستە كە ئەوەیان باسێكی دیكەیە و رەنگە كاری ورد و دەرفەتی باشی بۆ دەرخستنی تاكتاكی بەڵگەكان هەبێ و لانیكەم ئێستە ناكرێ. دواتر قووڵبوونەوەی كێشەكان و لەتبوونی سیاسی لەناو حیزبەكانی رۆژهەڵاتی بەتایبەت دیموكرات و كۆمەڵە دەرفەتێكی باشتری بە دەست و پێوەندەكانی كۆماری ئیسلامی لەناو یەكێتیی نیشتمانی بەخشی تا زیاتر و وردتر كار لەسەر كوردانی نەیاری ئێرانی لە باشوور بكەن. جگە لە دەیان پیلانی تری هەواڵگری و تۆڕی سیخوڕی و تیرۆر و بێ سەروشوێن كردنی رۆژنامەنووسانێكی وەك مەولوود ئافەند و پیلانگێڕی و گرتنی كەسانی ئەكادیمی وەك بێهزاد خۆشحاڵی لە شاری سلێمانی كە لە هەموویاندا دەزگا هەواڵگرییەكانی یەكێتی دەستی باڵایان هەبوو بەداخەوە!
ئەو فەزایە لە ترس و تۆقین لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی هەمیشە بە كوردانی ئێرانییەوە دیار بووە، هەر لەو كەسەی بە سنوورەكانی بەردەستی یەكێتیدا سەردانی خزمانی دەكرد تا ئەو كرێكارەی بۆ وەرگرتنی ئیقامە دەبووایە سەردانی ئاسایشی سلێمانی بكا تا دەگاتە ئەو پێشمەرگەی حزبە كوردییەكان كە مافی نەبوو بچێتە قەڵادزێ، تا نەكات بۆ كار و خەبات ئاودیوی رۆژهەڵات بێتەوە و لە ئەنجامدا گلەییی كۆماری ئیسلامی بێتەوە سەر یەكێتی! سەركردایەتیی كوردی رۆژهەڵات بۆی دژوار بوو و زۆرجاریش بۆی هەزم نەدەكرا یەكێتی وەك سێبەری ئێران لەسەر خۆی ببینێ، بۆیە بەشێكی زۆری دەرفەتی دەربازكردنی شۆڕشی كوردی ئەو پارچەیە بوو بەقوربانی پێوەندیی سەركردەكانی دیموكرات و یەكێتی لە نێوان خۆیاندا، بەجۆرێك كە پاش چەندین ساڵ كۆنترۆڵی دۆخەكە لەدەست كوردانی رۆژهەڵات دەرچوو.
لە نوێترین پێشهاتی پەیوەست بەو باسەدا كە دەنگدانەوەیەكی بەربڵاوی هەبوو، رووداوەكەی چەند رۆژی رابردووی ناو كەمپێكی حیزبی دیموكرات لە كۆیە (2015.3.3) بوو كە تێیدا بەناوی دەستگیركردنی كەسێك بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە هێرش كرایە سەر ژن و منداڵی كەمپەكە (ئازادی) و لە جۆری خۆیدا دەگمەنە، چونكە ئەمجارەیان ئاسایش و هێزی دەمامكداری دژەتیرۆر و پۆلیسی شارۆچكەی كۆیە هێرشیان كردە سەر ژن و منداڵ و سووكایەتییان بە ورد و درشتی كردووە. رووداوەكە پەیوەندی بە خۆشەویستیی نێوان كوڕێكی رۆژهەڵاتی و كچێكی دانیشتووی كۆیەوە هەبووه كە تووشی هەڵگرتنی كچەكە بووە و بەرەو بنكەكانی حیزب رایگواستووە. ئەو هێزە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی كچەكە و گرتنی كوڕەكە ئەو هێرشە ئەنجام دەدەن كە دەستبەجێ كچەكە وەردەگرنەوە، بەڵام كوڕەكە (بەپێی لێدوانی رەسمیی حدكا) تا ئێستەش بێ سەروشوێنە و دیار نییە ئاسایش بردوویەتی یان بۆچی نادیارە. حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كە ئامانجی ئەو هێرشە بووە، دەستبەجێ راگەیەنراوێكی رەسمی بڵاو كردەوە و تێیدا نەیشاردەوە كە بێزار بوونە لەو سووكایەتی پێكردنانە و ئەگەریش تا ئێستە قبووڵیان كردووە، زیاتر لایەنی گشتی و گرژنەبوونی دۆخەكەیان لەبەرچاو گرتووە. هاوكات ئەو رووداوە بە توندی شەرمەزار دەكەن و داوای لێكۆڵینەوە دەكا و هەڕەشە هەڵویست وەرگرتن كراوە. هەرچەندە لایەنی ئاسایش و پۆلیسی كۆیە كارەكەی بە "جێبەجێكردنی بڕیاری دادگا و یاسا" داناوە.
لە دەقی بەیاننامە و قسە و هەڵسوكەوتی رێبەرایەتی و ئەندامانی حیزبەوە باش دەردەكەوێ كە ئەوانیش لەو رەفتارانەی یەكێتی تووڕە و بێزار بوونە و ناتوانن زیاتر لەوە بێدەنگ بن. رێبەڕایەتیی باڵای حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران هەر خێرا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بەست و تێیدا بەڕەسمی باسی لە هەموو ترس و نیگەرانییەكانی ئێستە و رابردوویان لەبارەی ئاوارەبوونیان لە هەرێمی كوردستان كرد، هەروەها نەیشاردەوە كە حیزب دەترسن بەبیانووی ئاسایشەوە، هێزی كۆماری ئیسلامی هێرش و رەشكوژیان بكا. تەنانەت هەواڵێكی ناڕەسمیش بڵاو بوویەوە كە "دیموكرات داوای لە سەرۆكایەتیی هەرێم بەتایبەت مەسعوود بارزانی كردووە بەرامبەر هەڕەشەكانی ناوچەی یەكێتی، بیانپارێزێ" كە ئەگەر هەواڵەكە دواتر پشتڕاست بكرێتەوە، ئەویش رووداوێكی نوێ و دەگمەن دەبێ.

كاریگەریی ئەو فەزا و رووداوانە لەسەر پێكهاتە جۆرەوجۆرەكانی كوردی رۆژهەڵات بەكورتی:
1. بەشی زۆری سەركردەكانی رۆژهەڵاتی پێیان وایە یەكێتی یارییەكی نامرۆیانەی لەسەر حسێبی نیازپاكیی كوردی ئێران بۆ راگرتنی خەباتی چەكداریی خۆیان لە بەرژەوەندیی باری سیاسیی حكوومەتی هەرێم كردووە. رێبەرانی دیموكرات بە ناڕەسمی و لە گفتوگۆكانی خۆیاندا بەردەام باس لەوە دەكەن "یەكێتی بە ئێرانمان ناگۆڕێتەوە".
2. ئەندامانی حیزب و رێكخراوە كوردییەكانی نەیاری ئێران لە باشووری كوردستان تا رادەیەكی زۆر لە سەركردایەتیی خۆیان تووڕە و نیگەرانن لەوەی بۆچی تا ئەو ئاستە دەبێ بەرامبەر یەكێتی نەرمی بنوێنن، بەتایبەت كە تا ئێستەش ئەو گومانە بەهێزە لەوەی جەلال تاڵەبانی ئاگاداری رووداوی تیرۆری قاسملوو (1989 ڤیەن-نەمسا) بەدەستی كۆماری ئیسلامی لە ئوروپا بووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تاڵەبانی تاكە ناوبژیوانی ئێران و دیموكرات بوو تا گفتوگۆ بكەن، بەڵام تاڵەبانی خۆی دەرهاویشت لەوەی رۆژی تیرۆرەكە بەشداریی گفتوگۆكان بێ! راستی و ناڕاستی ئەو تۆمەتە رەنگە كاری ئەو نووسینە نەبی، بەڵام ناكرێ باسی نەكەین كە تا ئێستەش دەنگۆیەكی بەهێزە و ئەگەریش پشتڕاست نەبووبێتەوە، ئەوە رەتیش نەكراوەتەوە.
3. كوردانی ناوەخۆی ئێران پێیان وایە، یەكێتیی نیشتمانی چرای خەباتی لەو پارچەیە كوژاندەوە و رێگەی نەداوە كوردی ئێران دەنگ و رەنگی خۆی هەبی. سەرەتای ئەو بۆچوونەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكەم دیاریی یەكێتی پاش راپەڕین بۆ كوردانی رۆژهەڵات، داخستنی رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران (زمانحاڵی حیزبی دیموكرات) لەسەر گوێگرانی كوردی ئێرانی بوو كە ئەوكات تاكە كەناڵی نێوان خەڵك و شۆڕش لەو پارچەیە بوو.
4. كوردی رۆژهەڵات بە گشتی پێیوایە كە جگە لە كۆماری ئیسلامی، ئەوە شەڕێكی دیكەشی لەپێشە كە هەمان شكاندنی هەیمەنەی یەكێتی بەسەر خۆی و ژینگە سیاسییەكەیدایە كە نێزیكەی 20 ساڵە تێیدا دەژین. پێشمەرگەی دیموكرات یان كۆمەڵە یان كەسێكی ئاساییی ناوەخۆی رۆژهەڵات وەك نیمچە كۆماری ئیسلامییەك سەیری هەیكەلی یەكێتی دەكا، چونكە ئاگادارە لەوەی یەكێتیی نیشتمانی نەك هەر بچووكترین هەنگاوی بۆ رزگاری و ئازادیی ئەو بەشەی ژێر دەستی ئێران نەهاویشتووە، بگرە ئەو هەنگاو و دەستانەشی وەستاندوون كە بەرەو رزگاریی كورد لە ئێران دەچن. بەتایبەت پاش نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی و ئاڵۆزبوونی دۆخی یەكێتی كە وایكردووە دەستە پەرتەوازە و شاراوەكانی یەكێتی باشتر جووڵەیان پێبكرێ كە مەبەستی یەكێك لەوان لێدانی كوردی نەیاری ئێرانە. كوردانی رۆژهەڵاتی خەریكن بیر لەوە دەكەنەوە چۆن دەتوانن خۆیان لەو گورزانە بپارێزن و ئەگەر پێویستیش بكا لەنێوان خۆیان بڕیارێك بدەن.
ئەنجام
یەكێتیی نیشتمانی بەرامبەر كوردی رۆژهەڵات قەرزێكی زۆری سیاسی-نەتەوەیی لەسەر شانە كە نەك بەنیازی پاككردنی نییە، بەڵكوو خەریكە قورستری دەكا، ئەویش بە جێبەجێكردنی چەوساندنەوەیەكی سیستماتیك و بێ بەها كردنی كەسایەتیی كوردی رۆژهەڵاتی. هێرشەكەی سەر ژن و منداڵی بێ دەرەتانی دیموكرات لە كۆیە هاوكات بوو لەگەڵ ئەو شەپۆلە سێدارەی كۆماری ئیسلامی لەسەر لاوانی كورد جێبەجێی كرد كە ئەوەی لە كۆیە رووی دا كەمتر لەو سێدارانە نەبوون.
سەرچاوەكان:
http://www.Al25instanmedia.com/sorani/dreje/18162
http://www.pukonline.net/%D8%A6%D8%A7%D8%B3%D8%A7%DB%8C%D8%B4%DB%8C-%DA%A9%DB%86%DB%8C%DB%95-%D8%A8%DB%95-%D8%A8%DA%95%DB%8C%D8%A7%D8%B1%DB%8C-%D8%AF%D8%A7%D8%AF%DA%AF%D8%A7-%DA%A9%DA%86%DB%8E%DA%A9%DB%8C-%DA%95%D9%81%DB%8E/
https://www.facebook.com/video.php?v=1596230767255813&set=vb.100006067153677&type=2&theater
http://basnews.com/news/2015/03/05/%D8%A8%D9%87%E2%80%8C%D8%A8%D9%87%E2%80%8C%DA%B5%DA%AF%D9%87%E2%80%8C-%D8%AC%D9%87%E2%80%8C%D9%84%D8%A7%D9%84-%D8%AA%D8%A7%DA%B5%D9%87%E2%80%8C%D8%A8%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D9%BE%DB%8E%D8%B4%D8%AA%D8%B1/
http://rudaw.net/sorani/Al25instan/0403201511
http://rhewal.com/news.php?id=1246
http://rojnews.net/drejey-hewal.aspx?id=14162&LinkID=12&
http://rhewal.com/news.php?id=1232
http://rudaw.net/sorani/Al25instan/040320157

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.