qadr_wria.jpgبه‌ شه‌هید بوونی‌ دوكتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، حیزبی‌ دێمۆكرات و گه‌لی كورد، رێبه‌رێكی‌ بێ‌وێنه‌ و بزووتنه‌وه‌ی‌ دێمۆكراتیك و شۆڕشگێڕانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌شمان سیما و شه‌خسییه‌تێكی‌ زۆر به‌ وه‌جیان له‌ ده‌ست دا.

دوكتور قاسملوو به‌ رێبه‌ری‌ كردنی‌ مامۆستایانه‌ و سه‌ركه‌وتووانه‌ی‌ حیزبی دێمۆكرات و خه‌باتی خه‌ڵكی‌ كوردستان و، به‌و رۆڵه‌ كاریگه‌ره‌ی‌ له‌ نزیك كردنه‌وه‌ی‌ هێز و شه‌خسییه‌ته‌كانی‌ ئۆپۆزیسیۆنی‌ ئێرانی‌ دا هه‌یبوو، هه‌ر وه‌ها به‌و خزمه‌تانه‌ی‌ كه‌ به‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ بۆعدی‌ ناوچه‌یی و جیهانیی‌ شه‌خسییه‌تی‌ سیاسی و زانستی‌ و خه‌باتگێڕانه‌ی‌ خۆی‌، به‌ ناساندن و به‌ره‌و پێش بردنی‌ كێشه‌ی‌ كورد و خه‌باتی‌ گه‌لانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ دژی رێژیمی‌ ئینسانكوژ و كۆنه‌په‌رستی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی ئێرانی‌ كردبوون، هه‌م بۆ قوتابیان و هاوسه‌نگه‌رانی‌، هه‌م بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی و گه‌لانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌، ببوو به‌ سه‌رچاوه‌ی‌ هیوا و هومێد پێ‌ به‌ستن. بۆیه‌ سروشتی‌ بوو كه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌، دوژمنی‌ سه‌ره‌كی‌ و دڵڕه‌شی گه‌لی‌ كورد، بۆ له‌ نێو بردنی‌ به‌ توندی‌ له‌ هه‌وڵ‌ دابێ‌ و په‌نا بباته‌ به‌ر دزێوترین شێوه‌ی‌ له‌ نێو بردن كه‌ تیرۆریزمه‌ و ناجوانمێرانه‌ترین و بێ‌ئه‌خلاقانه‌ترین نه‌خشه‌ و پیلانه‌كان بۆ له‌ داوخستن و شه‌هید كردنی، یانی‌ كوشتنی‌ له‌ سه‌ر مێزی‌ وتووێژی ئاشتی‌، هه‌ڵ‌ ببژێرێ‌.
ئینسانه‌ گه‌وره‌كان هه‌ر له‌ ژیان دا گه‌وره‌ نین، له‌ مردنیش دا گه‌وره‌ن. ئه‌وان ئه‌گه‌ر له‌ ژیان دا، خزمه‌تی‌ گه‌وره‌ و له‌بیرنه‌كراویان له‌ ده‌ست دێ‌ و شوێنه‌واری‌ قووڵ‌ له‌ سه‌ر ژیان و خه‌باتی‌ میلله‌تان و وڵاتانی‌ خۆیان داده‌نێن، به‌ مردنیشیان میلله‌تێك و وڵاتێك ده‌هه‌ژێنن و به‌ میلیۆن ئینسان ده‌به‌نه‌ نێو خه‌م و ماته‌م. بۆ مه‌رگی‌ قاسملووی‌ رێبه‌ر و گه‌وره‌ مامۆستاشمان ” هه‌زاران پێشمه‌رگه‌، ده‌یان هه‌زار ئه‌ندامی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ و سه‌دان هه‌زار دۆست و لایه‌نگری‌ رێبازه‌كه‌ی‌ و به‌ میلیۆن كه‌س له‌ رۆڵه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌ی‌ غه‌میان به‌ سه‌ر دا باری‌ و فرمێسكیان هه‌ڵوه‌راند “. ئه‌و شه‌هید بوونه‌كه‌شی‌ خزمه‌تی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ ناساندنی‌ كێشه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ كرد و سه‌رنجی‌ جیهانی یه‌كانی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ و بێ‌ وێنه‌ بۆ لای‌ ژێر ده‌ستی‌ و بێ‌ به‌شیی گه‌لی‌ كورد راكێشا و شه‌پۆلێكی‌ به‌رینی‌ هاوده‌ردی‌ له‌ گه‌ڵ‌ گه‌لی‌ كوردی‌ له‌ دنیادا وه‌ڕێ‌خست.
٢٦ ساڵ‌ له‌ كاره‌ساتی تیرۆری‌ دوكتور قاسملوو و هاوڕێیانی‌ رابردوه‌. ئه‌گه‌ر كه‌سانی‌ دیكه‌ به‌ تێپه‌ڕینی‌ زه‌مان، به‌ره‌به‌ره‌ تۆزی‌ فه‌رامۆشییان لێ ده‌نیشێ‌ و له‌ بیر ده‌چنه‌وه‌، ئه‌م رێیه‌ره‌ مه‌زنه‌، ناوی‌، یادی‌ و رێبازه‌كه‌ی‌ هه‌روا له‌ گه‌شانه‌وه‌ و پڕشنگدانه‌وه‌ دان. خه‌می‌ له‌ ده‌ستچوونیشی سه‌ره‌ڕای‌ تێپه‌ڕ بوونی‌ ئه‌و ماوه‌ زه‌مانی یه‌، له‌ دڵی‌ ئه‌ویندارانی‌ رێبازه‌كه‌ی‌ و ئۆگرانی‌ شه‌خسییه‌ته‌ مه‌زنه‌كه‌ی‌ دا، نه‌ك هه‌ر كۆن نه‌بووه‌، زوو زوو نوێ‌ ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ له‌بار و نوێ‌ یه‌ی‌ به‌ دوای‌ مه‌رگی‌ دوكتور قاسملوو له‌ ناوچه‌ و جیهان دا بۆ كێشه‌ی‌ كورد هاته‌ كایه‌وه‌ و ئه‌و هه‌موو كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و كۆنفرانسانه‌ی‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دوایی دا له‌ پێوه‌ندی‌ له‌ گه‌ڵ‌ گه‌لی‌ كورد دا پێك هاتوون، ئه‌وانه‌ و هه‌موو ده‌ره‌تانێكی‌ باش كه‌ به‌ قازانجی به‌ره‌و پێش بردنی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد ره‌خساون، ئێمه‌ و هه‌موو دڵسۆزێكی‌ كوردیان خستۆته‌وه‌ یادی‌ دوكتور قاسملوو و خاڵی بوونی‌ جێگاكه‌ی‌.
به‌و حاڵه‌ش، ده‌توانین جارێكی‌ دیكه‌ به‌ دڵنیایی و شانازی یه‌وه‌ رووی‌ قسه‌مان بكه‌ینه‌ ئه‌و رێبه‌ره‌ مه‌زنه‌ و پێی بڵێین به‌ ئاسووده‌یی بنوو. ” لاشت كه‌ سه‌ر ده‌نێته‌وه‌ بیرت هه‌ر ده‌ته‌نێته‌وه‌ ” *. رێبازت به‌رده‌وامه‌ و رێگات به‌ر قه‌رار. قوتابیان و هاوسه‌نگه‌رانت به‌ری‌ ره‌نجی‌ چه‌ندین ساڵه‌ت به‌ فیڕۆ ناده‌ن. رێنوێنی‌ و ئامۆژگاری‌ و نه‌ریته‌ به‌رز و شۆڕشگێڕانه‌كانت له‌ بیر نابه‌نه‌وه‌. ئه‌وان به‌ ئامانجه‌كانت وه‌فادارن و له‌ ناو و یادی‌ به‌رزت، له‌ خه‌باتی‌ چه‌ندین ساڵه‌ی‌ پیرۆزت و له‌ شه‌خسییه‌تی‌ مێژووییت هه‌روا ئیلهام وه‌رده‌گرن. رێبوارانی‌ رێگاكه‌ت و ئۆگرانی‌ رێبازه‌كه‌ت هه‌ر وه‌ك سروشتی‌ خۆت بوو، به‌ گه‌شبینی یه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئاسۆی‌ خه‌باتی‌ گه‌له‌كه‌یان و، خۆشحاڵن كه‌ له‌ بیره‌وه‌ریی‌ شه‌هید بوونت دا، مزگێنیت پێ‌ بده‌ن، ئه‌و رۆژه‌ی‌ به‌ ئاواتت ده‌خواست نزیك بۆته‌وه‌. ئێستا كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك له‌ سه‌رانسه‌ری‌ وڵاته‌كه‌ت، له‌ دژی سه‌ره‌ڕۆیی و كۆنه‌په‌رستی وبێ‌ مافی‌ هاتوونه‌ مه‌یدان و به‌ به‌رز كردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ بێزاری‌ له‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌، بناخه‌كانی‌ رێژیمێك كه‌ ده‌ستی‌ به‌ خوێنی‌ تۆ و ده‌یان هه‌زار شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی‌ دیكه‌ی‌ ئێران سووره‌، وه‌له‌رزین خستوه‌.
نه‌مری‌ و هه‌زاران سلاو بۆ یادت و به‌رده‌وامی‌ و سه‌ركه‌وتن بۆ رێبازه‌ پیرۆز و پڕشانازی یه‌كه‌ت.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد