kwestan_ftoohi.jpgهەنگاوێکی پڕبایەخ

حیزبی دیموکراتی کوردستان بە خەباتی بێپسانەوە لە رێی ئازادیی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد، خاوەنی رابردوویەکی پڕشنگدار و زۆر شانازی و سەروەرییە.

لاپەرەکانی ئەو خەباتە پڕیەتی لە دەسکەوتی بەنرخ و نەریتی دیموکراتیانەیە کە جێگەو پێگەی ئەو حیزبەیان لە نێو کۆڕو کۆمەڵە کوردی و جیهانییەکان‌دا بەڕێزو ئێعتبار کردوە. یەکێک لەو دەسکەوتانەی حیزبی دیموکرات هەموو کات بە بایەخەوە باسی لێ‌دەکا، بوونی رێکخراوی ژنان و حوزووری ژنان بووە لە ریزەکانی خۆی‌دا. دامەزرانی رێکخراوی تایبەت بە ژنان کە یەکەم هەنگاوی لە دەورانی کۆماری کوردستان‌دا بە مەبەستی هێنانە مەیدان و بزواندنی ژنان لە پێناو وەدەستهێنانی مافەکانیاندا هەڵێنرایەوە، یەکێک لەو هەنگاوە گرنگ و پێشکەوتوانەیە کە واقعی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردستانی لەو دەورانەدا بەتایبەت لە ناوچەی موکریان گۆڕی.
ئەمڕۆ کە حیزبی دێموکرات وەک جەماوەریترین و دێرینترین حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان پێی ناوەتە نێو هەشتەمین دەیەی تەمەنی خۆی، لەگەڵ ئەوەی مێژوویەکی گەشاوەی تۆمار کردوە، بەدڵنیاییشەوە لە زۆر بارەوە بەرپرسیاریەتیی بۆ داهاتووی خۆشی دروست کردوە. لەپێوەندیی لەگەڵ ژنانیش‌دا بەهەمان شێوە چونکە لە رابردوودا یەکەم حیزب بووە لە کوردستان، خوێندنەوەیەکی پێشکەوتوانەی بۆ دۆخی ژنان کردوە، بەرپرسایەتیی قورسی لەوبارەیەوە دەکەوێتە سەرشان. جێی خۆیەتی لە ٧٠یەمین ساڵی تەمەنی حیزب‌دا ئاورێک لە رۆڵ و نەخشی ژنان لە ریزی ئەو حیزبەدا بدەینەوە و بزانین تا چەندە توانیویەتی گەشە بەم بیرۆکەیەی کۆماری کوردستان بدا. ئەگەر لەم مێژووە دوور و درێژە ورد دەبینەوە و ئاورێک لەو پرسە بدەینەوە، پێش هەموو شتێ ئەم پرسیارانە بەزەین‌دا دێن:
پێشەوا قازی محەممەد ٧٠ ساڵ لەمەوبەر بۆ هێنانە مەیدانی ژنان بۆ نێو بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی و هتد، سنوورە تەقلیدییەکانی کۆمەڵگەی کوردی تا رادەیەک بەزاند، ئایا حیزبی دیموکرات کە خاوەندارێتیی رێبازەکەی قازی محەممەد دەکا، توانیویەتی ئەو پرۆسەیە بەباشی بەرێتەپیشێ و بەرنامە بۆ بەشداریی ئاکتیڤانەی ژنان دابڕێژێ؟ ئایا ژنان تا چەند توانیویانە لە نێو حیزبەکەی قازی محەممەدا رۆڵێکی ئاکتیڤ بگێڕن و کاریگەرییان لە گۆڕینی واقعی کۆمەڵایەتی و ستراکتۆری حیزبی دیموکرات‌ هەبێ؟ وڵامی ئەم پڕسیارانە دەتوانین بە چاوخشاندنێکی خێرا بە مێژووی حیزبی دیموکرات و نەخشی ژنان لەم حیزبەدا ئاسان ببینینەوە.
بەدڵنیاییەوە دامەزرانی کۆماری کوردستان و سیستمی ئیدارەی وڵات، لە لایەن ئەو کۆمارەوە کاریگەریی زۆری لەسەر ئاگا بوونەوەی کۆمەڵگەی کوردستان لەو دەورانە داناوە، بەڵام ئەگەر بێینەوە نێو قەوارەی ئەو حیزبەی بووە هۆی دامەزرانی کۆماری کوردستان، دەبینین حیزبی دیموکرات لەو بارەیەوە بەپێی پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگە و هەلومەرجەکان، بەتایبەتی لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ەوە، لانیکەم لەنێو ریزەکانی خۆی‌دا وەک پێویست نەیتوانیوە ئەو بەرنامەیەی پیشەوا قازی محەممەد دایڕشت، بیباتە پێشێ و، ژنانیش ئەو نەخش و رۆڵە ئاکتیڤەی دەبوو بیگێرن نەیانگێڕاوە.
(هێنانەبەرباسی کەمووکووڕییەکان، بەو مانایە نیە، لە بایەخ و گرنگیی ئەو کارانەی حیزبی دیموکرات لە دەیەکانی رابردوودا بەتایبەت لە دەیەتی ٦٠ی هەتاویی‌ لە پێوەندیی لەگەڵ دیاردەکۆمەڵایەتییەکان لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا کردوونی کەم بکرێنەوە؛ کە ئەو دەورانە حیزبی دیموکرات دەسەڵاتی بەشێک لە کوردستانی بەدەستەوە بوو، زۆر کەلتووری دژە ژنی لە ژێردەسەڵاتی خۆی‌دا سڕینەوە و لە ئاگا کردنەوەی خەڵک لەسەر مافەکانیان‌ زۆر کاری بەنرخی کردن).
بەڵام بێینەوە نێوخۆی حیزبی دیموکرات‌، تەنانەت لەم قۆناغەش‌دا حوزووری و رۆڵی ژن گڕیدراوی کۆمەڵێک قەید و بەندە کە دابڕاو نیە لە جیهانبینی و بیرکردنەوەی پیاوسالاری نێو کۆمەڵگە. تاکوو ئەم ساتەوەختەش حیزبی دیموکرات لەگەڵ ئەوەی لەسەر رێچکە و رێبازی کۆماری کوردستان دەڕوا، بە بیانووی جۆراوجۆر، هەوڵی نەداوە بۆ سڕینەوەی کۆدەکانی پیاوسالاری و، خۆی دەرباز نەکردوە لەو قەیدوبەندانەی لەنێو کۆمەڵگەدا ماون. دیارە هیچ پاساو و بیانوویەک ئەمڕۆ ناتوانێ ئەوە لەچاوی تیژی یەکسانیخوازان و رۆشنبیرانی راستەقینەی کۆمەڵگەی کوردستان بشارێتەوە کە حیزبێکی دیموکرات و سیکۆلار‌و بیرچەپ لە ئاست دۆخ و رۆڵی ژن لە کۆمەڵگە و لە نێو حیزبەکەدا هەڵوێست و بڕیارەکانی لە ئاستێکی شیاوی چاوەڕوانییەکان‌دا نەبێ.
دیارە حیزبەکانی کوردستان، ئەگەر نەڵێین هەموویان، دەتوانین بڵێین زۆربەیان بناغەیەکی پیاوسالارانەیان هەبووە و پێوەرەکانی لاوازبوون و کۆیلەبوونی ژنیان تێدا بەهێز بووە. بۆیە زۆر لەو ژنانەی روویان لە حیزبەکان کردوە، نەبوونەتە شەپۆلێکی رزگاریدەری «خود» لەدەست کۆت و بەندەکانی پیاوسالاری و تێکدانی ساختاری پیاومەزنی لەنێو کۆمەڵگە و نێو حیزب‌دا.
ئاکتیڤ بوونی ژنان و رۆڵ و کارکردنیان لە هەر حیزبێک‌دا پێویستی بە باوەڕێکی قووڵی یەکسانیخوازی هەیە و نابێ تەنیا وەک دروشمێک لێی بڕوانرێ. ئەوە پیادەکردن و چەسپاندنی خەونی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و پێشکەوتووە کە حیزبێکی سیکۆلار، دیموکرات و پێشڕەو گرنکە بەرپرسیارانە کاری بۆ بکات. قسەکردن لە مافی وەک یەک بۆ ژن و پیاو، شەڕی گۆڕینی عەقڵی دەوێ، شەڕێک کە بە فکر دەکرێ. گۆڕینی دۆخی ژنان لە کۆمەڵگەدا، یان رۆڵی ژنان لە هەرحیزبێک‌دا بەبێ رەخنەی زۆر جیددی لە نەریتە کۆمەڵایەتییە پیاوسالارییەکان و بەزاندنی سنوورە تەقلییدییەکان کە بڕوابەخۆیی لەژنان دەستێنێتەوە، مەحاڵە بێتە دی. هیچ ئاڵوگۆڕیکیش بەتەنیا بە دانی دروشم و دانانی قانوون و بڕیار وەدیی نایە .

پەسندکراوەکانی حیزبی دێموکرات
ئەگەر چاو لە بڕیارات و پەسندکراوەکانی حیزبی دیموکرات لە پێوەندیی لەگەڵ یەکسانی و ماف و ئەرکی ژنان‌دا بکەین، کە بەرهەمی فکر و بیری کەسایەتییە رۆشنبیرەکانی حیزبە،کەمترین رەخنەی لەسەرە، بەڵام بۆ چەسپاندن و بەکەلتوور کردنی بڕیار و پەسندکراوەکان کاری جیددی و بایەخی شیاوی خۆی دەوێ. ئەگەر کەلتووری پیاوسالاری و نەریتیی کۆمەڵگەی کوردستان لە رابردوودا کاری کردۆتە سەر گەشە نەکردن و ئاستی رۆشنبیریی لە کۆمەڵگەدا و بە تایبەتی لەسەر ژنان، لە دەورانەکانی دوایی‌دا لە نێو ساختاری حیزب‌دا ئەو پەروەردە و ئەو ئیرادە راستەقینەیە بەو رادەیە نەبووە بۆ گەشە و سەرخستنی ئەو پرۆسەیەی لە پەسەندکراوەکانی حیزب‌دا هەبوون. یانی پەروەردەی فکری تاکەکان لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی حیزبەوە، لەگەڵ بڕیارو پەسەندکراوەکان هەماهەنگ نەبووە. باوەڕ بە یەکسانی و هاوسەنگکردنەوەی نێوان مرۆڤەکان دەبێ لە گرنگیدان بە پەروەردە و بارهێنانی ئینسانەکان‌دا بۆی بگەڕێین، کە حیزب لە موناسباتی نێوخۆیی‌دا بەوشێوەیە گرنگی بە پەروەردەیەکی پێشکەوتوانە و یەکسانیخوزانە نەداوە کە گۆڕانێکی قووڵ لە نێو ریزەکانی خۆی‌دا دروست بکا. رێبەرانی سیاسیی حیزبی دیموکرات هەمووکات ئەم قسەیان دووپات و چەندپات کردۆتەوە کە بە هۆی ئەو هەلومەرجە تایبەتییە، واتە شەڕی چەکداری و هەلومەرجی سیاسیی کوردستان، حیزب نەیتوانیوە ئامانجەکانی خۆی لە بارەی دۆخی ژنان لە کۆمەڵگەدا پیادە بکا! بەڵام ئایا ئەم قسانە تاکەی دەتوانێ قەناعەت بە نەسلی ئەمڕۆ و سبەینێی رۆژهەڵات بێنێ؟
رێبەریی حیزب وەک ئۆرگانیزمێک، سەردەمیانە شەڕی لەگەڵ کۆی ئەو کەلتوورەی ژن وەک بوونەوەرێکی لاواز نیشان دەدا، نەکردوە. هەربۆیە تاکوو ئەم ساڵانەی دواییش بوونی ژن لە مەیدانی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی‌دا لە نێو رای گشتیی خەڵکی کورستان و تەنانەت بۆ زۆر لە تاکەکانی نێو حیزبیش بە زەحمەت قەبووڵ کراوە، ئەگەر قەبووڵیش کرابێ، چاوێکی بەکەمبینی هەر لەگەڵ بووە. بۆیە دەبینین ئێستاش پاش ئەم هەموو ساڵە دوای بڕیارەکەی پێشەوا قازی محەممەد سەرکۆماری کوردستان، بۆ هاندانی ژنان بۆ نێو مەیدانی خەبات و سیاسەت و بە نیسبەتی ئەو ئاڵوگۆڕەی لە ئێستای کۆمەڵگەی کوردستان‌دا دروست بووە و ئەو و موشارکەتەی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکان‌دا هەیانە، لانی کەم لە ریزەکانی حیزبی دیموکرات‌دا بە بەراورد لەگەڵ گۆڕان و پێشکەوتنەکان، ئەو بەشداریی و موشارەکەتە نابینرێ و ژن نەیتوانیوە رۆڵێکی کاریگەر و کلیدی لە ژیانی سیاسیی حیزب دا هەبێ. رێژەی کەمیی ژن لە ریزەکانی حیزبی دێموکرات و لە ئاستی بڕیاردان دا، دەرخەری ئەم بۆچوونەیە.
راستە هەمووکات ژنان وەک پشتیوانانی سەرەکی و بە توانای خەباتی مافخوازانەی بزووتنەوەی کورد ناسێندراون، بەڵام لە کردەوەدا ئەم پشتیوانانە، لەنێو ساختاری حیزبی دیموکرات‌دا زۆرتر وەک هێزێکی پاشکۆ ولاواز دیارن، تا ئێستاش ئەو هێزەیان نیە لانیکەم بتوانن خۆیان لەم پاشکۆیەتییە بێننەدەر. جگه‌ له‌وه‌ی به‌ کرده‌وه‌ سەرەڕای هەموو کەندوکۆسپەکان ژنان له‌ بزووتنەوەدا بەشدار بوون و جگە لەوەی لە مانفیستی حیزبێش‌دا هاوسەنگی دەبینرێ، بەڵام لە کردەوە‌دا لە ساختاری حیزب‌دا ناهاوسەنگییەکی زۆر دەبینرێ. چونکە هێزی بەڕێوەبەر، بڕیاردەر و پەروەردەکاری حیزب نەک هەر پیاوان بوون، بەڵکوو زۆریان لەو پیاوانە بوون کە ئەم رێفۆرمەیان لەخۆیان‌دا دروست نەکردوە، یان ئەو کەلتوورەیان لەخۆیان‌دا نەسرێوەتەوە، کەلتوورێک کە ژن بە مرۆڤێکی لاوازتر لە پیاو دەبینێ. هەمیشە وەک هێزێکی پشتیوان چاو لە ژن کراوە، نەک وەک هێزێکی لەمەیدان.
بێگومان ئەم مەسەلەیە پێویستیی بە خەسارناسییەکی ورد و لێکۆڵینەوە و دەرێنانی ئامارێکی روون هەیە، بەڵام هەر بەچاوخشاندنێکی سەرپێیی، دەردەکەوێ ژنان لەچاو پیاوان دەرسەدێکی زۆر کەم لە بەرپرسایەتییەکلیدییەکانیان هەبووە. دیارە حاشای لێناکرێ ئەمە بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەر ئەسڵ دا رێژەی ژن لە حیزبی دیموکرات‌دا بە هۆی ئەو تێڕوانینە زاڵەی لەکۆمەڵگەدا بەرانبەر بە ژن هەبووە کەم بوون. ئەوە خۆی باسێکی تایبەتی هەڵ دەگرێ. ئەوەی دیکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارانەی لە سەرەوە باس کران. بەڵام قسە لەو ژنانەیە کە روویان لە ریزی حیزبی دیموکرات کردوە و قسە لەو رێکخراوەیە کە حیزبی دیموکرات دایمەزراند، بۆ نەیانتوانی مێژوویەکی جیاوازتر لەوەی ئێستا دروست بکەن؟

ژنانیش لەم هەڵسەنگاندن و رەخنانە بەدەر نین
ژن خۆی لە خوڵقاندنی دۆخێک کە لە کۆمەڵگەدا بەسەریدا سەپاوە کاریگەری زۆری هەبووە. خۆی قەبووڵی ئەو باڵادەستییەی پیاوی کردوە، خۆی ئەم هەڵاواردنانەی قەبووڵ کردوە. لە راستی‌دا هیچ هێزێک ئاسان واز لە دەسەڵاتی خۆی ناهێنێ یان دابەشی ناکات، پیاو ئەو هێزەیە کە بەردەوام بۆ مانەوەی هێز و دەسەڵاتی خۆی لە بەربەرەکانی و ململانێ‌دا بووە. پیاو لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان‌ بە ئەحزابەکانیشیەوە هەر کاتێک ویستبێتی واز لەبەشێک لە دەسەڵاتەکەی بێنێ، بەدڵنیاییەوە ناچار کراوە. لە حیزبی کوردی‌دا ژن ئەو ئیرادە بەهێزەی لەخۆی نیشان نەداوە کە ئەم مۆدێلە هەر پیاو فەرماندە و بەرپرس و رێبەری و سکرتێر بێ، بگوڕێ. هەرچەند لەمەشیان دا ژنی کورد تاوانباری سەرەکی نیە.
گۆڕێنی ئەم دۆخە پەروەردەیەکی ستراتیژی دەویست بۆ پێگەیاندنی مرۆڤی یەکسانیخواز بۆ هاوسەنگ کردن و بۆ ئەوەی ئیرادە و هێزی دەروونی بە ژن ببەخشرێتەوە و ئەم ترسەی لە نێو بنەماڵە و کۆمەڵگەدا لەگەڵی بووە و هەر لەمنداڵییەوە فرچکی پێگرتوە، بتوانێ لەخۆی‌دا بسڕێتەوە. مرۆڤێک بڕوابەخۆیی و ئەو هێزە دەروونییەی نەبێ، ناتوانێ ئەو کۆسپانەی دێنەسەر رێی لەگەڵیان رووبەروو بێتەوە و لایانبەرێ.
دروستکردنی هاوسەنگی پێویستی بە ڕیژەی زۆری ژنی ئازا، ئاگا و بە ئیرادە و بە پیاوی بەرابەریخواز هەبووە کە بەداخەوە لە حیزبی کوردی و رێکخراوی ژنانی کورد‌دا تاکوو ئەمڕۆش لەو بارەیەوە ئەم هێزە دروست نەبووە کە ئەو هاوسەنگییە دروست بکا و ساختارە پیاوسالارە و بگۆڕێ. دیارە ژنی بەهێز، بڕوا بەخۆ، ئاگا و پیاوی یەکسانیخوازی راستەقینە، زەمینەی کۆمەڵایەتی پێشکەوتووی پێویستە. بنیاتنانی داهاتوویەکی جیاواز لە ئێستامان پێویستمان بەو زەمینەیە و بە خەباتێکی فکری ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز لە نێو حیزبی دیموکراتی کوردستان‌دا هەیە. بەتایبەتی ئەم بەرپرسیارەتییە لە حیزبی دیموکراتدا بەشێکی زۆری دەکەوێتە سەر شانی خودی ژنان و رێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان کە ئەم حیزبە دایمەزراندوە. بەو هیوایە لە هەشتەمین دەیەی ژیانی حیزب‌دا قۆناغیکی نوێ لەم خەباتە دەست پێ بکرێ.
لە ژماره‌ ٦٦٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.