nasir_babaxanii.jpgلەو ڕۆژەوە دوور بۆتەوە سایەت لە سەری من
سووتاوە لەتاوت هەموو گیان و جگەری من
مەزن سەرکردەم سڵاو!

دەزانی بۆچی بەم دوودێڕە شێعرەی وەفایی دەستم پێکرد؟ چون لە ڕاستیدا هیچ ڕستەیەک وەک ئەم بەیتە گوزارە لە دەروونی شڵەژاوم ناکا، ئەم بەیتە گوزارە لە دۆخی هەموو تاکێکی کوردی وەفادار بە ڕێبازت دەکا کە لە پاش کۆچی سوور و ناوادەت، پەشێو کوتەنی “وەک چنگێک دانەوێڵەی فێڕێدراوی ئاشی مێژوو لێرولەوێ پەراکەندە و سەرگەردان بووین.”
زۆر کەس لە سەر ژیان و ئەندێشەی تۆیان نووسی، بە سەدان کتێب، وتار، شێعر، کۆنفرانس، بەڵگەفیلم، وتووێژ و… بڵاوکرانەوە بۆ ئەوەی چاکترت بناسین، دەستی هەموو لایەک خۆش بێ، بەڵام منی قەڵەم کول و بیر کورت چ بنووسم و باسی چی بکەم؟ بۆیە شاعیر کوتەنی: “مێروولە نەچێ چاکە بە گژ قوللەیی قافا!”
ئیزن بفەرموو لەم شەوەدا، شەوی یەلدا، شەوی لەدایکبوونت، چەند ڕستەیەک بۆ دڵی خۆم بنووسم:
من وەک تارماییەک تۆم لەبیرە… وەک شتێکی دوورەدەست، وەک تاسەی دایکێکی دوورخراو لە جگەرگۆشەکەی، وەک تامەزرۆیی پاڵەیەکی ماندوو بۆ قاپێک دۆی ترش و ساردی بەقەزوان، وەک حەزی مناڵێکی هەژاری پێخواس بۆ بەستەنی دەستی کیژۆڵەکی پۆشتە، وەک حەسرەتی پێشمەرگەیەکی کونجی بەندیخانە بۆ ئازادی و سەربەستی…
مناڵ بووم، پێموایە ساڵی ١٣٥٨ بوو. ڕۆژێکیان لە گەڕەکی سەربەرداشی مەهاباد بەرەو مەیدانی چوارچرا بووینەوە، بابم دەستی گرتبووم. تۆ قسەت دەکرد، دوور بە دوور وەک تارماییەک دیتمی، تەمەن بەشی ئەوەی نەکرد لە وتەکانت تێبگەم… ئیتر لە پاش ئەم میتینگە لە هەر کوێ ناوت هاتبا یان قسەت کردبا قوت دەبوومەوە، ئێستاش پاشی نیزیک بە چوار دەیە لە هەموو کەلێن و قوژبنی ژیانی تاکەکەسی و کاریمدا بوونت هەیە…
خوێندکار بووم، لە زانکۆی مازەندەران لە بابولسەر، لە باکووری ئێران، پووشپەڕی ١٣٦٨ بوو، بەرەبەرە بەرەو کۆتایی تاقیکردنەوەکانی زانکۆ دەچووین… هاوڕێیەک لەپڕ لێمان وە ژوور کەوت، شڵەژابوو، کوتی؛ بیستووتانە دوکتور قاسملوو وەبەر دەسڕێژ کەوتووە و بریندار بووە…؟ گەنج بووم، زۆر لە دنیا حاڵی نەبووم بەڵام بڕوام پێبکە ئاسمان هەرەسی بەسەرەمدا هێنا… شتێکی سەیرت عەرز بکەم، لەم شوێنە دوورەی ئێمە لێمان دەخوێند ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران زمانحاڵی ئەو حیزبەی جەنابت سەرکردایەتیت دەکرد، زۆر باش ئاتێنی هەبوو، ئەوەم بۆیە عەرز کردی بزانی بەداخەوە دۆخی ئێستای ڕاگەیاندنمان وەک هەموو شتەکانی تر گەلێک خراپە! هەر لەوێش لە زمان کاک ئەحمەد شێربەگییەوە گوێمان لێبوو کە تۆ بۆ هەمیشە نەتەوەکەت بە سەغیری جێهێشت!
تاقیکردنەوەکان تەواو بوون، لە بابولسەر بۆ تاران و لەوێشڕا ڕۆیشتمەوە بۆ مەهاباد. ئوتوبۆووسەکانی مەهاباد بەیانیان زۆر زوو دەگەیشتنەوە، وڵات هەر تاریک بوو، شەقامەکانیش چۆلوهۆل. لە هەورازەکەی تەپەی قازی وەسەرکەوتم. لە دەرگام دا. لەو دیوی دەرکەکە بە دەنگی هەناسە و نیخە نیخی سینگی ناسیمەوە. دایکم بوو، ئاخر نەخۆش بوو، ئاسمی هەبوو، پشووی زوو سوار دەبوو (خودا لە مردووی هەموو لایەکمان خۆش بێ)، دەرگای بەڕوودا کردمەوە و لە ئامێزی گرتم و کوتم: دایە دوکتور… بەدەم هەنیسکانەوە کوتی دەزانم ڕۆڵە…
گەورەم!
b_300_220_16777215_00_images_AGADARI_Qasmloo6.jpgمن پێموایە جەنابت بەرلەوەی سیاسەتمەدار و سەرکردەیەکی سیاسی بی، ڕۆشنبیرێکی بە تەواو مانا بووی! چون بە باوەڕی من دوو تایبەتمەندی سەرەکی واتە: “داهێنان” و “شوێندانەری” لە ژیان و سیاسەتەکانی جەنابتدا بەئاشکرایی بەدیدەکرێن. ڕێک ئەم دوو خاڵەی ئێستا لەسەر ساحەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کوردستان نادیترێن. خۆ دەمێک ساڵە بەناو ڕووناکبیرەکانمان تەنیا پۆزی ڕۆشنبیری لێدەدەن و نازانن “داهێنان” بەری چ دارێکە و لە قوللەی قافی گۆشەگیریڕا نوسخە بۆ شاخ و شار دەپێچنەوە بێ‌ئەوەی خۆیان لەناو بەتنی ڕووداوەکاندا ئامادە بن، کەچی تۆ نەک لەناو جەرگی ڕووداودا بەڵکوو خودی ڕووداو بووی. تۆ هەم داهێنەر بووی هەم شوێندانەر!
زۆر دژوارە باسکردن لە هەموو ڕەهەندکانی ژیانی تۆ، دەرفەتی دەوێ، دەرفەتێک بەقەرا تەمەنی نەتەوەیەکی فەرامۆشکار. دەزانی، بەردەوام سەرسامم دەکەی. سەرسامم بەو پێشەکییەی بۆ “تاریک و ڕوون”ی مامۆستا هێمنت نووسیبوو، شارەزایی سیاستمەدارێک لە ڕەخنەی ئەدەبی تا ئەم ئاستە؟! سەرسامم کاتێ بەم هەموو زمانە لێدوانت دەدا بۆ ڕاگەیاندنە ناوخۆیی و بیانییەکان! هەستم بە شانازی دەکرد کە تۆ سەرکردەمی. سەرسامم ئێستاش کە دەبینم لە سەردەمی تۆدا پرسی کورد لە ئێران ببوو بە ڕۆژەڤی میدیاکانی دنیا، سەرسامم بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانت لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی جیهان و… ڕاستی ئێمە ناوی ساڵانی سەرکردایەتی جەنابتمان ناوە: قۆناغی قاسملوو.
سەیرە لە چاخی ئاوابوونی چەمکی کاریزمایی، ئێمە هەرهەموومان ڕوو لە چیا هاوار دەکەین:
هۆ شۆڕەسوار کەی دێیەی خوار!
من دەڵێم جگە لە تۆ و هزری تۆ کەس شک نابەین وەک ڕێنشانیدەر، بۆیە بەخۆم دەڵێم دەبێ بخوێنینه‌وه‌ و بخوێنینەوە. دەبێ ئاستی پەروەردە و زانستمان بچێتەسەر. خوێندنەوەی سەرلەنوێی جەنابت ئەرکی هەموومانە، ڕاست دەکەن قاسملوو قوتابخانەیە، بەڵام خۆزگە ئەوەشیان درکاندبا چەندە لەم قوتابخانەیە فێر بوون؟!
هەرچەند دۆخەکەمان لەچاو باشوور و باکوور و ڕۆژئاوا بە گشتی باش نییە، بەڵام تۆ کارێکی واتکردووە کە هەست بە بوون بکەین و هیوادار بین بە دواڕۆژ و یەکبوون و یەکگرتن. چون بەبێگومان بوونمان بە ناوی تۆوە گرێدراوە. لە شەوی لە دایکبوونت واتە یەکی بەفرانبارڕا تا ڕۆژی شەهیدبوونت، بازنەیەک سازبووە کە تێیدا دێین و دەچین، واتە چ شەوی لە دایک بوون و چ ڕۆژی شەهید بوونت بیانوویەکن بۆ زیندووبوونمان.
گەورەم!
تۆ وەها تێکەڵ بە گۆشت و خوێن و ئێسکی ئەم نەتەوەیە بووی کە ئەم جیلەی ئێستا پاش شەهید بوونت سوێندی هەرەگەورەیان “بە قەبری دوکتور قاسملوو”یە. بۆیە گەشبینم بە داهاتووی خۆمان هەرچەند:
کارێ کە غەم و دەردی فیراقت بە منی کرد
سەرما بە هەتیو، با بە دەواری شڕی ناکا
لە کورتی دەبڕمەوە. مەزن سەرکردەم، لەبری ماڵاوایی سڵاو و هەزاران سڵاو… ئەم نەتەوەیە فێری ماڵاوایی لە تۆ و لە ڕێبازت نەبووە و نابێ هەرگیز!

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد