aritma_mohammadi.jpgله‌ سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دینژاد ڕێژی له‌ سێداره‌دان به‌ تاییبه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان زۆر بوو، به‌ڵام به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ڕۆحانی زۆر له‌خوار و له‌ ئاستێكی نزمدا بوو، كه‌چی ڕۆژ نه‌بوو كه‌ هاوڵاتیانی كورد له‌ وڵاتانی

ڕۆژئاوا له‌ژێر كاریگه‌ریی پانئێرانیسته‌كان له‌ شه‌قامه‌كانی ئه‌ورووپا خۆپیشاندان دژی ئه‌حمه‌دینژاد وه‌ڕێ نه‌خه‌ن، (چونكه‌ ئه‌حمه‌دینژاد ڕوخساریی ئێرانیبوونی وه‌ك خۆی پێشان ده‌دا و حه‌زی له‌ شاراوه‌كاریی نه‌بوو و هه‌رچی بویستایه‌ وه‌ك خۆی به‌بێ شاردنه‌وه‌ ده‌یكرد‫.‬

به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ شایانی باسه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆككۆماریی ڕۆحانیدا ڕێژه‌ی له‌سێداره‌دان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان زۆر زیاتر بووه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌ كه‌ ڕۆحانی بووه‌ته‌ سه‌رۆككۆمار له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌شت ساڵه‌ی ئه‌حمه‌دینژاد كه‌ سه‌رۆككۆمار بوو هه‌ڵسه‌نگێنین ده‌بینین كه‌ له‌م ماوه‌ كورته‌ی سه‌رۆككۆماریی ڕۆحانیدا بیست به‌رابه‌ری سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دینژاد ڕێژه‌ی سێداره‌دا زیادی كردووه‌ و پشكی هه‌ره‌ زۆریش به‌ر چالاكوانانی سیاسیی و مه‌ده‌نیی كورد ده‌كه‌وێت و هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی كوشتی هاوڵاتیانی كورد له‌ سه‌رسنووره‌كان كه‌ كاری كۆڵبه‌ریی ده‌كه‌ن زیادی كردووه‌ و هه‌نووكه‌ پاسداره‌كان به‌بێ ئاماژه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی هێمای وه‌ستان بۆ شۆفیره‌كان و كۆڵبه‌ره‌كان ته‌قه‌یان لێ ده‌كه‌ن و ده‌كووژرێن و كه‌سیش ده‌نگ ناكات و هیچكه‌سیش له‌ ڕۆژئاوا خۆپیشاندان وه‌ڕێ ناخات‫.‬

من ده‌ڵێم ئه‌حمه‌دینژاد زۆر بێشانس بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ داوای له‌ ئه‌ورووپییه‌كان و ئه‌مریكییه‌كان كرد كه‌ با ڕێكه‌وتنی ئه‌تۆمیی له‌گه‌ڵ واژۆ بكه‌ن، به‌ڵام ڕۆژئاوا ڕه‌دی كرده‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو یارییه‌كه‌ ڕۆژئاوا خۆی وه‌ڕێیخستووه‌ و هه‌ر خۆشی ته‌واوی ده‌كات. هه‌نووكه‌ به‌شێكی زۆر له‌ چالاكوانه‌ هه‌ره‌ چالاكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتدارێتی حوكوومه‌تی ڕۆحانیدا له‌ به‌ندیخانه‌كاندا به‌ند كراون و به‌شێكیش له‌وان به‌بێ هۆ دادگایی كراون و ده‌یان ساڵ به‌ندكردنیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌ و هه‌روه‌ها له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ده‌یان چالاكوانی سیاسیی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵات له‌ سێداره‌ دران و كه‌سیش ده‌نگی لێوه‌ نه‌هات و ته‌نانه‌ت جێگای باییخی میدیا حیزبییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیش نه‌بوو‫.‬

هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی له‌سێداره‌دانی كوردانی خۆرهه‌ڵات له‌م دۆخه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و ڕۆژانه‌ لاوی كورد له‌ژێر تۆمه‌تی فرۆشیاری ماده‌هۆشكه‌ره‌كان له‌ سێداره‌ ده‌درێن و خه‌ڵكیش بێ ده‌نگه‌. هه‌نووكه‌ ده‌یان چالاكوانی سیاسیی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵات چاوه‌ڕوانی سێداره‌دان ده‌كه‌ن و به‌شێكیش له‌وان له‌ هۆڵه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كاندا به‌ند كراون و چاوه‌ڕوانی ده‌رچوونی حوكم ده‌كه‌ن‫.‬ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌نووكه‌ ده‌بینین ڕۆژانه‌ لاوی كورد له‌دار ده‌درێت و كه‌سیش نقه‌ی لێوه‌ نایه‌ت‫.‬ باشه‌ هۆكاری ئه‌م بێده‌نگییه‌ چییه‌؟ ڕووی وته‌ی من له‌ كوردانی تاراوگه‌یه‌ نه‌ك كوردانی دانیشتوونی ڕۆهه‌ڵاتی كوردستان‫.‬

له‌ ماوه‌ی یه‌كودوومانگی ڕابردوودا هندێك له‌ حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ستیان به‌ هندێك چالاكیی بێ پلان و پڕۆژه‌ كرد و ڕژیمی ئێرانیش ئه‌م چالاكییه‌ بێ پڕۆژه‌ییه‌ی هندێك حیزبی ڕۆژهه‌ڵاتی بۆ له‌داردانی ڕۆڵه‌كانی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی قۆسته‌وه‌ و له‌داری دان، ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای تێڕامانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و حیزبانه‌ هیچ هه‌ڵوێستێكی ئه‌وتۆیان له‌و پێوه‌ندییه‌دا پێشان نه‌دا، وه‌ك ئه‌وه‌ وابه‌ كه‌و ئه‌وانه‌ی له‌دار دران كورد و ڕۆڵه‌ی كورد نه‌بن‫.‬ پێویسته‌ حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات خاوه‌ندارێتی له‌ ڕۆڵه‌كانی خۆی بكات‫ و ڕۆڵه‌ی كورد باجی هه‌ڵه‌كانی ئه‌وان نه‌دات.‬

له‌ سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دینژاد هه‌موو ڕۆژ كۆمه‌ڵێك ئێرانیی له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوایی ده‌ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دژایه‌تیی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دینژاد ده‌رده‌بڕیی، هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ بوو كه‌ پانئێرانیسته‌كان ئه‌حمه‌دینژادیان به‌‌ نوێنه‌ری خۆیان نه‌ده‌زانیی و پێیانوابوو كه‌ ئه‌م سه‌رۆككۆماره‌ كه‌ ڕۆخساری له‌ مرۆڤ ناچێت له‌ مه‌زنیی ئێرانیبوون كه‌م ده‌كاته‌وه‌. كه‌چی كوردانی ڕۆژهه‌ڵات كه‌ دانیشتوونی ئه‌ورووپان خۆیان تێكه‌ڵی ئێرانییه‌كان ده‌كرد و ده‌هاتنه‌ شه‌قامه‌كانه‌وه‌. به‌ڵام هه‌نووكه‌ ڕۆحانی بووه‌ته‌ سه‌رۆككۆمار ئیتر ئێرانییه‌كان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ڕژیم نه‌ماوه‌ و له‌داردانی ڕۆڵه‌ی كوردیش له‌ كیسی ئه‌وان ناچێت. به‌لام كورده‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانی ئه‌ورووپا ئیستا ئه‌گه‌ر هه‌موو ڕۆژهه‌ڵات له‌دار بدرێت نقه‌یان لێوه‌ نایه‌ت. ‬
هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ش كه‌ له‌ ئه‌ورووپا ده‌ژین زۆربه‌یان ئه‌ندام و لایه‌نگری پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتن، كه‌چی باییخ به‌ ژیان و گیانی ڕۆڵه‌كانی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵات ناده‌ن! نازانم سیاسه‌تی حیزبه‌كانیان ئه‌مه‌یه‌ یانخود گیانی ڕۆڵ‌ی كورد واتای نییه‌! ‬

بۆ حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات داوا له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگره‌كانیان ناكه‌ن كه‌ له‌ ئه‌ورووپا بژێنه‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای ڕاگرتنی له‌داردانی ڕۆڵه‌ی كورد بكه‌ن؟ لانیكه‌م ڕژیم هه‌ڵچوونه‌ چه‌كدارییه‌كانی ئه‌وانی وه‌ك هه‌ل بۆ خۆی قۆستووه‌ته‌وه‌، ده‌ی ده‌بێ ئه‌وانیش لانیكه‌م دژكرده‌وه‌ پێشان بده‌ن و داوا له‌ ئه‌ندامه‌كانیان بكه‌ن كه‌ له‌ ئه‌ورووپا وه‌ك سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دینژاد دژكرده‌وه‌ بنوێنن و خۆپیشاندان وه‌ڕێ بخه‌ن‫.‬ بۆ ده‌بێ كوردانی ڕۆژهه‌ڵات ڕێ بده‌ن كه‌ ڕژیمی ئێران ڕۆڵه‌كانی كورد به‌بێ هۆ له‌دار بدات‫.‬

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.