jamal_aliali.jpgدۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری نۆێی ئامریکا دەستی بە کار کرد و کۆڵێک پرسیاری خستە بەردەم زۆر کەسان. هاتنە سەرکاری ترامپ دوو پرسیاری سەرەکی دەخوڵقێنێ، یەکەم ئایا کۆمەڵگای ئەمریکی بە پێچەوانەی ئەوەی خۆیان و

گەلێک وڵاتانیتر بانگەشەی بۆ دەکەن ئەوەندە پاشکەوتوویە کە خەڵکەکەی لە نێوان ترامپ و هیلاری کلینتۆن، ترامپ هەڵدەبژێرێ و ئەویان پێ باشترە؟ دووهەم ئایا ترامپ دەتوانێ وەکوو سەرۆککۆماری ئەمریکی، کەسایەتی پایەبەرزی سیاسی،هەڵسووکەوتی پێویستی لە هەمبەرڕووداوەکانی جیهانیدا هەبێت؟ لە ڕوانگەی نووسەرەوە، وڵامی هیچ یەک لەم پرسیارانە لە خۆیدا، بۆ کورد نابێتە نان و ئاو بەڵام دەتوانی یارمەتیدەرێک بێت بۆ ئەوەی کە پرسیارێکیتر شڕۆڤە بکرێت: ئایا هاتنە سەر کاری ترامپ چ قازانجێکی بۆ کورد دەبێت؟ بابەتی بەرچاوی خۆێنەر، هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی زیاتری ئەو پرسیارە.
لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەمریکادا، بەڵێنەکانی ترامپ لە هەمبەر موسوڵمانە تورە و تۆسنەکاندا دەوری باشی هەبوو بەڵام یەکلاکەرەوە نەبوو. کۆمەڵگای ئەمریکی بە دەرهەڵاویشتنی کلینتۆن سەلماندی کە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوویە و ژنی پێ لە پیاو کەمترە. جیهانی ئەمڕۆ بە ساکاری جیهانی سەد ساڵ لەمەوبەر نیە، پێویستی بە نەرم و نیانی لە سیاسەتدا هەیە. هۆکارەکەی، فرەچەشنە بوونی فاکتەرەکانی کاریگەر لە سیاسەتدان، هێندێکیان زۆر بچووک بەڵام بە وزەن، هێندێکیان زەبەلاح و بێ کاکڵن. لە نێوان ئەو دوو چەشنەدا گەلێک فاکتریتر هەیە، زۆریان نەناسراون، بگرە شاراوەن. کەواتە کەم کەس هەیە کە بتوانێ ڕۆڵی سەرۆککۆمارێک بگێڕێ کە جێگەی متمانەی زۆر لە گەلانیتر بێت و بتوانێ پشتیوانی زۆر لە سەرۆک وڵاتانیتری هەبێت. کەواتە بە کوورتی دەکرێ بوێژین کە بوونی ترامپ ناتوانێ لە ئاستی جیهانییەوە سەرکەوتنێکی بەرچاو بۆ ئەمریکا مسۆگەر بکات. بە باوەڕی نووسەر، ئەگەر سیستمی ئەمریکی لەوبارەوە هەست بە مەترسی بکات دەتوانێ سەرشێتییەکانی ترامپ ڕکێف بکات. بەڵام ئایا هاتنە سەرکاری ترامپ چ قازانجێکی بۆ کورد هەیە؟
لە سەودا و مامەڵەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا و بە تایبەت لە کاتی هەنووکەییدا لە سەر سووریا، ترامپ زۆر بە ئێران و تورکیا کەیفخۆش نیە کەواتە تەنیا کوردەکان و هێزەکانیتری دێمۆکراتیکی رۆژئاوان کە ترامپ چ دڕدۆنگێکی دەگەڵیان نیە، ئەوە خۆی جێی تۆزێک هیوایە ئەگەر بێتوو هەر وەکوو خۆی بمێنێتەوە بەو مەرجەی سیستەمی ئەمریکی لە ئاست سەرەڕۆییەکانی ترامپ پشووی سوار نەبێت. ئەوە بە دەگمەن دێتە بەرچاو بەڵام بێ کەلک نیە، دەتوانێ هێندێکی خێر بۆ کورد هەبێ تا ئەو کاتەی توورکیا و ئێران دڵی ترامپیان بە دەست نەهێناوە. شاراوە نیە کە ئەو دوو داگیرکەرە بۆ کووژاندنەوەی هەستی نەتەوایەتی کورد، ئامادەن هەر جۆرە هەنگاوێک باوێژن و لەو پێناوەدا، تەنانەت باکیان لە خۆفرۆشتنیش نیە. کەواتە، دۆستایەتی ترامپ دەگەڵ کورد، یاخود "نادووژمنایەتی" ترامپ دەگەڵ کورد تا ئەوکاتە دەخایێنێت کە ئەو دوو داگیرکەرە سەرکییەی کوردستان سەر بۆ ترامپ نەوی دەکەن. ڕووسیا زۆر گرینگ نیە، ئەوان ئیمتیازیان گەرەکە، لێرە نەبوو لەوێ! ئەمریکا دەتوانێ لە شۆێنێکیتر قەرەبووی زیانەکانی ڕووسیا بکاتەوە. ئەوەی کە ئێستا گرینگە ئەوەیە کە کەنگێ و چۆن ئەو دوو داگیرکەرەی کوردستان دەتوانن دڵی ئەمریکا و هاوپەیمانانی وەدەست بێنن.
فاکتەری هەرە لاوازی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، نەتەوەی کوردە کە بە داخەوە خۆی پێی دەزانێ! ئەگەر نەتەوەی کورد، خۆی پێی نەزانیبا، ئەوە چ جێگەی داخ نەدەما. هیمای سیاسی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی مینیاتۆری سیاسی کوردستاندا بەدی دەکرێ، واتە، سازەکانی فرەرەنگ. دەوڵەمەندی کۆمەڵگا لە فرەرەنگی سیاسیدا پێک دێت بەڵام تەنیا کاتێک کە فرەرەنگی دەبێتە بە وزە نەک رکابەر(بیخۆێنەوە: دووژمنی قەستە سەر)! هەر کام لە سازەکانی سیاسی کوردستان لە هەر یەک لە سێ باڵەکانەوە خۆ بدۆزنەوە، تەنیا خۆیان بە ڕاست دەزانن و ئەوانیتر بە هەڵە! مخابن لە دە ساڵی ڕابووردوودا بە گشتی هەموو لایەنەکان فێربوون پڕۆپاگاندە و بانگەشەی هاوکاری و دۆستایەتی یەکتر بکەن بەڵام بە کردەوە هەر ئەوەیە کە خۆیان دەیزانن! تەجرەبە، ئەوەی سەلماندووە کە وردە بەیانی هاوبەش ناتوانێ وڵامدەرەوەی نیازەکانی هەنووکەیی بێت. دۆخی زاڵ بەسەر هێزەکانی سیاسی کوردستان بۆتە بە هۆکارێک بۆ متمانە نەکردنی ئەمریکا و زڵهێزەکانیتر بە سازەکانی نەتەوەی کورد، بۆتە بە دیوارێکی بەرز کە پێش بە پەرەگرتنی شۆڕشی نەتەوەی کورد بۆ رزگاری و دێمۆکراسی دەگرێ. ئەگەر ئەو بەربەستە نەبوایە هەنووکە بزاوی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتوودا دوبوو.
ئامرازی بەڕێوەبەرایەتی سیستەمی ئەمریکی گۆڕانکاری بەسەراهات! ئەوا هێندێک وڵاتیتریش تووشی گۆڕانکاری لەوچەشنە دەبن. سازەکانی نەتەوەی کورد تا ئێستا نەیانتوانیوە لە گۆێرەی دۆخی نۆێدا ئاڵوگۆڕ بەسەر خۆیاندا بێنن، ئاڵوگۆڕێک کە بکەوێتە سەر ڕێچکەی نەتەوایەتی نەک کەسایەتی و سازەیی! ئەگەر سازەکانی سیاسی کوردستان بە هەر سێ باڵەوە نەتوانن دەرفەتەکە بقۆزنەوە، نەک هەر ترامپ بەڵکوو ئەوانیتریش کە بەڕێوەن ناتوانن ببنە بە نان و ئاو بۆ نەتەوەی کورد. ئەو دەرفەتەی ئێستا هەڵکەوتووە، مێژووییە، ساویلکەییە ئەگەر نەتەوەی کورد ئەو دەرفەتە لە کیسی بدات.
جەماڵی عەڵیاڵی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.