fredrik_malm.jpgڕۆژانی ١١ و ١٢ی فێبریواری ٢٠١٧ی زایینی، سەرۆک وەزیرانی سوید و وەڤدێکی گەورە پێکهاتوو لە جەندین وەزیر و گەورە بازرگانی سویدی بە سەردانێکی فەرمی چوونە تارانی پایتەختی ئێران. ئەو سەردانەی سەرۆک وەزیرانی سوید،

هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەی ئەو وڵاتە کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بە تایبەت حیزبەکانی ئۆپۆزێسیۆن و لە سەرووی هەموویانەوە پارتی لیبرال بە ئاشکرا نارەزایەتی خۆیان بەو سەردانەی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان نیشان دا.
هەر لەو چوارچێوەیە دا حەفتەی رابڕدوو، بەڕێز " فرێدریک مالم" پارلەمانتاری پارتی لیبرال، کە دۆستێکی نزیکی کوردە، لە پانێکی سەرەکی پارلەمانی سوید، سەرکۆنەی ئەو هەڵوێستەی سەرۆک وەزیر و وەڤدی سویدی کرد. ئێمە لێرە دا دەقی وەرگێڕدراوی وتەکانی دەخەینە بەر دیدەی ئێوە بەڕێز.

زۆر سپاس بەڕێز وتەبێژ!
ئەم رۆژانە باس و مناقشەیەکی زۆر لەسەر سەفەرەکەی وەفدی دەوڵەتی سوئێد بۆ ئێران ساز بوو.
یاساکانی دەوڵەتی ئێران دژی ژنانی ئێرانە. ئێمە لیبڕاڵەکان دژی ئەو یاسایانەی رژێمی ئێرانین و چەوسانەوەی ژنان مەحکووم دەکەین. هەروەها رەخنەی توندمان هەیە لە دەوڵەتی خۆمان کە لەبەرامبەر دەوڵەتێک کە یەکێک لە خەراپترین دیکتاتۆڕەکانە داینەواندووە و بێدەنگ بووە دەوڵەتێک کە هەڵاواردنی جنسی و چەوسانەوەی ژنان یەکێک لە نیشانە بەرچاوەکانییەتی. بە تایبەت کە دەوڵەتی سوئێد سیاسەتی دەرەوەی خۆی وەک سیاسەتێکی فێمینیستی پێناسەدەکا.
ئەم چەوسانەوەی رژێمی ئێران دەیکا، ئێمەش لە ئوروپا و لە سوئێد دەگرێتەوە. هەزاران ئێرانی لەبەر ئەو سیاسەتی هەڵاواردن و چەوسانەوە لە ئێران هەڵاتوون و ئاوارەی وڵاتان و سوئێد بوون. هەروەها بەشداری رژێمی ئێران لە شەڕی سوریەدا بووەتە هۆی کوژرانی هەرزان کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان خەڵکی سوریە کە پەنایان بۆ ئوروپا و سوئێد هێناوە. دەوڵەتی ئێران دەوڵەتیکی ئاسایی نیە، ئەو دەوڵەتە هەر ئێستا لەم پێنج دەوڵەتە لەرزۆکەدا راستەوخۆ دەشەڕەوە گلاوە ،عێراق، سوریە، یەمەن، لوبنان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراقی فیدراڵدا. رێبەریی وڵاتی ئێران بە توندی دژی ئیسرائیل و بوونی ئەو دەوڵەتەیە. بەو پێشێلکارییانە ئەم دەوڵەتە لە ئێران و لە سوریە دەیکا، زەحمەتە بتوانین وای پێناسە بکەین کە هۆکاری سەقامگرتوویی و ئارامی لە ناوچەکەدا ببێ. بەڵام دەوڵەتی سوئێد ئێران وەک دەوڵەتێکی ئاسایی لێی دەڕوانێ و راست ئەو پێناسەیە دەدا بەو دەوڵەتە و تەنانەت وەک دەوڵەتێکی دەناسێنێ کە ناوەندێکی بەهێزە بۆ ئاڵوویری بازرگانی دەگەڵ سوئێد. لە کاتێکدا ساڵی پار قەبارەی ناردنی کەلوپەلی بازرگانی ئێمە و وڵاتی ئیسلاند زیاتر بوو بە بەراورد دەگەڵ ئێران. دەگەڵ ئەوەی حەشیمەتی ئێران هەشتا ملیۆنە و حەشیمەتی ئیسلاند سێسەت هەزارە.تەنانەت پێش گەمارۆکانیش ناردە بازرگانییەکانی سوئێد بۆ ئێران هێندە بەرچاو نەبووە. بەڵام دەوڵەتی سوئێد ئێرانی وا ناساندووە کە ناوەندێکی بەهێزە بۆ پێوەندیی بازرگانی. تەنانەت ناردەی سوئێد بۆ ئیسرائیل زۆر زیاتر بووە لە ئێران و دەوڵەتی سوئێد زۆر بە گورجی خەرێکی تێکدانی پێوەندییەکانی سوئێد و ئیسرائیلە و ئەوەش جێی تێڕامانە!
رەنگە دەوڵەتی سوئێد لەسەر ئەو بڕوایە بێ کە مەلاکانی ئێران چارەسەری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بن، بەڵام ئەوان لە ئێستاوە خەریکن کێشە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سەرلەنوێی عێراق سازدەکەن و خۆیان بۆ عێراقی دوای داعش تەیار دەکەن و خەریکی سازکردنی گروپی چەکداری لایەنگری خۆیانن، راست بە شێوەی حیزبوڵای لوبنان. ئەوان لەگەڵ عەرەبستان لە شەڕێکی قووڵی دەسەڵات دان لە سەر ناوچەکە و خەریکن کەلەبەری نێوان دوو باڵی ئیسلام کە سوننی و شێعەن بەرینتر دەکەنەوە بە شێوەیەک کە هیچ دەرفەتێک بۆ پێکەوە ژیانی هێمنانە ناهێڵنەوە. هەروەها بە جیددی خەریکی کۆسپ و تەگەرە سازکردنن لەبەردەم کارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خۆبەڕێوەبردن و سەربەخۆیی و هاوکاتیش کوردەکانی ئێران دەچەوسێننەوە. ئەوان ناهێڵن دەوڵەتی لوبنان کارەکانی بەڕێوەبەرێ و بەهاوکاریی حیزبوڵای لوبنان ئەو دەوڵەتەیان لەکارخستووە و یارمەتی گروپە تیرۆریستییەکانی فەلەستین دەدەن و کارێک دەکەن ئیسرائیل و فەلەستینییەکان ئەوەندەی بکرێ لێک دووربکەونەوە و نەکرێ بێر لە بیرۆکەی دوودەوڵەت( ئیسرائیل- فەلەستین) بکرێتەوە.
سیاسەتی نوێی دەوڵەتی سوئێد ئەگەر بکرێ ئاوای ناو لێبنێین، لەسەر دوو کۆڵەکە راوەستاوە، یەکیان زیادکردنی ناردەی بازرگانی سوئێد بۆ ئێران و ئەوی دیکە دەستپێکردنی وتووێژێکی راستەوخۆ دەگەڵ رێبەرانی ئێرانە. وتووێژێک کە ناڕوونە، لە پشت پەردەوەیە و دەگەڵ رێبەرانی رژێمە نەک خەڵکی چەوساوەی ئێران. ئەو وتووێژە نە رژێمی ئێرانێ دێموکراتیک دەکا و نە ناچار بە گرتنەبەری سیاسەتێکی ئاشتیخوازانەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکا. بە پێچەوانە ئەو سیاسەتە شەرعییەتێکی زیاتر دەدا بەو رژێمە.
سیاسەتی سوئێد بەرامبەر بە ئێران دەبێ ئەوە بێ کە پشتیوانی لەوانە بکا کە لە دەرەوەی رژێمن و بەرنامەیەکی دێموکراتیکیان هەیە. دەبێ زۆر بە روونی، بە بەرنامە، بێ پێچ و پەنا و بێ پسانەوە، سیاسەتی سەرکوتی ئەو رژێمە دژی خەڵکەکەی مەحکووم بکەین. ئەو رژێمە خەڵک هەڵداوەسێ، قامچییان لێدەدا، بەردبارانیان دەکا و جێی سەرسوڕمانە دەوڵەتی سوئێد لەبەرامبەریاندا بێدەنگە!. کاتێک ئێران مافی مرۆڤی بۆ دانیشتوانی لەبەر چاوگرت و پابەندیان بوو، هەروەها مافی وەک یەکی بۆ ژنان و پیاوان بە رەسمی ناسی، دەکرێ وەک وڵاتێکی دێموکراتیک چاوی لێبکرێ و بۆ ژیان دەبێ. ئێرانێکی ئاوا لە درێژخایەندا بۆ سوئێدیش بەرهەم و قازانجی باشی دەبێ.
قسەکانی " فرێدریک ماڵم" ئەندامی پارتی لیبراڵ لە پارلمانی سوئێد.

 

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.