qelemچارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چیە؟ پرسیارێکی گەلێک ئەستەمە، وەک نووسەری ئەو بابەتە (وەکوو تاکی کورد) بە گۆێرەی پێوەرەکانی سیاسی کۆمەڵایەتی

ئەو سەردەمە و بە تایبەت لە ناوچەکەدا چ وڵامێکم بۆ ئەو پرسیارە نیە بەڵام دەتوانم گومانی ئەوە لێبدەم کە دەکرێ پرسیارەکە بە شێوەیەکی جیاواز بخەینە بەر باس: چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چ نیە؟

ڕۆژهەڵاتی ناوین ئاوساوی گۆڕانکارییە و هەتا دێتو لە کاتی خۆی نزیکتر دەبێتەوە. ئەو گۆڕانکارییانە بە سانایی نایەنە جێ، هەر بەو هۆیەوە دەتوانێ ببێتە بە هۆی شەڕو پیکدادانی چەند وڵاتان. کوردستان لە ناوەندی ئەو شۆێنەیە کە ئەگەری شەڕ لێکەوتنەوەی لە سەرە. هیچ یەک لە داگیرکەرەکان ئەوەندەیان تێگەیشتن، توانایی و هونەری سیاسەت نیە کە پرسی کورد بە شێوەیەکی دێمۆکراتییانە چارەسەر بکەن. هەر بۆیە دەخوازن وەک جارانی پێشوو بە هۆی لاوازییەوە پەنا بەرنە سەر دانووستان و گفتوگۆ بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنی نەتەوەی کورد. مینای ئەو سیاسەتە هەر ئێستا لە لایەن داگیرکەرانەوە دەبینین.

تورکەکان وا نیشان دەدەن کە دانووستانەکان زۆر بە کەلک بوونە و هەر ئەوەندی ماوەی بەڵگەکان ئیمزا بکەن! طاڵبانی ئێرانی "ڕێگە دەدەنە کۆماریخوازانی کوردستانی ئێران" بۆ ئەوەی کە لە ڕێگەی تەلەفۆن دەگەڵ تەلەویزیۆنەکانی کوردی نەیاری ڕژێم، پڕۆپاگاندە بۆ ڕژیم بڵاو بکەنەوە. "یەکگرتووی ئیسلامی" لە باشوور دەبێتە ڕاسپاردە بۆ ئامادەکردنی بارودۆخ بە مەبەستی گفتوگۆ دەگەڵ ڕژیم. با جارێ باسی ئێراق و سوریا نەکەین بەڵام لە بیرمان نەچێ ئەوە لە "حبی عەلی نیە لە بوخزی عومەرە!" واتە بە هۆی تێگەیشتنی ئەو ڕژیمە چەپەڵانە نیە بەلکوو لە ناچاری ئەوانە! تەنیا مەبەستیان چەک کردنی نەتەوەی کوردە! بۆچی؟ بۆ ئەوەی کە لە کاتی ئاڵوگۆڕە بنەڕتییەکاندا، ئەو کاتە کە چەک دەور دەگێڕێ، هەتا نانخۆر کەمتر بن پشکی داگیرکەران زیاتر دەبێت. سەیر ئەوەیە کە لە هەمان کاتدا هەر ئەو داگیرکەرانە دژ بە نەتەوەی کورد ئەوەی لە دەستییان دێت ئەنجام دەدەن. لە باکوور دەستبەسەرکردن و هێرشی سوپایی هەر بەردەوامە، لە ڕۆژهەڵات دەستبەسەرکردن و کووشتن هەر بەردەوامە، لە ئێراق کە موچەخوری ئێرانیەکانە، خەریکن یاسای تازە بۆ "جەریمە"کردنی حکومەتی هەرێم دادەمەزرێنن، لەو بوارەدا هەرچەندی باسی چەپەڵی سوریا بکەین کەمە.

بۆ لێدوان لەسەر ئەو پرسیارە پێویستە چەند ڕاستییەکی مێژوویی وەبیر خۆمان بێنینەوە. مێژووی پیرۆزی نەتەوەی کورد پڕە لە تواندنەوە، ڕەشەکووژی، بەدوور خستنەوە، بەندیخانە، هەڵواسین، کۆمەڵکووژی و هەزاران تاڵی و سۆیری تری لەو چەشنە. بەڵام ڕاستییەکی گرینگ ئەوەیە کە هەرگیز نەتەوەی کورد دەستی نەداوەتە پەیاخ و هەڵکوتابێتە سەر دەوڵەتی داگیرکەر! واتە، تەنیا ڕێگەیەک کە تا ئێستا تەجرەبە نەکراوە! جەستەی مرۆڤ سیستەمەکی تەواوە و دەتوانێ تووشی نەخۆشی ببیت، ئەوسا مرۆڤ بۆ چارەی نەخۆشییەکەی سەردانی لای پزیشک دەکات، پزیشک دەرمانی بۆ دیاری دەکات و نەخۆشەکە بە هۆی بەکارهێنانی دەرمانەکە بەرەو باشی دەروات. سرنجڕاکێشەر ئەوەیە کە دەرمانەکە هەر لە "نەخۆشییەکە" پێکهاتووە. هیچ دیاردەیەک "هەبوونی" جیا لە چوارچێوەی سیستەمێکدا نییە. هەر سیستەمەو لە کۆمەڵێک دەزگای تێکچڕژاو پێک دێت. بە مەبەستی بنەبڕ کردنی دیاردەی قیزەونی دژ بە خۆت، پێویستە لە ڕێگەی بەکار هێنانی دیاردەکە بچیە ناو سیستەمەکە وهەوڵی سڕینەوەی دیاردەکە بدەی.

نەتەوەی کورد بە کۆمەڵێک هۆکارەوە، یەک لەوان ژێئۆپۆلیتیکی، چ دۆستێکی لە ناوچەکەدا نیە، ئەو هیوایەی کە بە دەوڵەتی جوولەکەکان هەبوو دەمێکە بە هۆی ناحاڵی بوونی جوولەکەکان لە دۆخەکەوە لە ناو چووە. سەرەرای ئەوە، لە کۆتایی ٧٠کاندا لە ڕۆژهەڵات، لە کۆتایی ٩٠کاندا لە باشوور، چەند ساڵ لەمەو بەر لە باکوور وساڵی پار لە ڕۆژئاوا نەتەوەی کورد سەلماندی کە هەرکات هەلی بۆ رەخسا، دەزگای خۆی دادەمەزرێنێ و توانایی خاوەندارێتی لە کەیانی خۆی هەیە. کە واتە نە پشت بەستن بە سیاسەتی نۆێی سەرمایەی جیهانی، نە دڵ خۆش کردن بە سەقامگیربوونی دێمۆکراسی لە لایەن داگیرکەرانەوە، هیچیان ناتوانن دەستەبەرێک بن بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. تەنیا یەکگرتوویی و پتەوی نەتەوەی کورد لە گفتمانی هاوبەش دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی وڵامی ئەو پرسیارە، بەتایبەت کاتێک کە قەیرانی ئاڵوگۆڕەکان شەڕ و پێکدادان دەخوڵقێنن.

جەماڵی عەڵیاڵی ١٠/٠٣/٢٠١٣

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد