ashq.jpgبەربەرەکانیی قارەمانانەی ڕۆڵەکانی عەفرین لە بەرامبەر سوپای داگیرکەر و دەستدرێژیکەری تورکیە دا، پەنجاوچوارەمین ڕۆژی خۆی گەیاندە ئێوارە. لەو ماوەیە دا شەڕڤانان،

یان با بڵێین پارێزەرانی فیداکار و ئازای ئەو دەڤەرە و تەنانەت خەڵکە ئاساییەکەشی خۆیان فیدا کرد، گیانیان بەخشی و خەو و خواردنیان لە خۆیان تاڵ کرد، بەڵام لە سەنگەری بەرگری لە خاک و نیشتمانی بابوباپیرانیان دا مانەوە و تا ئێستاش سوپای داگیرکەری تورکیە، سەرەڕای بۆمبارانی یەکجار قورس و بێ‌بەزەیییانە و کەلکوەرگرتن لە هەر چەشنە چەکێکی وێرانکاری سەردەم، نەی‌توانیوە دەست بەسەر عەفرین دا بگرێ.

ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئۆردووغانی سەرۆککۆماری تورکیە پێش دەستپێکردنی هێرشەکە پێی‌وابوو و ڕاشی‌گەیاندبوو کە ئەو شەڕە چەند ڕۆژێک زیاتر ناخایەنێ، ئەوان بە زوویی دەگەنە ئامانجەکانیان، لە ناوچەی عەفرین جێگیر دەبن و بە وتەی خۆی ئیدی پێش بە پێکهێنانی ئەو داڵان "کۆریدۆر" ە پڕ مەترسییە دەگرن، کە دەتوانێ ناوچە دابڕاوە کوردییەکان لێک گرێ‌دەداتەوە ولە ڕوانگەیەکی گشتیتریشەوە بە دەروازەی عەفرین دا کورد بگەیەنێتە دەریای ئازاد.
لەو پێوەندییە و لە کات وساتێکی ئاوا دا ئاماژە کردن بە چەند خاڵ پێویستە.

١ ــ ڕاستە بەربەرەکانی و بەرخۆدانی عەفرین لە لایەن شەڕڤانانی یەپەگەوە کراوە و دیارە شانازییەکانی ئەو خۆڕاگری و ڕاوەستانە کەموێنەیە لە مێژوو دا بە ناوی ئەوان و خەڵکی ئەو مەڵبەندە تۆمار دەکرێ و دەمێنێتەوە، بەڵام لە بیرمان نەچێ کە عەفرین بەشێکی گرینگی خاکی کوردستانە و خەم و نەهامەتیەکانی و هەروەها سەرکەوتن و خۆشییەکانیشی ئی هەموو کوردستانە و هەر کوردێکی دڵسۆزی ئەو نیشتمانە دابەشکراوە لە هەر شوێنێکی جیهان هەستی پێ‌دەکا و بە شێوەیەک خۆی تێ‌دا بە هاوبەش و هاودەرد دەزانێ.
بە واتایەکی دیکە وەک چۆن پارەکە، دوای ڕاپرسیی سەربەرخۆیی لە هەرێمی باشووری کوردستان و هێرشی حەشدی شەعبی و هێزەکانی ڕیژیمی عێڕاق بۆ سەر کەرکووک، دڵسۆزانی کورد لە هەموو جیهانەوە چاویان بڕیبووە ئەو بەشە و نیگەرانی کەرکوک بوون، هەر بەو شیوەیەش ئێستا عەفرین کەوتۆتە ناوەندی سەرنجەکان، کوردی هەموو پارچەکان هاودەردی و هاوخەمیی لەگەڵ دەردەبڕن، بە شەهیدبوونی خەڵک و شەڕڤانان بە پەرۆشن و بەرگریی قارەمانانەی ڕۆڵەکانی ئەو دەڤەرە بە شانازی بۆ خۆیان دەزانن.

٣ ــ کە وابوو مەسەلەی عەفرین لە دۆخی ئێستا دا و لە ڕوانگەی بیروڕای گشتیی کوردەوە پێش هەموو شتێک وەک مەسەلەیەکی نەتەوەیی حیساب دەکرێ و دەکەوێتە چوارچێوەی هاوپێوەندیی نەتەوایەتییەوە. ئەوەش بەو مانایەیە کە بەشی هەرە زۆری ئەو خەڵکەی لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە، بەپەرۆشەوە چاویان بڕیوەتە چارەنووسی عەفرین و بە تاسەوە چاوەدێریی ئاڵوگۆڕەکانی ئەو مەڵبەندە دەکەن، سەرکەوتنی شەڕڤانانی کورد، قازانجی دوورخایەنی کورد و کۆتاییهاتنی ڕەنج و مەینەتی خەڵکی ئەوێیان بۆ گرینگە و ئیدی بیر لەوە ناکەنەوە کە داخوا یەپەگە لە باری باوەڕ و ئامانج و ئیدیۆلۆژییەوە چییە و لە چ چەشنە سیاسەت و ڕیزبەندییەکی سیاسی دا خۆی دەبینیتەوە. یان با بڵیین پێویست نیە کابرا لایەنگر و موافقی سیاسەت و شێوە هەڵسوکەوتی یەپەگە و پەکەکە بێ، تا پشتیوانی لە خوشک و برا کوردەکانی خۆی لە عەفرین بکا. ئەو پشتیوانییە ئەرکێکی نەتەوایەتییە و لە چوارچێوەی ڕوانین و لایەنگریی حیزبایەتی دا نیە. دیارە ئەو ڕێکخراوانەش وەک هەموو حیزب و ڕیکخراوە کوردییەکان هەم ڕیزیان لێ‌دەگیرێ و خاوەنی پێگە و جێگەی تایبەتیی خۆیانن و هەم دەکرێ سەبارەت بە سیاسەت، بۆچوون و هەڵوێستیان لە بارودۆخی جیاواز دا، بکەونە بەر ڕەخنە و سەرکۆنە بکرێن.

٤ ــ چارەنووسی سیاسیی عەفرینیش وەک هەموو وڵاتی سووریە کە بەشی ڕۆژاوای کوردستانی تێ‌دا هەڵکەوتوە، بمانەوێ نەمانەوێ کەوتۆتە ژێر شوێنەواری کێبەرکێی زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و ڕووسیە. لە ڕاستی دا مەسەلەکە لە چوارچێوەی بەژەوەندیی ئەوان دا گەشە دەکا، ئاڵوگۆڕی بە سەر دادێ و هێزە ناوچەیییەکانیش بە پێی قازانج و ئامانج و چاوەڕوانیی خۆیان هەرکام دەکەونە پەڕاوێزی یەکێک لەو بەرژەوەندیییانەوە. ڕووسیە کە پێشتر وادەی وەبەرچاوگرتنی مافی کوردەکانی سوورییە و گونجاندنی ئەومافانە دە یاسای بنەڕەتیی سوورییەی دا، دابوو، چاوی لە حاست هێرشی ئوردووغان بۆ سەر ئەو دەڤەرە نووقاند ودژکردەوەی ئەمریکای هاوپەیمانی یەپەگەش لە ئاستی دەربڕینی نیگەرانی و ئامۆژگاریکردنی تورکیە واوەتر نەچوو. لە کەس شاراوە نیە کە ئێران وسوورییەش پێشوەخت ئاگاداری ئەو هێرشە بوون و پرسیان پێ‌کرابوو.

لەو بەینەدا هەڵوێستی سوورییە وەک وڵاتێک کە عەفرین بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێ ( و تا ئێستاش هەر وایە)، سەیر بوو. ئەو وڵاتە کە بە ڕواڵەت لە پێش دا هەڕەشەی دەکرد و دەی‌گوت دەستدرێژیی سوپای تورکییە بۆ سەر عەفرین قبووڵ ناکا و ڕای‌گەیاندبوو کە هەر فڕۆکەیەکی تورکیە سنووری ئەو دەڤەرە بپەڕێنێ، بەردەدرێتەوە، هیچ دژکردەوەیەکی بەرامبەر ئەڕتەشی تورکییە نەنواند و فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکییەش لە هەوەڵی شەڕێوە تا ئێستا بەسەر ئاسمانی ناوچەکە دا زاڵن و بە بەرچاوی دەوڵەتی ئەو وڵاتەوە بەشێوەیەکی دڕندانە شار و گوندەکان بۆمباران دەکەن. تەنیا شتێک کەسوورییە دوای تێپەڕینی چەند حەوتوو لە شەڕەکە کردی، ناردنی کۆمەڵێک میلیشیای چەکدار بوو، کە تا ئێستا چ دەورێکی دیاریان لە بەرگرێکردنی عەفرین دا نەبووە و دوای هاتنی ئەوان دۆخەکە خراپتریش بووە. ئەگەر سوورییە ڕاستی دەکرد، دەیەویست و دەی‌توانی بە هانای عەفرینەوە بێ، دەبوو دەسبەجێ یەکە نیزامییە پسپۆڕەکانی گەیاندبایە هێڵەکانی سنووری عەفرین و چەکی تەیارەشکێن و تانکشکێنی لە وێ جێگیرکردبان و بە کاری هێنابان. بەدڵنیایییەوە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەر زەوی لە هەموو بەرەکانی شەڕ دا دەروەستی سوپای تورک دەهاتن و کەماسییان تەنیا نەبوونی ئەو چەکانە بوو.

هەرچۆنێک بێ، تەنانەت ئەگەر سوپای تورکییە بتوانێ دەست بەسەر عەفرینیش دا بگرێ، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و لە سەرەوەی هەمووانەوە ئوردووغان ناتوانن بە ئامانجی خۆیان کە دابڕینی ئەو ناوچەیە، گوڕینی دێمۆگڕافیای ئەوێ و نیشتەجێکردنی خەڵکی غەیرەکورد لە وێیە، بگەن.
ئوردووغان بیری لەشتێک نەکردۆتەوە. ئەویش ئەمەیە کە: سەردەمی داگیرکردنی خاکی خەڵکی دیکە وسەپاندنی زۆرەملیی دەسەڵات بەسەرچووە و دروستکردنی ئیمپەڕاتۆڕییەکی نوێش ئیدی خەون و خەیاڵە.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.