mohammad_suleimani.jpgبزووتنەوەی نوێی " ڕاسان" هەنگاوەکانی خەباتی سیاسی و چەکداری و شۆڕشی جەماوەری لە کوردستاندا بەرفراوانترکردوە و ئیدی ڕۆژنیە لە دەڤەرە

جۆر بەجۆرەکاندا، دوژمن لە سەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان زیانی بەرنەکەوێت و لوتکەی هێزیان لە گۆڕنەنرێتەوە. خەڵکی کوردستان ئێستا وەك ساڵانی ڕابردوو ئومێدیان لە سەر ورەبەرزی و گیان فیدایی ڕۆڵەکانیان لە رێزەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێراندا هەڵچنیوە و هەڵسوڕان و کارو تیکۆشانی حیزب و کادر و پێشمەرگەکانی زۆر دەرگای داخراوی بەرووی شۆڕشی نوێی خەڵکی کوردستاندا خستۆتەوە سەرپشت و ئیدی ئەو دەرفەتەیش نیازی بە سیاسەتێکی ورد و ژیرانەیە کە تێیدا بتوانن کاریگەریان لە سەر بیر و بۆ چوونی ناوەندەکانی بڕیاردانی گێتی هەبێ. ئامانج و خواستی سیاسی و مافەنەتەوایەتیەکانی گەلی کورد شتێك نین لە کۆمەڵێك خاڵی لاوەکی و لاوازدا کۆبکرێنەوە و جەوهەری باسەکان لە بیر بکرێن. دەسەڵاتی خۆسەپێنی تاران لەو ڕاستیە گەیشتووە کە ئەگەر بێت و فەرمەندە سیاسی و نیزامیەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و، هێزەکانی تری کوردستان هەروەك لە ڕابردووشدا کوردستان بۆ داگیرکەران کرابوو بەگۆڕستانێکی گەورە و تەرس و خۆفیان لە دارو بەرد و شیو دۆڵی وڵاتمان هەبوو. ئێستاش ئەگەر تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێمۆکرات و فەرمەندە مەیدانیەکان بەبیرکردنەوە و بەرنامەی ورد و ژیرانەیان بۆ قۆناخی نوێی خەباتی شار و شاخ هەبێت و ستڕاتیژی نوێی کردە سەربازیەکان پەیڕەو بکەین، دوژمن لە ئاستی هەڵمەتی هەڵۆتیژباڵەکانی کوردستان خۆیان بۆناگرێ و هەرئەوەندەیان بۆ دەکرێت، خۆیان لە مەیدانی شەڕ و رووبەرووبوونەوە لە گەڵ ڕۆڵەکانی دێمۆکراتدا ڕابکەن و خۆیان ڕزگارکەن. ئەو دەست وەشاندنە خێرا و گەڵاڵە بۆداڕێژراوە کە تێیدا زیانی گەورەی بە هێزە سەرکووت کەرەکانی ڕێژیم لە شاری شنۆی مەکۆی کوردایەتی گەیاندوە و جارێ چەند وەرزێکی دەوێت هەتا ڕێژیم پشتیان لە بەرامبەر ئەو تێکڕامانە مەعنەوەیاد ڕاست دەکەنەوە بە خۆ دێنەوە. دەرفەتی باشتر بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەرەخسێت کە لە شوێن و جێگای تردا بە تۆڵەی شەهیدانی نیشتیمان، هێزی داگیرکەری سپای پاسداران بکرێنەوە ئامانج. یەکێك لەنەریتە دیار و گرینگەکانی خەباتی چەکداری ئەوەیە کە وەختێك کاریگەری گەورەی لەسەر دارووخاندنی ورەی هێزەکانی دوژمن دەبێت، کە دەرفەتی خۆڕێکخستنەوەیان پێنەدرێ و لە شوێن و شار و ناوچەی تردا هێرش بکرێتە سەریان و زیاتر وەریان بروخێنن و مەیدانی شەریان بە روودا بەرفراوان بکرێ و سەریان لێ تێکبدرێ کە کەی و لەکوێ هێرشیان دەکرێتەوە سەر. بەڵام ئەگەر بازنەی خەباتی چەکداری لە هەرێم و سنوورێکی بەرتەسك و دیاریکراودا چڕبکڕیتەوە، ڕەنگە هێزی پێشمەرگەش زیانی گیان بەربکەوێت. هەڵبژرادنی مەیدانی خەباتی چەکداری و ئەنجامدانی کردەی سەربازی، پێشوەختە دەبێت دەست نیشانکرابێ و تایبەت مەندییە سروشتی و جوگرافیەکان تێدا بەتەواوی ڕەچاو بکرێن و کات و دەرفەتی هەڵمەتی خێرا و بەجێهێشتنی مەیدانی شەڕ کە ئەو دوو خاڵە هەستیاری گرینگ بە ئەنجامی پڕۆسەکەدەبەخشن. بەتایبەت ئەو هاورێیانەی ئەزموونی خەباتی چەکداری و هێرشی خێرایان هەبێت باشتر لە نێوەرۆکی مەبەستە دەگەن. ئەو جار حکوومەتی ئاخوندی لە سەر دەستی هێزی پێشمەرگەی دێمۆکراتدا، زیانی بەرکەوت و لەئێستادا توانایی خێرایی پەلاماردانیان تێدا بەدیناکرێ و ڕەنگە ئەوەش هیچ بەو مانایە نەبێت، پێشمەرگە لە خۆبای بێ و بە سانای بکەوێتەوە بەر هێرشی دوژمن و زیانی بەرکەوێت. دەمێك بوو هەموولایەکمان خەمی لە دەستانی پۆلێك لە باشترین کادر و پێشمەرگەی حدکا مان دەخوارد کە بە هۆی کۆمەڵێك کەمترخەمی و هۆکاری سیاسی و تەشکیلاتی و چەکداری تووشی زیانی گەورەبوون و ڕێژیمی ئاخوندی و هێزەکانی بەجۆرێك ورەیان بەرزببوویەوە کە شەر و رووبەرووبوونەوەیان لە گەڵ ڕۆڵەکانی دێمٶکراتدا ئەوەندە پێ گران و دژوارنەبوو کە لە ڕابردوویان خۆیان لێ بەدوور دەگرتن و لێیان نزێك نەدەکەوتنەوە. بەخۆشیەوە ئەو جار باڵانسی هێز و شێوەکانی خەبات و بەرخۆدان و هێرشکردنە سەر دوژمن سەلماندی کە کورد و ڕۆڵەکانی هەر وەك لە مێژوودا بە نەتەوەیەکی خۆڕاگر و ئازا و بوێر ناوبانگی دەرکردوە، پێشمەرگەکانیشی بە پلەی یەکم لە خۆڕاگری و بەرگریکردن لە ماف و ئازادیە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد دێن و هەردەم جێگای شانازی خەڵکی کوردستان دەمێنەوە. ڕێبەری و ناوەندی گشتی ‌هێزی پێشمەرگەی حدکا لازمە ورد و ژیرانە گەڵاڵە و بەرنامەی تێکۆشانی نوێ و کرداری خێرای سەربازی بۆ زیانگەیاند بە دوژمن وەك لە ساڵانی ڕابردووشدا زۆر باوبوو، زیندوو بکاتە وە و زۆر ئاکادیمیانە لێکۆڵێنەوەی جەوهەری ناوەرۆکی بەرنامە خێراکان بەمەبەستی زیانگەیاندن بەدوژمن بکاتە دەست پێکی سەرفەسڵی نوێ بەرخۆدان لە کوردستاندا. کورد و بزووتنەوەکەی لە بەردەمی تاقیکردنەوە و قۆناخێکی گرینگی مێژوویدایە و ئەگەر لەئێستادا بوونی خۆی وەك هێزێکی دیار و کاریگەری سەر گۆڕەپانی مەیدانی خەبات پێشانبدات، بێگوومان ئەو وڵاتانەی دژی سیاسەتی فراوانخوازی ڕێژیمی ئاخوندی ئێرانن بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا، سەرنجی زیاتر دەخەنە سەر کورد و هێزەکوردیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. جووڵانەوەی سیاسی کورد لەو بەشەی کوردستاندا، لازمە لە هەموو روویەکەوە هاوکاری و هەستی پێکەوەکارکردنیان هەبێ و مەیدانی خەبات و بەربەرەکانی بە دژی حکوومەتی ئاخوندی ئێران بەربەرین و کاریگەرتر لە سالانی ڕابردوو بکەن و ‌هیچی تر دەرفەتی خۆ ڕێکخستنەوە بە هێزە ئەمنیەکانی دوژمن لە کوردستانیان پێنەدرێتەوە. ڕێژیمی ئاخوندی لە مێژووی سیاسی و دەسەڵاتی سەرکووتکارانەیدا هەرگیز بە ڕادەی ئەمڕۆ تەریك و لە ژێر فشاری کۆمەڵگای نێو نەتەوەیدا نەبووە و سیاسەتی نوێی ئیدارەی ئەمریکاش ئەو دەرفەتەی پێك هێناوە بۆ ئەوەی هیزە دێمۆکڕات و ئازادیخوازەکان بە شێوەیەك لە شێوەکان خۆیان ڕێکبخەنەوە بە دژی سیاسەتی دژی گەلی حکوومەتی ئاخوندی تاران.
محەممەد سلێمانی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.