dr-qasmlo25.jpgباوەڕمەند بوون بە دێموکراسی، وەک ئامانجێکی بەرزی سیاسی
“بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ ره‌وتی خۆی دا هه‌میشه‌ نه‌بوونی 

دیموکراسی به‌ هۆکارێکی گرینگی چاره‌سه‌رنه‌کرانی مه‌سه‌له‌ی کورد داناوه‌”. بە سەرنجدان بە ماهییەت و تێڕوانی نادێموکراتانەی ڕێژیمەکانی زاڵ بە سەر کوردستاندا، حیزبی دێموکرات لەو باوەڕدا بوو کە پێویستە سەرەتا بەستەرێکی دێموکراتیک بۆ دابینبوونی داخوازییە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان بوونی هەبێت. ئەم بەستەرە دێموکراتیکەیە کە دەتوانێ زامنی ویست و داخوازییە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بێت. “بۆیە درووشمی هەرە ئەساسیی حیزبی دێموکرات، “دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان” بوو. هەر وەک شەهید دوکتور قاسملوو باسی لە سەر دەکات، “ئەم درووشمە بە هەڵکەوت یان بە تەسادوف هەڵنەبژێردراوە. ئەو درووشمە پاش لێکۆڵینەوەیەکی دووردرێژ هەڵبژێردراوە. ئەو داخوازیانەی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد خەباتی بۆ دەکات، پێویستی بە زەمانەتێکی ئیجرایی هەیە، کە ڕوانگەی ئێمەوە “دێموکراسی” دەتوانێ پشتیوانەیەکی بەهێز بێت بۆ دابینبوونی داخوازییەکانمان”.
لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە “دێموکراسی” تەنیا درووشمێکی ئەبزاری و ڕواڵەتی نیە، بەڵکوو ئامانجە. چونکی ئەوە تەنیا بوونی دێموکراسییە کە دەتوانێ پاڕێزگاری لە دەسکەوت و نیزامی خۆبەرێوەبەریی لە کوردستان بکات. پێشخستنی “دێموکراسی بۆ ئێران” لە درووشمی بنەڕەتیی حیزبدا، بە مانای رێخۆشکردن و ئامادەسازیی بۆ دابینبوونی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی “خودموختاری یان فیدراڵی” دایە.
لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: “دێموکراسیمان بۆیە دەوێ، چونکی هەم خودموختارییەکەمان دەپارێزێ هەم خۆمان حیزبێکی دێموکراتین و ئیمانێکی قووڵمان بە دێموکراسی هەیە، بۆیە دێموکراسی بۆ ئێمە وەک حیزبێکی دێموکرات، هەدەفە”.
لە قۆناغی ئێستادا کە درووشمی حیزبی دێموکرات و بەشێکی زۆر لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “فیدرالیزم”ە، مەسەلەکە هەر وەک خۆیەتی و لە نێوەرۆکدا گۆڕانێکی ئەوتۆی تێدا پێک نەهاتووە. لە “وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدرال”دا، کە درووشمی ئیستراتێژیی حیزبی دێموکراتە، چەسپاندی دێموکراسی لە ئێران – ئەو بەستەر و زەمینە سیاسییەی کە ئێمە وەک کورد داوای مافەکانمانی تێدا دەکەین – ئامانجە. چونکی دەسەڵاتێک کە نەتوانێ دێموکرات بێت و لە سەر ئەساسی دێموکراسی دانەمەزرابێ، ناتوانێ دان بە مافە ڕەوا و دێموکراتیکەکانی خەڵکی کوردستاندا بنێت و ئەگەریش بە ناچاری دانی پێدا بنێت، مادام باوەڕی بە دێموکراسی نەبێت، هەمیشە هەڕەشەیە و هیچ زامانەتێک بۆ پاراستنی مافە وەدەستهاتووەکان، بوونی نابێت.
بە نسبەت دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئێرانی و زاڵبوونی بیری ناسیۆنالیزمی ئێرانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لات و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن به‌شێک له‌ ئوپۆزیسیونی سه‌راسه‌ری‌ و رووناکبیرانی ئێرانیشه‌وه‌‌‌‌ کە بەردەوام حاشا لە مافی نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان کورد دەکەن، پێداگری لە سەر دێموکراتیکبوونی دەسەڵاتی داهاتووی ئێران پێویست و حەیاتییە.
هه‌ر به‌هۆی ئه‌و روانگه‌ ته‌واویه‌تخوازانه‌ی توێژی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌یه‌‌ که‌‌ ته‌نانه‌ت باسی دێموکراسییش له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ ئێران دا، خوێندنه‌وه‌یه‌کی چه‌واشه‌کارانه‌ی‌ بۆ ‌ده‌کرێ. بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە پێی وایە: “بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ ره‌وتی خۆی دا هه‌میشه‌ نه‌بوونی دیموکراسی به‌ هۆکارێکی گرینگی چاره‌سه‌رنه‌کرانی مه‌سه‌له‌ی کورد داناوه‌. ئه‌زموونه‌کانی رابردوو ده‌ری ده‌خه‌ن که‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌رده‌وام خوازیاری‌ چاره‌سه‌ری دیموکراتییانه‌ی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌دا بووه‌ و ئێستاش هەر لەو باوەڕە دایە”.
روانین و سیاسەتی دێموکراتیکی حیزبی دێموکرات بەرانبەر بە داهاتووی ئێران و خەبات بۆ چارەسەری دێموکراتیکی پرسی نەتەوەیی لە کوردستان کە بە گشتی لە باوەڕی بە “دێموکراسی”دا کۆ بۆتەوە، ئەسڵێکی دانەبڕاو لە ناو و نێوەرۆکی ئەم حیزبەیە.
دێموکراسی لە روانگەی حیزبی دێموکراتەوە تەنیا ڕەهەندێکی دەرەوەی حیزبی نیە کە تەنیا تایبەت بێت بە شێوەی ڕوانینی بۆ چوارچێوەی دەسەڵاتی سیاسی لە ناوەند یان دەسەڵاتی خودموختار یان فیدراڵ لە کوردستان، بەڵکوو ڕەهەندێکی قوڵی ئەم تێفکرینە، تایبەتە بە نیزام و قەوارەی نێوخۆیی ئەم حیزبەش و لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکرات تا ئێستایشی لە گەڵ بێت یەکەم رێکخراو و حیزبی سیاسیی کورد و ئێرانییە کە لە رێبازێکی راستەقینەی دێموکراتیکدا رێبەرایەتیی بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان دەکات.

سمایل شەرەفی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.