qelemڕۆژی یەکەمی نەورۆزی ئەمسال بەرێز عەبدوللا ئۆجەلان وتارێکی ئاراستەی گەلی کوردی باکوور کرد. ناوەرۆکی ئەو وتارە لە دوو ڕوانگەوە جێگەی سرنجە و دەتوانێ پرسیار بخوڵقێنێ. یەکەم تایبەتمەندی کە لەو وتارەدا بەدی دەکرێ ئەوەیە کە تا ئێستا وتارێکی لەو چەشنە لە لایەن هیچ تاک و سازەیەکی کوردی ئاراستەی

نەتەوەی کورد و هێزەکانی داگیرکەر نەکراوە. ئەو تایبەتمەندییە، ئاکارەکە دەکاتە بە کردەوەیەکی تاقانە و تەجرەبە نەکراو.

کاتێک کردارێکی نۆێ دێتە ئاراوە، لە هەر شۆێنێک دەبێ ببێ، ئەو کات دوو خاڵ، گرینگێکی تایبەت بە خۆوە دەگرن. لەو کوورتە بابەتەدا خواستی نووسەر ئەوەیە کە ئەو دووخاڵە بخاتە بەر چاوی خۆێنەر. هەڵبەت لە بیرمان نەچێ کە زۆربەی لایەنەکانی سیاسی نەتەوەی کورد تا ئێستا زۆرجاران گفتمانی ئاشتی و هێوریان بە فرەچەشنە بانگەواز کردووە بەڵام لە راستییدا چ کاردانەوەیەکی لە لایەن داگیرکەرەوە لێنەکەوتۆتەوە. ئەوە لە خۆیدا دەبێتە هۆکاری بێ متمانی بە ڕژێمی توورکەکان، ئەو ڕژێمەی کە ساڵیانی ساڵە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکات. بە باوەڕی نووسەر ئەو ڕژیمە ناتوانێ چ خێرێکی بۆ گەلی کوردی باکوور هەبێ، بەڵام ئەگەر بێتوو توورک واز لە فەرهەنگی نکۆڵی نەتەوەی کورد بێنێت ئەوسا دەکرێ هیوایەک هەبێ کە چارەسەری پرسی کورد ڕوو لە هەڵبژاردنی دێمۆکراتی بکات.

مێژووی خۆێناوی نەتەوەی کورد پڕە لە تاڵی و نەکبەتی، هۆکاری ئەو بەسەرهاتە بابەتێکە شایانی تۆژینەوەیە کە رەنگە ماوەیەکی زۆر درێژ بخایەنێ، تەنانەت هەرگیز بە هاسانی کۆتایی پێ نەیە. هەروەها ئاگادارین کە نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، زۆر ڕێگە و سیاسەتی فرەچەشنەی گرتۆتە پێش بەڵام هەرگیز ڕێگەی شەڕ و پێکدادانی هەڵنەبژاردووە، بە پێچەوانە نەتەوەی کورد بە مەبەستی خۆپاراستن مەجبووربووە پەنا بەرێتە ئەو هەڵبژاردەیە کە لە ڕاستیدا بەسەریدا سەپاوە. ڕەنگە ئەو ڕستەیەی باشتر خۆ بنوێنێ ئەگەر بێتوو بڵێین تا ئێستا نەتەوەی کورد دەستی نەداوەتە چەک و هەڵکوتابێتە سەر ماڵی داگیرکەر.

وتارەکەی بەرێز ئۆجەلان هەروەکی باسی کرا، نۆێ و تەجرەبەنەکراوە، واتە کۆمەڵگای کوردەواری چ زانیارێکی پێشوو و چ بیرەوەرێکی لە سەر ئەو چەشنە سیاسەتە نیە. ئەوە دەتوانی لە ڕێگەی خۆڵقاندنی پرسیارگەلێکی نۆێ، دۆخێکی نەخوازراو پێک بێنێ. ئەگەری پێکهاتنی دۆخێکی نەخوازراو پڕرەنگتر دەبێت ئەگەر بێتو ولامی بنەڕەتی بۆ پرسیارەکان نەدۆزرێتەوە. دۆخێکی نەخوازراو دەتوانێ لە دوو کاردانەوەدا خۆی بەدی بکات یەکەم لە بەرهەڵستکاری بە هۆی نەبوونی زانیاری و بیرەوەری پێشوو، دووهەم بەو پێیەوە، خۆێندنەوەی ناڕاست لە سەر دۆخە نۆێیەکە دەتوانێ وەکوو پشکۆی بن خەلووس ببێتە هۆکاری گەشانەوەی کۆمەڵە فاکتەرێکی شاراوە.

کاتێک دیاردەیەک لە چوارچێوەی کاتی "خۆی"دا بەدی دێ، ئەو کات ئیتر پێداویستییەکانی تایبەت بە دیاردەکە زۆر زووتر لە دیاردەکە و پێشەکی، هاتوونەتە ئاراوە. واتە پێداویستییەکان دەبنە بە هۆکاری دەستەبەربوونی دیاردەکە، دیاردەیەک کە لە خۆی دا ئاوساوی کۆمەڵێک ئاڵوگوڕە. ئەگەر کۆمەڵگا لە سەر دیاردەکە چ زانیاری پێشووی نەبێ واتە کۆمەڵگا هەستی نامۆیی سەبارەت بە دیاردەکە بکات ئەوکات پێویستی بە "کات" هەیە کە بتوانێ دیاردەکە دەستەمۆ بکات بەڵام چارەنەبوونی هەستی نامۆیی دەتوانێ ببێتە بە هۆکاری "بەزیندووبوونەوەی" هێندێک فاکتەر کە لە پڕۆسەی پێکهاتنی دیاردەکەدا "پەڕوباڵیان قرتابوو". هەربەو هۆیەوە چاوەڕوانی کاردانەوەی فرەچەشنە لە سەر وتاری بەرێز ئۆجەلان دوور لە ڕاستی نییە.

سەرەرای ئەو بەستانەی سەرەوە، ئەو سیاسەتە تا ئێستا تەجرەبە نەکراوە، با تەجرەبەی بکەین بەڵام بە هۆی ئەوە کە سیاسەتی ناوچەیی هەمیشە لە ژیر کارتێکەری سیاسەتی جیهانیە، دەکرێ کۆمەڵە فاکتەرێکی چاوەڕوان نەکراو بکەونە ناو پانتایی هاوکێشەکانی سیاسی، یەک لەو فاکتەرە چاوەروان نەکراوانە دەتوانێ پێوەندییەکانی ئەمریکا و کۆریای باکوور بێتکە ماوەیەکە ئاڵۆزی لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتی نزیک بەرەو ژوور هەڵکشاندووە. کۆریای باکوور ڕەنگە لە ژێر کارتێکەری ئێران خەریکی ڕاگواستنی سرنجەکانە لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەوسا ئێران و سووریا و دەست وپێوەندەکانیانن دەتوانن بە سەربەستی، سیاسەتی خۆیان بە حەزی خۆیان ببەنە پێش. بەو گۆێرەوە سیاسەتی توورکیاش ئاڵوگۆڕی لێوەدەکەوێت. ئایا ئەوکات "کاردانەوەی وتارەکەی بەرێز ئۆجەلان لە سەر کام بەش لە کۆمەڵگەی توورکەوە دەمێنێ" پرسیارێکی گرینگە. وڵامی ئەو پرسیارە بۆ سەرکردایتی جووڵانەوەی نەتەوەی کوردی بە تایبەت لە باکوور زۆر گرینگترە.

جەماڵی عەڵیاڵی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد