b_300_220_16777215_00_images_SIASI_wastarahmannn.jpgرۆژی هەینی سێزدەی جولای ١٣٦٨ی هەتاوی سی ساڵ لەمەوبەر لە ئیوارە هاوینێکی سازگار و چراخانی شاری وییەن پێتەختی ئوتریش لە گەرەکێکی شەری یەکەم و

دووهەمی جیهانی دیتودا لە ماڵێکی بێدەنگ و کپ لە سەر مێزی وتووێژ قرمژنی گوڵلەی تیرۆریستانی دڵرەشی نێردراوی جمهوری ئیسلامی سینگی پڕ لە هیواو و ئاواتی مەزنە پیاوی ناودار و سیاسەتمەداری بە توانای نەتەوەی کورد ، رێبەری خۆشەویستی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوکتور عبدولرەحمانی قاسملویان پێکا و دڵی ئەو ئەویندارە راستەقینەی ئاشتی و ئازادی و دێموکراسیان لە لێدان خست .
دوکتور قاسملوی نەمر لە شارێکدا تیرۆر کرا کە لە گەڵ پراگدا مەودایەکی کەمیان هەبوو ، ئەو پراگەی کە لە ژیانی سیاسی دوکتوری سەرکردەدا دەوری تایبەتی هەبوو ، پاش راپەرینە مەزنەکەی ١٩٥٦ی مەجارستان لە دژی سۆڤیەت ساڵی ١٩٦٨ راپەرینی خەڵکی چیکوسكاواکی بە رێبەری ئەلکسیندر دوبجی لە دژی سۆڤیەت و بۆ بە دەست هێنانی ئازادی و دێموکراسی دەستی پێکرد ، بەڵام بە داخەوە راپەرینەکە هەر زوو لە لایەن سۆڤیەتەوە سەرکوت کرا و دوکتور قاسملوش بە تاوانی پشتیوانی لەو راپەرینە مەجبور کرا کە چیکوسڵاواکی بە جێ بێڵێ ، هەر ئەو دووربینی و وردبینی و ئاشقی ئازادی و دێموکراسی دوکتور قاسملو بوو بە هۆی ئەوە کە پاش راپەرینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا و هاتنە سەرکاری رژێمی کۆماری ئیسلامی هێندێک حیزبی دەروێش سفەت و بە ناو کۆمونیست ویستیان جەریانی پراگ و ڕۆڵی دوکتور قاسملو وەک خاڵێکی رەش لە مێژوی سیاسی ئەودا بناسێنن ، بەڵام رێبەری گەورە دوکتور قاسملوی نەمر کینە و غەرەز لە دڵ نەبوو ئەو بروای تەواوی بە ئازادی ڕا دەربرین و مافی مرۆڤ و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی هەبوو هەر بۆیە لە متینگی سەد هەزار کەسی شاری مەهاباد لە ناو ئاپۆرای خەڵکدا کاتێک تورەیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەو جەریانە هەڵپەرستانەیە لە دروشمی مەرگ بۆ حیزبی تودە رەنگ دەداتەوە دوکتور قاسملوی شەهید زۆر بە ئارامی و بە کەڵام و راوێژە جوانەکانی جەماوەر هێور دەکاتەوە و دەڵێ مەرگ بۆ تودە دروشمی حیزبی ئێمە نێێە ، ئەو رەستەیە ناوەرۆکی بروای دوکتور قاسملو بە دێموکراسی و ئازادی بەیان بۆ زۆر کەس و لایەن دەردەخات ، زۆر ناکێشێ حەققانیەتی جوڵانەوەی ماف خوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵپەرەستی ئەو جەریانانە بۆ هەموو کەس و لایەنەکان ئاشکرا دەبێ و سیاسەتی قاسملو ، دوربینی قاسملو و لێهاتوویی قاسملو بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان روون دەبێتەوە .
دوکتور قاسملوی نەمر بێ ترس لەو پرۆپاگەندە و تاونبار کردنانە لە پێناو ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەریدا شێلگیرانە خەباتی کرد و دڵنیا بوو کە سوسیالیزم بێ دابین کردنی دێموکراسی راستەقینە ناتوانێ بەردەوام بێت ، هەر بۆیە لە وتوێژێکی رادوییدا بۆ یەکەم جار لە گەڵ بی بی سی رادەگەینێ کە خرابترین دێموکراسی پێ لە باشترین دیکتاتۆری باشترە ، شەهیدی سەرکردە لە سەر دێموکراسی سور بوو پێوا بوو شەرتی ئەساسی بەرەو پێش چوون و نەمانی زوڵم و زۆر سەرتا دابین کردنی دێموکراسیە هەر بۆیە ئازایانە و بوێرانە مەسئەلەی سوسیالیزمی دێموکراتیک لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دێنێتە گۆرێ و وەک ئامانجی دوا رۆژی حیزبی دێموکرات دیاری کرد و سەرەئەنجام لە کۆنگرەی شەشەمی حیزبدا پەسەند کرا .
دوکتور قاسملوی رێبەر لە ناو بەرداشی شەری سارد و مەکتەبە شوینیستەکانی ناوچەدا خاباتێکی بەرگری چەکدارانەی بە دژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وەرێخست ولێزانانە لە هەموو بوارەکانی خەباتدا هەوڵی بۆ دا و ڕێبەری کرد ، مەسئەلەی کوردی لە ناو گەلانی ئێراندا زەق کردەوە و بە کردەوە بە ئێرانی نامۆ بە کوردی سەلماند کە کورد گەلێکی جیایە و لە بەشێکی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کە کوردستانی ناوە دەژی و داوای مافی رەوای نەتەوەیی خۆی دەکات ، هەر وەها شان بە شانی ئەو خەباتە لێبراوانەیە لە کوردستان لە هەمان کاتدا دەرگای دیپڵۆماسی لە دونیای دەرەوە کردەوە و کۆر و کۆمەڵ و حکومەتەکانی ئوروپایی لە مەسئەلەی کورد باشتر تێ گەیاند ، لەو مەیدانەدا بە دەیان کەسایەتی ئوروپایی لە هاو شێوەی فرانسۆ میتەران ، دوکتور بێرناردکۆشنێر ، دوکتور فردریک تیسۆ ، هانس فیشێل لە دۆستانی نیزیکی دوکتور قاسملو بوون کە ویرای پشتیوانی لە جوڵانەوەی گەلی کورد بە کردەوە زۆریان هەوڵ بۆ کێشەی کورد و چارەسەری مەسئەلەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دا .
بۆ تێگەیشتن لە بیروباوەر و رێبازی دوکتور قاسملوی نەمر تەنیا ئەوەندە بەس نییە کە خۆمان بە درێژەدەری رێگای ئەو بزانین بە بێ ئەوەی لێکدانەوە و خویندنەوەی دروستمان لە سەر هەڵوێستەکان و بریارەکانی هەبێ ئەویش پێویستی بە هەڵسەنگاندن و تەفسیری زانستی هەیە کە بیری سیاسی و زانیاری ئەو رێبەرە و گەورە پیاوەی نەتەوەی کوردمان بۆ دەردەخا .
دوکتور قاسملو حیزبی دێموکرات دەخاتە سەر ریگەیەکی مودێرن و بیر و بریاری بە کۆمەڵی تێدا جێگیر دەکات ، دوکتور قاسملو کاتێک لە گەڵ بیرو ڕا جیاوازەکان دەکەوێتە وتووێژ وێرای حورمەت بۆ بەرامبەرەکەی ئیسپات دەکات کە چەندە شارەزایە و ئامادە نییە لە پێناو ئامانجەکانی گەلدا تۆسقالێک لە ویست و داخوازیەکان بێتە خوار و سەربەخۆیی حیزبی دێموکراتی لە هەموو شتێک بە لاوە گرینگتر بوو .
دوکتور قاسملوی هەمیشە زیندوو بە هەڵسەنگاندنی وردبینانە لە روانگەیەکی رەخنەگرانە و بروا بە داهاتویەکی بەختیار دێتە سەر باسی نەسلەکانی ڕابردو و لە قووڵایی تێگەیشتنێکی مێژوییەوە ئەرکی سەر شانی بەرەی هاوچەرخ دەست نیشان دەکا و بە شێوەیەکی شەففاف خەبات کردن بۆ ئازادی و دێموکراسی لە پرۆپاگەندەی شۆینیستی تێکەڵ بە ئیدۆلۆژیک کراو ، شەهید پەروەری ، تەرویجی مەرگ جیا دەکاتەوە ، ئەو هەڵسەنگاندنەشی هەڵقوڵاوی وردبوونەوەیەکی فەلسەفییە کە سەرکردەی شەهیدمان زانایانە تێیاندا شارەزا بوو .
دوکتور قاسملوی ڕێبەر وەک سیاسەتمەدارێکی کارامە گرنگیەکی تایبەتی داوە بە تێگەیشتنی مەعریفی تا لەو رێگایەوە دەست نیشان بکات چ شتێک ژێرخان و پایەی بنەرەتی و ئەساسییە لە هەڵسانگاندنی پرۆسە و روداوە سیاسیەکاندا ، هەر بۆیە لە دەست نیشان کردنی دوارۆژ و خویندنەوەی بریارە سیاسیەکاندا و لە تەعبیری هەڵوێستە سیاسیەکانی دەوروبەرماندا حیزبەکەمان لە ژێر رێبەری ئەودا لە هەموو مەیدانەکانی خەباتدا سەکەوتو و سەربەرز هاتۆتە دەر و لە گەڵ ئەوەی مێژویەکی پرشەنگدار و پر سەروەری تۆمار کردوو لە هەمانکاتدا نەسەکانی داهاتوومان شانازی پێوە دەکەن و لێ فێر دەبن کە سەبەخۆیی سیاسی لە جەریانی خەبات و تێکۆشاندا چەندە شانازیەکی گرینگ و بە نەرخە لە مێژوی شۆرشەکاندا .
دوکتوری نەمر بۆ ئازادی و سەربەستی خەباتی کرد ، تەنیا ژیان بە ئازادی بۆ ئەو گەورە پیاوە شێوەی ژیانێکی پر بایەخی ئینسانی بوو ، بیری دوکتور قاسملو بیری مرۆڤێکی دێموکرات و ئەوینداری ژیان بوو ، ڕوحی ئەو شەیدای ئاشتی و مافی مرۆڤ بوو ، دوکتور قاسملوی نەمر خەت و رێبازێکی نوێ بە نەسلی ئازادیخوازی و رەوتی خەباتی رزگاریخوازی داو و رەوتی خەباتی رزگاریخوازی بردە قۆناغێکی پێشکەوتوانە و زۆر ئازایانە بیری دێموکراتی لە ناو کۆمەڵگادا بەهێز کرد ، دوکتوری نەمر بروای تەواوی بەوە هەبوو کە هەموو ئینسانەکان ئازادن نەک لە بەر ئەوە کە ئازاد لە دایک دەبن بەڵکو لە بەر ئەوە بۆ ئەرکی بریاردان و ژیانی ئازاد و ئیرادەی ئازاد دێنە سەر زەوی .
دوکتور قاسملوی رێبەر باوەری تەواوی بە چارەنوسی هاوبەشی نەتەوەی کورد هەبوو و قازانجی کاتی حیزبی دێموکراتی فیدای قازانجی ستراتیژیکی گەلی کورد دەکرد ، ئەو کاتە کە تەنیا داواکردنی مافی نەتەوایەتی بۆ کورد بە گوناح دەژمێردرا دوکتور قاسملو لە کتێبی بە ناوبانگی خۆی کوردستان و کوردا بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد کورد نەتەوەیەکی جیا لە هەموو نەتەوەکانی دیکەیە و ئەگەر رۆژێک وەک هەموو گەلانی ئازاد و بەختەوەری ئەم جیهانە چارەنوسی خۆی بە تەواوی بە دەستەوە بگرێ ئەوە یەک گرتنەوەی نەتەوەی کوردە نەک جیا بونەوە لە حکومەتەکانی سەر دەست .
سەرەنجام دوکتور قاسملوی هەمیشە زیندوو جگە لە وەی ڕێبەری حیزبی دێموکرات بوو سەرمایەیەکی هەرە بە نەرخی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و نەتەوەی کورد بە تایبەتی بوو ، هەر بۆیە شی کردنەوە و هەڵسەنگاندنی بیر و بۆچوون و هەڵوێستەکانی دوکتور قاسملوی نەمر کارێکی زۆر ئەستەم و سەنگینە و ئەوە ئەرکی گەورە پیاوان و پسپۆرانی مەیدانی عیلم و زانست و سیاسەتمەدارانی بە توانا و نێو بەدەرەوەیە .
لە کۆتاییدا بەدیهێنانی هەموو ئەو ئاوات و ئامانجە پیرۆزانەی کە ئەو رێبەرە هەڵکەوتوەی کورد سەری خۆی لە پێناودا دانا هەر وەک بۆ خۆی دەفەرمێ* باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژە پێدانی رێگایانە* تەنیا بە وەفادار بوون بە ئاوات و ئامانجە پیرۆزەکانی و درێژەدان بە رێبازە پر لە سەروەریەکەی دوکتور قاسملوی هەمیشە زیندوو بە دی دێت .
هەزاران سڵاو لە ڕوحی پاک و بێ گەردی دوکتور قاسملوی گەورەمان
مردن و نەمان بۆ داگیرکەرانی کوردستان و بۆ بوکوژانی دوکتور قاسملوی نەمر
وەستا رەحمان

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.