kotr azadiلە سەرەتای پێشکەوتن‌و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی قۆناغی دروستبوونی ئەحزابی کوردی لە کوردستاندا دیاردەکانی وەکوو شەڕی براکوژی‌و پاڵ وەدوژمن‌ دان‌و خەبات لەسەر حیسابی پارچەکانی‌تری کوردستان پەرەیان ستاندو روویان لە زیاد بوون کرد!

بەتایبەتی لە باشووری کوردستان ئەحزابەکان، بە نەتەوەیی‌و چەپ‌و ئیسلامییەوە هاوکات لەگەڵ خەبات‌و تێکۆشانیان، غەدرێکی گەورەشیان لە گەلی کورد و جووڵانەوەیی نەتەوەیی کوردستان کرد! هێزەکانی باشوور سەرەڕای شەڕی خۆ بە خۆ، لە چوونە ژێر سێبەری دوژمنانیش بۆ شکاندنی هێزە جیابیرەکانیان هیچ قسوورێکیان نەکردوەو هەر لەو بازنەیەشدا بەداخەوە خەسارێکی قەرەبوو نەکراوەیان لە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان داوە! کە لە کۆی ئەو تاوانانە پشکی شێر وەبەر پارتی دێموکراتی کوردستان‌و یەکێتی نیشتیمانی دەکەوێت! پارتی سەرەتا بە شەهید کردن‌و تەحویلدانەوەی تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەکانی ٦٠و ٧٠ی میلادیدا، بناغەی بۆ خەیانەتێکی نیشتیمانی داڕشت‌و لە شەڕی قیادەی موەقەت لە گەڵ حیزبی دێموکڕات دا بە بیانووی دەرهێنانەوەی تەرمی مەرحومی مەلا مستەفای بارزانی، ئەو تاوانە دژە نیشتیمانیەی گەیاندە چڵە پۆپەی خۆی‌و هەر ئەو قینە کوێر کوێرانەیەش بوو کە دواتر پیاوانی پارتی دێموکرات سەید رەسوڵی دێهقان ناسراو بە "سەید رەسوی بابی گەورە"یان شەهید کردو بەو شێوەیە کارنامەیەکی رەشیان لە پەیوەندی لەگەڵ تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ خۆیان‌و حیزبەکەیان تۆمار کرد! لە دوای هاتنە خواری هێزەکانی رۆژهەڵاتیش، کەم نەبوون ئەو هێزو لایەن‌و کەسانەی کە هەرچی لە دەستیان هات درێغیان نەکرد بۆ تیرۆرو شەهید کردنی خەباتکارە ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان،! هێرشی حیزبوڵای ئەدهەم بارزانی بۆ سەر جێژنیکان‌و تەحویلدانەوەی ٧ تێکۆشەری دێموکڕات لە لایان بزووتنەوەی ئیسلامی و شەهید کردنی چوار کادری بەوەجی حیزبی دێموکڕات لە دەروازەی کۆیە بە دەستی هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان‌و پێشەنگایەتی یەکێتی بۆ سپای پاسداران‌و هێنانی هەتاکوو دەروازەی کۆیە بە مەبەستی زەربە لێدان لە حیزبی دێموکرات، لە بەرچاوترین تاوانەکانی ئەو هێزانەی باشووری کوردستانن! کە لە ئاکامی ئەو خۆ بەدەستەوەدانەدا نزیکەی ٤٠٠ کەس لە ئەندامان‌و چالاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان شەهید دەکرێن‌و دەبنە قوربانی دەستی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بەڵام ئەوەی لەو گێژاوە پڕ لە مەترسییەدا مێژوویەکی پڕ لە سەروەری‌و شانازی بۆ خۆی‌و گەلی کورد تۆمار کرد حیزبی شیوعی کوردستان بوو. حیزبێک کە بنکەو بارەگاکانی هەمیشە بۆ تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان ماڵێکی ئەمن‌و ئەمان بوون‌و هەموو کات باوەشی پڕ لە متمانەیان بۆ خەباتکارانی کورد کراوە بووە. حیزبێک کە خاوێن‌ترین مێژووی لە پەیوەندیی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکانی باشوورو پارچەکانی‌تری کوردستاندا هەیە. حیزبێک کە سەرەڕای ئەوەیکە لە "پشت ئاشان" لە لایەن یەکێتیەوە نزیکەی ٧٠ کەس لە کادرو پێشمەرگەکانی شەهید دەکرێن، بەڵام دیسانیش خۆشەویستیی گەل‌و وڵات‌و هەست کردن بە بەرپرسایەتیی نیشتیمانی رێگر دەبێت لە تۆڵە ستاندنەوەو گەرم کردنی ئاگری شەڕی براکوژی کە بەداخەوە گەلی کورد زیانێکی بێ ژوماری لەو کارەساتانەدا بەرکەوتوەو ئەزمونێکی تاڵی لەو بەستێنەدا هەیە!. حیزبی شیوعی کوردستان هەر ئەو هێزە نیشتیمانییە بوێرە بوو کە کۆنگرەی حیزبی دێموکڕاتی لە کات‌و ساتێکی هەستیاردا پەنا داو پاراستی و ناوی خۆی بردە نێو مێژووی پڕ لە سەروەری‌و سەرفرازی و هاوخەباتی نەتەوەی کورد، ئێستاش و لەو سەردەمەشدا، کە بە حیساب هێزە نەتەوەییەکان حاکم‌و دەسەڵاتداری باشووری کوردستانن! بەڵام ئەوە حیزبی شیوعی کوردستانە کە هۆڵ‌و بنکەو بارەگاکانی لە خزمەت شۆڕشگێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان دانەو بە حەق پشتیوانێکی دڵسۆزی شۆڕشی کوردە لە پارچەکانی کوردستاندا....

حیزبێک کە من وەک تاکێکی بێ لایەنی کورد شانازی بە خەبات‌و تێکۆشانییەوە دەکەم‌و پێموایە ئەوان یەکێکن لەو حیزبانەی کە لە بەردەم بارەگای شۆڕشی کورددا بە رووسووری و سەربەرزی راوەستاون و جێگا پەنجەیان بە رەوتی مێژووی خەباتی گەلی کوردەوە دیارو پاک‌و بەرچاوە.

لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرم بۆ هەموو تێکۆشەرانی حیزبی شیوعی کوردستان کە مێژوویەکی پاک‌و خاوێنیان لە پەیوەندیی لە گەڵ ئەحزابی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستاندا هەبووەو هەیە. بە تایبەت وەکوو کوردێکی رۆژهەڵات سەربەرزم کە لە قۆناغی بێکەسیدا حیزبی شیوعی کوردستان پشت‌و پەنای تێکۆشەرانمانە لە باشووری کوردستانداو هاوخەباتێکی پاک‌و بێگەردی نیشتمانی دایکمانە. مێژووی حیزبی شیوعی بە حەق شایانی لێ فێر بوونەو دەبێ بیکەینە وانەیەک بۆ خەباتی ئێستاو داهاتوومان‌و وەکوو تاکێکی کورد پێی سەربەرز بین..

سڵاو بۆ هەموو ئەو هێزو تاکانەی کە لە پێناو باوەڕەکانیاندا بە پاکی‌و بێگەردی خەبات دەکەن‌و سەربەرزی بۆ خۆیان و نیشتمانیان دەکڕن‌و دەبنە جێگای شانازی کوردو کوردستان.

هەر بژین و وێنەتان زۆرو بێ‌ژومار.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد