qelemهەروەك پێشبینی دەکرا ئەوجاریش نۆهەمین دەورەیی وتووێژەکانی نێوان گروپی "١+٥" و ڕێژیمی ئاخوندی ئێران کە لە ئالماتی وڵاتی قازاقستان سەبارەت بە قەیرانی ئەتۆمی ڕێژیمی نیزامی ئاخوندی ئێران بەڕیوەچوو، بێ ئەوەیی گەشەکردن و دەستکەوتێکی ئەوتۆیی لێبکەوێتەوە کۆتاییپێهات و بەو جۆرە ئاستی نیگەرانیەکان لەو پەیوەندیەدا زیاتر

پەرەیان ئەستاندوە و وڵاتانی ڕۆژئاوا و یەکیەتی ئوروپا گومانەکانیان لە سەر بەرنامەی ناوەکی ڕێژیم زیادیکردوە و کاترین ئەشتون بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکیەتی ئوروپا و وەڤدی هاوڕێی لەو ڕاستیە گەیشتوون کە ئێران لە ڕیگایی دیپڵۆماسی سیاسی و و دیالۆگی هێمنانەوە دەست بەرداری بەرنامەکەیان نابن و ڕۆژلەگەڵ ڕۆژ ئاستی ‌هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەروڵاتانی ناوچەو ئیسڕایل لە بەرزبوونەوەدایە.

دیارە ئەوەش لە کاتێکدایە کە وەزیری دەروەیی روسیە کە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی دەکرد لەو دانیشتنەدا، پێیوابوو کە ئاسۆیی روونی چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی ئیران لە گەڵ کۆمەڵگایی نێونەتەوەیی هەست پێدەکات و لەوبڕوایەدابوو کە لێک نیزیک بوونەوە لەسەر چەندخاڵێک هەبووە.

بەلام ئەوەیی بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە حکوومەتی مسکۆ بەردەوام پشتیوانی لە سیاسەتی گەشەپێدانی بەرنامەی ناوەکی ئێران کردوە و لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی تارانداخۆی خزاندۆتە نێو بابەتی ئەتۆمی و ئەوەیی وەزیری دەرەوەیی ئەو وڵاتە پاش کۆتایی هاتنی وتووێژیی ئالماتی لە وڵاتی قازاقستان بە ئیجابی نەوبردوە، تەنیا بەڕاشکاوی هەڵوێستی وڵاتەکەیبەئاگاداری بیروڕایی دونیا ڕاگەیاندوە و زۆر ڕاشکاوانە پشتیووانی کردنی لە حکوومەتی ئاخوندی ئێران دەربڕیوە کە ئەوەش بێگوومان ڕەنگدانەوەیی ئەو بەرژوەندیە ئابووری وبازرگانیەیی حکوومەتی کریملێن لە گەل تاران دا بەیەکەوە هەیانە دەگەیەنێت.

.

سەعید جەلیلی دەبیری باڵایی شوڕایی ئەمنیەتی میللی ڕێژیمی ئاخوندی ئێران کە سەرۆکی وەڤدی تارانی لە ئالماتی لە ئەوستۆبوو، وێرایی پێداگری و پەک نەخستنی بەرنامەیی ناوەکی وڵاتەکەیان و خۆدزینەوەیان لە وڵامدانەوە بە داواکاریی گروپی" پێنج کۆ یەك"کە درابوو بە نوێنەری ئێران لە هەشتەمین خولی وتووێژیاندا.

ئەوبابەتەیی کە لەوکۆبوونەوە نوێەدا نەلە دوور و نەلەنیزیک ئاماژەیی پێنەکرا و وەڤدی تاران بەلایدا نەچوو وڵامی ڕێژیمی ئێران بە گەڵاڵەیی پێشنیارکراوی گروپی پێنج کۆ یەك بوو کە لە دانیشتنی خولی هەشتەمدا درابوو بە حکوومەتی ئێران و چاوەڕوانبوون لەو دانیشتنەدا وڵامی ئێران ببیسن. بەڵام وەڤدی ڕێژیمی نیزامی ئێران بە هێانەگۆڕ و پێشکەشکردنی کۆمەڵیک داواکاری و پێشنیاری تازە سەبارەت بە بەرنامەی هەستەیی وڵاتەکەیان ، بە وڵاتەزلهێزەکانی جیهان لە کۆبوونەوەیی ئەوجاردا بەمەبەستی پەرەپێدانی بەرنامەی ناوەکی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران کە ئەوە بۆ چەند دەورەیەک دەچێت تەنیا کات بەفیڕۆدەدەن ، ئەوجاریش زۆر زیرەکانە خۆیان لە مەسەلەی ئەسڵی وتووێژ و کاکڵی پرسەکە پاراست و جگە لە پێشکەشکردنی گەڵاڵەیی نوێیان هیچ شتێکیتریان پێنەبوو. دیارە بە هێنانە گۆڕی هێندێک خاڵی نوێ سەبارەت بە کێشەیی ئەتۆمی ڕێژیمی تاران لە گەڵ گروپی" پێنج کۆ یەك " توانیان ئامانجی ئەو دانیشتنەش لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بگۆڕن و بە جۆرە دەرەتانێکیتر بۆ خۆیان بڕەخسێنن هەتا لەو ماوەیەدا سیاسەتی حکوومەتەکەیان کە بەئاکامگەیاندنی بەرنامەی ناوەكی و خۆپڕچک کردنە لە ئامانجەکانیان نیزیک بکەونەوە.

دیارە کات بەفیڕۆدان و بەلاڕێدابردنی بیروڕایی گشتی کۆمەڵگایی نێونەتەوەیی لە ساڵی ٢٠١٣ی زاینیی دا بۆ ڕێژیمی تاران گرینگی و بایخی تایبەتی خۆی هەیەو لەلایەک دەرەتانی باشتریان بۆ پێک دێت هەتا سیاسەتی ناوەکیان پەرەپێبدەن و بیگەیەنەقۆناخی کۆتایی و هەرلەوکاتەشدا بە ئامادەبوونیان لە دانیشتن و کۆبوونەوەکاندا زۆرتر لایەنی تەفرەدانیان هەیە و دەنا ئاخوندەکان نیازیان نیە بەرنامەیی دەست ڕاگەیشتنبە تەسلیحاتی پێشکەوتوو بخەنە پشتگووێ و بەرهەم هێنانی چەکی هەستەیی وەك مافێکی سیاسی و میللی بۆ خۆیان دادەنێن و چەند جارێکیش کاربەدەستانی باڵایی ڕێژیم ئەو ڕاستیەیان نەشاردۆتەوە و ڕایانگەیاندوە بۆ ئەو مەبەستە پێویستیان بە ئیزن وەرگرتنی هیچ لایەک و دەرەوە نیە .ئەو سال ئەو ڕێژیمە هەنگاو بەرەو بەڕێوەبردنی دەورەیی یازدەهەمی سەرۆک کۆماری لە ئێران دەهاوێژێت و حکوومەتی تاران نیازی بەوە هەیە ،کە لەڕێگایی ناردنی وەڤدەکان و بەشداری و ئامادەبوونیان لە وتووێژەکانی تایبەت بە کێشەیی ئەتۆمی ڕێژیمەکەیان لە گەڵ دونیایی دەرەوەدا ،لانیکەم ئەو دەستکەوتە بەدەست بێنن کە شوێنیان لەسەر بیرورایی کۆروکۆمەڵە سیاسی و کۆمەڵایەتیە نێوخۆی و نێونەتەوەیەکان لە سەر سیاسەت و نیازخراپیان هەبێت و بەقازانجی پاراستنی نێزام هەڵوێستی سیاسی گێتی لەسەر خۆیان بەلاڕێداببەن ، چوونکی دەسەڵاتدارانی تاران نیازیان بەکاتی زۆرترە بۆ تێپەڕبوونیان بەسەر قۆناخی دیپڵۆماسی سیاسی پێش ئەو دەورەیەیی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێراندا.

بێگوومان بە هۆیی ناکۆکیە سیاسیە نێونەتەوەیەکان سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ڕێژیمی ئاخوندی و قەیرانی سیاسی و بەردەوامی شەڕ لە سووریە هەلومەرجێکی باشی بۆ حکوومەتی تاران ڕەخساندوە بۆ ئەوەیی بەرنامە و سیاسەتی خۆیان بەباشترین شێوەیی موومکین بەرێوەبەرن ولە قۆناخی ئێستایی دیپڵۆماسی سیاسی دا نیگەرانی دەرچوونی هیچ جۆرە بڕیارێکی ئەو تۆناکرێ کە پێش بە بەرنامەیی ناوەکی ئەو ڕێژیمە بگرێ. جیهانی چەند جەمسەری زۆر بە هێمنی و لەسەر ئەساسی تاکتیک و ستڕاتیژی سیاسی و ئابووری و نیزامی نوێ بە شێوەیەک لە شێوەکان شکڵی گرتووەو و بێگوومان ئەو دابەش بوونەوە تازەیەیی کۆمەڵگایی نێونەتەوەیی بەسەر ڕۆژئاوا و یەکیەتی ئۆروپا و بەرەیی روسیەو چینی دا لێکگرێداوە و بەو جۆرە مەترسیەکانی شەری سارد بەسەر رەوتی روداو کێشە دیپڵۆماسی و سیاسیەکانی جیهاندا خۆیان دەرخستووە و درێژەکێشانی شەر لە سووریەو بەردەوامبوونی ڕێژیمی ئێران لەسەر سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە و سووربوونیان لە سەر بەرهەم هێنان و دەست ڕاگەیشتن بە چەکی کۆمەڵ کوژی دەکەونە نێو بەستەری ئەو سیاسەتە نوێی جیهانیەوە.

سیاسەتی پاوانخوازانەی مسکۆ و هێدێک جاریش هی حکوومەتی چین بە هۆکاری ئەساسی تەشەنەکردنی قەیرانە سیاسیە نێونەتەوەیەکان دەژمێردرێن و ئەو دوو وڵاتە گەورەو بە نفوزی دونیا کە لە کۆڕی نەتەوەیەکگرتووەکاندا مافی ڤیتۆیان هەیە هەموو جارێک بۆ بەردەوامی وبۆ تەمەندرێژی حکوومەتە ملهوڕ و دیکتاتۆرەکانی ئێستا بەکاری دێنن، هەر وەک لە پەیوەندی لە گەڵ قەیرانی سووریەدا بینراوە. حکوومەتی مسکۆ لە هەموو قۆناخە نیزیکە مێژوویەکاندا پشتیووانی لەو وڵاتانەکردوە کە سیستمێکی بەتەواوی نا دێمۆکڕاتیک و دیکتاتۆریی حووکمڕەوایی بەسەر چارەنووسی گەلان لە جیهاندا دەکان کردوەو لە بەرژەوەندی و پاراستنی ئەو حکوومەتانەدا کاتێک کە مل ملانە دیپڵۆماسی و کێشە جیهانیەکان گەورەبوونەتەوە، بۆ پاراستنی لایەنگرە دیکتاتۆرەکانی خۆیی خزاندۆتە نێو کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی گێتی یەوە.

هەر وەک هەمیشە ئێستاش ئاسۆیی روون بەدی ناکرێت کە یەکیەتی ئۆروپا و ڕۆژئاوا لە غیابی روسیە و چین دا بە هۆیی گۆڕانی هاوکێشە دیپلۆماسیە سیاسی و سیاسەتی نێونەتەوەیی لە پەیوەندی لەگەڵ کێشە و مل ملانە نوێەکاندا بتوانن یەلایەنە هیچ بڕیارێکی ئەوتۆ دەربکەن کە پێش بە قەیرانی شەری سووریە و دەست ڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی هەستەیی بگرێ و روخساری سیاسەتی نێونەتەوەیی بگۆڕن . هەر بۆیەش حکوومەتی ئێران مل بۆ هیچ داواکاریەکی گروپی" پێنج کۆ یەك "ڕاناکێشێ و بەردەوامبوونی خۆیان لە سەر پەرەپێدانی بەرنامەی ناوەکی ئێران بەئاشکرا ڕاگەیاندوە و دەردەکوێت کە ڕێژیمی ئاخوندی جارێ هەست بە نیگەرانی دەرچوونی بڕیارێکی جیدی لەمەڕ پەکخستنی بەرنامەیی ئەتۆمی ناکات.

10.04.2013

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد