anfal''ئەنفال'' وشەیەکی عەرەبییە و نێوی سورەتی ''٨''ی قورئانە. ئەنفال مانای دەستکەوت و تاڵانوبڕۆی جەنگە و، ئایەتەکە لەدوای سەرکەوتنی لەشکری ''موسڵمانان'' بەسەر ''کافران'' دا لەئەنجامی جەنگی ''بەدر'' وە هاتووە.

لەرژێمی بەعسی عەرەبی رەگەزپەرست وداگیرکەریشدا، ''ئەنفال'' نێوی زنجیرەهێرشێکی بەربڵاوی سەربازیی بوو بۆسەر کوردستان بەمەبەستی قڕکردنی یەکجارەکیی نەتەوەی کورد.

'ئەنفالی یەک'' نیوەشەوی 30/9/1983بەڕێوەچوو، بەهۆیەوە 8000 هۆزی بارزانی شوێنبزرکران. زنجیرەی ئەنفال 14/4/1988تاکو 26/10/1988 درێژەی کێشا. لەئەنجامی هێرشی دڕندانەی سوپای داگیرکەری عێراقدا دانیشتوانی هەزاران گوندی کوردستان کۆکرانەوە، ماڵوسامانیان بەتالان برا، 182000ژنومنداڵوپیرولاوی کورد لە نێو لم و زیخەڵانەکانی عێراقدا زیندەبەچاڵکران، سەدانهەزاری دیکەش لەقەسابخانەی ''نۆگرەسەلمان'' و زیندانەکانی دیکەی عێراق، خرانە ژێر شکەنجە و سووکایەتی و دەستدرێژی و، رۆژی سەمونێک و ئاوی پیس دەرخواردیان دەدرا بۆ ئەوەی زۆر نەژین و شاهیدی مەرگی یەکتری بن. هەزاران منداڵ و بەساڵاچووی نێو بەندیخانەکان لەماوەیەکی کەمدا مردن و، جەستەی بێگیانیان دەبووە خۆراکی سەگگەلی ناوچەکان کە بۆ خواردنی گۆشتی لاشەی کوردان لەدەوروبەری زیندانەکان کۆببوونەوە.

زانیاریی تەواو لەبارەی کۆمەڵکوژیی ''ئەنفال'' وە لەپاش راپەڕینی شکۆداری بەهاری 1991 کەوتنەدەستی کورد کە قەوارەکەی چوارملیۆن پەڕە، بەکێشی 14هەزار کیلۆ بەڵگەنامەبوون و، لەنێو ئەرشیوی داودەزگەکانی سیخوڕی و چەوسێنەری بەعس وەکو ''ئەمن'' و ''ئیستخبارات'' و، بنکەکانی فەرماندەیەتیی سوپای عێراق لە کوردستان و عێراق کەوتنە دەستی کوردەوە. نێزیکی دەتەن لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەستیبەسەرداگیرا، پارتی دێمۆکراتی کوردستانیش توانی دەستبگرێت بەسەر چوارتەن بەڵگەنامەدا. لەمانگی گوڵانی ساڵی 1992، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرێکی ئەو بەڵگەنامانەی دا بە رێکخراوەی Middle East Watch ''میدڵ ئیست واچ''. ئەم نێوەندە گوتوبێژی لەگەڵ 250 کورددا ئەنجامدا کە لەکاتی کۆمەڵکوژییەکاندا توانیبوویان خۆیان رزگار بکەن. زانیاریی ئەم کەسانە لەگەڵ بەڵگەنامەکان لەپەرتۆکێکی 270 لەلایەن نێوەندی ''میدڵ ئیست واچ'' وە بەزمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاوکرایەوە. ناوەندەکە لەئەنجامی لێکۆڵینەوەیدا ئاوا باسی پاکتاوکردنی رەگەزیی کورد دەکات: ''پرۆسەی ئەنفال هیچ جیاوازییەکی لەگەلکوژیی جوولەکەکان بەدەستی نازییەکانەوە نییە!''.

بەسەرهاتی ئەنفالکراوان، هەزاران چیرۆکی دڵتەزێنی شاراوەی لەگەڵە کە لەژێر لموزیخەڵانەکانی کاکیبەکاکیی وڵاتی عەرەبدا گۆڕکراون. گێڕانەوەی بیرەوەریی ئەو تاکوتورا کەسانەی لەپرۆسەی ئەنفالی بەدناو رزگاریان بوو، چیرۆکی خۆیان و کۆیلەتی گەلەکەیان لەکۆتاییەکانی سەدەی بیستەم بۆ جیهان ئاشکراکرد.

لێرەدا سەرنجتان بۆ خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەک لەکتێبی ''میدڵ ئیست واچ'' لەبیرەوەریی یەکێک لە ئەنفالکراوەکان بەناوی محەممەد رادەکێشم کە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە لەئێرانەوە گەڕاوەتەوە بۆ باشوور و هەروەک سەدانکەسی دیکە، دوای گەڕانەوەی گیراوە و لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە بەرەو چارەنووسی نادیار نێردراوە!

-         -         -

- ''لەداڵانەکە دانیشتبووم، بیرم لەچارەنووسی نادیاری خۆم و بێدەسەڵاتی و بەشمەینەتیی گشت زیندانییەکان دەکردەوە. لەپشتمەوە ترپەی پێیەک رایچڵەکاندم... کەلامکردەوە، پیاوێکی چاوشینی ریشسپی باڵابەرز لێم نێزیکبووەوە، پاش سڵاوکردن و هەواڵپرسینم، لەتەنیشتمەوە لەسەر زەوییە رووت و رەقوتەقەکە دانیشت.

گوتی: ناوم عەونییە، خەڵکی گەرمیانم!

سەرچاوم هاتی خاڵۆ عەونی.

باوکەکەم بیستم خەڵکی هەڵەبجەی!

- بەڵێ وایە مامە عەونی.

بۆچی هێناویانی بۆ ئێرە؟!

- گوتم: پاش کیمیابارانکردنەکە، نەمانتوانی لەئۆردووگاکانی ئێران هەڵبکەین، لەبەر ئەوە بەچاکمانزانی بگەڕێینەوە بۆ کوردستان.

کوڕەکەم، خۆزیا بەخۆزیای خوا منیش بەماڵومندالەوە لەسەر خاکی خۆمان بەبۆمبای کیمیایی بکوژرایەتم!

- وامەڵێ خاڵۆ عەونی گیان، ئەوەی لەئێمەروویدا یا خوا نەلەئێوە و، نەلەهیچ مرۆڤێکی سەر ئەم زەوییەش روونەدات! ئەی ئێوەیان بۆهێناوە بۆ ئێرە؟

- مامە عەونی هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و گوتی: داخم گرانە رۆڵە.... کوڕەکانم هەر پێنجیان ژنیان هێنابوو. کچەکانم هەردووکیان شوویان کردبوو. بەگشتیان خاوەنی 43 منداڵ بوون. لەپڕ رۆژێک جەیش و جاش بەسەرکردەیەتیی ''عەمید بارق'' لەگوندەکەمان نیزیکبوونەوە، دەستیانکرد بە تەقە و، تۆپبارانکردنی گوندەکە و دەوروبەری. گشتمان شپرزەبووین. کوڕەکانم وکچەکانم لەگەڵ منداڵەکانیان هەموویان روویانکردە شیوەکەی بەردەم ئاوایی کە بۆ رۆژی تەقوتۆق و تەنگانە لەوێدا پەناگەیەکمان تێدا دروستکردبوو.

تەقە کەم کەم زیادیکرد تاکو هەموویان بەرەو حەشارگەکە رۆیشتن، بەڵام من و ''سەلما'' ی ژنم، وتمان پیربووین و کەس کاری بەسەرمانەوە نییە، بۆیە لەنێو ماڵەکەدا ماینەوە. بینیم کایەنی ماڵەکەما دەسووتێ، منیش بۆ رۆژی رەش هەندێک پارەم لەوێدا شاردبووەوە، خێرا رامکرد تا دەریکەم. لەژێر بنمیچی کایەنەکەدا منداڵێکی تەمەن چوارساڵم بینی بەسڵەمینەوە لەنێو چڕەدووکەڵدا بوو، بەکوڵ دەگریا و هەنسکی دەدا، ئاگرەکەش خەریکبوو لێی نێزیکدەبووەوە. ئیتر لەسۆزی گریانی ئەو منداڵە پووڵەکەم لەبیرچوویەوە، بەهەڵمەت باوەشم پێداکرد و لەئامێزم گرت و، هێنامەدەرەوە. لەم کاتەدا سەیری شیوەکەم کرد، دیم جەیش و جاشەکان پەناگەکەیان دایە بەردەسڕێژی گوللە و چەکی ''ئارپی جی''. ئەوجا بنزین و نەوتیان پێدارژاندن و ئاگریان بەردایە جەستەی هەموویان. ئالەو کاتەدا، مەرگ و سووتانی هەموویانم بەچاوی خۆم بینی. لەپڕ چەند سەرباز و جاشێک دەوریانگرتم و، بەچمکی فەقێیانەکەم راکێشیان کردم بۆ نێزیک ئۆتۆمۆبیلێکی ''ئیڤا''، سەرمبەرزکردەوە بینیم ژنەپیرەکەی خۆشمی تێدایە. چەند ویستیان مندالەکەم لێبستێنن، بەڵام من نەمدانێ و هەڵمدایە نێو ئیڤاکەوە. سەلمای خێزانیشم خێرا گرتییە ئامێز و منیشیان سەرخست. لەنێو ئیڤاکەدا رایانگرتین، ئاگریان لە تەواوی ماڵانی گوند بەردا. پاشان لەگەڵ چەند پیروپەککەوتەی دیکەی ئاواییەکەمان بردمانیان بۆ سەربازگەی چەمچەماڵ.

رۆژی دوایی بردمانیان بۆ ''تۆپزاوا'' ی کورکووک. لەوێش سێ رۆژ ماینەوە. لەم ماوەیەدا کەمێک هاتینە سەرخۆمان. ئەوساتە زانیم مناڵەکە کوڕەزامە و، منداڵی کوڕی سێیەممە. ئیتر بۆنی هەموویانم نا بە بەم منداڵەوە. گوتم: ''سوپاس بۆ خوا یەکێکیانم بۆ دەرچووە، ئەم لەشەبچکۆلانەیە کەمێک سوکنایی دڵم دەداتەوە!''.

خواردنمان سەمونی رەق بوو. دەبوایە تەڕم بکردایە بۆ ئەوەی بخووسێت و مندالەکە بتوانێت بیخوات. خۆمان دڵمان گیرابوو، نەماندەتوانی هیچ بخۆین. دوای سێ رۆژەکە، بردمانیان بۆ ''سەماوە'' و، هەر ئەو رۆژە هاوردمانیان بۆ ئەم زیندانە لەم بیابانە!

لێرە ئیتر من بووم بەدایکوباوک بۆ مندالەکە. رۆژی تەنیا یەک سەموونمان هەبوو بۆ خواردن. کە مندالەکە برسی دەبوو، ناچارپەنام دەبردە بەر ئاودەسەکە و، لەوێ دەگەڕام، بوایە یەک – دوو سەمونی کۆن وتەڕ و کەڕاویم دەدۆزییەوە، ئەوجا بەچەقۆیەک دامدەتاشی تاکو پیسی و کەڕووەکەم لێدەکردەوە، بەئاو کەمێک تەڕمدەکرد و دەمکرد بەخواردنی ژەمێکی مندالەکە. هێشتا بەم ژیانە رازیبووم، چۆنکە ئەم مندالەم لەگەڵدا بوو، وامدەزانی هەموو کوڕەزا و کچەزاکانم لەگەڵدان.

رۆژێک گەرما زۆری بۆ هێناین. مندالەکەم بردە بەردەم تانکیی ئاوی حەوشەکەوە بۆ ئەوەی دەستێکی تەڕ بەدەموچاویدا بێنم. کاتێکمزانی ''ملازم حەجاج'' لەژوورەکەیەوە کە بەسەر هۆڵەکانی زینداندا دەیڕوانی، تەماشایکردین، نەڕەی لێهەڵسا، ترس شڵەژاندمی و رامکردە دواوە و خۆم تێکەڵی زیندانییەکانی دیکە کرد، بەلام فریای مندالەکە نەکەوتم و جێمهێشت. مندالەکە بەنەڕەی حەجاج و هەڵاتنی من زیاتر ترسا و بەچواردەوری خۆیدا دەیڕوانی و دەقیژاند. ملازم حەجاج هات و رووبەڕووی منداڵەکە وەستا. مندالەکە بەدەم گریانەوە لێیدەڕوانی. حەجاج هاواریکرد: ''ئەمە منداڵی کێیە!؟ ئەمە سەگی کێیە؟''

منیش پێم لەجەرگی خۆم نا، چوومە پێشێ و گوتم: گەورەم منداڵی منە. گوتی: بۆچی بێدەنگ نابێت؟ بۆ ناترسێت من دەبینێت!؟ منیش وەرامیمدایەوە: قوربان مندالە لەهیچ تێناگات! لەم کاتەدا حەجاج کێبلەکەی دەستی بەرزکردەوە و، زۆر بێبەزەییانە و بەدەم جنێودانەوە کێشای بەپشتی ئەو بەستەزمانەدا و تەختی زەوی کرد. بەوەشەوە نەوەستا بەهەموو هێزییەوە بەپۆستاڵەکەی هەڵیدا بەدەمی منداڵەکە و، دەمی چەقاندە نێو قوڕەچڵکاوەکەی بەر تەنەکەی ئاوەکەوە...

خاڵۆ عەونی بۆ چەن ساتێک بێدەنگبوو، ئەوجا دای لەپرمەی گریان، لەکاتێکدا فرمێسک بەچاوەکانیدا دەهاتنەخوار گوتی: مەرگی ئەم ... مەرگی ئەم مندالەشم بەچاوی خۆم بینی...!

منیش هەردوودەستم لەئەژنۆم گیرکرد، سەرمنا بە ئەژنۆکانمەوە... بۆ کڵۆلی و داماویی خاڵۆعەونی و خۆم و کەسوکارو شارەکەم گریام...''.

-         -         -

خوشک و برای ئازیزی کوردم، هەرلە شۆرشەکەی شێخ عوبەیدۆڵڵا شەمزینیی لەساڵی 1887کە بەقۆناخی نوێێ شۆرشی رزگاریخوازیی گەلەکەمان دەژمێردرێت، نەتەوەی کورد، نەک جارێک، بەڵکو لەشۆرشی شێخ سەعیدی پیران، هەڵوەشاندنەوەی کۆماری کوردستانی سۆر لەلایەن ستالین دیکتاتۆری سۆڤێتی رووخاو و، راگوێزانی سەدانهەزار کورد بۆ ناوچەدوورەکانی رووسیا، شۆرشەکەی ئێحساننووری پاشا، شۆرشی دێرسیم، کۆماری مەهاباد، بێسەروشوێنکردن و، دەرکردنی هەزاران کوردی فەیلی لەبەغدا و خانەقین، هەروەها دوای هەرەسهێنانی شۆرشی ئەیلوول، حەوت جاری دیکە جێنۆساید و کۆچوڕەوی بەسەردا سەپێندراوە، ، سەرباری ئەمانەش خاکی کوردستان بەعەرەب و ترک و فارسکراوە، سامانی سەرزەوی و کانزا و بەروبووی بەتاڵان براوە و، نیشتمانەکەی کراوەتە جبەخانە و هەماری چەکوچۆڵی کۆمەڵکوژ و پێگە و لەشگرگە و زیندان و، تۆڕی سیخوڕی و، سەدانهەزار سەرباز و بەکرێگیراویان بەسەرتاسەری کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە. بەڵام پاش تێپەڕبوونی ئەم مێژووە پڕکارەسات و خوێناوییە، هێشتا ئاسۆی رزگاری وسەربەخۆییمان لێڵ و تاریکە.

دەیان نەتەوەی بندەست - یەکەمینیان نەتەوەی جوو گەلکوژی و نەهامەتییەک بەسەریانهات، کردە هەوێنی یەکگرتن و راکێشانی پشتیوانی نێونەتەوەیی بەئامانجی گەیشتن بەئازادی و سەربەخۆیی، بەڵام ئێمەی کورد، کۆمەڵکوژییەکانی رابردوومان نەک هەر لەبیرچووەتەوە، بەڵکو لەسەرەتای هەزارەی سێیەمی زاین و، دوای رووخانی رژێمی ئەنفالچی عێراق و پاش بێدەرەتانبوونی رژێمی داگیرکەری تورک لەبەرامبەر شۆرشی بورکانئاسای باکووری کوردستان و، پاش گوشاری بەربڵاوی نێونەتەوەیی بۆ سەر ئێران، سەرۆکی حیزبەکانمان جەخت لەسەر پارێزگاری کردنی جوگرافیای سیاسی ولاتانی داگیرکەر دەکەنەوە، رژێمی رووخاویان بۆ بنیاددەنێنەوە، درۆشمی ناسیاسیانە و نازانستانە و نانەتەوەییانەی وەک ''برایەتی'' و ''پێکەوەژیانی هاوبەش'' و ''دێمۆکراتیزەکردنی رژێمی تورک'' و ''گەڕانەوە بۆ پەیامەکەی ئایەتۆڵڵا خومەینی'' و ''فیدراڵی'' و ''خودگەردانی'' و ''فیدراسیۆنی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست'' و،... هتد بەگوێی نەتەوەی کوردی سەرلێشێوێندراو و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و نەیارانی کورددا دەدەن. داسەپاندنی ویست و ئامانجی سەرۆکایەتیی حیزبەکان بەسەر نەتەوەی کورددا، تاکو ئەمڕۆ یاریکردن و بێڕێزیکردن بووە لەگەڵ ویست و داخوازیی لەمێژینە و چارەنووسی نەتەوەی چارەرەشی کورد.

سەرۆکایەتیی کورد چۆن دەتوانێت قەرەبووی هەلەکانی رابردووی کاتەوە!؟

لەپێوەندیی لەگەڵ بریندار و کەسوکاری ئەنفالکراوەکاندا، چاککردنی لایەنی دەروونی کەسوکاری ئەنفالکراوان، باشکردنی باری ژیان و گوزەرانیان، دادگەییکردنی تەواوی سەرۆکجاش و ئەو بەکرێگیراوە کوردانەی بەشداریی ئەنفالکردنی نەتەوەکەیان کردووە، ئەوجا دەستنیشانکردنی کۆمیتەیەکی کارا لەلایەن حکوومەت و پەرلەمانەوە بەناوی کۆمیتەی بەجێنۆسایدناساندنی ئەنفال لەئاستی نێونەتەوەیی، سازکردنی لۆبی و، راکێشانی پشتیوانیی نێونەتەوەیی بۆ ئەم مەبەستە بەئامانجی پرۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لەریزی ئەو ئەرکە گرنگ و مێژوویی و نەتەوەییانەیە کە کاربەدەستانی هەرێم دەبوو وەک خاڵی بنگەهینی بەرنامەی سیاسی حکوومەتەکەیان دەستنیشانیکەن. ئێستاش دێرنەبووە ئەگەر بەهزر و باوەڕی نەتەوەییەوە لە دەساڵ تاقیکردنەوەی شکستخواردووی پێکەوەژیان لەعێراقی تازە ئەزموونیان وەرگرتبێت، ئەوا لەباتی سەرقاڵکردنی بێسەمەری خۆیان و نەتەوەکەیان بە جێبەجێکردنی یاسا و مادەی 140 و... هتد، پلان داڕێژن بۆ گێڕانەوەی خێرای ناوچەدابڕێندراوەکان و خۆشکردنی زەوینەی رفراندۆمێک بەچاودێریی کۆمەلەی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دنیای ئازاد، بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد بتوانێ لەئازادیدا دەنگ بۆ ئازادی و دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیبدات. بەکورتی، رزگاربوونی کورد لەبندەستی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، تاکە رێگەچارەی نەتەوەیی و مرۆڤی و ژیرانەیە کە نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەی لە هەڕەشە و پاکتاوکردنی رەگەزیی لەلایەن داگیرکەرانی خوێنڕێژ و فێڵزان و پیلانگێڕییەوە دەپارێزێت!

هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدان لەسەرتاسەری کوردستان!

هەرشەکاوەبێت ئاڵای بەرز و پیرۆزی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان!

ئۆسلۆ: 16/4/2013

ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد