shimiabarani_sardasht.jpgنووسینی: حەمەڕەسووڵ کەریمی
ئەمساڵ ٣٣ ساڵ بە سەر بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشتدا کە لە لایەن حکوومەتی بەعسی ئەفلەقی

 ڕووخاودا ئەنجامدرا تێدەپەرێ، ٣٣ ساڵە هەزاران کەس لە خەڵکی شاری سەردەشت و دەوروبەری بە ئازار و ئێشی گازی خەردەل و بۆمبی شیمیاییەوە دەناڵێنن. لەو کاتەوە تاکوو ئێستاش ژمارەی قوربانیان و زامداران و بەرکەوتووانی ئەو کارەساتە سامناکە، بە وردی ڕوون نەکراوەتەوە.

ئەگەر بمانهەوێ ئاوڕێک لە زامدارانی ئەو ڕووداوە بدەینەوە دەکرێ بڵێین کە بە گشتی زامدارانی شیمیایی شاری سەردەشت، سێ گرووپن.

گرووپی یەکەم، لەو کەسانە پێکدێن کە لە کاتی شیمیاباراندا لە ڕێگای نەخۆشخانەکان و پزیشکانی پسپۆر و ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی ڕێژێمەوە سەرژمێری کراون کە ئەو کات لە سەرووی هەشت هەزار کەس ئەژمار کراون.

گرووپی دووهەم، لەو کەسانە پێکدێن کە لە ژێر چەتری ئیدارەی بەناو بونیادی شەهید و گیانبازاندا ناونووس کراون و ئەو ئیدارەیە ئەو کەسانە وەک گیانباز دەناسێنێ کە لە سەدا پێنج تا سەدا حەفتا و پێنج دەگرێتەوە. زۆرینەی بەرکەوتووانی بۆمبارانی شیمیایی سەردەشت ڕێژەی زامەکانیان لە خوار بیست و پێنج لە سەدە.

گرووپی سێهەم، لەو کەسانە پێکدێ کە ڕێژەی زامەکانیان لە سەرووی بیست و پێنج لەسەدن. ئەو گرووپە لە چاو ئەو هەشت هەزار کەسە ڕێژەیان زۆر کەمە و ئەو ڕێژە دیاری کراوە تا ڕادەیەک یارمەتی ماددی و دەرمانی دەکرێن و دەتوانین بڵێین بۆ ئەوەی دەوڵەت بڵێ کە پێڕاگەیشتن بە زامدارانی شیمیایی سەردەشت ئەرکی سەرشانمانە و بۆ شوێنەونکە، بەشێک لەم گرووپەیان لە هەندێک ئیدارە دامەزراندوون و تا ڕادەیەکیش لە ژێر چەتری پێڕاگەیشتن و خزمەتگوزارییەکی زۆر کەم‌دان، ئەو خزمەت و پێڕاگەیشتن و دامەزراندنەی زامدارانی شیمیایی کەمتر لە سەدا بیست و پێنج ناگرێتەوە.

ساڵانێکی زۆرە کە بریندارانی بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشت بە دەست ئەو نەخۆشیانەی کە لە ژێر تەوژم و کارتێکەری گازی خەردەل تووشیان بوون دەناڵێنن، بەشی زۆری زامداران بە دەست نەخۆشی سیپەلاک و هەناسەدان، خورانی لەش و پێست، کروزانەوە و ئێشی چاو، دڵەڕواکێ و ئەعساب و ئازاری گەدە و دەروونی دەناڵێنن و لە هەموو ئەو ماوەیەدا بە هۆی ئەوەی کە بەشی زۆری زامداران ناتوانن کاری قورس بکەن، بێکارن و بەداخەوە گیروگرفتی ماڵی و دارایی بۆتە هۆی ئەوەی کە ئازارەکانیان لە نەبوونی دەوا و دەرماندا زیاتر بن و ڕۆژبەڕۆژ ئازارەکانیان زیاتر و زیاتر پەرەدەستێنێ.

دوای ساڵانێکی زۆر هەنووکەش بەشێک لە بەرکەوتووانی شیمیابارانی شاری سەردەشت بە دەست بێ دەواودەرمانی دەناڵێنن و سەرەرای نەبوونی داو و دەرمان و کەپسوولی هەناسەدان، لەگەڵ وەرزەکانی ساڵ لە ئیشکە ساڵی دا تووشی نەهامەتی و ئیشک بوونەوەی پێست و کروزانەی چاو دەبن و لە وەرزی تەڕی و باران و ساردی و سەرماش دا بە هۆی ئەوەی کە جەستەیان لاواز بووە تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر دەبن و هەمیشە مەترسی کۆخە و ڕشانەوە و منداڵ لەبەر چوون لە بەشێکیان دا دەبیندرێ.

لە وەرزی ئێستای پەتای کۆرۆنادا لەگەڵ ئەوەی هەموو لایەک وەک یەک لەم پەتایە دەترسن، بەڵام بەداخەوە مەترسی زیاتر لە سەر ئەو زامدارانە هەیە، ئەوان پێش پەتای کۆرۆناش وەزعی جەستەیی و دەروونیان باش نەبووە، هەر بۆیە ئێستا لە خاڵی سووری مەترسی دان و ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر نەیتوانیوە یا نەیویستوە چارەسەری زامەکانی پێشوویان بکا، بەڵکوو لەم نەهامەتیەش دا ئاوڕیان لێ ناداتەوە و هەر وەک چۆن هەموو کۆمەڵگەی ئێرانی پشت گوێ خستوە، ئەوە زامدارانیشی دوو جار و چەند قات پشت گوێ خستوە.

دابەزینی نرخی پووڵی ئێران و ئاوسانی ئابووری کارتێکەری زۆری لە سەر خەڵک بە گشتی و لە سەر زامدارنی شیمیایی بە تایبەتی هەیە، چونکە نەبوونی مووچەیەکی تایبەت و یا ئەو مووچە کەمەی کە دەردێتە نزیک بە ٤٠٠ کەس، هیچ لە کێشەکانی ئەوان کەم ناکاتەوە و نەبوونی داو و دەرمان و کەپسوولی ئۆکسیژنی تایبەت و یا گرانی دەرمان بۆتە گەورەترین کێشە و ئەوەش هەم کاریگەری لە سەر ژیانیان هەیە و هەمیش ناتوانن کە پێداویستی‌یە سەرەتاییەکانی خۆیان دابین بکەن.

ئێستا کە پەتای کۆرۆنا بۆتە نەخۆشییەکی سەرتاسەری و مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردستان و جیهان بە گشتی، کەسانی ساغ و ئاسایی و بازاڕیی و تەنانەت هەموو کۆمەڵگە لە حاڵەتی بێکاری دایە و لە نەبوونی کار و مووچەدا و قەرەنتینە، بەداخەوە زامدارانی شیمیایی لە هەموو کەس زیاتر پێویستیان بە یارمەتی ماددی و مەعنەوی هەموو لایەک هەیە و پێویستە کە کەسانی دەرەوەست و خەمخۆر لە بیر و فکری ئەوانیش دابن. کەم نین ئەوانەی کە هەر ئێستا لەبەر نەبوونی پارە و داهات دەرمانەکانیان بۆ دابین ناکرێ و ئەوەش کاریگەری لە سەر جەستە و باری دەروونیان دەبێ.

لە ماوەی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا، دەوڵەت و دامودەزگای حکوومەتی و ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە کەلک و سوودی سیاسی و ماڵی لە زامدارانی شیمیایی شاری سەردەشت و زەردەی کرماشان و ناوچەکانی بانە و سەقز و پیرانشار و شارەکانی دیکە وەر گرتوە. ڕێژێمی ئێران بە نیشاندانی پەروەندە و وێنەی زامدار و بۆمب و وێرانی‌یەکان، وێڕای ئەوە کە داوای یارمەتی دەرمانی و دارایی لە وڵاتانی جۆراوجۆری دنیا و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە، هاوکاتیش داوای غەرامەتی شەڕی لە دەوڵەتی عێراق کردوە و کەم و زۆر ساڵانێکی دوور و درێژە بە ناوی ئەو زامدارانەوە داو و دەرمان و پووڵێکی زۆر وەردەگرێ.

دەوڵەتی ئێران لە جیاتی ئەوەی کە قەرەبووی زامدارانی شیمیایی سەردەشت و شارەکانی دیکە بکاتەوە، زۆرتر بەو کەسانە ڕادەگا کە لە شارەکانی دیکەی ئێران لە کاتی شەری ئێران و عێراق ، سووریە، لوبنان، عێراق و یەمەن دا یا کوژراون و یا برینداربوون.

لێرەدا جێگای خۆیەتی کە سپاسی ئەنجوومەنی بریندارانی شیمیایی شاری سەردەشت و خەمخۆرانی ناوچەی سەردەشت بکەین کە خۆبەخشانە ساڵانە بۆ ئەوەی دەرد و ئازارەکانی هەر سێ گرووپی زامداری شیمیایی کەم بکەنەوە، بە پێکهێنانی کۆڕی تایبەت و چوونە سەر مەزاری شەهیدان و سەردانی بەشێک لە زامداران، هەوڵ دەدەن کە ورەیان بەرز بکەنەوە و لێیان بپرسن و باری ڕۆحی و ڕەوانیان ئارام بکەنەوە.

بۆ ئەوەی باری قورسی ژیانی ئەو زامدارانە کەم بکەینەوە پێویستە کە لە باری دیپلۆماسی و لە باری ڕاگەیاندنەوە کەیس و پەروەندەی داخراوی ئەو زامدارانە و ئازار و نەهامەتییەکانیان، لە لایەن حیزبە کوردستانییەکان و کەسایەتی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بگەیەندرێتە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کار بۆ ئەوە بکرێ کە کارەساتی سامناکی شیمیابارانی ٧ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، شاری سەردەشت و دەوروبەری و شارەکانی دیکەی کوردستان بە ژێنۆسایدی کوردانی ڕۆژهەڵات بناسێندرێ و ئەم جینایەتە بخرێتە خانەی قڕکردنی بە کۆمەڵی کوردانی ڕۆژهەڵات و لە هەمان کاتدا هەر دوو حکوومەتی عیراق و ئێران بخەنە لیستی تاوانبارانی بەکار هێنانی چەکی قەدەغە کراو و کۆمەڵکوژ.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد