mehdi xalidهەلێکی تری زێڕینی ... بەڵێ زێڕینی! گەورەم مەبەستت چیە ؟ دیارە هێندە دەبەنگ و کاڵفامی بۆیە لێم تێ ناگەیت ، من بە کورتی و بە کوردی پێت دەڵێم ، هەلێکی تری زێڕینی عەیار ٢٤ مان هاتۆتەپێش و وەک تۆپێک لە دەستمانە ! دەوابڵێ گەورەم ، کەواتە (فت و خۆمان خۆش) ! گەورەم بۆ وا ڕەنگت گۆڕا؟

هەست دەکەم ناڕەحەت و نیگەرانم کردی؟ بڕوا بکەن هەزار لوچ کەوتە نیوچەوانی و زانیم خەریکە کار لە کار دەترازێت، وتم وا چاکە مشورێک لە حاڵم بخۆم و حیلەشەرعێک بدۆزمەوە ! گەورەم ، من لەو کاتەی کە جەنابتان قسەتان دەکرد و باسی تۆپ و زێڕتان دەکرد ، من وامزانی باسی جامە ئاڵتونیەکەی ( کۆپا دێل ڕەی ) دەەکەن ، کە حەیف بەرشەلۆنە بە ڕیاڵ مەدرید ی دۆڕاند !!

ئێ .. ئێ ... ئێ ... تێگەیشتم ، دە بڕوا بکە ، ئەگەر مەبەستت لە شتی تر بایە ئەوە بە دەردێکم دەبردی با بە دەواری شڕی نەکردبێت . تۆ بەو ساویلکەیی و نەفامی خۆتەوە دەتەوێت قسە لە قسەی منا بکەیت و زمان درێژی بکەیت ؟ نا .. نا .. نا گەورەم چۆن من کاری وا دەکەم و بە ئاقاری ئەو جۆرە هەڵانەیا دەڕۆم و سنورە سورەکان دەبەزێنم کە ئێوە بۆتان دیاریکردوین !

١ ـ لە مێژوی گەلەکەماندا، مەخابن سەرکردە سیاسی و سیاسەتمەدارەکانمان بەردەوام دەستاو دەست بە ژمارەیەک خەسڵەتی خەراپەوە دەکەن و لێان کردوین بە ( صراط المستقیم ) و هەرچەند دەکەین و دەکۆشین نە لێی تەوەلا دەبن و نە بەسەر خۆشیانی دەبەن ! واتە قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان نە خۆیان بە هەڵە زانیوە و نە بە خشکەییش هەوڵی ڕاستکردنەوەیان داوە و نە کەسیش مافی لەلکردنی پێدراوە !

٢ ـ ئاڵودەبون بە قوماری تژی لە دۆڕان و هەڵخەڵەتان و لەخشتەبردن، وە هەروەها پشودرێژی لە هەڵپەڕین بە دهۆڵی دڕاو و زوڕنای شکاوی نەیاران !

٣ ـ  خویەکی تری دزێوی سەرکردەکانمان کە دەقیان پێوە گرتوە ، ئەویش خۆی لە ( لەخۆ بە کەم زانی و کورتە باڵایی ) و سێبەری دوژمن بە گەورە زانی دا دەبینیتێتەوە وە بە تایبەتیش لە بەرامبەر ئەو گەل و دەسەڵاتانەی کە کوردستانیان داگیر و لەت لەتکردوە و بەردەوام بە براگەورەیی ئەوانەوە شانازیان کردوە و لە پێناوی هێشتنەوە و درێژەدان بەو کەلتورە نەفرەت هەڵگرە، لە هەندێ کاتدا کار بە ئاراستەیەکی زۆر مەترسیداریشدا براوە، بەڵام ئەم نەرم و نیانی و گونجاندن و قبوڵکردنە ، لە نێو خودی خۆماندا ، لە دیدی دەسەڵاتی خۆماڵیمانەوە هەم ( بڤەیە ) و هەمیش سیکڵدانۆچکەکانیان بە جۆرێک تەنگ دەبنەوە کە نە ئەسپە کەحێلەی ڕقیان ، ئەگەر بە فویەک ، عەرش و قورش بە سەر یەکدا بڕوخێنێ ، هێشتا کەف و کوڵیان دانامرکێتەوە !

٤ ـ بەداخەوە ، سەرکردە و سیاسەت کارانمان، بەجۆرێک دوچاری ئەم پەتای لە بیرکردنە هاتون ، کە کار گەیشتۆتە ئەوەی ئەمڕۆ دوێنێ دابپۆشێت و سبەیش ئەمڕۆ ! لە یادکردن و نەگەڕانەوە بۆ مێژو ، خەسڵەتێکی تریانە ، بەڵام سەیر لەوەدایە ، کە ئاخۆ بۆ مێژوە تاڵەکانی ناو خودی خۆمانیان بیر ناچێتەوە و هەر ساتێکیش بیانەوێت بیکولێننەوە و بەخوێنیدا بهێننەوە ، ئەوا وەک ئەوە وایە ئەمڕۆ ڕویاندابێت !

٥ ـ ئۆباڵتان بە گەردەنم ، لە ڕوی ژمێریاری و دانانی خاڵ لە سەر دراو و داهات ، ئەوە لە بیرتیژی و زیرەکیدا ، کەسیان پێ ناگات و تۆزی پێیان ناشکێنن ! یانیش بۆ هەر باس و بابەتێکیش کە وابەستە بێت بە حەپەلوشکردن ، گوێیان هێندە سوکە و مەگەر هەر ئەمان توانیبێتیان گرەو لە ( .... ) ببەنەوە !، خۆ گورج و گۆڵیشیان نە دور و نزیکی و هیلاک بون دەناسێتەوە و نە پان و تەنگی ڕێگاش دەبێتە لەمپەر لە بەردەمیاندا !

٦ ـ من ئەگەر لە حوزوریاندا بپرسم ، ئەرێ لە کام خولی گفتوگۆکانتاندا ، لە کام سات و سەردەم و لە کاتی کام حوکمڕانی دوژمناندا، لە شکستی پێشمەرگایەتی ئێوەدا، دوژمنان دەستی چارەسەری ئاشتیانەی بۆ ئێوە درێژکردبێت و ویستبێتی دەستبەرداری بە ناهەق ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانی ئێمە بوبێت ؟ ئەرێ کام دێری مێژو باس لە سەرکەوتنی تاکە جارێکی ئەو شێوە خەباتەی ئێوە دەکات ، کە بە خەباتی ئاشتی ناوزەدتان کردوە و هەر بەوەش لە لایەک میللەتتان پێ چەواشە کردوە و هەمیش دوژمنانتان لە بەچۆکداهێنان و تیاچون ڕزگار کردوە و باب و باپیران و ئێمەشتان پێ دەستخەڕۆ کردوە و دەیکەن؟ ئەگەر تەنانەت تاکە جارێکیش جیا لە تۆمارکردنی دۆڕانێکی تر و لە بەریەک هەڵوەشانێکی تری هێزەکانتان، تەنها سەرکەوتنێکتان بۆ گەل تۆمارکردبێت ، ئەوا ئەمڕۆ هەمو لەم چارەسەرە تەمومژاویە لێوان لێو لە فرت وفێڵ و نیەت گەڵاویە دا لە پشتانەوە دەوەستین و شورایەکی پۆڵاین دەبین لە دەورتان .

٧ ـ گەر گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند بە نمونە بهێنمەوە ، کە ئەم هەڵا گەورە یەی بەدوای خۆدا هێنایە ئاراوە ، گەلۆ جیا لە هەندێ خاڵ و داواکاری کرچ و کاڵ ، کە پارە سێبەری بە سەر هەر ٧ خاڵەکەوە کردوە و چی دەستکەوتێکی سیاسی و نەتەوەیی لە خۆ گرتوە ؟ لە کام خاڵدا ڕاشکاوانە وێراوتانە باس لە گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان وە بە تایبەتی کەرکوکتان کردوە و لە دژی ئەم سیاسەتی بە عەرەبکردنە زاتتان کردوە بوەستنەوە کە تا ئێستاش درێژەیان هەیە؟؟ لەوێشدا، جیا لە ئاماژە بە هەردو کارەساتی کەمەرشکێنی ( هەڵبجە و کیمیاباران) و ( شاڵاوەکانی ئەنفال ) و ( ڕاپەڕین ) و( گۆڕە بەکۆمەڵەکان ) کە گومانی تێدا نیە تا ئەنفالی ( بارزانیەکان ) بڕی کردوە و بە هیچ جۆرێک باس لە قوربانیانی ( کۆڕەو ) و لەو هەمو تاوان و ڕەشەکوژیانە نەکراوە کە بە درێژایی مێژوی حوکمڕانیەتی عێراق دەرهەق بە خەڵکانی شار و شارۆچکە و ناوچەکانی کەرکوک و هەولێر و سلێمانی و تەنانەت هەندێک لە ناوچەکانی بەعقوبە و موصل ، بە تایبەت تریش ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیان ، کە من خۆم وەک شایەتحاڵێکی کارەساتێکی ( قەتڵ و عامکردنی ) لادێیەکم لە ناوچەی ( شوان ) ، کە لە هەمان ڕۆژی کارەسات بارکردنی هەڵەبجە ، واتە ١٦ / ٣ / ١٩٦٦ ئەو گوندە کە ناوی دێی ( ئۆمەربەگ ) ە کەوتە بەر هێرشی شۆڤێنیستەعەرەبە ( بەدوەکان ) و کەسوکار و خێڵی جەنابی ( مەشعان جبوری ) کە بەداخەوە ماوەیەکی زۆر لە سەر حیسابی ئازار و مەینەتیەکانی ئێمەمانان لە پایتەختی کوردستان دەلەوەڕا !! جیا لەو دێیە ، هەر لەو ساڵەدا ، چەندین لادێی ( شوان و شێخ بزێنی و ساڵەیی ) کەوتنە بەر پەلەمار و هێرشی ئەو فاشیستە عەرەبانە و جیا لە ( تاڵان )و ( فەرهود ) و ( غەنیمە ) بردن ، دەستیان بە خوێنی دەیان ژن و مناڵ و پیاو ی سڤیلی ئەو لادێیانە سور کردوە و بە دەیانیان لێ شەهید و بریندار کردون. بەدڵنیاییەوە ئەمە مشتێکە لەو خەرواری تاوانی کۆمەڵ کوژی و سوتماک کردنەی عەرەبی عێراقی لە دژی گەلی کورد و نیشتیمانەکەی ئەنجامیان داوە و ناکرێت هیچ کەس و حکومەت و لایەنێک چاو لەو خوینانە بپۆشێت .

٨ ـ ئێمە لە کاتێکدا ، وەک هێلکەی پاکراو ، سیاسەت و پلانی حکومەتە لەق و لۆقەکەی مالیکیەکان و عەلاویەکانمان بۆ سپی بۆتەوە و دوا بڕیای ئەوان و ئەوانیتریش بە گوێی هەموماندا ، ڕاشکاوانە چرپێندراوە و دەچرپێندرێت . لەم بارودۆخە چارەنوس سازەدا کە گەلەکەمانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان پێدا تێدەپەڕێ و مەسەلەکەمان چۆتە قۆناخێکی ترەوە و مامەڵەی هەڵە لە گەڵیدا ئۆباڵێکی میژویی قورسە و نابێت ئیدی یاریکردن بە چارەنوسی نەتەوەکەمان هیچ کەس و لایەنێک توخنی بکەوێت و بە هەدەری بدات .

٩ ـ خاڵێکی گەش لە لە ئێستادا کە کورد دەتوانێت کاری لە سەر بکات و بە قازانجی خۆی هاوکێشەکە بشکێنێتەوە، ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی سونەکانە کە لای خۆیانەوە تەنگیان بە سیستەمی حوکمی تایەفەگەری مالیکی هەڵچنیەوە ، بۆیە لەم کاتەدا ئامادەیە دەست بە هەر بنچکێکەوە بگرێت کە فریای لە بەینچونی بکەوێت . لەم لاوازیەی ناوەنددا هەر جۆرە ڕێکەوتن و مۆرکردنێک کە حکومەتی هەرێم ئەنجامی بدات وەک سەرکەوتن و دەستکەوتی نەتەوەیی لێکی بداتەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە هەم وەک بڵقی سەرئا وە و هەمیش تەمەنی لە تەمەنی گوڵێک درێژتر نابێت

بەڵام مەخابن ئەوەتا لەم وەختە هەستیارەدا و لە بەرامبەری چاوپۆشی لە چەند بوشکە نەوتێک، دەیانەوێت ببنە فریدڕەسی حکومەتەکەی مالیکی، ئەوەتا بە هەڵپە هەڵپ و هەڵەداوان وەک ئەوەی هەنگوینیان لە کلۆری داری بەغداد دا دۆزیبێتەوە و ڕویانکردەوە ماڵە باوان و بەمەش ماڵیان ئاوابێت هەم حکومەتەکەی مالکیکیان لە لرخەلرخ ڕزگارکرد و هەمیش هەلێکی زێڕینی تریان لە دەست گەلەکەمان دا، کە بە پێچەوانەوە دەکرا بڕیاری چارەنوسساز لە مەڕ ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستانەوە بدرێت و دوا شەڕی کوردستانی بوونی ناوچە داگیرکراوەکان چ بە خۆشی یان ناخۆشی یەکلا بکرایەتەوە و خەڵکانی ئەو ناوچانەش لە دڵەڕاوکێی کوردستانی بون و نەبون ڕزگاریان دەبو و چیتر نەدەکران بە ( گیسکەکەی هەیاس ) !

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.