ayet moradiferدیسان له‌ به‌ره‌به‌ری‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ دیكه‌ له‌ نیزامه‌ دیكتاتورییه‌كه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ دا نزیك ده‌بینه‌وه‌ و پاڵێوراوانی‌ ئه‌مجاره‌ش هه‌ر كامیان له‌ چه‌ند لاوه‌ بۆ وه‌ده‌سته‌وه‌گرتنی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ تێده‌كۆشن .ساڵی‌ 1388 له‌ كێبه‌ركێیه‌كی‌ نێوان دوو لایه‌نی‌ ریفورمخواز و ئوسوولگه‌رادا،

شانۆیه‌كی‌ دیكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ هاته‌ ئاراوه‌ و،له‌ ئاكامی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا تاقمی‌ پاوانخوازی‌ رێژیم كه‌ له‌ سه‌روی‌ هه‌موویانه‌وه‌ واته‌ خامنه‌یی‌ رێبه‌ری‌ رێژیم پاڵپشتی‌ ده‌كرد، لایه‌نی‌ ئووسولگه‌را كه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد بوو پێش ئه‌وه‌ی‌ شوورای‌ (نگهبان) به‌ پێی‌ سیستمی‌ یاسایی‌ نیزامه‌كه‌ی‌ خۆیان كۆده‌نگی‌ رابگه‌یه‌نێ‌، خامنه‌یی‌ ده‌ستی‌ خۆی‌ وه‌پێش خست و ده‌نگی‌ متمانه‌ی‌ به‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد دا كه‌ به‌ پێ سیناریویه‌كی‌ گه‌لاَڵه‌ بۆ داڕێژراو به‌ براوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ڵبژێردرا. هێنانه‌وه‌ سه‌ر كاری‌ دۆباره‌ی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد له‌ لایه‌ن تاقمی‌ ئووسولگه‌راوه‌ ده‌نگی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ ریفورمخوازه‌كانی‌ لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌ساس دا وه‌ك كودتاییه‌ك بوو كه‌ تاقمی‌ پاونخواز گه‌لاَڵه‌ی‌ بۆ داڕشتبوو. بەڵام به‌ هۆی‌ هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ی‌ لایه‌نی‌ ریفورمخوازه‌وه‌ خۆپیشاندانێكی‌ به‌ربه‌رین له‌ چه‌ند شاری‌ گه‌وره‌ی‌ ئێران هه‌موو شه‌قامێكی‌ ته‌نیوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش بوو به‌ هۆی‌ ترس و دڵه‌ڕاوه‌كێ‌ تاقمی‌ پاوه‌نخواز و، سه‌ره‌نجام سه‌ركوتكارییه‌كان له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد و به‌ ده‌یان كه‌س له‌ گه‌لانی‌ چه‌وساوه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی‌ ئێران به‌ هۆی‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری‌ به‌كرێگیراوانی‌ رێژیمه‌وه‌، له‌ زیندان دا گیانیان له‌ ده‌س داو هه‌تا ئێستاش سه‌رانی‌ ریفورمخواز كه‌ له‌ لایه‌ن تاقمی‌ پاوانخوازه‌وه‌ كه‌ به‌ سه‌رانی‌ (فتنه‌) ناوزه‌د كراون پاش چه‌ند ساڵ هه‌روا ده‌ستبه‌سه‌رن و له‌ چاوه‌ڕوانی‌ دادگاییی‌ كردنی‌ فه‌رمانی‌ رێبه‌ری‌ رێژیم له‌ گرتووخانه‌ی‌ تاكه‌كه‌سی‌ دا ڕاگیراون.

ئیستاش له‌ به‌ره‌به‌ری‌ خولێكی‌ دیكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ رێژیم نزیك ده‌بینه‌وه‌ و جیاوازی‌ شانۆی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌ به‌ره‌و ئه‌گه‌رێك ده‌ڕوا كه‌ كێشه‌ی‌ نێوان باڵه‌كان تا دێ‌ قووڵتر ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و بژاره‌ی‌ كه‌ له‌ لایه‌ن تاقمی‌ پاوانخوازه‌وه‌ پاڵپشتی‌ لێده‌كرا ئه‌مڕۆ به‌ هۆی‌ سیاسه‌تی‌ تاك لایه‌نه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ كه‌ نوخبه‌كه‌ی‌ خۆی‌ خستۆته‌ مه‌یدان و ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی‌ نیگه‌رانی‌ دەسەڵاتدارانی‌ رێژیم كه‌ پاڵێوراوه‌كه‌ی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد به‌ (جریانی‌ انحرافی‌) ناو ده‌به‌ن.

جێی وه‌بیرهینانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م سالاَنه‌ی‌ دواییدا سه‌رچاوه‌ی‌ كێشه‌ی‌ نێوان ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد و تاقمی‌ پاوانخوازان له‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد كه‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد له‌ بڕیارێكی‌ كوتوپڕدا وه‌زیره‌ ئیتلاعاتی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ وه‌لانا كه‌ بوو به‌ هۆی‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ خامنه‌یی‌ له‌ كارو باری‌ سه‌رۆك كۆماری‌ دا، كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی‌ خامنه‌یی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژادی‌ وا نیگه‌ران كرد كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ یازده‌ رۆژ وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕینیك به‌م بڕیاره‌ی‌ خامنه‌یی‌ له‌ چوون بۆ سه‌ركار خۆی‌ بوارد كه‌ ئه‌مه‌نموونه‌یه‌كه‌ له‌ كێشه‌ی‌ نێوان تاقمی‌ ئووسولگه‌را و سه‌رۆك كۆماره‌كه‌ی‌.

شایانی‌ ئاماژه‌ پێكردنه‌ كه‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵسووكه‌وتی‌ تاقمی‌ پاوانخوازان بۆ هێشتنه‌وه‌ی‌ پێگه‌ی‌ خۆی‌ تا دوا كۆتایی‌ دەسەڵاته‌كه‌ی‌ مۆره‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كه‌ی‌ خۆی‌ واته‌ مه‌شایی‌ خستۆته‌ مه‌یدانی‌ ره‌كه‌به‌رایه‌تی‌ و له‌ هه‌موو سه‌ردانه‌كانی‌ دا بۆ پارێزگاكانی‌ ئێران هه‌م بۆ وه‌رگرتنی‌ ده‌نگی‌ ته‌بلیغاتی‌ و، هه‌م بۆ هیشتنه‌وه‌ی‌ پێگه‌ی‌ خۆی‌ له‌ دەسەڵاتی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ دا ئاماده‌ی‌ به‌چۆك داهێنان نییه‌ و ته‌نانه‌ت چه‌ندین جار به‌ شێوه‌ی‌ راسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی‌ زۆر فایلی‌ گه‌نده‌ڵی‌ دەسەڵاتدارانی‌ رێژیمی‌ داوه‌ كه‌ نمونه‌ی‌ ئه‌م دواییانه‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ لاریجانیه‌كان بوو، ڕه‌نگه‌ ئه‌م كرده‌وانه‌ی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد وه‌ك كارتێك به‌هێز بێ‌ كه‌ خامنه‌یی‌ و بانده‌كه‌ی‌ نیگه‌ران و ڕیسوا بكا.

ئه‌گه‌ر چی‌ به‌ره‌ی‌ ریفورمخوازانیش كه‌ له‌ مێژه‌ به‌ دروشمی‌ چاكسازی‌ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان و بیر و ئیده‌یان له‌ گه‌ڵ تاقمی‌ پاوانخوازی‌ رێژیم جۆرێك له‌ جۆره‌كان جیاوازی‌ هه‌یه‌ داوایان له‌ خاته‌می‌ كردوه‌ كه‌ وه‌ك نوێنه‌ری‌ ئه‌وان بێته‌ مه‌یدان و بۆ كاندید كردنه‌وه‌ی‌ ره‌وتی‌ به‌ره‌ی‌ رێفورمخوازان خۆی‌ بپاڵێوێ‌، بەڵام سه‌رۆك كۆماری‌ پێشووی‌ رێژیم به‌ پێی‌ لێكدانه‌وه‌كانی‌ به‌ نیگه‌رانیه‌وه‌ له‌ پێشهاته‌كان ده‌ڕوانێ‌ و خۆی‌ له‌م نێوه‌دا ساغ نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ دوا وتووێژی دا رایگه‌یاندبوو بارودۆخ به‌ ئاقارێك ده‌ڕوا و ئیزنم پێ‌ نادرێ‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌پرسیارێك كه‌ ئایا شوورای‌ (نگهبان) ئیزنی‌ خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی‌ ده‌دا یا نا.؟....

له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ره‌فسه‌نجانی‌ كه‌ سه‌رده‌مێك قورساییه‌كی‌ خۆی‌ له‌ نێو بازنه‌ی‌ دەسەڵاتی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ دا هه‌بوو له‌ دوای‌ ڕووداوه‌كانی‌ ساڵی‌ 1388 كه‌وته‌ به‌ر ره‌ق و قینی‌ باندی‌ خامنه‌یی‌ و ته‌نانه‌ت له‌ چه‌ندین شوینه‌وه‌ به‌ دروشمی‌ جۆراوجۆره‌وه‌ هێرشیان كردۆته‌ سه‌ری‌، كه‌ لێره‌دا ده‌توانین ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ قه‌سری‌ دێموكراسیه‌وه‌ تا چوار گۆشه‌ی‌ زیندان وه‌ك ده‌سخۆشانه‌یه‌ك وه‌به‌ر كه‌س و كاری‌ كه‌وت، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ كه‌ ره‌فسه‌نجانی‌ بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌كانی‌ خۆی‌، خۆی‌ خستۆته‌ مه‌یدانی‌ به‌ره‌ی‌ ریفورمخوازان و بۆ به‌ره‌و پێش بردنی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌، رایگه‌یاندبوو كه‌ تا مسۆگه‌ر بوونی‌ ده‌نگی‌ خامنه‌یی‌ وه‌رنه‌گرێ‌ ئاماده‌ی‌ خۆ كاندید كردنه‌وه‌ نییه‌.

جێی ئاماژایه‌ به‌ هۆی‌ شه‌ڕ و كیشه‌ی‌ نێوخۆی‌ وڵاتانی‌ دراوسێی‌ رێژیم له‌ لایه‌ك و، له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ به‌ هۆی‌ سیاسه‌تی‌ دژه‌ نامرۆڤانه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ كه‌ له‌ ناوچه‌دا ڕۆڵی‌ ئاژاوه‌گێڕی‌ ده‌نوێنێ‌، قووڵبوونه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك ده‌ڕوا كه‌ پرۆگرامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی‌ بۆته‌ مشتومڕی‌ وڵاتانی‌ زلهێزه‌و،پێشهاته‌كان به‌ ئاراسته‌یه‌ك دا تێپه‌ڕ ده‌بن كه‌، گووشاره‌ ئابوورییه‌كانی‌ سه‌ر ئێران و گرانی‌ له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر، خه‌ڵكی‌ ئێرانی‌ خستۆته‌ نێو قه‌یرانێكه‌وه‌ كه‌ به‌ پێی‌ چه‌ند ڕاپرسییه‌ك خه‌ڵك نانی‌ رۆژانه‌یان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ گرنگتره‌.

له‌ كۆتایی‌ دا ده‌بێ‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ بین كه‌ له‌ رۆژانی‌ داهاتوو ململانی‌ و كێبه‌ركێی‌ نێوان باڵه‌كانی‌ رێژیم به‌ چ ئاراسته‌یه‌ك دا تێپه‌ڕ ده‌بێ‌.

نووسین: ئایه‌ت مرادی‌ فه‌ر

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.