khalid aziziخالید عەزیزی لە یادی لە دایک‌بوونی پێشەوا قازی محەممەد دا: قازی محەممەد لە سەردەمێک‌ دا ئاماژە بە حقووق ‌و ماف‌و بەشێک لە بنەماکانی هۆوییەت‌و ماهیەتی ئینسانی دەکا کە هێشتا ئیعلامیەی حقووقی بەشەر لە جیهان‌دا بڵاو نەببۆوە و ڕانەگەیه‌ندرا بوو.

خوشک وبرایانی ئازیز

مێوانانی بەڕێز

نوێنەرایەتیی حیزب‌و رێکخراوە سیاسی‌یەکان

پڕبەدڵ بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ رێوڕەسمی یادی113ساڵەی لەدایک‌بوونی پێشەوا قازی محەممەد، رئیس جمهوری کوردستان، رێبەری حیزبی دیموکرات، دامەزرێنەری یەکەمین دامەزراوی کوردی‌و یەکێک لەو کەسانەی کە بەگیان‌و بەدڵ « بۆگەل ژیاو بۆگەل مرد».

«ئێوە قازی محەممەدێک دەکوژن، بەڵام بزانن لەهەر تنۆکەخوێنێکی من، قازی محەممەدێک شین دەبێتەوە»، «داوا لە گەلی کورد دەکەم خەباتی خۆی لە پێناو رزگاریی کوردستان دا پەک نەخا، بژی کوردو بژی کوردستان»

داواکەی قازی محەممەد بە جێ‌هات‌و ئیعدامی قازی محەممەدو ئەو تنۆکە خوێنە بوو بە بنەمایەک، بوو بە هەوێنێک، بوو بە سەرەتایەک، بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد بە هەموو دیققەت‌و تێبینی‌یەکەوە دوای رووخانی کۆماری کوردستانیش دقیقەن پەیامەکەی قازی محەممەد بە جێ بگەیه‌نێ. ئەویش ئەوەبوو کە لە خەبات‌و تێکۆشان ماندوو نەبێ‌و پشوو نەدا.

لە دنیای ئەمڕۆدا کەم نین ئەو وڵاتانەی کە سەرۆک‌کۆماریان هەیە، سەرۆک‌وەزیریان هەیەو کەسایەتیی ناسراوی خۆیانیان هەیە،و کاتێکیش ئەو کەسایەتی‌یە ناسراوانە یادیان دەکرێتەوەو بە بۆنەی [یادی] لەدایکبوونیان لە پایتەختەکان‌و لەشارە گەورەکانی وڵاتەکەی خۆیان رێزیان لێ‌دەگیرێ، رەنگە زۆرتر باسی ئەوە بکرێ کە چۆن لەدایک بوون‌و چۆنیش تا ئەمرۆ تەمەنیان تێ‌پەڕاندوە. لەو وڵاتانە ئەو سەرۆک‌کۆمارو سەرۆک‌وەزیرانە لەسەردەمی ئێستادا خانووەکەی خۆیان بە جێ‌دێڵین‌و دێن لە کۆشکی ریاسەتی جمهووری‌دا حکوومەت دەکەن. دێنە سەر نەغدو حازری، بەڵام پێشەوا قازی محەممەد حکوومەتێکی دامەزراند، هۆوییەت‌و کەسایەتی‌یەکی دامەزراند، لە دایکبوونێکی نوێ‌و ناسیونالیزم‌و کوردایەتی لە ناوەندێکی چووکەی بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراند. بۆیە یادی قازی محەممەدو سەرۆک‌کۆماری کوردستان‌و، دامەزراندنی ئەو رێورەسمە واتا وەبیرهێنانەوەی لە دایکبوونی، وەبیر‌هێنانەوەی لە دایکبوونی کەسێکە کە بە هیمەت و تواناو تێکۆشانی خۆی کۆمارێکی دامەزراندو لەپێناو ئەو کۆمارەو لە پێناو ویست‌و داخوازی کورددا گیانی لەدەست دا.

باشترین پێناسە بۆناساندنی کەسایەتیی قازی محەممەد ئاوڕدانەوەیەکی کورتە لەو شوێنەی کە لێی لە دایک بووە، لەو شوێنەی کە خۆی پێ‌گەیاندوە و لە شوێنەی کە بوو بە سەرۆک کۆماری کوردستان و بوو بە رئیس جمهووری نەتەوەیەک کە بۆ یەکەمجار ئەو مەجالەیەی بۆ خوڵقا. قازی محەممەد کەسایەتی‌یەک بوو بە رابردوویەکی فەرهەنگی‌و بە زانستێکی حقووقی‌و قەزایی بەوە گەیشت کە بۆئەوەی نەتەوەکەی رزگار بێ دەبێ تواناو هیمەت‌و شعووری خۆی بخاتە بازنەیەکی سازمانی، بۆیە هەر لەو مەیدانەدا کۆمەڵەی (ژک)ی هەڵ‌بژارد، چوون بۆ نێو کۆمەڵەی (ژک) سەردەمی پەروەردەکرنی بیروهۆشی نەتەوایەتیی قازی محەممەد بوو. قازی محەممەد کە لەهەمان‌کات‌دا کە لەشاری مەهاباد لەباری بنەماڵەیی، لەباری زانست، لەباری فەرهەنگی‌و لەباری ئەوەکە قازی بوو، لەگەڵ کۆڕوکۆمەڵی جۆراجۆری کوردەواری سەروکاری هەبوو، ئیحترامێکی زۆری هەبوو، بەڵام قەناعەتی وای هێنا کە لە جەمعێکی تێکۆشەردا تێ‌بکۆشێ کە ئوسوول‌و ئەندیشەی نەتەوایەتیی خۆی جێ بخا. بۆ ئەومەبەستەو بۆ ئەو بیروهۆشە لە کۆمەڵەی (ژک)دا خۆی رێک‌خست، قازی محەممەد بەوە ڕانەوەستا، بۆئەوەی کە ئەوفیکرە لەمەیدانی عەمەلی‌دا بکا بە هەوێنی حکوومەتێک لەداهاتوودا، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی دامەزراندو دقیقەن دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوی بەرنامەو پرۆژەکانی قازی محەممەددا بوو، کە چۆن بیری نەتەوایەتی‌وکوردایەتیی خۆی بکا بە دامەزراوە، بیکا بە فەرهەنگ‌و بیباتە نێو کۆمەڵگاو کۆمەڵانی خەڵکی زۆر بە هەموو (تنوعات)ێک کە تێیدا بوو، بەشداری ئەوپرۆسەیە بکا. بۆیە قازی محەممەد لەسەر پرۆژەی میللیی خۆی ساغ بۆوە کە چۆنی جێبەجێ بکات.

راستە لە زۆر جووڵانەوەداو لە زۆر خەباتی رزگاریخوازی‌دا کاتیک ئاوڕیان لێ‌دەدەینەوە، جەمعێکی زۆر لە دەوریان هەبووەو تەبیعەتەن لە کۆماری کوردستان‌و پێشتر کۆمەڵەی «ژک»و پێشتریش لە ناوەندی فەرهەنگی‌و شارستانییەتی مەهەباددا خەلکێکی زۆری تێدا بووە، بەڵام بە ئیعترافی هەموو دۆستان، هەموو ئەوبێگانانەی کە کۆماری کوردستانیان بینیوەو لەنزیکەوە قازی محەممەدیان زیارەت کردوەو موتالیعەو تەحقیقاتیان لەسەرکردوەو بە دوای‌دا چوونە، قازی محەممەد ئەستێرەیەکی زۆر گەشاوەی ئەو حکوومەتە بووە.

یادی قازی محەممەد لەسەردەمێک‌دا دەکەینەوە کە 113ساڵ بەسەر لەدایکبوونی ئەودا تێپەڕ بووەو دەوری 67 ساڵ بەسەر ئەو سەردەمەدا تێپەڕدەبێ کە قازی محەممەد ئەو بیروهۆشە دێنێتە گۆڕێ، ئەو وەختە زۆرێک لە میللەتان هێشتا دەوڵەتی خۆیان نەبوو، ئێستا نزیک دووسەد دەوڵەت لەدنیادا هەیە. قازی محەممەد لەسەردەمێک‌دا ئاماژە بە حقووق‌و ماف‌و بەشێک لە بنەماکانی هۆوییەت‌و ماهیەتی ئینسانی دەکا کە هێشتا ئیعلامیەی حقووقی بەشەر لە جیهاندا بڵاونەببۆوەو ڕانەگەیه‌ندرابوو! قازی محەممەد لە شوێنێک باسی کەمایەتی‌یەکان‌و مافیان دەکا، لە شوێنێک باسی حقووقی ژنان دەکا، باسی مافی لاوان دەکا، باسی خۆێندن دەکا، باسی حکوومەت‌داری دەکا، باسی دیمۆکراسی دەکا، دەچیتە نێوخەڵک، خەڵک فێردەکا کە بۆخۆیان، خۆیان ئیدارە بکەن کە بەشی هەرەزۆری ئەو خەڵکە لە سیستمیکی عەشیرەتی‌و فێئوداڵی‌دا دەژیا، شارستانیەتەکە لە جەمعێکی مەحدووددا بەرتەسک ببۆوە. هونەری قازی محەممەد لەوەدایە لەسەردەمێک‌دا بوو بە کەسایەتی کە لە دەوروبەرەکەی ئەو مەجال‌و دەرفەتە بە هۆی دواکەوتوویی کۆمەڵایەتیی یەکجار زەعیف بوو، بۆقازی محەممەد گەلێک گرنگ بوو کە یەکییەتیی نەتەوایەتی بپارێزێ، قازی محەممەد لە رۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان‌دا تەکیەکەلامی ئەوەیە کە «ئەم کۆمارە زەمانێک سەردەکەوێت کە هەموو چین وتوێژەکانی، بە ژن‌و بەپیاو، بە هەموو عەشایرو تایفەکان، بە هەموو تەنەوعەکانی نێوکۆمەڵگای کوردەواری (وحدت)یان هەبێ»، قازی محەممەد لە وەسیەتەکەشی‌دا هەر ئەوە دەڵێتەوە. دەڵێ: زەمانێک ئەو میللەتە دەتوانێ رزگار بێ، کە لە نێو خۆی‌دا وەحدەتی هەبێ، قازی محەممەد سەمبوول بوو بۆ ڕاگرتنی ئەو وەحدەتە، دەبا لەگەڵ هەموو ئەو تەنەوعاتی عەشیرەتی‌و فیئۆداڵی‌و تایفەیی و نەخۆێندەواریی ئەووەخت‌دا موعامه‌لەی کردبایەو هەمووانی بەشداری حکوومەتەکەی کردبایە، بۆیە ئەوە هونەری قازی محەممەد بوو. یەکێکی دیکە لەلایەنە هەرە گەشەکان‌و یەکیک لەو بنەمایانە کە پەیوەندیی نەتەوەیی لەگەڵ پارچەکانی دیکە بەهێز دەکاو ئەو پەیامە دەدا کە نەتەوەی کورد لە هەرشوێنێک دەرفەتی بۆ هەڵکەوێ‌و رزگار بێت، دەبێتە پشت‌وپەنا بۆ پارچەکانی دیکە، هەربۆیە کاتیک مەرحوومی مەلامستەفای بارزانی لەوسەردەمەدا مەجبوور بوون بڕۆن بۆ کوردستانی ئێران‌و لەوێ گیرسانەوە قازی محەممەد بۆخۆی لەمەهاباد نەبوو لەسەفەر بوو، پەیامی داوە بەهاوکارەکانی

کە «بارزانی‌یەکان کاتیک دێنە ئێرە ماڵی خۆیانەو میوان نین، خانەخوێن، بەشێک لەئێمەن، پاشان کە کۆمار دامەزرا بوون بە بەشێک لەئیدارەی حکوومەت و کۆماردا». بۆیە بارزانی‌و هاورێیەکانی لەهەموو ئەو شوێنانەی کە پێویست بوو کاریان لەدەست دەهات، لە کۆماری کوردستان‌دا بێ‌فەرق‌وجیاوازی کاریان پێ ئەسپاردبوون‌و کۆماری کوردستان مەجالێکی باش بوو بۆ مەرحوومی بارزانی‌و هاورێیەکانی کە دوای ئەو موشکیلات‌وگیروگرفتانەی کە لە کوردستانی عیراق بەسەریان‌دا هاتبوو، لەوێ خۆیان سازماندەهی بکەنەوەو خۆیان رێک بخەنەوەو، دوای کۆماریش کاتێک مەجبوور بوون ئەوێ بەجێ بێڵن‌و بەرەو رووسیا بڕۆن، ئەوەبوو بە هەوێنی ئەوەی کە لە داهاتوو چۆن ئەو ریگا دوورودرێژە بە سازمان‌و بەو حەسانەوەی کە لەو ماوەیەدا هەیانبوو، جێبەجێ بکەن.

پێشەوا قازی محەممەد لەسەردەمێک‌دا کە کۆماری کوردستان بە بەراورد لەگەڵ دەوروبەری، وڵاتێکی فەقیر بوو، بوودجەی کۆمار کەم بوو و رەنگە ئەگەر بەراوردی بکەی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دەوروبەری، بە هیچ جۆر موقایسە نەکرێت، دیسان تێبینی‌و دیقەت‌و شعووری وردی کۆمەڵایەتیی خۆی هەبوو و، کاتێک لە شەقامەکانی مەهاباد دەگەڕێ، دەبینێ جەمعێک کوڕی گەنج قەرتاڵەیان لەسەر شانەو هاوار دەکەن: ئەرێ کەسێک باری شتێکی هەیە بمانداتێ‌و پارەیەکمان وەگیرکەوێ، بی‌بەینەوە بۆماڵیان»، قازی محەممەد دەستوور دەدا کە هەموو ئەو منداڵانە کە لە تەمەنێکی کەم‌دا مەجبوور بەکارکردنن، بەسەر بنەماڵە دەڵەمەندەکان‌دا بڵاو ببنەوەو بنەماڵە دەوڵەمەندەکان لەگەڵ مناڵی خۆیان بیان‌نێرن بۆ مەدرەسە، هەر لەودەمەی کە کۆماری کۆردستان فەقیر دەبی، قازی محەممەد دەستوور دەدا «فەقیرخانە» دابندرێت‌و، فەقیرانی ژن‌و پیاو بە جیاواز سەعی دەکا کۆمەگیان بکاو بیان‌حاوێنێتەوە. ئەوەی کە دواتر لە سیستمی ئیدارەی زۆرێک لە وڵاتەکان‌دا بە نێوی سوسیالیزم‌و بە نێوی سوسیال دیموکراتیک‌و ... ئێستا نەهادینە بووەو مافێکی بۆ دانراوە، لە حکوومەتە ساواکەی قازی محەممەدو لەوسەردەمەدا، پێشەوای کورد فیکری لەوەیش کردبۆوەو رێگا چارەی بۆ دانابوو. هەموو ئاوڕدانەوەکان بەسەر کۆماری کوردستان‌و بە سەردەمی پێشەوا قازی محەممەددا لەراستی‌دا ئاماژە بەوە دەدەن کە پێشەوا قازی محەممەد لەو کەسانە بوو لەساغ‌بوونەوەی خۆی‌دا ئەرکێکی بەرێوە دەبرد، ئەویش دروستکردنی میللەتیک بەمانای سیاسی‌و بەمانای حقووقی‌و تەشکیلاتی موئەسسەساتی بوو، وە لەو پرۆژەیەیشدا هەموو ئامارەکان دەری‌دەخەن کە خۆی لە جوزئیاتی ئەو کاروبارەدا بووە، نەک ئەوەی کە دیخاڵەت بکا، بەڵکوو بەشێوەی سەرپەرستی، لەسەردەمێک‌دا کە هەر بەوشێوە کە ئاماژه‌م پێکرد نەخوێندەواری‌و دواکەوتوویی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشابوو ئەو مەجالانەی زۆر مەحدوود دەکردەوە.

یادی پێشەوا قازی محەممەد یادی سەمبوولێکە، یادی کەسێکە کە بەدوای ئەودا کە خۆشی ئاماژەی پێ‌دەکا کە دوای ئەویش خەباتی کورد هەر درێژەی هەیەو ئەوە بە ئێمە دەڵێ:کە لەناو میللەتەکان‌دا زۆر کەس هەبوون کە لە (شرایطی)قازی محەممەددا بوون بە سەمبوولی دروستکردنی نەتەوەکەی خۆیان، زمان‌و فەرهەنگ‌و ڕابردوو و شوناسی گشتی نەتەوەکەیان، بەڵام تاکوو کەس یان کەسانێک یان پێشەوایەک‌و رێبەرێک نەبێ کە ئەوە بهەژێنێ‌و ئیدارەی نەکات‌و خەتی پێ‌نه‌دا و دروستی نەکات ئەو خاک‌و زمان‌و فەرهەنگی هاوبەشەدا لە خۆی‌دا نابێتە ئەوەی کە تۆ شتی لەسەر دابمەزرێنی. قازی محەممەد لە ئەوەڵین رۆژی دامەزراندنی کۆمارو لەو رۆژەی کە لەگەڵ هەموو ئەوانە سەروکاری هەبوو ئەوەی بەتەوای تێدا دەبیندرا.

لەوسەردەمەدا ئەرزشی ئەدەبیات‌و شێعرو هونەر بۆ قازی محەممەد زۆر بەرز بوو. زۆرن لەوبیرەوەری‌یانەی کە ئاماژە بەوەدەکەن کە پەیوەندی‌و عیلاقاتی خۆشی هەبووە لە گەڵ دوو شاعیرو هونەرمەندی ئەوکات واتا «مامۆستا هەژارو هێمنی «مەهابادی،و چەندە ئەوانی تەشویق کردوە کە بە هونەری شیعری خۆیان بنەمای کەسایەتی‌و پێناسەی نەتەوەیی خۆیان دابمەزرێنن، قازی محەممەد لەوکەسانە بووە کە زۆری بایەخ بە خوێندن داوە، زۆری بایەخ بە مەدرەسەو قوتابخانە داوە، بە تەواوی تێ‌گەیشتبوو ئەگەر خوێندەواری لە وڵاتەدا پەرە بستێنێ‌و بەهێز بێ، ئەگەر خەڵک خوێندەوار بێ، ئەگەر خەڵک کەسایەتیی خۆیان پەیدا بکەن‌و بە تاکەکەس بڕوایان بەخویان هەبێ، یەک میللەت (اعتماد بەنفس)پەیدا دەکاو رێگای خۆی دەبینێتەوەو رێگای رزگاریی خۆی ئاسان دەکاتەوە. تەنانەت لەو حقووقە کەمەی کە مانگانە لە لایەن کۆماری کوردستان دراوە بە قازی محەممەد بەشێکی داناوە بۆ ئەوخەڵکانەی کە بێ‌سەرپەرست‌و کەم دەرامەد بوونەو کە خەریکی دەرس‌خوێندن بوون. کاتێک دەچینەوە لای سەرچاوەکان بەتایبەت رۆژنامەی کوردستان، خێزانی قازی محەممەد یەکەم کەسە کە یارمەتی ماڵیی داوە بە کۆڕ وکۆمەڵ‌و رێکخراوەکانی کۆماری کوردستان.

قازی محەممەد لەوکەسانە بوو بۆخۆی پێشڕەو بوو بۆ ئەوەی کە ژنان بەشداری کاروخەبات‌و خوێندن بن، خێزانی خۆی‌و هەموو ئەوکەسانەی تەشویق دەکرد کە لەومەیدانانەدا چالاکانە هەڵسووڕ بن، قازی محەممەد جیاواز لە کەسایەتیی کۆمەڵایەتی، سیاسی، میللی .. سیاسەتمەداریکی بەتواناو دیپلۆماتیکی ژیر بوو. کاتێک حکوومەتی ئازەربایجان دادەمەزرێ‌و حکوومەتی ئازەربایجان‌و دەسەڵاتی ئازەربایجانی سوڤیەتی پێشوو تێ‌دەکوشن کە کۆماری کوردستان بە بەشێک لە ئازەربایجان دابنێن، قازی محەممەد بە مەنتیقی خۆی‌و بەموزاکه‌رەو دانوستان لەگەڵ تەورێزو لەگەڵ باکۆ، هەروەها لەگەڵ نوێنەرانی سووڤیەتی پێشوو پێیان دەسەلمێنێ کە «نەخێر ئەوان حکوومەتی کۆماری کوردستان دادەنێن، ئەگەر قەرار بێ بیانکەن بە بەشێک لە ئازەربایجان، هەر دەبنەوە بە بەشێک لە حکوومەتی تاران». قازی محەممەد زۆر بە دیقەت‌و ژیرانەو بە گەمەیەکی دیپلۆماسی ئەوەی جێ خست، حکوومەتی کۆماری کوردستانی وەک حکوومەتێکی واحیدی کوردی لە چوارچێوەی ئێران بارتەقای حکوومەتی ئازەربایجان موستەنەدی کرد. هەر بە ژیریی خۆی لە سەرئەو شوێنانە کە بەینی ئازەری‌وکورد کێشەی لەسەر بوو دیسان بە موزاکه‌رەو دانوستان بێ‌ئەوەی کە مەجبوور بەشەڕ ببن تا ڕادەیەکی زۆر ئەو سنوورە شێواوانەی شەفاف‌و روون کردەوە، قازی محەممەد هەمووهەولێکی دا سۆڤیەتی‌یەکان قەناعەت پێ‌بێنێ کە لەمەیدانی بازی ناوچەیی لە تەعامول لەگەڵ ئێران‌و لە سیاسەتی گەورەی نێو دەوڵەتی‌دا گرینگیی کۆماری کوردستان تەنانەت لە پەیوەندی لەتەک بەرژەوەندیی خۆشیان دەرک بکەن. کاتیک سۆڤیەت پشتی تێ‌کردو بەرژوەندی تاران‌وموسکۆ ئەوە بوو کە پشت لە کۆمار بکا، قازی محەممەد بەرنامەیەکی دیکەی هەبوو هەوڵی دا لەگەڵ حکوومەتی تاران لە رێگای دانوستان‌و وتووێژ تێ‌بکۆشێ کە رێگا چارەیەکی دیکە بێنێتە گۆڕێ بۆ ئەوەی کە ئەگەر رۆژێک لە روژان کۆماری کوردستانیان قەبووڵ نەکرد لە چوار چێوەی ئێران دا، لە حەلێکی نێوخۆیی‌و ئیعترافاتێک بە مافی کورد لە چوارچێوەی ئێران‌دا بکرێ. سەرۆک‌کۆمارێک لە نزمایی بۆ لووتکە! لە لووتکە وەک دیپلۆمات بازی خۆی دەکرد بەڵام دەڵێ چی؟ بازیگەرێکی زیرەک بوو دیپلۆماتێکی کارا بوو، سیاسەتمەدارێکی بەتواناو خوێندەوارێکی بە فەرهەنگ بوو، قازی‌یەکی عادڵ بوو، پێشڕەوێکی کۆمەڵایەتی بوو. بەڵام ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەو سەنگ‌وسووکیی دەسەڵات نەیهێشت یان مەجالی نەدا ئەو شەخسە بلیمەتە بتوانێ کۆماری کوردستان بکا بە بنەمایەک کە بۆ خۆی درێژە بە حکوومەتەکەی بدا .

میوانانی بەڕێز

خۆشک‌و برایانی ئازیز

لەسەردەمێک‌دا یادی لەدایک‌بوونی قازی محەممەد دەکەینەوە کە بەشێک لە ئاواتەکانی قازی محەممەد جێبەجێ بووە، لە پەیامی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە دەورانێک کە حکوومەتی ئیدارە دەکرد، لە کاتێک‌دا کە لە دادگا دیفاعی لەخۆی دەکرد، دیفاعیاتی قازی محەممەد زۆر بەرزە وەک دەڵین: بۆگەل ژیا، بۆ گەلیش مرد.

دەی‌توانی بڕوات بۆ ئەوەی رزگاری بێ، ده‌ی‌توانی حەللی دیکە ببینێتەوە بۆئەوەی کە ئیعدام نەکرێ، دەی‌توانی پاشگەز بێتەوە بۆ ئەوەی کە گیانی خۆی نەجات بدا، بەڵام وەسیەتی قازی محەممەدو ئەو دادگایەی کە ئەویان تێدا دادگایی کرد، دادگاکەی کرد بە دادگایی ئەوان!! ئەگەر دەسەڵاتی نەبوو ئەوان موحاکمە بکات‌و بڕیاریان لەسەر بدا، بەڵام وەسیەتنامەو دیفاعیاتی قازی محەممەد بۆ ئێمە ئێستا بۆتە مانیفێستێک.

زۆر میللەت هەن لەدنیادا لە چوارچێوەی زۆر ئیدوئولۆژی‌دا مانیفێست بۆخۆیان دادەنێن، رێڕەو بۆ خۆیان دادەنێن ئەحزابی سیاسی‌و بیر بۆچوونی جیاوازی سیاسی ئاماژەیان پێ‌دەکەن‌و پێیان‌دەکەن. بەشێک لەوان کوردیش نەبوونە، بەڵام دڵنیام قسەکانی قازی محەممەدو دیفاعیاتی قازی محەممەد، ئێستاش کە ئێستایە بۆ ئێمەی کورد لە هەموو پارچەکان لە هەموو مەیدانەکان‌دا دەبێ لە هەموو کارو سیاسەتدانانی خۆمان دا ئاماژەیان پێ‌بکەین. دەکرێ وەک مانیفێستیک لە پێش چاوی بگرین، ئەو بەشە لە قسەکانی قازی محەممەد کە له‌ دیفاعیاتی خۆی‌دا دەڵێ: بژی کوردو بژی کوردستان ئێستاکە بەشێکی بەرچاوی بەدی هاتووە لە هەرێمی کوردستان لەو شوێنەی کاتێک قازی محەممەد حکوومەتی دەکرد بەشێک لە تێکۆشەرانی ئێرە بەسەرپەرستیی بارزانی روویان کردە ئەوێ‌و ئێستا بە خۆشیەوە ئێمە حکوومەتێکی کوردیمان هەیە، لە تورکیا پاش دەیان ساڵ ئینکاری کوردو خەبات‌و چالاکیی مەدەنیی کورد لە نێوخۆی وڵات‌و فەعالییەت‌و چالاکیی چەکدارانەی کورد لەشاخ‌و کێوەکان هەموو دەستیان دا بەدەستی یەک کە ئێستا دەوڵەتی تورک بە خۆشی‌یەوە بەو قەناعەتە گەیشتوە کە لە رێگای گفتگۆو ئاشتی‌دا کێشەی کورد چارەسەر بکا. قازی محەممەدیش لەسەردەمی کۆماری کوردستان بە حکوومەتی تاران هەر ئەوەی دەگوت! دەیگوت: وەرن با کێشەی کورد لە رێگای وتووێژو دانیشتن چارەسەر بکەین، بەڵام وەڵامی ئەوان ئیعدام بوو. لە سووریا کە ئاڵۆگوڕەکان لە گۆرێ‌دا هەیەو دڵنیاین حکوومەتی بەشار ئەسەد ئایەندەیەکی نابێ‌و هەرکەسێک دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت ناتوانێ کورد وەلا بخا و دڵنیاترین. لەو شوێنەی کە کۆماری کوردستان دامەزرا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەوشارەی کە پێشەوای کورد، رئیس جمهووری کورد حکوومەتەکەی دامەزراند لەوشوێنەیش ئاڵوگۆڕەکان بەرەو ئەوە دەچن کە لە ئایەندەدا گەلی کورد لەو بەشە بەمافەکانی خۆی شاد بێت. وەسیەتی قازی محەممەدو هەروەها دەسپێکی قازی محەممەد دەڵێ دەبێ وەحدەتمان هەبێ، ئەویەکگرتن‌و وەحدەتە ئێستا لەسەردەمی قازی محەممەد گرنگترە.

ئەو نەتەوانەی کە رزگار بوونەو دەوڵەتی خۆیان هەیەو سنووریان هەیەو ئەرتەشیان هەیەو بودجەیان هەیەو پاسپۆڕتیان هەیەو تازە وەک دەوڵەت جێ کەوتوون کێشەی ئەحزاب رقابەتی ئەحزاب تەنیا بۆ ئەوە دەگەرێتەوە چۆن ئیدارەی وڵات بکەن‌و چۆن لە پاڕلەمان دا کورسی‌یان زۆربێ‌و پرۆژەکانی خۆیان ببه‌نە پێشێ. بەڵام چارەنووسی کورد ئێستاش رەبتی بە چارەنووسی حیزبەکانەوە هەیە لە کۆمەڵگای کوردستان، کۆمەڵگایەکە ئەگەر حیزبەکان وەحدەتیان نەبێ‌و یەکگرتوویی‌یان نەبێ و لە پرۆژەکانی سیاسی‌و میللی خۆیان لە یەک نزیک نەبنەوە، ئێستاش کوردستان هەموو بەشەکانی مەترسی لەسەرە.

لە بلژیک نزیک یەک ساڵ دەوڵەت نەبوو، ئەو وڵاتە ئیدارە کراو بەرێوە چوو بەڵام لێرە کاتیک بەینی دووحیزب‌و سێ حیزبی سەرەکی کێشەو ناکۆکی دێتە گۆرێ دڵەڕاوکێ‌و نیگەرانی دەکەوێتە کۆمەڵگای کوردی... داخۆ چی دەبێ؟؟

بۆیە پەیامەکەی قازی محەممەد لەدەسپێک‌و وەسیەتەکەی قازی محەممەد لە کۆتایی‌دا کە باس لە وەحدەت دەکا ئێستا لە هەموو دەورانێک بۆ ئێمە گرینگترە، هیوادارم لە رۆژی یادکردنەوەی 113ساڵەی لەدایک‌بوونی قازی محەممەددا هەموو لایەکمان لەهەموو پارچەکانی کوردستان تێ‌بکۆشێن هەر ڕێگاچارەیەک کە هەمانە، هەرپرۆژەیەکی حیزبی هەمانە نەکەوێتە سەرەوەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی‌و بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئێمە نەکەوێتە ژێر بەرژەوەندیی حیزبی ئێمە. بەو هیوایە بیرو ئاواتەکانی قازی محەممەد کە رۆژبەرۆژ لە جێ‌کەوتن‌و سەرکەوتن زیاتر نزیک دەبنەوە هەموویان بەدی بێن‌و بەو هیوایە حیزبەکەی قازی محەممەد حیزبی دیموکراتی کوردستان لە داهاتوودا وێڕای حیزب‌وسازمانەکانی دیکە لە نێو کۆمەڵانی خەڵک لەو شوێنەی کە قازی محەممەدی لێ لەدایک بووە یادی قازی محەممەد بکاتەوە بە بەشداریی تێکۆشەرانی کوردو لایەنەکان لە هەمووپارچەکانی دیکەی کوردستان. باشترین پێزانینی ئێمە بۆ قازی محەممەد ئەوەیە کە پێی‌بڵین:»رئیس جمهووری کوردستان تۆ بە رئیس‌جمهووری ئیعدام کرای» ئستیعفای نەدابوو، وەلا نەچووبوو، وەلا نەندرابوو بەڵکوو رئیس‌جمهووریان ئیعدام کرد. باشترین پێزانین‌و ئەمەگناسی ئێمە ئەمەیە بڵێین رئیس جمهووری کوردستان لە 113ساڵەی لەدایکبوونت‌دا دەتوانین ئەوە بکەین کە بیروئەندیشەی تۆ ئەوە بوو کە کورد بەمافی خۆی بگاو کارت بۆ کردو سەرت لە ڕێ دانا. هیچ تەوەقعاتێکیشت نەبوو. ئێمە ئەو پەیامەی تۆ دەبەینە نێو کۆمەڵانی خەڵک، باشترین رێزنان لە قازی محەممەد ئەوەیە کە نەتەوەکەی رزگار ببێ، ئەو وەختە گەورەیی قازی محەممەدو گەورەیی هەموو لایەنێکی باشترو چاکتر جێ دەکەوێت، قازی محەممەد لە ئیدارەی کۆماری کوردستان‌و لە دامەزراندنی حیزبی دیموکرات‌دا بەتایبەت خەتێکی دامەزراند یا بۆچوونێکی نەهادینە کرد کە فیداکاری‌وقوربانی‌دان لە نێو ئێمە وەک شانازی‌و ئیفتخار چاوی لێدەکرێ‌و بۆتە بەشێک لە حەماسەی مێژوویی ئێمە، حیزبی ئێمە لەومەیدانەدا سەربەرزە وەکوو زۆر لایەنی دیکە. دوکتور قاسملوو یەکێک لەو رێبەرانەو لەو شاگردانەی پێشەوا قازی محەممەد بوو کە ئەویش لەمەیدانی دیپلوماسی‌و هەڵسۆڕان‌و دیتنەوەی رێگا چارەیەکی واقع بینانە هەموو هەوڵێکی دا ئاواتەکانی پێشەوا قازی محەممەد هەرچی زووتر وەدی بێ بەڵام بەداخەوە ئەوانەی کە باوەڕیان بە زمانی موزاکه‌رە نەبوو، وه‌ڵامی ئاشتیخوازانەی حیزبی دیموکرات‌و دکتور قاسملوویان بە تیرۆر داوە، لە دوای ئەودا دکتور سادقی شەرەفکەندیش هەر لە رێرەوی پێشەوا قازی محەممەد بوو، بۆ ئەوەی تێ‌بکۆشێ بۆ جارێکی دیکەش لەدرێژەی خەباتی لایەنگرانی قازی محەممەدو حیزبەکەی قازی محەممەدو رێبوارانی رێگای ئازادی زەرەرو زیان زۆرتر نەبێ‌و رێگا چارەیەک ببینێتەوەو ئاڵقەی پەیوەندیی کوردەکان‌وئێران بەهێز بکاو مێتۆدی دیموکراتیک بۆ چارەسەری کێشەکان بێنێتە گۆڕێ، بە داخەوە ئەویش لەومەیدانەدا هەر تیڕۆر کراو چووە ریزی کاروانی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان. لە کۆتایی‌دا بۆجارێکی دیکە یادی لەدایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد پیرۆز بێ‌. بۆئێمە زۆر گرنگە کە دەقی پەیامەکەی قازی محەممەد کە هەم لەکاتی دامەزراندن‌و هەم لەوەسیەت نامەکەی‌دا هاتوە یادی بکەین و بیبەینە نێو کۆمەڵانی خەڵک.

بۆ جارێکی دیکە رووحی قازی محەممەد رئیس جمهووری کوردستان، سەمبولی کوردایەتی‌وئازایەتی پیرۆز بێ، ئێوەش هەمووتان هەر ساغ‌و سڵامەت بن.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.