hassan hatemiلە بەرەبەیانی ١ ی جۆزەردانی ١٣٩٢ (٢٠١٣) دا، ١٢ کەسی شووڕای نیگابان- کە بەجێی پتر لە ٧٥ میلیۆن خەڵکانی بەرایی لەئێران کە ٥٠ میلیون کەس مافی دەنگدانی هەیە-، لەبەشی دوویەمی پاڵاوتنی خولی یەکەم دا، دوای ١٠ رۆژی ماراتۆنی ژێر کۆنتڕۆلی وەلی موتڵەقەی فەقیهی

دوویەم و بەیتەکەی، لە کۆی ٦٨٦ کەس لە ناونووسانی بەربژاری سەرکۆماری خولی یازدەیەم دا- کە ٣٠ کەسیان ژن بوون-، کۆتای هات و بە گوێری هەواڵەکان، لەژێر تەوژمی حکوومەتی نیزامی نافەرمی لە تاران، ناوی ٨ کەس راگەیاندرا.

- پێویستە ئەو قسەی محەممەد یەزدی، ئەندامێکی شووڕای نیگابان و بەرپرسی کۆمەڵەی مودەڕڕسینی قوم، بەهێند بگیرێ کە وتوویەتی:"خێری لە هێڵەگ دان پتر لە نوێژ کردنە."
- ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا،١ی جۆزرەدانی ٩٢(٢٢ی ٢٠١٣).-

هێندیک لە چاوەدێرانی سیاسی کە ئەوکردوەی شووڕای نیگابان، سپا، بەسیج و هێزەئەمنییەتییەکانی ژێر فەرمانی رێبەر خامنەیی بە کوودیتای پێش هەڵبژاردن دەزانن کە پێشتر لە مەجلیس، کەیهانی شەریعەتمەداری، و ماڵپەڕە مەجازییەکان، بە دژی هاشمی رەفسەنجانی و ئیسفەندیار رەحیم مەشایی هاندەر و یاریدەدەری، کردەوەی یاسایی- نیزامی خوڵقێنەری وەزعی مەوجوود بوون. دەکرێ بڵێن بە ناوی پێشگیری لە "فیتنە"، بۆخۆیان بوون بە سەرچاوەی فیتنە.

رەفسەنجانی بە نزیک تەمەنی ٨٠ ساڵی- دوای هەوڵێکی زۆری پشت پەردە و دێم و نایەم-، هاتبوو هەتا یاری مۆدێلی "دینگ شیائۆپینگ" ی چینی- ئیسلامی بکا و بەخشکە و هێندێک کردنەوە فەزا، لەچەشنی دوای شەڕی ٢+٦ دا، کۆماری ئیسلامی ئێران، لانی کەم لەبەشێک لە قەیرانە گرینگەکان، نەجات بدا.

شەپۆلی پشتیوانی "ئاڵوگۆڕ خوازان" ی لە دەسەڵات وەلانراو وبەتایبەتی ڕێکخراوەکانی، بەرەی موشارەکەت، موجاهیدینی شوڕشی ئیسلامی- کە نایاسایی راگەیاندراون-، کۆمەڵی ڕووحانیونی موباریز و هاوشێوەکان، بزووتنەوەی سەوزی ئومید و بەشێک لە میللی- مەزهەبییەکان، دەرفەتخوازانی جەخزی دەسەڵات کە لە سیاسەتەکانی ئەحمەدی نیژاد ناڕازی بوون، بەشێک لە رووحانییەتی سوننەتی حەوزەکانی عیلمییە، وبەشێک لە ئۆسوگەراکانی سووننەتی وەک: بەشێک لە موئتەلیفەییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە لاوەکان لەکاتی ناونووسی رەفسەنجانی لە نزیک خولەکی ٩٠ دا، رێبەری نیزام و بەیتەی ترساند
و رێی نەدا، "دینگ" ی ئیسلامی خۆی بسەپێنێ و رەوتی دەسەڵاتە تەواویەتخوازەکەی لەگەڵ دابەش بکا، یا لەژێر چنگی دەرێنێ.

ئەحمەدی نیژاد- کە لە خولی یەکەم دا، فێڵی بۆ کرا و- رەفسەنجانی و کەرووبی بوو ولانرا-، بوو بە مریدی "ئاغا"، و لە سەفەری نیۆیۆرک دا-، خۆی لە"هالەی نوور" پێچا. لەخولی دوویەم دا، بەکوودێتایەکی دەنگەکان- کە بە موهەندیسی کردن، ناوبانگی دەرکردوە-، بە سەرکۆمار کرا. ئەمجار مووسەوی و دیسان کەرووبی بۆ وەلانرا و بە میلیۆنانی کەسی ناڕازی بە سەرکوت و خوێن رشتن شەقامیان پێ چۆل کرا. ئەمجار بەیارمەتی بیری "چاڵاوی جەمکەران و ئیمامی زەمان" و پووڵی زۆری نەوت، ویستی قەڵمبازی گەورەگەورە باوێ. دوو جار کارتی "حوکمی حکوومەتی" لەلایەن رێبەرەوە پێ درا. لەگەڵ مەجلیس بەردەوام کێشەی کرد، بە دوو جار ١٤ رۆژ لە بەرانبەر رێبەر دا- کە ئەمجار شانی ماچ کردبوو- راوەستا. "ناسیۆنالیستی ئیسلامی" بە ناوی "مەکتەبی ئێرانی" لەگەڵ هاوبیرەکانی، مەشایی- ئیدئۆلۆگ-، بەقایی، جەوانفیکر و نیکزاد و... ی کردە بەشێک لە رۆژەڤی فیکری و دژایەتی تا رادەیەک ئاشکرا، لەگەڵ رووحانییەتی کۆنەپارێز دا.

ئەحمەدی نیژاد بەیارمەتی دان، لەبەرانبەر لابرانی "سووبسید"ەکان، بەشێک لە داهاتی میلیاردی نەوتی ناردە سەر سفرەی خەڵکەکان. بەڵام لەبەر نەزانی و بەهێند نەگرتنی ئامادە نەبوونی بەستێنەکانی ئەو کردەوە گرینگە ئابوورییە و پێکهاتەی پڕ کێشەو ناتەبایی کۆماری ئیسلامی و رەمەکی پێدادانی، گرانی و ئاوسان(تەوڕوم) ی پتر کرد.

بەهێندنەگرتنی بڕیارنامەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی جیهان و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی بە "کاغذ پارە"، ناوبرد و قوماری بە گەمارۆکانی ئابووری، نەوتی- بانکی کرد، هەتا معامەلاتی بازرگانی دژوار بوو و نرخی دراوی میللی هەتا نیوەی دابەزی. کێشە و ململانێ نێوخۆییەکان بەرز بوونەوە و دزیە میلیاردییەکان ئاشکرا کران و دەسەڵاتی ئیجرایی قۆڵ قۆڵ بوون. کێشەی برایانی لاریجانی کرد. کارە پۆپۆلیستی یەکانیشی، ئەحمەدی نیژادی لەخۆ بایی کرد. بۆیە بۆ درێژەدانی کردوەکانی، بیری لە مۆدێلی پوتین- مێدێدیۆف ی رووسی کردوە و لە نزیک خولەکی ٩٠ – بەچەشنی رەفسەنجانی-،لەگەڵ "شێخ مەشایی" چوو بۆ وەزارەتی نێوخۆی خۆی!؟

لەکاتی ناونووسی مەشایی دا، ئەحمەدی نیژاد پێناسەکەی مەشایی نیشان کامێراکان دەدا و کوتی: مەشایی یانی ئەحمەدی نیژاد و ئەحمەدی نیژاد یانی مەشایی.

خامنەیی رێبەری یاری زانی بە ئەزموون و دەسەڵاتداری یەکەم- بەخوێنی دڵ-، ئەحمەدی نیژادی سەرکۆماری خولی دوویەمی خۆی، تەحەموول کرد. بەڵام مەشاییەکی کە لە یەکەم حەوتوو دا، وەک: جێگری یەکەم ی سەرکۆمار قبوول نەکرد، چۆن وەک "مێدێدیۆف" ی خولی یازدەیەمی سەرکۆماری ئیزنی پێوانی رەوتەی هەڵبژاردنی ئەو بەشەی دەسەڵاتی پێدەدا!؟

هەروەها لە بەربژارەکانی خوڵی چوارەمی شووڕاکانیش دا، هێڵەگی وردی "هەئیەتی ئیجرایی" – بە یارمەتی هێزەکانی ئینتیزامی، شوێنی پێناس(ثبت احوال)، هێزی قەزایی و ئیتلاعات-، زۆربەی هەرەزۆری هاوبیرانی رەفسەنجانی، ئەحمەدی نیژاد- مەشایی و "ئاڵوگۆرخوازان"ی چوارچێوەی نیزام ی، لەو بەشەش بێ هیوا کردوە و بەگشتی بەهەموو کاربەدەستانی "ویلایی- سپایی" و "حیزبی پادگانی"، هەوڵی یەک دەست کردن یا هەمەهەنگ کردنی، لایەنی پاوانخواز دەدن.

وەلانانی رەفسەنجانی و مەشایی رێژێم تووشی کێشەی ئاڵۆزتر دەکا. شپرزەیی ئابووری، گەماروکان- کە هەر بەرو زیادبوونن-، گوشاری پتر لە ئێستایان دەخرێتە سەر و بەداخەوە گەلانی ئێران، زۆرتر تووشی ناخۆشی و دژواری ژیان دەبن.

پەرەپێدان بە پیتاندانی ئۆڕانێۆم و پێداگری دەمارگرژانە لەسەر ئیسلامی سیاسی شیعە و دژبەری ئیسراییل- کە ئینکاری هۆلۆکاست لەلایەن ئەحمەدی نیژاد و هەڕەشەی سڕینەوەی لەسەر نەخشەی جیهان، هەزینەی زۆری بۆ کۆماری ئیسلامی زیاد کرد-، و رۆژئاوا و بەربەرەکانی لە گەڵ ئیسلامی سوننی مەدەنی- میللی روولەگەشەی- لە جۆری تورکیە- و سوننی سیاسی لەجۆری، تونیس، میسر، عەربستان، یەمەن و دەربازبوون لە قەیرانی سووریە و راگرتن و بەرفراوان کردنی هیلالی شیعە و رووداوە ناروونەکانی نێوخۆیی، بۆ ڕێبەری- سپا و سەرکۆماری بەیتی رێبەری دەمێنێتەوە.

بەپێی رووماڵی رووداوەکان وای نیشان دەدەن کە "بڵیتی بەخت"ی ئەم دەرورەیە بۆ سەعیدجەلیلی- بەسیجی پێشووی مەشەدی کەم دوێ کە لەشەڕی مالوێرانکەری ئێران و عێراق (کەربەلای پێنج)، لاقی راستی بریندار دەبێ و دواتر دیبڕنەوە؛ ١٨ ساڵ لە وەزارەتی دەرەوە کاری کردوە و ئێستا - سەرۆکی شووڕای تەناهی میللی و سەرگرووپی وتوێژی کێشەی ئەتۆمی رێژیم لەگەڵ ٥+١- دا. مامۆستای زانستگائ ئیمام سادقە و وانەی "دیپلۆماسی پەیامبەر" دەڵێتەوە. ناوبراو پێشتر لە بەشی علوومی سیاسیی – ئەو زانستگایە- خوێندویەتی و بڕوانەمەی دکتوراکەی سەبارەت بە"سیاسەتی دەرەوەیی پێغەمبەر"ە.
- ویکی پێدیا-

با چاوەڕوانی رووداوەکانی نادیارە و بەزەحمەت پێشبینی کراو بین و بزانیین "موعجیز"ەی ئەوجار چ دەبێ.

حەسەن حاتەمی، ٢٢ی مەی ٢٠١٣.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد