shilanبریار وایە لە 24ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، یازدەهەمین دەوری هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی رێژیمی كۆماری ئیسلامی بەرێوە بچێت. پاش 34 ساڵ دەسەڵاتداریی رێژیمێكی دیكتاتۆر و تێرۆریستپەروەری ویلایەتی فەقیه كە بە دوور لە هەر پرەنسیپێكی دێموكراتیك هەڵبژاردنەكانی

بەرێوە دەچێت، بە لە بیر كردنەوەی پێشینەی پالێوراوەكان، لە دڵی بەشێك لە خەڵكی ئێران، ئومێدێك هەیە كە لەوانە بە هەڵبژاردنی كەسێكی دی بێجگە لە ئەحمەدی نژاد (كە كارنامەی كاریەكی رەش و پڕ لە سەرشۆری بۆ ئێران و خەڵكەكە بەجێ‌ هێشت) بارودۆخی ژیان كەمێك باشتر لە جاران بێت!

لە وڵاتە پێشكەوتووەكان و سیستمە دێموكراتیكەكان، ئیرادەی خەڵكە كە دیاری دەكات كێ‌ نوێنەری راستەقینەی ئەوانە، بەڵام لە كۆماری ئیسلامی بە هۆی زاڵبوونی ئیدئۆلۆژیی ویلایەتی فەقیه و چەند دەزگای سەرۆی یاسا وەك " نڤارت استصوابی" و ئۆرگانێكی فیلتێر كردن وەك "شوورای نیگابان" كە بەرێوەبەرانیان چەند ئاخوندێكی هاوبیر لەگەڵ مەقامی رێبەری (خامنەیی)یە، پالێوراوەكان دەبێ‌ لەم فیلتێرانە تێپەربن هەتا بتوانن تا قۆناخی دەنگ وەرگتن لە خەڵكەوە بچنە پێش. بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەكانی دەوری دەیەمی سەرۆك كۆماری لە ساڵی 1388دا، لە 475 پالێوراو تەنیا 4 كەس لە لایەن شوورای نیگابان پەسند كراون.

قازی دادگای فێدراڵ لە سەر داخوازیی ئارژانتین رۆژی 9/11/2006، بریاری دەستبەسەر كردنی هاشمی رەفسەنجانی و 8 كەسی دیكە لە كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی دەركرد كە لە نێو ئەو كەسانەدا ناوی عەلی ئەكبەر ولایەتی، عەلی فەلاحیان و موحسین رەزایی بە هۆی كارە گرینگەكانیان لە دەزگا حكوومەتیەكانی رێژیم، بە زەقی دیار و بەرچاو بوو كە تاوانەكەیان بریاردان و پیلان دانان بۆ تەقاندنەوەی ناوەندی فەرهەنگیی جولەكەكان لە "بوێنس ئایرس"، پێتەختی ئارژانتین لە ساڵی 1394دا بوو كە بوو بە هۆی كوژرانی 85 كەس و بریندار بوونی پتر لە 200 كەس. ئەوە یەكەم جار نیە كە بەرپرسانی پایەبەرزی رێژیم لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆر كردنی سەركردەكانی ئۆپۆزیسیۆن، خەڵكی ئاسایی لە دەرەوەی وڵات و كەڵك وەرگتن لە تێرۆر بە مەبەستی دەستێوەردان لەنێو كاروباری وڵاتانی دیكە، بە تاوانبار دەناسرێن كە گرینگترینی ئەوان بریاری دادگای بێرلین بوو كە لە رێكەوتی 10/4/1997دا بە هۆی تێركردنی سكرتێری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هاورێیانی، كۆماری ئیسلامیی بە تاوانبار ناساند.

بە دڵنیاییەوە هیچ كام لەو پالێوراوانە كە لە فیلتێری وەلایەتی فەقیه دەگوزەرێن بەرنامەیەكی روونی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووریان بۆ 4 ساڵ سەرۆك كۆماریان نیە و تەنانەت لە چوارچێوەی كۆمەڵێك دروشمی پووچ و بێ‌ناوەرۆك كە تەنیا بۆ وەرگرتنی دەنگی زۆرترە، هاتوونە پانتای هەڵبژاردن. بۆ هەموومان ئاشكرایە كە ئامانجی سەرەكیی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەرێخستنی شانۆگەریی هەڵبژاردنەكان، هێنانی خەڵكێكی زۆر بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدانە، تا لەم رێگایەوە رەوایی و خەڵكی بوونی خۆیان پیشانی رای گشتیی جیهان و نەیارانیان بدەن.

خەڵكی بەشەرەفی ئێران بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی دەبێ‌ بە بەرچاوروونیەكی زیاتر هەڵسەنگاندنێكی مێژووییان لەسەر پالێوراوەكان هەبێ‌ و دەنگ بە بكوژانی رێبەرەكانیان نەدەن. دەنگدان لە سیستمێكی نادێموكراتیكدا، درێژەپێدانە بە ژیانی ئەو سیستمە.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد