jamal alialiحەوتووی ڕابووڕدوو لە بارودۆخی هەستیاری ناوچەکەمان کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان "ک ن ک" سیانزەهەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی پێک هێنا. کۆبوونەوەی ئەمساڵیان جیاوازێکی تایبەتی دەگەڵ کۆبوونەوەکانی ساڵانیتری هەبوو. ئەو جیاوازییە بە هۆکاری چەند فاکتەری لە ڕاستیدا

چاوەڕوانکراو هاتۆتە ئاراوە. چاوخشاندنێک بە هۆکاری جیاوازییەکان دەتوانێ یارمەتیدەرێک بێ بۆ خۆێندنەوەی دۆخی سیاسی هەنووکەیی. ئەو کوورتە نووسراوەیە پێشنیارێکە لەو بوارەدا.

لە ئاستی جیهانییەوە قەیرانی ئابووری کەم و زۆر لە جێی خۆیەتی بەو مەرجەوە کە لە هێندێک شۆێن کارتێکەری گرانتر لە شۆێنەکانیتر هەیە بەڵام واپێدەچێ کە مرۆڤەکان خوویان بە قەیرانەکە گرتووە و زۆر گۆێیان پێ نابزوێ. لە ڕۆژهەڵاتی ناوین قەیرانەکانی سیاسی هەتا دێتو قووڵتر دەبێت و خەریکە بە تێوەگلاندنی لوبنان، عێراق و ئێران، بەرەو تورکیا هەڵدەکشێ. ئۆپۆزیسیۆنی سوری خەریکە خاوەنی چەک و کەرەستەی قورس دەبێت، رووسیا خەریکە موشەکی "اس ٣٠٠" دەداتە سوریا، ئیسرائیل هەڕەشە دەکات کە ئەوە قەبووڵ ناکات. ئەوە دەتوانێ ئیسپاتێک بێ بۆ ئەوەی کە ناوچەکە بەرەو شەڕێکی ماڵکاولکەری بێ هاوتا دەروات. ئامانجی ئەو شەڕە جگە لە دابەشکردنی سەرلەنۆێ سەروەت و سامانی سرووشتی لە لایەن زڵهێزەکانەوە چیتر نیە. پێویستە وەبیرمان بێتەوە کە سوریا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابووردوودا وای بەسەر نەهاتووە کە تازە بە سەد ساڵی تر خۆی بگرێتەوە، سوریا دەبێ لانی کەم سەد ساڵیتر کۆیلەی زلهێزەکان بێت بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی ساخ کاتەوە، ئەویش ئەگەر بتوانێ! لەوانەیە شەڕێکی کورتخایەنی چڕوپڕ لە ماوەی حەوتوویەک تا مانگێک، زەرەر و زیانی زیاتر لە سەرجەمی زەرەر و زیانی شەڕی دوهەمی جیهانی ئاراستەی ناوچەکە بکات، ئەوە دەبێتە بە نەهامەتێکی چاوەڕوان نەکراو بۆ گەلانی نیشتە جێ لە ناوچەکە...

لەو ناوەدا کورد خەریکە هێدی هێدی ناوماڵی خۆی رێکدەخات بۆ ئەوەی کە توانایی قسەکردنی هەبێ. "لە ڕۆژێ لێقەوماندا کەس بە ڕبەت ناپێوێ ئەگەر خۆت چ نەبێ" پەندێکی پێشینیانە کە لە نەتەوەی کورد بەدی هاتووە. ڕۆژئاوا سەنگەری یەکەمی خەباتی نەتەوەی کوردە بەڵام پارچەکانیتریش گرینگی تایبەتییان هەیە. باشوور بە هۆی توانایی دیپلۆماسییەوە و باکوور بە هۆی توانایی جەماوەرییەوە، وەکوو تەواوکەری یەکتر دێنە بەرچاو. ئەو بیرۆکەیە ساڵیانێکی درێژە کە خەیاڵی گەڵێک کەسانی بە خۆیەوە ئاڵۆز کردووە.

کونگرەی نەتەوەیی کوردستان بەرهەمی چەندین ساڵەی هەوڵ و تێکۆشانی خەڵکانێکی زۆرە کە ئەوجارەیان هەنگاوێک لە ئامانجەکانی خۆی نزیک بۆوە. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە ئەوە کە زۆربەی لایەنەکانی باکوور و باشوور بەشداری کونگرەکە بوون. لە ڕۆژهەڵاتیش بەشدار زۆر بوون، جگە لە دوو لایەن. ئەوەندەی نووسەر زانیاری لە سەر هەبێ، یەکیان نەیخواست بەشدار بێت و ئەوی تریان ڕۆژەکە بە هەڵە تێگەیشتبوو کە بەلای نووسەر گرینگی تایبەتی نیە. ڕووداوی لەو چەشنە بۆ نەتەوەیەک کە بن دەستە، بە هۆی پیلانگێڕی داگیرکەرانەوە دێتە ئاراوە. لەوە نابێ سڵ بکەیەنەوە بەڵام چۆنیەتی بەردەوام بوونی مژاری کۆنگرەکە لە بارودۆخی هەنووکەییدا بابەتێکی تایبەتمەندە.

ئەو تایبەتمەندییە بەواتای کزە پێ کردن یاخود گەشە پێدانی هەنگاوەکانە. کزە پێ کردن لە پرۆسەکەدا دەتوانێ بە کۆمەڵێک هۆکارەوە بیتە ئاراوە بەڵام گەشە پێ کردنی پرۆسەکە تەنیا بە دوو هۆکاری هاوکاتەوە بەستراوەتەوە. هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە تاکی کورد لە بێ لایەنی بێتە دەر و هەڵوێست بگرێ! هۆکاری دووهەم ئەوەیە کە لایەنەکانی کوردستانی لە وەگەڕ کەوتنی ئەو پرۆسەیە سارد نەبنەوە! هەڵوێست لە سەر ئەو تایبەتمەندییە دەتوانێ نەتەوەی کورد بەرەو دوو قۆناخ ببات: یا خانی خانان یا تۆزی بانان! ئاخۆ هەڵوێستی خۆێنەری ئەو بابەتە دەبێ چ بێ؟

جەماڵی عەڵیاڵی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد