jamal alialiباسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران بە گەرمی بەردەوامە. فرەچەشنەنی ئەو باس و خواسانە وەکوو دیاردەیەکی "تایبەت بە ئێران" جێگەی سرنجە. ئاخۆ چما ئەوەندە جیاوازی لە بۆچوونەکاندا هەیە؟ جیاوازی لە لێکدانەوەکانا هۆکاری سرووشتی دۆخی سیاسی کۆمەڵایەتی هەنووکەی ئێرانە

بەڵام دۆخی سیاسی کۆمەڵایەتی ئێران لە کاتی ئێستادا چیە کە دەبێتە هۆکاری ئەو کاردانەوەیە لەمەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و بگرە گشت دیاردەکانیتری ناو کۆمەڵ؟ لەو کوورتە بابەتەدا هەوڵی نووسەر ئەوەیە کە دەرگایەک بۆ باس و خواس لە سەر کاردانەوەی دۆخی سیاسی کۆمەڵایەتی ئێران لە مەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بکرێتەوە. نووسەر لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو ڕوانگەیە پێویستی بە شی کردنەوەی زیاترە بەڵام لە هەمان کاتدا هیوادارە کە بابەتە بە کوورتیش بتوانێ پەرە بە گەشەکردنی پەرسپەکتیڤی خۆێندنەوە گشتییەکان بدات.

لە پانتایی دۆخی سیاسی کۆمەڵایەتی ئێراندا کۆمەڵە فاکتەرێکی زۆر دێنە بەرچاو. هێندێک لەوان داسەپاون و بناخەی کردارییان نیە، دەتوانن هەرکات وەکوو بڵقی سەر ئاو لەناوبچن. هێندێک لەوان پێک هێندراون واتە لە سەر بناخەی دەستکرد راوەستاون، هێندێک لەوان هەبوونی مەوزووعییان هەیە بە هۆکاری تایبەت بە خۆوە. گرینگە بایخ بەو فاکتەرە فرەچەشنانە بدرێ بەڵام لە سەرووی گشتیان شڕۆڤەی مەوزووعی ئەو فاکتەرانەیە کە دەتوانێ بیر و بۆچوونەکان لێک نزیک بکاتەوە. کەواتە باری مەنتیقی بابەتەکە دەبێتە بە بنچینەی مژاری لێکۆڵینەوە لە سەر پرسگری هەڵبژاردن و گشت دیاردەیەکیتری ناوکۆمەڵ.

لە یەکەم قۆناخ پێویستە باسی ئەوە بکرێ کە ڕژێمی ئێران تەمای لاچوونی نیە. تەمای جێ بە جێ کردنی بەندەکانی دێمۆکراسی نیە، تەنانەت بە وردە هەنگاویش! گڵۆڵەی ئەو ڕژیمە بە بچووکترین پاشگەزبوون دەکەوێتە سەرەوژێری. قەیرانەکانی قووڵی کۆمەڵایەتی وئابووری ئەو گڵۆڵەیەی وەها قوورس کردووە کە لە کاتی سەرەوەژێر بوون بە هۆی قوورسی خۆی خێراییەکەی بەرەو ژوور هەڵدەکشێت. ئەو ڕاستییانە بۆ ڕژێمی ئێران لە گشت کەس مسۆگەرترە.

لە دوهەم قۆناخ پێویستە بکەوێتەوە بیر کە ئەو ڕاستییانە، لە سەر بناخەی مەوزووعی فاکتەرکانی باس کراو، رێکخراو و ناوەرۆکی ڕژێمی گۆڕیوە. لەو بوارەدا ڕژێم "حەقانییەتێکی" تایبەت لە دەوری خۆی تەنیوە. کاتێک ئەو "حەقانییەتە" تایبەت بە ئەو ڕژێمەیە و کاتێک کۆمەڵگا بە پێی نەبوونی بیرەوەری لەسەر ئەو "حەقانییەتە" چ زانیارێکی لە سەر نیە، ئەو کات مرۆڤ بە پێویستی دەزانێ کە "کۆلل و سەبەبێکی" بۆ بدۆزێتەوە لە بڕی ئەوە کە "حەقانییەتە"کە شی کاتەوە. کاردانەوەی ئەو هۆکارەیە کە خۆێندنەوەکان لێک جیاواز دەکاتەوە.

شڕۆڤەی ئەو دوو قۆناخە ئەوە دەسەلمێنێ کە ڕژێمی ئێران بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە ستراتێژیەکانی، لە تەکتیکی نامۆ کەلک وەردەگرێ هەر بەو هۆکارەیە کە ئاکار و کردەوەی چاوەڕوان نەکراو لەو ڕژێمە بەدی دەکرێ.

بڵا ئێستا بگەڕێینەوە سەر زەوی! ڕژێمی ئێران هەڵوەدای یەک ئامانجە، مانەوە لە سەر حوکم. بۆ ئەو مەبەستە دەست لە هەر چەشنە کردەوەیەکی قیزەون و بۆگەن دەدا و باکی بە چ کەس ناچێ لەبەر ئەوە کە خەڵکێکی هەیە کە لە کاتی تەنگانەدا ڕەوانەی بەهەشتیان بکات. ئەوەی کە ئێستا گرینگە بۆ ڕژێمی ئێران ئەوەیە کە لەلایەکەوە دانیشتوانی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و لە لایەکیترەوە زلهێزەکان سەرقاڵی مشت و مڕ لە سەر "کام خۆێندنەوە ڕاستترە؟" بکات. ئەوە زۆر سرووشتییە چونکە تا ئێستا ئەو حەقانییەتەی سەرو نەک هەر شڕۆڤە نەکراوە، بەڵکوو هەر نەناسراوە. حەقانییەتێک کە بۆتە بە ستراتێژی ڕژیم و داوای تەکتیکی تایبەت بە خۆی دەکات. یەک لە کاردانەوەکانی ئەو تەکتیکانە پشتیوانی نەتەوەپەرستەکانی فارسە لە ڕژێمی ئێران. گرینگ ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران گەیشتۆتە قۆناخێک کە دەتوانێ لە رێگەی تەکتیکەکانی تایبەت بە حەقانییەتی خۆی، لێکدانەوەی کاتی درووست لە گۆێرەی ئاستی زانستی زۆرینەی دانیشتوانی ئێران بکات و بەو پێوەرە باس و خواسەکان بە هەڵەی سیاسی "لایەنەکانی دەرەوەی رژێم" لە قەڵەم بدات و خەڵکێکی زۆر هەڵخەڵەتێنێ تاکوو بەکردار، زۆرینەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە لە گەڕانەوەی کفن دزی یەکەم شاد و شکوور بن.

جەماڵی عەڵیاڵی ٠٣-٠٦-٢٠١٣

تێبینی نووسەر: حەقانییەت: پێوەندی مابەین هەنووکە دەگەڵ کاردانەوەی ڕووداوەکانی ڕابووردوو لە سەر بیری ئەوسەردەمە کە ڕووداوەکان هاتنە ئاراوە، زانستی دەستکرد لە چوارچێوەیەکی شازدا.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد