ahmed sherbegiرادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران کە بە یەکەم میدیای دژەبەری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە دەکرێ کە لە سەر بنەمای پێویستێکی مێژوویی بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتیکی گەلی کورد لەم بەشەی کوردستان لە شاخ لە دایک بوو. بەدوای هاتنە سەر کاری رێژیمی پاوانخوازی کۆماری

ئیسلامی ئێران ، کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد کەوتە بەر هێرشیکی بێ بەزەیانە. لەلایەک لە باری ڕاگەیاندن پەردەیەکی ئەستووری بێ دەنگی بەسەر
داکێشرابوو ولە لایەکی دیکەشەوە گەمارۆیەکی تووندی ئابووری،سیاسی و کۆمەڵایەتی خرابوە سەر. بێروڕای گشتی دنیای دەرەوە هیچ ئاگاداری ئەم ڕوداو و جینایەتانە نەبوون کە هێزە پەلاماردەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران
دەرهەق بە خەڵکی راپەریوی کوردستان و ڕۆڵە کانی ئەم خاکە ئەنجامیان دەدا.

تەنانەت هیزە چەپ و پێشکەوتوەکانی ئێرانیش لە ژێر پاساوی خەباتی دژی ئەمپریالیستی بەڕواڵەت کۆماری ئیسلامی ئێراندا نەتەنیا لە قاوی ئەوجینایەتانەیان نەدەدا بەڵکوو ژمارەیەکیان هاوتەریب لە گەڵ رێژیم پرۆپاگەندی ژەهراویان لە دژی بزووتنەوەی رەوای خەڵکی کوردستان بڵاو دەکردوە...

رێژیم بە هەموو شیوەیەک دەیهەیوست ئیرادەی پۆڵایینی خەڵک تێک بشکێنێ و بزووتنەوەی کورد سەرکوت بکات. لە فەزایەکی پڕ لە خەفەقان و ترس و دڵەڕاوکەو کوشت وکوشتاری ئەوتۆدا گەلی کورد پێویستیی بە گە یاندنی دەنگی لە گەرووداکپ کراوی بۆ دنیای دەرەوە بوو . پێویستی بەوە هەبوو کە هاواری مەزلومیەتی خۆی بە بیرورای گشتی جیهان بگەیەنێ.هەر بۆیە دەنگی کوردستانی ئێڕان لەم فەزا سامناکە پڕ لە بێدەنگی یەدا دەنگی ڕەساو دلێری هەڵبڕی و لەدایک بوونی خۆی راگەیاند. لەدایک بوونێک کە بوو بە نوختە وەرچەرخانێک لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان دا، کە دوایی ئاسەوارە ئەرێنی یە بەرچاوەکانی ئەو لەدایک بوونە بە شێوەیەکی زەق خۆیان دەرخست.

یەکەم ئەرکی ڵێبڕاوانەی دەنگی کوردستانی ئێران ئەوە بوو دیواری بێدەنگی وگەماڕۆی توندی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بزووتنەوەی کورد بشکێنێ. هەر بویە بە یەکەم وەشانی بەرنامەکانی خۆی لە ڕۆژی 27ی جۆزەردانی ساڵی 1359ی هەتاوی سەرنجی خەڵکی کوردستان و دەرەوەی کوردستانی بۆ ڕووداوەکانی کوردستان و رەوایی خواستەبەرحەقەکانی ڕاکێشا. بوونی دەنگێکی ئەوتۆ لە فەزای پر لە سانتیمانتالی ئەوکات دا وەک گرینگترین دیاردەی بزووتنەوەی کورد هاتە ئەژمار. بەجۆرێک دەنگی کوردستانی ئێران تەکانێکی هەژێنەری هەم بە بەرەو پێشچوونی بزووتنەوەی کورد دا و هەمیش شوورەیەکی پۆڵاین بوو لە بەرامبەر بەرێوە بردنی پیلانە ترسناکەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی گەلی کورد.

دووهەم ئەرک کە دەنگی کوردستانی ئێران لەو سەردەمە حاستەمەدا کەوتە سەرشانی و پێی هەستا نێڵدانی کورەی شۆڕش و ئامادەکردنی هیزی جەماوەری خەڵکی کوردستان و بانگەشە بۆ بەربەرەکانێکی تۆکمە و چڕ لە بەرامبەر پەلاماری بێ بەزەیانەی هیزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان دابوو. بە هۆی شەپۆلەکانی دەنگی کوردستانی ئێران و گەیاندنی هەواڵی چالاکی هەموو ڕۆژانەی هێزی پۆڵاینی پێشمەرگە و لەقاودانی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەستی خەڵکی کوردستان هاتە خرۆش. لاوان کە بڕبڕەی سەرەکی و مۆتۆری بە هێزی جووڵانەوەی کوردستان بوون پۆل پۆل روویان لە رێزەکانی شۆڕش کرد و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگەی کوردستانیان پۆشی و بۆ پارێزگاری لە بوون وناسنامەی کورد چەکیان هەڵگرت .

بە دامەزرانی دەنگی کوردستانی ئێران گوڕو تینێکی تایبەتی بەخشرایە بزووتنەوە. سەرتاسەری کوردستان بوو بە مەکۆی بەرخۆدان و سەنگەری بەربەرەکانی. گوڕەی بە هێزی شەپۆلەکانی دەنگی کوردستانی ئێران و ورەی پۆلایینی هێزی پێشمەرگە و لێبڕاوی خەڵکی کوردستان دۆژمنی تاساند. دەنگی کوردستان بوو بە پردی نێوان بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستان و جیهانی دەرەوە. بوو بە دەلاقەیەک بۆ گەیاندنی ئازار و مەینەتەکانی گەلی
کورد بە گوێی بیرورای گشتی.

بێگومان دەنگێک کەزادەی چیایە ولەنێو رەەوزەبەرد ودوندی کێوەکانەوەلە دایک دە‌بێ، دەنگێک کەزمان حاڵی شۆڕش و خەباتێکی خوێناوی نابەرامبەرە ، دەنگێک کە زمانی میللەتێکی ڕاپەرێوە کە داوای ئازادی ومافی ئینسانی
خۆی دەکا؛ دەبێتە دیاردە و عونسرێکی زۆر گرینگ و نەخش و رۆڵێکی کاریگەر لەم بەستێنەدا یاری دەکا. دەنگی کوردستانی ئێرانیش بە شێوەیەکی کارا ئەو ئەرکەی گرتە ئەستۆ. ئەم دەنگە لە هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەی دیکەی دا بوو بە قوتابخانەی زمانی شێرینی کوردی . لەو تریبوونەوە هەموو رۆژێ هاوکات لە گەڵ بانگەشەی کوردایەتی، بۆ پاراستن و گەشەپیدانی زمانی کوردی کە ناسنامە و پێناسەی نەتەوەکەمانە تواناکانی خۆی چر کردەوە. ئەو ئەدەبیاتەی کە ڕۆژانە لە دەنگی کوردستانی ئێران بڵاودەکرایەوە بوو بە زمانی گەورەوچووکەی خەڵکی کوردستان . دەنگی کوردستانی ئێران ئامانجە پیرۆزەکانی خۆی باش پێکابوو، وشەی پاراوی کوردی هەموورۆژی لە رێگای
شەپۆلەکانی رادیۆوە لەنێو دڵ و دەروون و بیرو مێشک وهزری خەڵکی کوردستانی داگیرکراو دا گەرای دادەکوتا و رەگئاژۆ دەبوو .

دەنگی کوردستانی ئێران هەرلەیەکەم رۆژەکانی دامەزرانی یەوە ئەرکێکی گرینگی دیکەشی گرتە ئەستۆ، ئەویش پووچەڵ کردنەوە و لە قاودانی ئەو سیاسەتە چەپەڵ و دژی گەلیانە بوو کە رێژیمە دژ بە کوردەکانی زاڵ بە سەر کوردستان لە رووی بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ پاکتاوی ڕەگەزی و سڕینەوە وتواندنەوەی گەلی کورد ڕەچاویان کردبوو . وایان لە تاکی کورد گەیاندبوو کە بروای بە تواناکانی خۆی نەمێنێ و وا مێشکیان شیواندبوون و زو لە خۆیان بێگانەی کردبوون کە زمانەکەیان لە لا چرووک بێ و بە زاراوەیەک لە زمانی فارسی بیشوبهێنن . لەم بەستێنەدا دەنگی کوردستان هەموو تواناکانی خۆی خستە گەڕ کە هەستی باوەر و بڕوا بە خۆ بوون لە نێو تاکی کورد دا ببووژێنێتەوە و رۆڵەی کورد و کۆمەڵکا بەرەو دواڕۆژێکی ڕووناک و سەردەمیانە ڕینوێنی بکات .دەنگی کوردستان لەمبارەوە بوو بە مامۆستایەکی نیاز پاک ، بوو بە دەنگێکی ڕەسای پێشکەوتوو .

ژنانی بێبەشی کوردستان بەشیکی دیکەی ئامانجەکانی دەنگی کوردستانی ئێران بوو.دەنگی کوردستانی ئێران لە بەرنامەکانی ڕۆژانەی خۆی دا ڕووی لە توێژی ژنانی کوردستان کرد کە نیوەی حەشیمەتی کوردستانیان پێک دێنا وسەرچاوەیەکی بە هێزی دابین کردنی بزووتنەوەی کوردستان بوون. ئەوانی بە ماف و ئازادی یەکانی خۆیان ئاشناکرد . ژنانیش بە کردەوە بۆ بەربەرەکانی لە دژی کۆنەپەرەستی و یاسادزێوەکان تواناکانی خۆیان وەگەرخست. لە دژی دواکەتوویی فەرهەنگی و سڕینەوەی داب و نەریتە ناشیرینەکانی کۆمەڵگای کوردستان ڕاپەرین و هاتنە مەیدانی خەبات. بە جۆرێک کە دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتی یەکان کە ببوونە بەربەستێک لەبەرامبەر گەشەو پێشکەوتنی ژنان لە زۆر شوێنی کوردستان یان بەتەواوی بنە بڕ کران یان زۆر کەمرەنگ کرانەوە.

بەگشتی دەنگی کوردستانی ئێران لە دەنگێکی لاوازی نەبووراوی کرچ و کاڵ را بوو بە دەنگێکی ڕەسای بە هێزی پێشکەوتووی جێگای متمانە کە شوێنێکی یەکجار گەورەو کاریگەری لە سەر بەرەوپێشچوونی ڕەوتی ڕووداوەکانی کۆمەڵگای کوردستان دانا....کۆماری ئیسلامی کە چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد ئەم دەنگە لەو ماوە کورتە دا سەرەرای ئەو کەیفییەتە لاوازەی کە لەباری تێکنیکی هەیەتی بتوانێ بە شێوەیەکی ئاوا کاریگەر شوێن لە سەر هەست و
شعووری تاکی کورددانێ، هەموو ئیمکاناتی ماڵی ، لۆجێستیکی و هیزی نیزامی خۆی خستە گەڕ کە ئەم دەنگە بەرهەقە کپ کات ، بۆ ئەم مەبەستەش بەهێزترین رایەڵکەی پارازێتی خستە سەرشەپۆلە لاوازەگانی دەنگی کوردستان ، بە دەیان جار پیلانی بۆ داڕشت و پەلاماری هەوایی و هێرشی تۆپخانەیی کردە سەر ... دەنگی کوردستان بە هۆی لەخۆبوردوویی و خەمخۆری و مشوور و لێهاتوویی کارگێرانی بە دەیان جار ئەم دۆڵ ئەو دۆڵ وئەم چیا و ئەو چیای پێکرا بەڵام بۆ تاقە جارێکیش بەرنامەکانی لە وەشان و لە تێکۆشان نەوەستا و توانی هەر وا دەنگی ڕەسای کورد بێ و ببێتە دڕکی چاوی دوژمنانی.

بە کورتی دامەزرانی دەنگی کوردستانی ئێران بوو بە هۆی ئەمە خەڵکی کوردستان هەناسەیەکیان بێتەوە بەرخۆ کە چیتر لە بێدەنگی دا خوێنی ڕۆڵەکانیان نارژێ وهەموورۆژێ زایەڵەی دەنگی کپکراوی خۆیان دەبیسنەوە. ئەوان بوونە خاوەنی دەنگێک کە لە قاوی ئەو جینایەتانە بداتەوە کە دەرهەق بە ڕۆڵەکانی دەکردرێ . هەربۆیە لەدایک بوونی دەنگی کوردستانی ئێران چەکەرەی هیوا و هۆمێد بە دوارۆژێکی رووناکی لە دڵی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان داچاند. بزووتنەوەیەک کە بە زایەڵەی شوڕشگێڕانەی دەنگی کوردستانی ئێران گڕ وتینێکی دیکەی بە خۆوە گرت...

ئەمرۆ کەس ناتوانی نکۆڵی لە نەقش وڕۆڵی کاریگەری دەنگی کوردستانی ئێران بکات کە سەردەمانێک تاقانە و تاکە مێدیای کوردی بوو کە لە شاخ و بە هیمەتی ژمارەیەک مرۆڤی خۆنەویستی ڕێبازی کوردایەتی دامەزراو و لە جەرگەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان دا ئەرکی نیشتمانی خۆی بەوپەری لێهاتوویی و سەرکەوتنەوە بە جێ هێنا. جێی خۆیەتی لە بەرەبەری نیزیک بوونەوەی 27ی جۆزەردان ساڵرۆژی دامەزرانی دەنگی کوردستانی ئێران پر بەدڵ لاو بنێرین بۆ دامەزرێنەرانی ئەم دەنگە بە تایبەتی بۆ گیانی هەرگیز نەمریی دوو ڕیبەری مەزن دوکتور قاسملووی زانا و دوکتور سەعیدی بلیمەت وهەروەها کارگێڕی بە توانا و لێهاتووی دەنگی کوردستانی ئێران نەمر کاک تەها عەتیقی وهەموو کارگێرانی فیداکاری دەنگی کوردستانی ئێران کە نیازپاکانە و خۆنەویستانە لە پێگەیاندن و گەورەکردنی ئەم دەنگە دا لە خۆیان مایەیان دانا...

پێرۆز بێ 27ی جۆزەردان ساڵرۆژی دامەزرانی رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران

ئەحمەد شێربەگی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.