taher abdullahpurئەو سووربونەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەیانە بۆ دژایەتی یان لایەنگری مورسی لە ميسر، بەتەواوی مانایی بۆ لۆجیك و پرەنسیپ و هاوكێشەی سیاسی نەهێشتۆتەوە. یەكەم: دەسەڵاتدارانی لای خۆمان شایی و لۆغانییانە لەخۆشی لابردنی مورسی وەك ئەوەی مورسی باوە كوشتەی ئەمان بێت،

كتومت دەسەڵاتدارەكانی ئێرەو ئیعلامەكانیان وەك نەوەی حوسنی موبارەك قسە دەكەن و هەجوی مورسی دەكەن.

دەسەلاتداردەكانی خۆمان بیریان دەچێت مورسی بەرهەمی هەڵبژاردنە و بە كودەتا نەهاتوە، دەزانرێت دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەگەر پێیان بڵێی ئێوە وەكو موبارەك وان پێیان ناخۆشە، بەڵام بڵێی ئەو راپەڕین و شۆڕشەی لە ساڵی 2011 لە میسر روویدا لەساڵی 1991 لەكوردستان رویداوە، پێیان خۆشە.

ئێ‌ دەسەڵاتی كەڕو كوێر... خۆ مورسی بەرهەمی ئەو شۆڕشەیەو بەدەنگی خەڵك بوەتە سەرۆكی میسر. بە کورتییەكەی بۆیە دەسەڵاتدارەكانی لای خۆمان حەز ئەكەن مورسی بكەوێت بۆ ئەوەی بڵێن ئەوە بەرهەمی شۆڕشی گەلانی عەربییەو خەڵكی كوردستان والێبكەن بیر لە شۆڕش نەكاتەوە، نازانن شۆڕش زەمینەو زەمان و كاراكتەرەكان بەرهەمی دەهێنن، ئەو زەمینەو زەمانەو كاراكتەرانەی میسریش لێرە هەن و بونیان هەیەو دەبێت سوڕەكەی خۆی تەواو بكات.

دووەم: لایەنە ئیسلامییەكان بەراست و چەپدا بەرگری لە مورسی ئەكەن، وەك ئەوەی مورسی نێردەی خوا بێت لە سەر زەوی، مورسی ئەگەرچی یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوە لە میسردا، بەڵام ساڵێكی حوكمەكەی بێ‌ هەڵەی كوشندە نەبوو، بۆ نمونە

- مورسی بەبێ‌ گوێگرتن لە ئۆپۆزسیۆن دەستوری تێپەڕاند، رێك بەپێچەوانەی ئەوەی خۆیان لە كوردستان داوای ئەكەن كە دەبێت دەستور بەسازان و رەزامەندی هەموو پێكهاتەو لایەنەكان تێپەڕێت.

- مورسی كە بەڕێژەو جیاوازییەكی كەم لە مونافسەكەی بردەوە، كەچی ئیخوان لەبری پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمان بنكەفراوان، حكومەتی یەك حزبی یان یەك بەرەیی پێكهێنا، كە بەبڕوای شارەزایانی سیاسی پێویستە لە هەر وڵاتێكدا لە دوای هەموو شۆڕش و راپەڕینێك حكومەتی نیشتمانی و بنكە فراوان پێكبهێنرێت بۆ ئەوەی بوار نەدرێت وڵات لە قۆناغی شۆڕشەوە بچێتە قۆناغی شەڕی ئەهلی و هەروەها بۆ ئەوەشی كە لایەنگرانی رژێمی پێشوو (موبارەك) لە ناو لایەنە بەشدارەكانی شۆڕشدا جێ پێی خۆیان قایم بكەن، وەك چۆن لەدوای راپەڕینی 1991ی هەرێمەوە لایەنگرانی بەعس بونە بەشێك لە پارتی.

ئەوەی گرنگە دەسەڵاتدارانی هەرێم دڵی خۆیان خۆش نەكەن ئەگەر مورسی لە میسرو عەبدولجەلیل لە لیبیاو مەرزوقی لە تونس شكستیان هێنا ئیتر شۆڕشی گەلان دەوەستێت، ئەوان دەبێت بزانن شۆڕشی گەلان سوڕەو دەبێت تەواو بكرێت و ناشوەستێت.

بۆ ئیسلامییەكانی لای خۆشمان حەقە ئەگەر دەیانەوێت لە داهاتودا حوكمی وڵات بگرنە دەست پەند لە مورسی وەربگرن، بزانن كە ئەگەر 100 جار ئایین و قورئان بكەنە پاساوی مانەوە لە سەر دەسەڵات ئەوانە دادیان نادات و خەڵك رەفتارو خزمەت و ئازادی دەوێت.

من پێموایە مورسی باجی هەڵەكانی خۆیداو بۆ هەمومان ئەوەش گرنگە كە بزانین ئەوەی لەمیسر رودەدات قۆناغێكی تری گواستنەوەیە، قۆناغی یەكەمی شۆڕش بۆ قۆناغی دووەم و تادوایی...

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد