hayas_kardo.jpgهەرکە باسی خەباتی مەدەنی لەچوارچێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە تایبەتی لە کوردستانی بندەستی ئەو وڵاتەدا دەکرێ بزەیەکی تاڵ دەکەوێتە سەر لێوەکانم و بە خۆم نیە بە گاڵتەی دەزانم. با بە ڕاشکاوی دەلیلەکانی خۆم باس بکەم و پێشم خۆشە ئەم بابەتە بکەوێتە

بەر ڕەخنەی بە بەڵگە و باسێکی جیددی لەسەر بکرێ.

وەکی باس دەکرێ مهاتما گاندی بۆ ڕزگار کردنی وڵاتەکەی "هیندوستان" لەدەستی ئینگلیس شێوەی خەباتێکی نوێی گرتە بەر کە ناوی لێنرا خەباتی مەدەنی. گاندی باوەڕی قووڵی بەو شێوە خەباتە هەبوو و هەر بۆیە هەتا کۆتایی ڕێگا پێی وەفادار مایەوە و سەرەنجامیش وڵاتەکەی پێ ڕزگار کرد. گاندی داوای لەخەباتکارانی هیندی دەکرد بە هیچ بیانوویەک و لەژێر کاریگەریی هیچ کردەوەیەکی داگیرکەران¬دا دەست بۆ توند و تیژی نەبەن و سەبر و لەسەرەخۆیی خۆیان بپارێزن. ئەوە باوەرێک بوو کە لەدڵەوە سەرچاوەی گرتبوو، بۆیە کردەوەی توندی داگیرکەران بۆی نەبوو ئاڵوگۆڕی تێدا پێک بێنێ. مەبەستی ئەم نووسینە ئەوە نییە هۆیەکانی سەرکەوتنی خەباتی مەدەنی لە هیندوستان بێنێتە بەر باس کە دیارە یەک و دوو نین. مەبەست ئەوەیە بڵێم گرتنە بەری خەباتی مەدەنی دەبێ ببێتە باوەڕ و کە بوو بە باوەڕ نابێ بگۆڕێ.

ئەوانەی لەئێرانی ئەمڕۆدا باسی خەباتی مەدەنی دەکەن هێشتا وەک باوەڕ ئەو جۆرە خەباتەیان قبووڵ نەکردوە بۆیە هەر ڕۆژەی بە جۆرێک لێکی دەدەنەوە و قەت نەیان توانیوە ستڕاتیژییەکی ڕوونی بۆ دیاری بکەن. هەموو سەرانی خەباتی مەدەنی (مەبەست ناوەند نشینەکانە) کەم تا زۆر پێشینەی کاری توند و تیژییان هەیە و هی وایان تێدایە جینایەتکار بووە. مووسەوی و کەڕوبی کە ئاڵای ئەو شێوە خەباتەیان هێنایە گۆڕێ خۆیان لە بەڕێوەبەرانی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بوون. زۆری ئەوانەی باسی خەباتی مەدەنی دەکەن وەختێک لە دەسەڵات دان خراپترین جۆری توند و تیژی بەکار دێنن و هەر دەنگێکی ناڕازی سەرکوت دەکەن. کەسێک دەتوانێ باسی خەباتی مەدەنی بکا کە ئازاری بە مێروولەش نەگا و ئینسان دۆستی و پاراستی مافی مرۆڤ بکاتە باوەڕێکی قووڵ. شتی ئاوا بۆ تاکتیک دەست نادا و زوو ڕیسەکەی دەبێتەوە خوری. خەباتی مەدەنی پێویستیی بە رێبەرانی لەخۆ بوردوو، پشوو درێژ، بە سەبر و تەحەمول، وشیار و وردبین، خەڵکی و خەڵک دۆست، سادە و بێ تەکەلوف و هەروەها دڵ ئاوەڵا هەیە. ئەوانەی ئیدیعای ڕێبەریی خەباتی مەدەنی لەئێران دەکەن هەتا ئێستا هیچیان نەیان توانیوە هەڵگری ئەو تایبەتمەندییانە بن. کۆماری ئیسلامی هێندە ساویلکە نییە نەزانێ کێن ئەوانەی ئیدیعای خەباتی مەدەنی دەکەن چونکە هەموویانی لەژێر چەتری خۆی دا پێ گەیاندوە.

بەڵام سەیر ئەوەیە کوردە حەیاتەکەی خۆمان باسی خەباتی مەدەنی لەئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا دەکا. ئەوەیان ئیدی هەر بۆ پێکەنین دەبێ. پێش ئەوەی لێم تووڕە بن ڕێگام بدەن تۆزێک شی کەمەوە بۆ وا دەڵێم.

جارێ با لە چالاکانی نێو خۆڕا دەست پێ بکەم. بەشێکی زۆر لەو کوردانەی نێو خۆ کە باسی خەباتی مەدەنی دەکەن و ئامادەش نین هیچ نرخێکی بۆ بدەن، پاشماوەی دەوڵەتی "ئیسلاح و تەدبیری" ئاغای خاتەمی و هاوڕای کلیل بەدستەکەی ئێستان کە کارنامەی   'خاتەمی" مان دیت و کلیل بەدستەکەش هەر لەئێستاوە دیارە چمان بۆ بە دیاری دێنێ. کەوابوو کورد بی و شانازیت ئەوە بێ هاوکار و هاوڕای ئەوانەی چۆن دەتوانی خەباتی مەدەنی بکەی!؟ ئینجا تۆ کە دەتەوێ خەباتی مەدەنی لەچوار چێوەی کۆماری ئیسلامی دا بکەی دەبێ باش بزانی خۆ لەسوئێد و فەڕانسە ناژی. باش دەزانی ئەو ڕیژیمە جوابی توندت دەداتەوە چونکە گاڵتەی بەو جۆرە گەمانە دێ و تۆش باش دەناسێ و دەزانێ زوو مل کەچ دەکەی. لەوەتی باسی خەباتی مەدەنی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتۆتە گۆڕێ داواکان هەر هاتوە چووک و چووکتر بوونەوە و ئێستا وای لێ هاتوە پێشەنگانی خەباتی مەدەنی لەجیاتی کۆماری ئیسلامی تاوانبار بکەن زیاتر هێرش دەکەنە سەر ئۆپۆزیسیۆنی کوردی دەرەوە. ئەوان خەباتی چەکداری دەکەنە ڕێگری گەیشتن بە ئاواتەکانی کورد لەحاڵێک دا باش دەزانن زیاتر لەبیست ساڵە خەباتی چەکداری نەماوە و بەرهەمی ئەو خەباتەی ئەوانیش ئیدیعای دەکەن هەتا ئێستا سیفرە. خەباتکاری مەدەنی نابێ ڕقی لە کەس بێ، نابێ بۆ دڵخۆشیی لایەک هێرش بکاتە سەر لایەنی دیکە، نابێ بە نرخی ڕۆژ نان بخوا، نابێ لە تەنگو چەڵەمەی سەر ڕێگا بپرینگێتەوە و پێویستە بە سەبر و لەسەرە خۆیی ڕێگای خۆی ببڕێ. ئینجا جێی پرسیارە خەباتی مەدەنی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەتا ئێستا نەی توانیوە پەرە بگرێ؟ بۆ پەل و پۆی ناویشتوە، بۆ تەنگی بە ڕیژیم هەڵنەچنیوە؟ بۆ نەبۆتە هۆی یەکگرتوویی خەڵک؟ کەس لە مودەعیانی خەباتی مەدەنیی نێوخۆ جوابی ئەو پرسیارانە دەداتەوە؟

لەوانەش خۆشتر حیزبە سیاسییەکانی کوردن کە لەهەموو ئەستێرەکانی ئاسمانی ئێران یەک دانەشیان پێ ڕەوا نابینرێ کەچی باسی خەباتی مەدەنی دەکەن و خەریکن ڕاستی، ڕاستی لێمان بکەنە ئاشە خۆشەکەی کە گەرمە و زارمان دەسووتێنێ. کەس نیە لەو حیزبانە بپرسێ تۆ کە شەو و ڕۆژ باسی خەباتی مەدەنی دەکەی ئەو مەشق و ڕێژە ڕۆیشتنی پێشمەرگەت لەچیە و دەتەوێ کێ فریو بدەی؟ هەر بەڕاستی بۆخۆشتان دەزانن چیتان دەوێ؟ لە لایەک بۆ پاساوی کار لێ نەهاتوویی خۆتان و دەستەوەستانیتان لەحاند چاوەڕوانییەکانی خەڵک و ئەندام و لایەنگرانتان پەیتا پەیتا باسی خەباتی مەدەنی دەکەن بێ ئەوەی بە کردەوە هیچی بۆ بکەن و هیچ بەرهەمێکیشی بۆتان بووبێ. لە لایەکی دیکەشەوە چونکە باوەڕتان بە خەباتی مەدەنی نیە و گاڵتەتان پێی دێ، دەمانچە لەقەد خۆتان نیشان دەدەن، دەورەی سەربازی دەکەنەوە، پێشمەرگە ڕادێنن و مەشقی پێ دەکەن، بە شان و باهۆی پێشمەرگە هەڵدەڵێن و هیوای ئەوەیان دەدەنێ تەنیا ئەوانن پارێزەری خاکی وڵاتن. باشە بەڕاستی چیتان دەوێ و بۆ بەرەنگاری دەگەڵ ئەو ڕیژیمە چ ڕیگایەک دەگرنە بەر؟ خەبات ئاوا ناکرێ و دۆست و دوژمن لێتان وەشک دەکەون. دوژمن باش دەزانێ ئەو باسی خەباتی مەدەنی کردنەتان لە بێ هێزیتانە دەنا هەلتان بۆ هەڵکەوێ بە شەوێک سەت پێگەی دوژمن دەگرن و وێرانی دەکەن. کەوابوو بە هیچ جۆر باوەڕتان پێ ناکا و هەتا زیاتر بپاڕێنەوە کەمتر ڕوحمتان پێ دەکا. خەڵکیش لێتان بە گومانن بۆیە جوابی هیچ داوایەکتان نادەنەوە. خۆ خەڵک دەگوێی گای دا نەخەوتوون. هەموو کەس دەزانێ جووڵە نەکردنی پێشمەرگانەتان لەبەر ئەوە نیە باوەڕتان پێی نیە، بەڵکوو دەستتان بەستراوە. هەر بۆیە باسی خەباتی مەدەنییەکەتان بۆ خەڵک وەک فشە دەچێ و ئەوانی پێ نایەتە مەیدان.

قسەی کۆتایی- هەر چەند وەک خۆم وای نابینم لەئێرانی ژێر دەستی کۆماری ئیسلامی دا خەباتی مەدەنی دەتوانێ کارێکی گەورە بکا و هەر بۆیە دڵم پێی خۆش نیە، بەڵام مەبەستی ئەم نووسینە لە ڕەددی ئەو شێوە خەباتەدا نییە. هەر وەک بە ڕوونی باسم کردوە خەباتی مەدەنی پێویستیی بە هێندێک پڕەنسیپ هەیە کە لە پێش هەموویان دا باوەڕە. هەتا بە دڵ باوەڕت بەو شێوە خەباتە نەبێ ناتوانی درێژەی بدەی و پەرەی پێ بدەی. ئینجا مەبەستم ئەوەیە بڵێم دوو ڕوویی نامان گەیەنێتە سەر مەنزڵی مەقسوود. یان ئەم، یان ئەو. بە کام ڕێگادا دەڕۆی ئازادی بەڵام درۆم دەگەڵ مەکە.

هەیاس کاردۆ - ئوستڕالیا -

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.