loqman_zehraei.jpgماوه‌ی چه‌ند ساڵیکه‌ بیرۆکه‌ی دروست کردنی پارێزگایه‌کی نوێ به‌ ناوی پارێزگای '' موکریان '' به‌ ناوه‌ندێتی مه‌هاباد له‌ گۆرێ دابووه‌ و کۆمه‌لێک که‌س لێره ‌وله‌وێ هه‌وڵیان داوه‌ که‌ ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ جێ به‌ جێ بکرێ.

به‌ پێی هه‌واڵه‌کان عوسمان ئه‌حمه‌دی نوینه‌ری شاری مه‌هاباد له‌ مه‌جلیسی شورای ئیسلامی باسی ئه‌و بیرۆکه‌ی هێناوه‌ته‌وه‌‌ گۆرێ و ناوبراویش کوتویه‌تی که‌ خەڵکی ئه‌و ناوچانه‌ خوازیاری دروست بوونی پارێزگایه‌کی نوێ به‌ ناوی '' کوردستانی باکور'' به‌ ناوه‌ندێتی مه‌هابادن.

به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک به‌ هه‌ڵکه‌وتی جوغرافی ودانیشتووانی پارێزگای ورمێ که‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی په‌هله‌وی به‌ مه‌به‌ستی سیاسی ومه‌زهه‌بی وله‌ راستیدا به‌ ناحه‌ق ناوی '' آذرباینجان غربی '' به‌ سه‌ر دابڕاوه، به‌رده‌وام‌ کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی زه‌ق وبه‌رچاو له‌ مابه‌ینی کورده‌کان وئازه‌رییه‌کان له‌ ئارادا بووه‌. به‌ حوکمی بوونی ده‌سه‌ڵاتی پارێزگای ورمێ له‌ ده‌ستی ئازه‌رییه‌کان دا که‌ ئازه‌رین و شیعه‌ مه‌زهه‌ب، کورده‌کان که‌ زۆرینه‌ی دانیشتووانی شار و شارۆچکه‌کانی پارێزگای ورمێ پێک ده‌هێنن و سوننه‌ مه‌زهه‌بیشن به‌ ئانقه‌ست و مه‌به‌ستدار په‌راوێز خراون و له‌ به‌رێوه‌بردن و بڕیاردانی کاروباری ئیداری شار و شارۆچکه‌کانی خۆیان بێ به‌ش کراون.  

شاره‌کانی سه‌رده‌شت، ره‌به‌ت، مه‌هاباد، بۆکان، پیرانشار، شنۆ، نه‌غه‌ده‌، میاندوا، ساین قه‌ڵا و تیکاب کوردنشین و له‌ باری هه‌ڵکه‌وتی جوغرافیش ده‌که‌ونه‌ نێو چوارچێوه‌ی موکریان که‌ ناوچه‌یه‌کی کوردنشینه‌ به‌ مێژوویه‌کی کۆن و دێرینه‌وه‌.

دروست بوونی پارێزگایه‌کی نوێ به‌ ناوی پارێزگای ''موکریان'' به‌ ناوندێتی مه‌هاباد گه‌لێک گرینگه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو خەڵکی ئه‌و شار و شارۆچکه‌ و گوندانه‌ دایه‌ که‌ به‌ هه‌ڵکه‌وتی جوغرافی له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ به‌ موکریان ناسراوه‌. هه‌ر بۆیه‌ پشتگری خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ دروست بوونی پارێزگای '' موکریان '' و جیا بونه‌وه‌یان و سه‌ر ‌به‌خۆبوونیان له‌ پارێزگای ورمێ کۆمه‌لێک کێشه‌ و گرفتی گرینگ که‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م به‌رگری کردن له‌ پێشل کردنی مافه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی دانیشتوانی موکریانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کا. پشتگری خەڵکی موکریان به ‌گشتی و هه‌وڵ و تێکۆشانی نوینه‌رانی شار و شارۆچکه‌ و گونده‌کان و نوێنه‌رانیان له‌ مه‌جلیسی شورای ئیسلامی و یه‌کده‌نگیان بۆ دروست کردنی پارێزگای '' موکریان'' زامنی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ ده‌بێ.

دروست بوونی پارێزگای '' موکریان'' گرژی و ئالۆزی له‌ نێوان کورد و ئازه‌رییه‌کان تا ئاستێکی زۆر که‌م ده‌کاته‌وه‌ و مافی خۆ به‌رێوه‌بردن وه‌کوو مافێکی مه‌ده‌نی بۆ دانیشووانی پارێزگای '' موکریان'' ده‌گه‌رێنێته‌وه‌. قازانجی دروست بونی پارێزگای '' موکریان'' له‌ چه‌ندین بواره‌ ده‌کرێ لێک بدرێته‌وه‌ و کۆمه‌لێک به‌رژه‌وه‌ندی بۆ دانیشتووانی ئه‌و پارێزگایه‌ نوێ یه‌ ده‌بێ.         

به‌ کورتی ده‌کرێ ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵ بکرێ.

یه‌که‌م: بواری ئابوری. له‌ باری ئابورییه‌وه‌، ده‌وڵه‌ت ناچار ده‌بێ که‌ بودجه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ به‌ پێی حه‌شیمه‌ت پێداویستیه‌کانی دابین بکا و هه‌وڵ بدا که‌ به‌ پرۆژه‌ی جۆراجۆر کار بۆ دانیشتوانی ئه‌و پارێزگایه‌ دابین بکرێ. خەڵکی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ جیاتی کۆچکردن و چوون بۆ پارێزگاکانی دیکه‌ی ئێران و وێڵ بوون به‌ دوای کار دا، له‌ شار و شارۆچکه‌کانی خۆیان که‌ سه‌ر به‌و پارێزگایه‌ ده‌بن ده‌مێنه‌وه‌ و هێزی کاری پارێزگاش به‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌ دانیشتوانی خودی پارێزگاکه‌ دروست ده‌بێ و خه‌ڵکی ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌توانن له‌ پرۆژه‌ جیاجیاکان دا کار بکه‌ن و رێژه‌ی بێکاری تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌و پارێزگایه‌ چاره‌سه‌ر بکرێ.

دووهه‌م: داهاتی به‌روبومی ئه‌و پارێزگایه‌ سه‌رفی کاروباری و خزمه‌تگوزاری خودی پارێزگاکه‌ ده‌کرێ و ئیدی پێویست ناکا بۆ وێنه‌ بۆ نەشته‌رگه‌ریێک خەڵک له‌ سه‌رده‌شت و بۆکان و مه‌هاباده‌وه‌ بچن بۆ ورمێ یان بۆ ته‌ورێز و تاران. ئه‌و بودجه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن ناوه‌نده‌وه‌ بۆ پارێزگا دیاری ده‌کرێ و ئه‌و داهاته‌ی که‌ خودی پارێزگاکه‌ هه‌یه‌تی ده‌کرێ سه‌رفی دروست کردنی نه‌خۆشخانه‌ی جۆراجۆر‌ و قوتابخانه‌ و داینگه‌ و زۆر خزمه‌تگوزاری دیکه‌ بکرێ که‌ دانیشتووانی پارێزگاکه‌ پێویستیان پێیه‌تی.

سێهه‌م: هه‌ستی متمانه‌ به‌ خۆبه‌رێوه‌بردن و که‌لك وه‌رگرتن له‌ هێزه‌ به‌ تواناکانی ناوچه‌که‌ که‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی عه‌جه‌مێک ببێته‌ شاره‌دار و پارێزگار، کوردێک ئه‌و ئه‌رکه‌ وه‌ئه‌ستۆگرێ و متمانه‌ی خه‌ڵکی شار و گونده‌کانیش زۆر زیاتر ده‌بێ به‌ به‌رپرسانی خۆماڵی و دڵسۆز.

چواره‌م: بواری فه‌رهه‌نگی و گه‌شه‌ی زمانی کوردی له‌و پارێزگایه‌ دا گه‌لێک گرینگه‌ و به‌ دروست کردنی کتێبخانه‌ و ناوه‌نده‌ کولتوری و هونه‌رییه‌کان و بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤار و نوسراوه‌ به‌ کوردی و یارمه‌تی دانی خاوه‌ن به‌هره‌کان له‌ بواره‌کانی هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی و ڕۆژنامه‌وانی و زمانه‌وانی یارمه‌تی ده‌ری ئه‌وه‌ ده‌بێ که‌ فه‌رهه‌نگ و زمانی کوردی له‌ ژێر مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی بێگانه‌ ڕزگاری بێ.

دروست بوونی پارێزگای '' موکریان '' و جیا بونه‌وه‌ی له‌ پارێزگای ورمێ گرژی و ئالۆزی ده‌یان ساڵه‌ی نێوان کورده‌کان و ئازه‌رییه‌کان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر چاره‌سه‌ر ده‌کا. پارێزگای ورمێش به‌ ناوه‌ندێتی شاری ورمێ که‌ خودی شاره‌که‌ و چه‌ندین شار و شارۆچکه‌ و ده‌یان گوندی ده‌وروبه‌ر که‌ تێکه‌لاوی کورد و ئازه‌رین ده‌گرێته‌وه‌ ده‌توانن به‌ ئاشتی و به‌ مافی به‌رابه‌ر و یه‌کسان و به ‌رێزگرتن له‌ یه‌کتر کاروباری ئه‌و پارێزگایه‌ هاوبه‌ش به‌رێوه‌به‌رن. بوونی دیالۆگی به‌رده‌وام له‌ نێوان کورده‌کان و ئازه‌رییه‌کانی ئه‌و ناوچانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگا له‌‌ گرژی و ئالۆزی بگێرێ گه‌لێک گرینگه‌ و له‌ جیاتی نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ و دووبه‌ره‌کی و دوژمنایه‌تی یه‌کتر کردن، ده‌کرێ ئه‌و کێشانه‌ به‌ دیالۆگی دۆستانه‌ و له‌ یه‌کتر تێگه‌یشتن و رێزبۆ مافی یه‌کتردانان جێ به‌جێ بکرێ.

لوقمان زه‌هرایی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.