b_300_220_16777215_00_images_HAWAL_Sefiar_Seferi.jpgبە داخێکی گرانەوە ئاگادار کراین کە کەسایەتی ناوداری ناوچەکانی داڵاهۆ و کرماشان، بەڕێز سەفیار سەفەری، باوکی هاوڕێی تێکۆشەر و خەباتکارمان کاک ئێقباڵ سەفەری، کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی خەزەڵوەر،

لە تەمەنی ٨٩ ساڵی دا لە نەخۆشخانەی فارابی شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد.
بەڕێز سەفیار سەفەری ساڵی ١٣٠٤ی هەتاوی، بەرامبەر بە ساڵی ١٩٢٥ی زایینی لە ئاوایی زەردەی ناوچەی داڵاهۆ و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر چاوی بە دنیا هەڵهێنا. هەر لە هەڕەتی لاوییەوە هەستی بە چەوسانەوەی گەلە بەشخوراوەکەی دەکات، هەر بۆیە لەو تەمەنە دا دەست دەداتە خەبات دژی چەوسانەوە زوڵم و زۆری ئاغا و دەرەبەگەکانی ئەو ناوچەیە و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەی دەچنە ڕیزی بزووتنەوەی جوتیاری حیزبی تودەی ئێران. ئەو هەڵویستەی کاک سەفیار دەبێتە هۆی ئەوەی کە داودەزگای سەرکوتگەری ساواکی شا بیخەنە ژێر چاوەدێری ورد و پاشان تووشی لێپرسینەوە عەزیەت و ئازاری زۆر دەبێت. لە سەرەتا دەستپێکی دامەزراندنی ئەنجومەنی شارو ئاواییەکان، ناوبراو دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئەنجومەنی ئاوایی زەردە. کاک سەفیار لەو پۆستەی بۆ بوژاندنەوەی ئاواییەکەیان بە تایبەت دامەزراندنی خوێندنگا کەڵک وەردەگرێ و سەرەڕای هەژاری و دەستکورتی، بەڵام بۆ ئەوەی منداڵانی گوندەکەیان و ئاواییەکانی دەورووبەری لە خوێندن بێ بەش نەبن، لە سەر ئەرکی خۆی قوتابخانەیەک لە زەردە دادەمەزرێنێ.
پاش ڕوخانی ڕژیمی حەمەرەزاشای پەهلەوی و هاتنە سەر حوکمی ڕژیمی نگریسی ئیسلامی ئێران، بە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئاوایی زەردە و گوندەکانی دەورووبەری سەربە ئایینی یارسانن، هەر لە ڕۆژانی سەرەتاوە دەکەونە بەر پەلاماری بێ بەزەییانەی ‌هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم و ٤ کەس لەو ئاواییە ئێعدام دەکرێن، هەر بۆیە کاک سەفیار دژ بەو کردەوەی پیاوانی ڕژیم نارەزایەتی دەردەبڕێ، بەڵام هێندەی پێ ناچی خۆشی دەکەوێتە بەر غەزەبی دەسەڵاتدارانی ئێران و دەستگیر دەکرێ. هاوکات تەڤلی بوونی ٢ کوری بە ناوەکانی کاک ئێقبال و کاک کەمال سەفەری، بە شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان و حیزبی دیموکراتی کوردستان، دەبێتە بیانوویەکی باش بۆ زیاتر عەزیەت و ئازار و گرتن و ئەشکەنجە دانی. بە درێژایی ٣٥ ساڵ دەسەڵاتی ڕەشی ڕژیمی ئیسلامی، کاک سەفیار دەیان جار گیرا و ڕاپێچی چاڵە ڕەشەکانی ڕژیم کرا، ئەوە جگە لەوەی کە بۆ ماوەیەکی لە گوند و ئاواییەکەی خۆیان دووریان خستنەوە.
بە هۆی جیاوازی ئایینی و هەڵوێستی کوردانەیانەوە هەموو ئەندامانی بنەماڵەی کاک سەفیار لە کارە حکومەتەییەکان دوور دەخرێنەوە و تەنانەت پاش بوردومانی شیمیای ئاوایی زەردە لە لایەن ڕژیمی ڕوخاوی بەعسەوە و سەرەرای ئەوەی کە خۆی و چەندین کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان بەر گازی شیمیای دەکەون، بەڵام بەو حاڵەش لە لایەن ڕژیمی ئیسسلامیەوە هیچ قەرەبوویەک ناکرێنەوە و تەنانەت ئەو موچەی کە بۆ هەموو بریندارانی چەکی شیمیایی لەو گوندە و شوێنەکانی دیکەی ئێران تەرخان کرابوو بێ بەش دەکرێن.
بەڕێز سەفیار سەفەری مرۆڤێکی جێی بڕوا، خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و جێی ڕێزی هەموو ئەو کەسانە بوو کە لە دوور نزیکەوە ناوبراویان دەناسی. کاک سەفیار هێندە لە ناو خەڵک دا خۆشەویست بوو، کە هەموو خەڵکی ئەو ناوچەیە، تەنانەت بە تەمەنەکانیش بە کاکە ناویان دێنا.
ئەو دۆست و هەڤاڵانەی کە دەیانەوێت پەیامی سەرەخۆشی خۆیان بە بنەماڵەی سەفەری بگەیەنن، دەتوانن لەو ئیمایل و فەیسبووک و ژمارە تەلەفوونانەی خوارەوە کەڵک وەرگرن.
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.فەیسبۆک
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.ئیمایل
Berzewanسکایپ:
تەلەیفۆن: ٠٠٤٦١٧٦٢٢٤٤١
مۆبایل: ٠٠٤٦٧٢٨٥٣٣٠٩١


بە بۆنەی کۆچی دوایی بەرێز کاک سەفیار سەفەری کەسایەتی دیارو خۆشناوی ناوچەی داڵاهۆ لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە برای بەرێزم کاک ئێقباڵ سەفەری و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی لە نێوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات دەکەم و هیوادارم کە ڕووحی کۆچکردوو هەردەم شاد بێ و لە دڵان دا زیندوو بێ و تەمەن درێژی بۆ کاک ئێقباڵ و بنەماڵەکەی بە ئاوات دەخوازم.
حەمەرەسووڵ کەریمی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.