haji_bese.jpgئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، 23 ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 1392 ی هه‌تاوی( 14 ی نۆامبری 2013ی زایینی)، خاتوو به‌سێ ته‌ڵایی، کچی ساڵح، خێزانی تێکۆشری دێرین کاک مه‌لا ڕه‌سووڵی پێشنماز له‌ ته‌مه‌نی 70 ساڵی‌دا به‌ نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ له‌ وڵاتی سۆئێد کۆچی دوایی کرد.

خاتوو به‌سێ که‌ له‌و ساڵانه‌ی دوایی‌دا زیاره‌تی کابه‌ی کردبووو زۆر جار به‌ حاجی به‌سێ ناو ده‌برا، خانمێکی به‌ڕێز، خانه‌دان، میوانگرو خزمدۆست‌و ئینسان‌و ئینساندۆست بوو که‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ نیزیکه‌وه‌ ناسیویانه‌ ئۆگری ئه‌خلاقی جوان‌و ڕه‌وشتی به‌رزی بوون‌و باشترین پێوه‌ندی دراوسێیه‌تی‌و دۆستایه‌تی‌یان له‌گه‌ڵی هه‌بووه‌.

له‌وانه‌ش زیاتر خاتوو به‌سێ مرۆڤێکی تێکۆشه‌ر و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر بوو. جگه‌ له‌و ئه‌رکه‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ر شانی خۆی هه‌ست پێ ده‌کرد، پشت‌و پشتیوانێکی قایم‌و ئه‌مین بۆ هاوسه‌ره‌ پێشمه‌رگه‌که‌ی کاک مه‌لا ره‌سوڵی پێشنماز بوو، به‌ جۆرێک که‌ له‌ هه‌موو ده‌ورانی ده‌ربه‌ده‌ری‌و پێشمه‌رگایه‌تی‌و ماڵ به‌کۆڵی‌دا هه‌میشه‌ به‌شی زۆرتری ئه‌رکی پێگه‌یاندنی منداڵه‌کانی خستبووه‌ سه‌ر شانی خۆی‌و هه‌موو ئه‌و که‌م‌و کوڕی‌یانه‌ی له‌ ژیانی ئاواره‌یی‌و ده‌ربه‌ده‌ری‌دا بۆیان ده‌هاتنه‌ پێش، به‌ وره‌ی به‌رزه‌وه‌ ته‌حه‌مول ده‌کردو قه‌ت نه‌ده‌بووه‌ کۆسپی سه‌ر ڕێگای کارو تێکۆشانی هاوسه‌ره‌که‌ی.

حاجی به‌سێ له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیی بنه‌ماڵه‌که‌ی‌دا چه‌ندین جار به‌ خۆی‌و منداڵه‌کانیه‌وه‌ که‌وته‌ به‌ر هێرش له‌شکریانی تاریکی‌و نه‌زانی‌و جارێکیش به‌ بۆمبارانی هێلی‌کۆپتێر بریندار بوو.

دۆست‌و ره‌فیه‌کانی کاک مه‌لا ره‌سووڵ که‌ تێکه‌ڵاوییان هه‌بوو و هاتۆچۆی ماڵیان کردوه‌، هه‌رگیز خزمه‌ت‌و میوانداری‌و مێهره‌بانیی ئه‌و خاتوونه‌ به‌ڕێزه‌یان بیر ناچێ‌و بۆ هه‌میشه‌ به‌ ڕێزه‌وه‌ ناوی ده‌به‌ن.

شایانی باسه‌ خاتوو به‌سێ‌و کاک مه‌لا ڕه‌سوڵ چه‌ند سالیک بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و له‌ سۆئێد ده‌ژیان‌و منداڵه‌کانیان هه‌موو له‌ ده‌ره‌وه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان دووریی کوردستانیان پێ ته‌حه‌مول نه‌کراو بۆ خۆیان هه‌ر له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌ژیان‌و ته‌نیا که‌متر له‌ دو مانگ پێش ئێستا که‌ نه‌خۆشیی بڕستی لێ بڕی، به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشکی سه‌فه‌ری سۆئێدی کرده‌وه‌ به‌ داخه‌وه‌ سه‌فه‌ره‌که‌ی بێ‌گه‌ڕانه‌وه‌ بوو،و به‌ قه‌ولی کوردی خاکی غه‌ریبی بوو به‌ ئاوو گڵی.

بە بۆنەی کۆچی دوای خاتوو بەسێ تەڵایی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی تێکۆشەری پێشنماز و بە تایبەت کاک مەلا ڕەسووڵ و منداڵەکانی دەکەم و هیوای تەمەن درێژیان بۆ دەخوازم و ئاواتەخوازم جاجی بەسێی کۆچ کردووش بە بەهەشتی بەرین شاد بێ.

حەمەرەسووڵ کەریمی

لە ماڵپەری کوردستان و کورد وەرگیراوە

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد