ahwen.jpgموبایل وەک کەرەسەیەکی پێشکەوتووی تکنۆلۆژیای سەردەم بە دەنگ و رەنگ بۆ پێوەندی نێوان خەڵکان لەو سەر بۆ ئەو سەری دونیا، زۆرترین خزمەتگوزاری و هاسان کاری بۆ مرۆڤ دابین دەکا.

جگە لەوەش دەکرێ زۆر زانیاری عیلمی و کۆمەڵایەتیی و خەبەر و... لێوەرگیرێ ئەگەر بە شێوەی دروست کەڵکی لێوەرگرین. لە هەمان کات دا ئامرازێکی کۆمەڵ شێوێن و ماڵ خراپکەرە کاتێک بۆ مەبەستی نابەجێ و ناشیاو و دزێو بە کار دەهێندرێ.... مخابن، چەند ساڵێکە بە دەیان کارەساتی دڵتەزێن لە ئاکامی بە کار هێنانی ئامرازی موبایل بە شێوەی نامرۆڤانە و زۆر بێ ویژدانانە لە لایەن تاقمێک بەڕەڵڵای بە نێو لاو و پیاوی کورد، کە بوونە هۆی فریو دانی چەندین کیژ و ژنی هاووڵاتی خۆیان و بە درۆی خۆشەویستی هەڵیان خەڵەتاندوون و بە رواڵەتی ئینسانی بەڵام لە دەرون دا وەحشی یانە، بە بڵاو کردنەوەی فیلم و کلیپی ناشیاو، بوونە هۆکاری گەورەترین کێشە لە کۆمەڵ دا و بریندار کردنی روح و رەوانی چەندین بنەماڵە و دەیان رووداوی دڵتەزێن و قەرەبوونەکراوە. ئەو دیاردە دزێوە لە باشووری کوردستان چەندین قوربانی لێکەوتەوە و بە دەیان بنەماڵەی داغدار کرد.... ماوەیەکیشە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت لە موکریان و شاری مەهابادێ ئەو کارە نامرۆڤانە و داعیش رەفتارە کە بە دوور لە هەر پرنسیپێکی ئینسانی و قومار کردن بە ژیان و گیان و چارەنووسە و ئەو پەڕی بێ ویژدانی و بێ ئەخلاقی یە، بیستراو و دیتراوە. هیچ گۆمان لەوە دانیە کە بکەرانی ئەو کارە دزێو و نائینسانانە، فێر کراوی دوژمنی نەتەوەکەمانن و بە جۆرێک لە جۆرەکان کلک و دمیان بە یەکێک لە ئورگانە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی شیعەوە بەندە و بۆ خرا کردنی کەسایەتیی بنەماڵەکان وەک ماری خۆش خەت و خاڵ دەلاقی کیژ و ژنانی هاوشاری خۆیان دەهاڵێن و پێوە دەدەن. لەو پێوەندی یە دا بە داخەوە کۆمەڵێک خەڵکی ناتێگەیشتووش هەن کە لە بڵاوکردنەوەی زیاتری جۆرە فیلم و کلیپی ناموسی بڵاوکراوە بۆ یەکتر پەرە بەو دیاردە ناحەزە دەدەن.... ئەگەر ئەو تاقمە تۆسقاڵێک ویژدان و هەستی مرۆڤایەتی یان هەبێ، بۆ ساتێکیش بێ، بیر لەوە بکەنەوە کە ئەوانیش خاوەنی خوشک و دایک و ژن و منداڵن و ئەگەر بە نەخوازراوی تووشی رووداوێکی ئاوا نالەبار بن هەڵویستیان چۆن دەبێ و چۆن بە روح و دەرون و جەستە بریندار و شێواو دەبن. خۆ ئەگەر ئەو تاقمە بێ ویژدانە پیاو و لاوانەی کە ئەوەندە خولیای هەوەسن، لە بەرەکەتی نەحسی کۆماری ئیسلامی شیعەی ئێرانەوە هەموو شارە شیعە نشینەکان و بە تایبەتیی ناوەندە مەزهەبێەکانی وەک تاران و قوم و مەشەد و کاشان و... پڕە لە سیغەی لە نیو سەعاتە را تا هەچەندی دەیانهەوێ و برۆن و عوقدەی خۆیان بەتاڵ کەن، نەوەک ببنە باعیسی لێک هەڵوەشانی بنەماڵەیەک و لێکەوتنەوەی کارەسات و ئەشکەنجە و کوشتنو بڕین. داوەشین و دارزینە بۆ ئەوانەی بە نێوی کورد دەبنە هۆی بێ ئابروویی و ماڵ شێواندنی هاووڵاتی کورد و هەروەها ئەو کەسانەش دەبنە شەریکە جورم کە لە بڵاو کردنەوەی وەها فیلمێک بۆ یەکتر و کەسانی دیکە بە بێ لێکدانەوەی سەرەنجامی رووداوی دڵتەزێن هاوکار دەبن. لە دەورانی لاوەتی ئێمە لە مەهابادێ، زۆر جار بە رەوە ٤٠ ـــ ٥٠ کەس بە مینی بوس و ماشێنان لە شارەکانی ورمێ و میاندواو و تەورێزێ را دەهاتنە سابڵاغێ و بە پشتیوانی شارەبانی ئەو کات و بە نیازی بێ حورمەتی بە کچان و ژنانی شارەکەمان بە ئەنقەست بۆ شکانی کەسایەتیی خەڵکی شار کە لە مێژوو دا چقڵی چاوی دوژمنان بووە، لاوەکان و مێرانی ئەو کات لێیان رادەپەڕین و هەموویان بە سەروسەکتی شکاو و نیوە گیانەوە کە زۆر جار لە مەئموری شارەبانیش هەڵدراوە، بەرگری و دیفاع لە کچان و ژنانی شارمان کراوە و بە چاوی خوشک و کەسی خۆمان چاو لێکراون و هەر بێ حورمەتێک بە ژنان و کچانمان وەک ئەوە وا بوو کە بێ حورمەتی بە دایک و خوشکی خۆمان کرابێ..... ئەدی ئێستا کوا ئەو غیرەتە نەتەوەیی یە؟ لە کاتێک دا بۆ خاتوو فەریناز کە بە هۆی پیلانی دام و دەزگای حکومەتی لە مەهابادێ خەڵک رادەپەڕن و لە پێناو پاراستنی شەرەف و کەرامەتی کیژێکی فیداکار دا، خۆیان بە کوشت دەدەن و ئەشکەنجە و زیندان دەبینن، بۆ دەبێ تووشی کارەساتی دوژمن پێخۆشکەر بێ لە لایەن تاقمێکی بێ ئابروی کلیپ بڵاو کەرەوە کە ژیانی چەندین بنەماڵە دەشێوێنێ و گیانی ئینسانێک دەکاتە گاڵتەجاری خۆی؟
داواکارم لە هەموو خەڵکی بەویژدان و نەتەوەیی شارەکەم، رووناکبیران، نووسەران، ناوەند و رێکخراوە مەدەنێکان، شاخەوانان، وەرزیشکاران، خاوەن سایت و گۆڤارە کوردێکان و بەرنامەکانی رادیویی و تلویزیونی کوردی شار، بە هەر رێگایەکی گونجاو و هەر کەرەسە و تەنانەت دانیشتنە خۆماڵێکانیش، لە بەرپرچدانەوەی ئەو کردەوە دژی ئینسانی یە وئاکامی دڵتەزێنی، کە تاقمێکی داعیشی وەحشی سفەت بە فریو دانی کچ و ژن فیلمیان لێدەگرن و هەزار ئایەت و سوێند و کەڵامەڵڵاش دەخۆن کە تەنیا لە رووی خۆشەویستی یە و کەس بە راز و نیازیان نازانێ و لە دواییش دا بە ئەنقەست دەبنە هۆکاری ماڵوێرانکەری و پشێوی و شێواوی و کارەسات.... ئاگاداری بدەن و بۆ لە بەین بردنی ئەو دیاردە ماڵوێرانکەر و کەسایەتی رووخێنەرەی کە تاقمێک دوژمنی ئینسانییەت دەیکەن، هەنگاو بنێن و هەڵویست بگرن و روونکردنەوە بدەن و بکەر و بکەرانی ئەو جینایەتانە لە قاو بدرێن و ریسوا بکرێن. دەبا چیدی کەسایەتیی خەڵکی شارمان نەرووخێندرێ و کارەساتی دڵتەزێنی لێنەکەوێتەوە..... روو رەشی و چارەرەشی و دەردی مافاجاش بۆ عامیلانی بڵاوکەری کلیپی ماڵ وێرانکەر......

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد