hemid_aziz.jpgبا هەموو هەوڵ بدەین هەستی یەکتر بریندار نەکەین و ڕێزو خۆشەویستی بنوێنین لەپێناوی یەکتردا بژین و لەپێناوی خۆشەویستی یەکتردا بمرین و تەنانەت ئەگەر کارێکی باشمان نەتوانی بکەین خراپیش نەکەین یان وشەیەکی جوانمان نەزانی

بەرامبەرەکەمان دڵخۆش بکات وشەی تاڵیش نەڵێین هەر هیچمان لەدەست نەهات باڕویەکی گەش و جوان بین و دڵی ئەو خۆش بکەین بۆیە مرۆڤەکان بەزەردەخەنەو پێکەنین و ڕوی خۆشەوە جوانترن .
لەم بەشەی وتارەکەماندا زیاتر دڵشکان و ئازادیی تاک باس دەکەین کەهەردو کاری هەستیاریی گرنگن لەژیانی ئێمەدا بۆیە نەتەوە تازە پێگەیوەکانی جیهانی سێ ئێمەین و تازە بەتازە سەرمان لەهێلکەکە دەرهێناوە بەڵام لەسەردەمێکداین کەجیهانگیریی و عەولەمەو دونیای گلۆبالیزمداین مخابن سەردەمەکە زۆر لەپێش خۆمانەوەیە هەڵبەتە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین دەڵێم نەک هەر میللەتی کورد بۆیە دەبێت هەوڵدانمان پتربێت هەنگاوەکانمان زیاتر بکەین بۆ ژیان و پێشکەوتن و ئابوریی و بواری مەعریفەو .. هتد .
لەپەخشانە شعرێکمدا وتومە :
دڵشکانەکەم هێندە گەورە بوو بەدڵنەوایی هەموو دونیا چاک نەبومەوە هەستم کرد لەخۆم و لەتۆو لەگۆی زەوی گەورەترە کەچی بەزەردەخەنەی منداڵێک هەوای بەرائەت و دڵدانەوە سەرسامی کردم بۆیە هەمیشەو لەهەموو کات و ساتێکدا ڕوی خۆش و زەردەخەنە ڕێزو گەورەیی یە بۆ بەرامبەربۆ خۆت و بۆ هەمووانە . نەفرەت لەو کەسانەی ژیانی تۆ تاڵ دەکەن و هەست و پێ زانینیان نی یە لەمیهرەبانیی و سۆزو خۆشەویستی یەوە دورن تۆش ژیرو هۆشمەندبە هەندێ جار بەدڵ بیرمەکەرەوەو ئەوەی لەتاڵی و ناخۆشیەکانتدا بەشدار نەبوو تۆش لەخۆشی یەکانی ژیانتدا بەشداری پێ مەکە .
نەفرەت لەو کەسانەی کە نیو هێندەی سەگێک بەوەفانین دەبێت مرۆڤبونیی ئەوانە چەندە بەتاڵ بێت لەهەستە جوانەکان کەمرۆڤایەتی پێک دەهێنێت . زۆر بەداخەوەم بۆ کەسە نامیهرەبان و بێ وەفاکان کەلەسەر حەوت ملیار مرۆڤەوە نمونەی سەگ دێنینەوە بۆ وەفاو جوانیی .

هەرچۆن لەبەشی پێشودا کورتە چیرۆکێکمان تێکەڵ بەوتاری سوڵتانی بەختەوریی کرد لەم بەشەی سیانزەهەمیشدا کورتە چیرۆکێک تێکەڵ بەم بەشە دەکەین لەبەر چێژو فێربونێکیش کەهەموو پێویستمان بەوە هەیە فێری بین ئەویش ئەوەیە ئازادی تاک و ژیانی تایبەت زۆر گرنگە پێویستە کەس خۆی هەڵنەقورتێنێتە ئیش و کاری خەڵکانیترەوە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندیمان بەژیانی خەڵکەوە نەبێت چونکە هەموومان ئازادین کەچۆن بژین .
چیرۆکی ڕەمەزان ... !!! .
هاوڕێ یەک لەکاتی ڕەمەزاندا خۆی کرد بەماڵمانداو بێجگە لەوەی هاتنەکەی ناوەخت بوو لەدەرگایشی نەداو خۆی کرد بەژوردا لەوکاتەدا من چام دەخواردەوە زۆر بەشێوەکی ناشرین دوای سڵاوکردن تی :
-- ئەرێ چی یە فڵانکەس وەڵاهی زۆر عەیبە بەم مانگی ڕەمەزانە تۆ بەڕۆژو نیت ... !! .
منیش چەند چرکەیەک بێدەنگ بووم و بەخێرهاتنم کردو بەسەرسوڕمانێکەوە پێم وت :
-- تۆ بۆ لەناوەخت و بێ ئاگاداری و لەدەرگاش نادەیت و دێتە ژورەوە کەئەمەش باش دەزانیت کلتورێکی زۆر ناشرین و عەیبە .؟.
تۆزێ لەمن ڕاماو بەناڕەحەتی یەکەوە سەیری کردم و وتی :
-- جامن بەماڵی خۆمی دەزانم ئەگەر پێت ناخۆشە ئیتر نایەم
منیش وتم :
-- پێم ناخۆش نی یە بەڵام کارت بەسەر شتی تایبەتی کەسەوە نەبێت باشترە بۆ خۆت باتوشی سەرئێشەو پرسیارو وەڵام نەبیت .
کابرای میوان ناوی کاک محەمەد بوو ئەتوت لەبەرمن هاتوە بۆ ئەوەی سەرکاتە سەرم هەر وازی نەهێناو پرسیارەکەی دوبارە کردەوەو وتی :
-- توخوا بۆ بەڕۆژو نیت ئەم مانگە زۆر موبارەکە .؟.
منیش پێم وت :
-- هەموو ڕۆژێک هەر پیرۆزە بۆ مرۆڤەکان ئەگەر خۆش بژین و کەرامەتیان پارێزراوبێت و دەوڵەت لەگەڵیاندا بەویژدان و یەکسانیەوە پەیوەندی بکات .
وتی :
-- چۆن چۆنیی .؟.
وتم :
-- بۆ نمونە هەزاران مزگەوت هەیەو دەرگاکانیشیان داخراوەو کەسیش سودمەند نابێت لێی چونکە هەتا ماڵ وەستا بێت مزگەوت حەرامەو لەگەڵ ئەوەشدا دەیان هەزار هەژارو کرێچی و بێ ماڵ و حاڵ هەیە لەم وڵاتە دەوڵەمەندو جوانەی ئێمەدا کەزۆربەی خەڵکەکانی برسی و ڕوت و قوتن و لەم سەردەمەو لەوڵاتێکی دەوڵەمەندی وەکو کوردستان دەیان و سەدان کەس هەن لەسەرجادەو ناو کۆڵانە تاریکەکان دەخەون و شەوگار بەبرسێتی و سەرماوسۆڵەو هەڵلەرزین بەسەر دەبەن .
وتی :
-- جائێمە هەقمان چی یە بەسەر ئەم کێشەیەوە ... !!! .
وتم :
-- تۆش هەقت بەسەرمنەوە نەبێت .
وتی :
-- ئەم مانگە خۆت برسی و تینو بکەیت بەئیتاعەت بۆت دەنوسرێت لەکیس خۆتی مەدە .
منیش وەڵامم دایەوەو وتم :
-- خوایەک ئەم کەونەی دروست کردبێت زۆر گەورەترە لەو وەهم و بیرو ئەندێشەیەی مێشکی تۆ بۆیە ئەو خودایە پێویستی بەبرسێتی من و تۆ نی یە بەڵام لەوانەیە زۆر بەلایەوە گرنگتربێت کەبرسی یەک تێر بکەیت .... !!!! .
حەمید عەزیز